شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: لەبەر دەرد و غەمی عەشقت نەما ئاسایشم ساتێ لەبەر دەرد و غەمی عەشقت نەما ئاسایشم ساتێ لە یادی تۆ زیاتر نایەتە فیکرم خەیاڵاتێ لە زەوق و لەززەتی جەور و جەفایی تۆ جزاك الله بە غەیرەز جان و دڵ قوربانی تۆ نیمە موکافاتێ نە ئاگاداری دەسنوێژم نە بانگ و قامەت و نوێژم دەمێ مەست و دەمێ گێژم کە ھەر لەحەزە بە حاڵاتێ مەواعیدی عەقیمت گەرچی قەت نایە بەجێ ئەمما ھەمیشە چاوەڕێمە کەی دەبێ عەیدی مولاقاتێ گەلێ دەرد و نەھات و ماتەم و جەور و جەفام تووش ھات لە ڕێگەی عەشقی چاوی دولبەرم قەت تووش نەبووم ھاتێ چ بێباکی لە ئاھی کوشتەگانی بێ خەتا ڕۆژێ دەکەی سەد قەتڵی ناحەق بێ شهودالحال و ئیسباتێ کە تۆ ھاتیت و ڕۆحم چوو کە ڕۆیشتی دڵت بردم ئیتر بۆچی بکا سابیر تەمەننا و موناجاتێ ++++++++++++++++++++++