شاعیر: حافز کتێب: دیاری مەهاباد سەرناو: بەهاری کوردستان سەبارەت: مه‌لا غه‌فوری حافزی مه‌هابادی، دیاری مەهاباد، چاپی سێوەم، لاپەڕە ١٢٣ـ١٢٥. - مەلا غەفووری دەباغی، ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ ک. هـ، لاپەڕە ١٢٤ـ١٢٦. - نووسین: دیاکۆ ڕەحمانی زەنگیاوەیی بەهەشتە خاکی کوردستان و سەیرانی بەهارانی نموونەی کەوسەر و ئاوی حەیاتە چەشمەسارانی چیا وو دەشتی ڕەنگینە، گوڵ و سوێسنە و ڕیاحینە سەراپا سەوزەڵان شینە شێوەرد و شیارانی حەیاتی جسمی بێ جانە، هەوایی باخ و باخاتی نیشاتی ڕوحی ئینسانە فەزایی مێرغوزارانی شەفایی خاتری بیمارە قووتی عاشقی زارە چریکەی بولبول و ئاوازی قومری سەر چنارانی لە سەر دڵ ژەنگی ماتەم لادەبا ڕوخساری گوڵزاری بەچاوپێکەوتنی، سەد دڵ دەبێتە مات و حەیرانی شەفابەخشی دڵی عوششاقە بایی سوبحدەم وەختێ عەبیری بۆی گوڵان دێنێ لە سەر لووتکەی نزارانی بەیانی دێ جریوەی مەل، خوڕەی بەفراوەکەی سەرکەل لەگەڵ قاسپەی کەو تێکەڵ، لە دەم ڕژد و پەسارانی کە تەشریفی شەریفی هات نەسیمی بایی نەورۆزی گوڵاڵان سەر وەدەر دێنن لە لێوی جۆیبارانی دەپۆشێ سەروی بوستانی کەوای ئەتڵەس لەبۆ جوانی شکۆفەی دەردەکا لەنۆی چڵووک و شاخسارانی تەواوی دەشت و دەر یەکسەر دەبێتە ئەتڵەسی ئەخزەر بە گرمەی هەور و سۆزەی بای شەماڵ و ڕێژنەبارانی غەزەل خوێنن هەموو، دەس پێدەکەن باڵداری سەر داری زەوی پاکی دەخەمڵێ دێتەوە سەر دۆخی جارانی کە مانگی بانەمەڕ داهات چ خۆشە دیمەنی کوێستان سەراسەر خێوەت و ڕەشماڵ و خێڵە جێ‌هەوارانی وەکوو سەروی خەرامانن کە پۆڵ پۆڵ دێنە مەڕدۆشین بە لەنجە و ناز و عیشوە شەنگەبێری چاوخومارانی نەشئەبزوێنە قاو و قیژی کەسک و سووری خێڵاتی قریوەی زاووماک و کاڕ و کووڕی بەرخ و کارانی لە لایەک داوەتی کیژانە بەزم و ڕەزمی لاوانە لەلایەک ئەسپ و ڕمبازی جلیتی شۆڕە سوارانی لەلایەک تیپی زەحمەت‌کێشی خاکی نیشتمانی جوان بە هێزی شان و هۆی بازوو دەکێڵن دێمەکارانی لەگەڵ جووتی کەڵ و گا دێنە مەزرایە بە دڵ‌خۆشی لەبۆ کێڵان و دەرهێنانی مووچە و جێ‌بەیارانی خەریکی کەسپ و کارن لاوەکانی نیشتمان‌پەروەر بە ڕۆژ و شەو سرەوتیان بۆ نییە تیپی هەژارانی بەکورتی هەوڵی پێشکەوتن دەدەن کۆمەڵ بە خاس و عام خەمم بۆ 'حافز'ی مسکین، بەجێ‌ماوە لە یارانی ++++++++++++++++++++++