شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: دڵ نەخۆش و زامداری دەردی یارم ڕۆژ و شەو دڵ نەخۆش و زامداری دەردی یارم ڕۆژ و شەو گریە و شینە لەباتی کەسب و کارم ڕۆژ و شەو ڕۆژ و شەو دێنن خەیاڵی حوسن و زولفی بۆیە وا بێ قەرار و غوسسەبار و بێ ویقارم ڕۆژ و شەو یا بە ئوممێدی ویسالم یا لەبەر دەردی فیراق وا دەمێ شاد و زەمانێ بێقەرارم ڕۆژ و شەو ڕۆژ و شەو تەفسیری ئایەی حوسن و زولفی یار ئەکەن وا گەھێ فەرھاد و گەھ مەجنوونەوارم ڕۆژ و شەو شەو لەبەر عیدی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق خواب و خۆراکم نییە سەبر و قەرارم ڕۆژ و شەو پێی وتم مەگری کە ئازاری دڵت ساکین ئەبێ ھاتە سوێ کۆنەبرینی ساڵی پارم ڕۆژ و شەو لەو دەمە لەفزی کە جاری بوو، لە چاوم سەدھەزار جۆگەلەی خوێن جارییە، بەحر کەنارم ڕۆژ و شەو خۆی نواند و لێوی گەست و لێم بزربوو لوجئەتەن فەتحی کرد و ڕۆحی برد و غوسسەبارم ڕۆژ و شەو دەستی نایە سەر دڵم پرسی لە ئەسبابی مەرەز تێگەیی وا لێدەدا نەبز و دەمارم ڕۆژ و شەو خۆ لەناو ئاوێنە وا مەعلوومە دەرد و عیللەتم ئینتیزاری ڕەحمەت و دەرمان و چارم ڕۆژ و شەو چاوی ئاڵۆزە برۆی جووڵانەوە لێوی گەزی پەنجە دەبزێوێ شوکر مەستە خەسارم ڕۆژ و شەو چاوەڕێمە چونکە وەعدەی ڕۆژی وەسڵی دا شەوێ وا بە دائیم کاتیبی لەیل و نەھارم ڕۆژ و شەو شەو لەبەر جەژنی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق خواب و خۆراکم نییە وەڵلاھی یارم ڕۆژ و شەو شەو کە دەنگی ھەلھەلەی دڵ ھات و سابیر ڕاچەنی خۆ بە بێ حیکمەت نییە وا ئینتیزارم ڕۆژ و شەو سابیری لەوساوە ئەو دڵدارە وەعدەی داوە پێم ئینتیزار و کاتیبی لەیل و نەھارم ڕۆژ و شەو ++++++++++++++++++++++