شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ئەی پیری ئێسک و گوێ گران عەقڵ و حوقەسووک ئەی پیری ئێسک و گوێ گران، عەقڵ و حوقەسووک وەی میری تەکیەزل و خانەی دین بچووک پووکت نەما گوێزی پووک مەنێ بە دەم، بەدە بۆ پیر و ڕیشسپی جوان نییە تازە بووک ڕۆژی تیجارەت و تەمەع خۆت بە براگەورە عد ئەکەی مەیدانی نوێژ و جەماعەت ئەبی بە برابچووک شوکری خودا شەوکەتی داوە پێت و شووکتە بووستانی دینی تۆ بەڕەڵڵایە بە دووک و شووک عالەم گرفتیان کردووە ناچنە سەر حەکیم سەد کاشکی ئەچوون و ئەیانخوارد حب الملوك ئەم ناڵەناڵە مناڵانە کە فەخری پێوە ئەکەن بێ ئیعتیبارە ناڵەی مناڵی ناڵە فسووک سابیر ئەگەرچی قسەت ڕاستە بەسیەتی مەڵێ تەعزیری ناس مەکە لە مەساکین تا ملووک ++++++++++++++++++++++