شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: بۆ حەکیمی تێگەیشتوو ئینتیزارم ڕۆژ و شەو بۆ حەکیمی تێگەیشتوو ئینتیزارم ڕۆژ و شەو شیوەن و گریانە دائیم، ئیش و کارم ڕۆژ و شەو ڕۆژ خەیاڵی ڕوومەتی، شەو یادی زولفی نایەڵن خواردن و خەوتن نییە سەبر و قەرارم ڕۆژ و شەو من لە خۆشی وەعدەکەی یەک لەحزە ئارامم نییە ئینتیزار و کاتیبی لەیل و نەھارم ڕۆژ و شەو خۆ لە شمشێری برۆ و لێوگەستنت باکم نییە خۆت ئەزانی بێ شعوور و بێ ویقارم ڕۆژ و شەو خوێنی دڵ داوێنی چاوی گرتووم مەنعم مەکەن وا بە تووندی لێیئەدا نەبز و دەمارم ڕۆژ و شەو گەر تەماشا کەی لە ئاوێنە دیارە عیللەتم خۆ بە بێ حیکمەت نییە بەحر کەنارم ڕۆژ و شەو ئەی پەریڕوو تۆ بە شمشێری برۆ ترساندمت ھاتەوە سوێ کۆنەزامی ساڵی پارم ڕۆژ و شەو باوەڕت بێ سوورەتی تۆ وا لە دڵما نەخشی بەست زیکر و فیکری حوسن و خاڵە کەسب و کارم ڕۆژ و شەو یادی تۆ دائیم برینی سابیری دێنێتە سوێ یەک ھەوایە زامەکەی ئەمساڵ و پارم ڕۆژ و شەو ++++++++++++++++++++++