شاعیر: حافز کتێب: دیاری مەهاباد سەرناو: نە ئاسن بە فوو بۆت نەرم دەبێ سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیاری مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ‌٦٢. نە ئاسن بە فوو بۆت نەرم دەبێ نە حەمام بە تڕ قەت گەرم دەبێ بە هێزی لاوان، بە تەجرەبەی پیر بە تێکوشان و خەباتی شێلگیر بە تەگبیر و ڕای پیاوی ڕووناکبیر گاجووتی هیوات دێتەوە بەر نیر داوێنی غیرەت بە کەمەردا کە نان هەتا نەیجووی، قووت ناچێ کاکە لەگەڵ دەستی گەل تەکانێ دەرێ بەڕەت لە قوڕاو دێنیتە دەرێ وەک دەڵێن بەری کورتە تەنگانە زوو بەدوویدا دێ خۆشی و فەرعانە زۆرم بیستووە شاگردی کۆڵی هیچ فێر نەدەبوو لەبەر کڵۆڵی چون ماندوو نەبوو لە ئیش نەوەستا ئێستا کە بۆتە باشترین وەستا هەر تۆزێ لەسەر خۆ بێ پشوومان لە قۆرە هەڵوا دەخۆین هەموومان ++++++++++++++++++++++