شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: چەتە و پۆلیس سەبارەت: لە کاتی عاسێ بوونی عەشائیرە کوردەکان وتراوە ئومەرا کافر و سادات و موسوڵمان چەتە بێ قوڕ و بۆیاغی دوو عالەم بەسەر ئەم میللەتە بێ چونکە پۆلیس و چەتە دوژمنی دین و ماڵن ئوسەرا با ئیشی ئەم دەردیسەر و زیللەتە بێ ئەم ئەڵێ گۆشتی فڕووجم ئەوێ بۆ قاوڵتی ئەو ئەڵێ شێوی شەوم مەرگەیی گیسکە قوتە بێ لە وڵاتێ کە گوزەرگاھی چەتە و پۆلیسە موختەسەر کەس نییە بێ وەسوەسە و ختختە بێ بە دوو سێ ساڵی تری نانی ڕەعییەت ئەبڕێ ئەگەر ئەم عالەمە لەم حاڵەت و وەزعییەتە بێ نەبزی فەللاح لەبەر بێ گەنمی جەوجەوییە چەتە ئالیکی دەوێ گەرچی بە دووقیمەتە بێ گەرچی فەللاح زەخیرەی دوو سێ باری مابێ باوەڕم نایە بەشی لائیحە و مەزبەتە بێ سابیر ئەم میحنەت و ئەحواڵە جەزای ئەعمالە حەزەرت لەم مەرەزە پڕ دەرد و عیللەتە بێ ++++++++++++++++++++++