شاعیر: حافز کتێب: دیاری مەهاباد سەرناو: پیرۆزبایی نه‌ورۆزی ١٣٥٤ سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - مەلا غەفووری دەباغی، ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ ک. هـ، لاپەڕە ٤٢و٤٣. - دیاری مەهاباد، چاپی سێهەم، ١١١و١١٢. ئه‌م جێژنه‌ پێروز بێ له هه‌موو گوێگر و گوێدێر پیرۆز به دڵی خۆش و له‌شی ساغ و زگی تێر دوایین په‌ڕی هه‌ڵدایه‌وه زستانی سڕ و سارد پێچایه‌وه خوێن تاڵی دزێو، نه‌گبه‌تی بێ خێر مووسایی به‌هاری به هه‌موو موعجیزه‌کانی فیرعه‌ونی ده‌ی و به‌همه‌ن و ئه‌سفندی نیا ژێر نەورۆزە، سەری ساڵە، گوڕەی پیرە شەماڵە بۆ گیانی هەرەس دێ تلی پێدا وەکوو تاوێر نه‌ورۆزه به‌هاره هه‌ڕه‌تی کۆشش و کارە جا نۆره‌ته ئه‌ی کاکی فه‌لا، مامه‌یی وه‌رزێر خێرا که له خاو بێنەده‌رێ جووتی که‌ڵانت بۆ شێوی زه‌وی و زاره‌که هه‌ڵمه‌ت به‌ره وه‌ک شێر سه‌یری ده‌ر و ده‌شتێ که دەڵێی باخی به‌هه‌شتە مێرگی هه‌موو بژوێنه، هه‌وارگه‌ی هه‌مو زەنوێر گیان به‌خشه هه‌وای کێو و که‌ژ و دیمه‌نی کوێستان خه‌مڵاوه به گیاخاو و گوڵی سوێسن و شللێر هه‌ر ده‌نگی مەله تێکه‌ڵی هاڕه‌ی خڕ و دۆڵە هه‌ر لووزه‌وی به‌فراوه ده‌کا هاژه له هه‌ڵدێر هه‌ر تاوڵ و ڕه‌شماڵه به داوێنی چیاوە هه‌ر ڕه‌شبه‌ڵه‌ک و داوەتی بێریانه به بلوێر زاخاوی دڵان حیله وو کۆڕژنی کەحێلە تاوێنی خه‌مان ده‌نگی مه‌ڕ و به‌رغه‌ل و هاوێر خۆزگه‌م به‌وه ئه‌و فه‌سڵه به چاوانی ده‌بینێ ژین نرخی لەلای خاوه‌نی بیناییه، نه‌ک کوێر ++++++++++++++++++++++