شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: ئیلاھی ھەر تۆی فەردی فریادڕەس ئیلاھی ھەر تۆی فەردی فریادڕەس ھەر تۆی بۆ بێکەس، پشت و پەنا و پەس ھەر خۆت شارەزای لە حاڵی ئینسان لە ئەوەڵ عومری تا ئاخیر نەفەس خودایە شەکوام بگاتە دەرگات یەکجار پەشێوم بێ شەوق و ھەوەس ڕۆژ و شەو پیشەم شین و گریانە دائیم مەحزوونم وەک تەیری قەفەس لەو ڕۆژەی بوومە تاکوو ئەم کاتە ھیچ خۆشیم نەدی غەیرەز دەرد و بەس دائیم لارە خوار، بێ جێ و سەرگەردان ناڵەی دەروونم وەک دەنگی جەرەس ئەڕۆم بەڕێوە ئەژنۆم ئەلەرزێ جەرگ و ھەناوم بووە بە قەقنەس خودا بۆ خاتر سی جزمەی قورئان ئەو عومرەی ماوە نەڕوا بە عەبەس بە تاعەت بشۆ ژەنگی دڵ لوتفی ڕۆژ و شەو ڕوو کە بارەگای ئەقدەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمڕۆ دانیشتم لە پەنای دیوار سەبارەت: بەختی خەواڵۆم - ١٩٤٥ ئیمڕۆ دانیشتم لە پەنای دیوار عاجز و داماو، بێ کەس و غەمبار دونیا زۆر ساردە بەفرە و یەخبەنان شەختە و زقوومی ئەرز و ئاسمان دڵی من گەرمە وەک ئاتەشخانە قرچەی دەروونم ئەڵێی بوریانە ھەناسەی سەردم دووکەڵی ئاسمان وێنەی تانجەڕۆ ئاو دێ لە چاوان دەردی دونیایی دەوری لێ داوم نەماوە ھێز و توانا و تاوم گرفتاری دەرد ڕووی ڕۆژگارم شەوو ڕۆژ ھەر شین گریانە کارم قەت نەبوو ڕۆژێ بەبێ خەفەت بم لە کەیف و شادی لە ئیسراحەت بم ەر لە خەو دایە بەختی خەواڵۆم قەت پێش نەکەوتم لە ڕەفێقی خۆم ھەر ڕۆژ بۆ لایێ سەر خۆم ھەڵ ئەگرم نازانم خوایە بۆ چی نامرم لەتاو ناچاری و دەس کورتی و نەبوون جەرگ و ھەناوم گشت بووە بە خوون دەخیل بە پیاوی ڕەزیل و ئاڵچاخ دڵی زامدارم پڕ بووە لە داخ خسووس دەوڵەمەند لە ئەم زەمانە دائیم لە حیرسا دڵ پەرێشانە ناوچەوان دائیم ترش و تاڵ و سوێر پیش ئەخواتەوە وەک مەیموونی نێر ھەمیشە غەمگینی بە ڕۆژ و بە شەو نە نانی نانە نە خواردن نە خەو گەر بە دەس ئەو بێ ھەژار نامێنێ عەرد و بەرد و شاخ گشتی ئەسێنێ ڕەبی با بەس بێ ئیحتیاجی نامەرد تابەکەی پەی پەی ھەناسانی سەرد تا کەی بە ڕووتی و چڵکن لە ناو عام تا بە کەی لۆمە و تەعنەی خاس و عام ئەمجا بە ڕەحمەت خالیقی بێ باک بە تەقدیری خۆت تاک و تەنیای تاک بەسە ھەتا کەی جەوری دونیای دوون بەسە مەینەت و ھەژاری و نەبوون لوقمەیی حەڵاڵ زۆر بە ئیسراحەت لوتفی داوا کە لە دەرگەی ڕەحمەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمڕۆ لەگەڵ چەن کەسێ چووبووینە ئالی بەیان سەبارەت: ئەم دوو کەسە عالیمن ئیمڕۆ لەگەڵ چەن کەسێ چووبووینە ئالی بەیان بۆ تەعزێ موحەمەد ئەمین و دیدەنی خزمەکان وەختێ چووین و دابەزین کۆبووینەوە چەن عەشرەت عالەم گشت کۆمەڵ بووبوو دەر و ژوور و دیوەخان وەکوو ھێلانەی مێشھەنگ بەیەکدا ئەھات زەلام کەس ئاگای لە کەس نەما وەک ڕۆژی ئاخر زەمان عالیمان دانیشتبوون لەگەڵ کوێخا و ئاغاکان حەدیسیان ئەخوێندەوە لەبارەی دین و قورئان بەڵام نوتقی دووکەسیان غایەتەن بە نەشئە بوو یەکێ مەلای قولی بەگ ئەوی دی مەلا کیژان قورئانێکی دانابوو مەلا کیژان کە ئەیخوێند دەستووری شاری کەرکووک ئەیخوێنن لەسەر قەبران ئەو ڕۆژە زانیومە من ئەم دوو کەسە عالیمن ئەوانیش وا لەدەس چوون کەوتنە عەشرەتی شوان جارجارێ دەنگێ ئەھات زاتێکی خاوەن ھیمەت گەر نایناسی پێت بڵێم مەشھوورە مام ڕەمەزان لوتفی تۆ خەریکی چیت شیعرەکانت زۆر جوانە بەڵام منیش زانیومە خۆتیش یەکێکی لەوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمڕۆ چ ڕۆژە کە بەختی کوردان ئیمڕۆ چ ڕۆژە کە بەختی کوردان لە نوێ ئەسپی خۆی ھێنایە مەیدان تالعی کوردان لە خەو ھەڵساوە چرای ئازادی وا بۆ داگیرسان ناوی ئازادی و مەردی و غیرەتت دونیای داگیر کرد قەدر و حورمەتتان ئەستێرەی بەختت گەش و شوعلەدار ڕووناکی خستە سەرانسەر جیھان ئەمجا ئەی کوردە دەستم دامانت پشتی یەک بگرن بە دڵ و بە گیان لە دوای دە ساڵی تەواو بە عەزاب ئەم قەومی کوردە لە زوول و گریان چەن جوانی کورد لەم ڕێگەدا چوون بۆ سەربەخۆیی خوێنی خۆی ڕژان ئەمجا دەخالەت ڕۆڵەی نەبەردم من بۆ ڕزگاریت چاو پڕ لە گریان ڕێگەی ڕاست بگرە ڕێگەی شەریعەت ئیتر دوور ئەبی لە دەردی دەوران شوکری خوا بکە بۆ ئەم نیعمەتە کە وا سەربەرزی ئیمڕۆ لە جیھان بوغز و ڕەق و کین لە دڵدا دەرکەن با بێتە سەمەر درەختی ژیان لوتفی سەد شوکر بۆ زاتی باری کوردی ڕزگار کرد لە زەبر و زیندان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەمی دەس کورتی سەبارەت: ماڵێکی ھاوسێ ناو مەحمووی ئەبێ لە کەرکووک لە ساڵی ١٩٥٣ بەر گولە ئەدرێ ئەوانیش لوتفی بەرپرسیار ئەکەن و بەند ئەبێ لە پاش ڕۆژ ھەر خۆیان واز دێنن و بەر ئەبێ. - ١٩٥٣ ئێوارانێ بوو لە چللەی زستان غەمی دەس کورتی دوو ماڵ و خێزان لە سەفەردا بووم گەیشتمەوە ماڵ دەوریان لێم دا گشت ماڵ و مناڵ باوە لە کوێ بووی ئەم ھەفتەی پێشوو خۆ ئێمە لێرە قەت ھیچمان نەبوو ڕۆڵە ڕۆیبووم بۆ عەشیرەتی شوان بەڵکوو پەیدا کەم شتێ بۆ ژیان ھیچم دەس نەکەوت خودا کەریمە بۆ ئیدارەی عام ھەر ئەو ڕەحیمە کاتێکم زانی ڕەشاش و پۆلیس دەوریان گرتم دامیانە بەر لیس قۆمسێر ئەمر ئەکا بۆ دەر شێخ لەتیف کەلەبچەی بکەن زۆر گورج و زەریف ئەمر قەبز ھەیە دەرحەق ئەم زاتە جورمی گەورەیە چی دەسەڵاتە خۆمیش نازانم ئەسبابم چییە لە خۆم شک نابەم ھیچ جورمم نییە باران ئەبارێ بە تاو و تۆفان دامیانە پێش بڕۆ بە پێیان بۆ پۆلیس خانە ڕەوانیان کردم لە ئینتیزاردا ڕاگیریان کردم ئەوارقم ڕۆی بۆ خزمەت حاکم منیش لە حاڵ خۆم چەندێ ھیلاکم تەوقیفی بڕی بێ سوئال و جواب زۆر چاک بەند کرام بێ قەید و حیساب بەعزێ لە ھاوسێ شارەزا لە حاڵ ھاتن بەو شەوە پرسیان ئەحواڵ وتم کاکەگیان خۆمیش نازانم شتێ شک نابەم لایەق عوسیانم وتیان ئەڵێن تۆ دوو شەو بە بێ دەنگ ماڵی کاک مەحموود داوە بەر تفەنگ سوێند ئەخۆم عومرم چل ساڵ تەواوە دەستم لە قەبزی تفەنگ نەداوە قۆمسێری ڕیدار سوار سەیارە بوو بۆ تەحەڕڕی ماڵ شێخ لەتیف دەرچوو بێنە سێ دینار کرێی سەیارە ئەمری قۆمسێرە چارت ناچارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرێ برادەر ئەپرسی حاڵم سەبارەت: ژیانێکی تاڵ ئەرێ برادەر ئەپرسی حاڵم وەک تەیری زامار شکەستە باڵم عاجز و پەشێو داماو و غەمبار مردن لام خۆشە لە ژینم بێزار ڕۆژ و شەو دائیم وام لە مەینەتدا لە ژێر باری غەم لە ڕەزالەتدا فرمێسکی چاوم وەک جۆگەی ڕەوان ئەبارێتە سەر ئەم دڵەی بوریان غەم لە ھەر چوار لا دەوری لێ داوم نەماوە تاقەت توانا و تاوم عومری پڕ خەفەت ژیانێکی تاڵ جەرگ و ھەناوم بۆتە کۆی زووخاڵ مەحرووم و بێ بەش لە پشت و جەرگم ڕۆژێ ھەزار جار تەمەننای مەرگم گیرۆدە و زەلیل ژێر باری نەگبەت ڕۆژێ بە چەن جۆر ئەکەومە زیللەت سا خودا بەسە ئەی پەروەردگار لە حاڵی عالەم ھەر تۆی ئاگەدار قەترەیی ڕەحمەت لە بەحری بێ پەی بە بەندەی ھەژار سا تۆ عەتا کەی دەرباز کە لوتفی لە ناو بەحری غەم با بەس بێ ئیتر ھەناسەی ماتەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم کوڕانە چەن جوانن ئەم کوڕانە چەن جوانن وەک کۆمەڵێ غیلمانن عومەر و عوبێد بە جووتە تەسبیح دەستیان یاقووتە ڕەزا و فاتیح لەو لاوە پرچیان ئاوریشمی خاوە یەکی تریشیان ماوە نورەدین نوری چاوە خوێن شیرین و نازدارن ھەروەک خونچەی بوھارن ئاواتە خوازم ھەموو بێنە مەیدان زوو بە زوو شەوقیان ھەبێ وەک چرا بۆ دۆست و قەوم و برا وەربگرن عیلم و ھونەر بۆ نەفعی دین و بەشەر ئاگاداریان بێ باری کاتی نووستن و یاری بژین بە سەلامەتی دوور لە دەرد و مەینەتی لوتفیش ھەر چاوەڕوانە پێ بگەن بەم زووانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمشەو لە خەودا یاری شیرینم ئەمشەو لە خەودا یاری شیرینم ھاتبوو بۆ لام گیانی دێرینم سبەینێ ھەڵسام کەس نییە و دیار وامزانی ڕاستە و خەو نییە بینم بۆیە وا مات و پەشێوو سەرسام خەریکی ئاھی سەرد و گرینم تۆزێ ساکن بوو برینی دەردم تازەی کردەوە زام و برینم لەسەردا وا دێ سیڵاو ئەشکم گیانە وەرە سەیر ئەشکی خوێنینم بە ڕۆژ و بە شەو ھەر وەکوو فەرھاد نەقش و نیگاری باڵای شیرینم دائیم لە شین و گریانم ئەمن مەلوول و ماتەم خەستە و غەمگینم دڵە تابەکەی تۆ ھەر بە تەمای لە دەسستی تۆ چوو بزان یەقینم لوتفی ئەم فیکرە لە دڵ دەرکەدەر بەس وەکوو فەرھاد بڵێی شیرینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو کەسەی مەحکوومی دەستی نەفس و شەیتان بێ منم سەبارەت: گەر ئەبیسن دەنگی گریان ئەو کەسەی مەحکوومی دەستی نەفس و شەیتان بێ منم فاسق و عاسی لە ئوممەت شاھی جیھان بێ منم ڕامبوارد عومری شەبابم بەو ھەوای نەفسی دەنی دڵ بە داخ و ماڵ وێرانی ڕۆژی مەیدان بێ منم بێ مووعین و دەست گیر و بێ ڕەفیق و بێ عەمەل تووشی سەحرایی عەدەم چۆڵ و بیابان بێ منم کەوتنە ڕێگەی حەق و ڕێگەی سەلامەت خزمەکان تەوبەبێ یا ڕەب ئەوەی ھەر کۆڵ بە عوسیان بێ منم با لە لایان ئاشکرا بێ عالەمی سەر ڕووی زەمین با بزانن زیاد لە خەڵکی ئەھلی نیران بێ منم گەر ئەبیسن دەنگی گریان وەختی شەو و نیوەشەو ئەو کەسەی بۆ حاڵی قەبری زۆر پەرێشان بێ منم موستەحەقە ژەنگی دڵ بۆ قەترەیە ڕەحمەت خودا ڕۆژ و شەو ھەر چاوەڕوانی ڕەحمی یەزدان بێ منم ڕووم نییە ھەرگیز بڵێم من نەسڵی ئەو پێغەمبەرەم دوور لە باسی شەرع و عیلم و دین و ئیمان بێ منم مەیلی نەفسم حازرە ھەر دائیما بۆ لای گوناھ یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلە دەس بە دامان بێ منم خاک و خۆڵ کەم جا بە سەردا سەر لە بۆ کوێ ھەڵگرم لایەقی گریان و شین و داد و ئەفغان بێ منم لوتفی بۆ چی وا زویری دڵ بدە ڕەحمی خودا ھەر بڵێ ھەردەم ئومێدی عەفوی ڕەحمان بێ منم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا پیری ھات بوو بە میوانم ئەوا پیری ھات بوو بە میوانم چەن عەیبی ھێنا دای نا لە شانم بێ ھێزی ئەژنۆ و حوکمی چاوانم ھەتا کۆتایی ماڵی وێرانم ڕەزیل و خستەی پەنای دیوارم لە سەر تا بە پێ گشت دەردەدارم لە ھیچ جێگەیە نییە قەرارم لایەق بۆ مردن چاکە نەمامم تەمەنی لاوی بە خۆش و شادی بە ھەوا ڕۆی بە دڵ ئازادی بەکام و بە شەوق زۆر بە گوشادی ئەوا تەواو بوو عومری جوانم سا بەچ ڕوو ڕوو کەمە مەیدان بە ڕوویەکی ڕەش بە کۆڵێ عوسیان بە خۆم ماڵ کاول سەد جار پەشیمان چاو شۆڕ و ڕیسوای دەور و جیرانم ئەوراق حازرە لەبەر دەس حاکم لە ئیمڕۆ بە دوا بۆ مردن چاکم ئەوەڵی خاک و ئاخری خاکم پشتم لە دونیا ڕوو لە قەبرانم ھیچ چاکەم نەبوو لە داری دونیا توێشەم ھەڵ نەگرت بۆ ڕۆژی جەزا ڕوو زەرد و مل کەچ لە مەیدانی خوا ھەر خۆم بێ چارە و ڕەنج بە خەسرانم لوتفی تۆ تازە عومرت لەدەس چوو مەیخەرە یادت زەمانی پێشوو ئەوەی کە ماوە ھەڵسە زوو بە زوو بڵێ ئەی خودا دەخیل ئامانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا کۆچی کرد مانگی ڕەمەزان سەبارەت: ١٩٦٥ ئەوا کۆچی کرد مانگی ڕەمەزان ئەو کەسەی خواردی ئەو بوو پەشیمان بێ بەش لە خەیری ڕۆژوو بوو ئەو کەس ئەو ڕەنج خەسار بوو لە ھەر دوو جیھان جەژنە ئەوا ھات بە خۆش و شادی یاخوا بە خێر بێ جەژنی موسڵمان خوایە بە شەرەف حەزرەتی ڕەسووڵ ئەمن و ئاسایش بۆمان کەی نیشان ئەوەندەی توانیم ھەوڵم تیاداوە بە ویرد و نوێژ و خوێندنی قورئان گەرچی گوناھم وەک چیا وایە بەڵام ڕەحمی تۆ بێ حەد و پایان دەسەڵات لە دەس بەندە چی ھەیە غەیر ڕجا کردن لە دەرگەی یەزدان خۆزگە بەو کەسەی ئەکەوێتە بەر شەفاعەتی ئەم مانگەی ڕەمەزان مەغفیرەت بۆ ئەو دێتە خوارەوە سەر بەرز و دڵ خۆش لە ھەردوو جیھان من ماڵ کاولم زۆر بار گرانم لە ئەمر و نەھی زۆرم ھەن نوقسان لوتفی بگریە مەخەو ڕۆژ و شەو بناڵە بۆ خۆت شەو ھەتا بەیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوەندە گەڕام لەسەر ڕووی جیھان سەبارەت: مەدحی عەشیرەتی شوان - ١٩٥٩ ئەوەندە گەڕام لەسەر ڕووی جیھان داوودە و بەیات چوار کۆمەی شێخان زەنگەنە و جەباری ھەمەوەند تەواو جاف و گەڵباخی گەڵاڵی و گۆران پشدەر و مەنگوور ھەم دەشتی بتوێن شارەزوور ھەموو ھەتاکوو بازیان زۆر شوێن گەڕاوم من لە کوردستان نەمدی خاکێکی وەک خاکی شوان ئاوی سازگار، مەناخی زۆر خۆش ھەوای دڵگیر بێ بۆ دانیشتووان قەڵەم لە وەسفی حەیران دەمێنێ دەک ئاوەدان بێ بەھەشتی کوردان پڕ لە ئەنواعی میوە و میوەجات ئەرازی بێ عەیب جێگەی دغڵ و دان ھەر وەک بەھەشت سەرچاوەی باخی مێرگ و وەنەوشە نێرگز و ڕەیحان زۆربەی دێھاتی ھەمووی چەماوە زەرعات و میوە دار و دارستان مەرعای یەک تایە بۆ مەڕ و ماڵات چەم و ئاوی زۆر وەک باخی جینان ڵەگەڵ سەگەرمە عەداوەت ئەکەن بەرانبەرێتی چیای خاڵخاڵان کاڕووش و بنچک زەل و زەنەکاو ئەمەندە زۆرە نییە حیسابیان ژنیان وەک حۆری چاو گەش و ڕوو خۆش پیاویان بێ عەیبە ھەر وەکوو سوڵتان سەخی و دڵ گوشاد بە ھەموو دەمێ ھیچ وەختی خەفەت نییە لەلایان ھەزار بار میحنەت ئەگەر بارت بێی ڕۆژێ لەلایان ببیتە میوان بە سوحبەتی خۆش نوکتەی زۆر لەتیف دێتە پێکەنین لە خۆشی ئەوان غەمی زەمانەت لەلا نامێنێ کە مەجلیس ئەگرن وەعدەی ئێواران ئیختیارەکانیان گشت کۆ ئەبنەوە بۆ قاوە خواردن لەلای دیوەخان بە گاڵتە و سوحبەت قسە لەگەڵ یەک باسی یەکتری جنێو بە یەک دان کەسێ گوێی لێ بێ با زۆر غەمبار بێ ئەکەوێتە سەر ماجەرای ئەوان سەخی و دڵ فەرەح لە ھەموو وەختێ ئەگەر نەبێتیش لە ناو ماڵیان نان چاو تێر، دڵ ڕووناک، لە ھەموو جێگە بە تایبەت لە گشت دێی «ئالی بەیان» نەترس و ئازا لە مەیدانی جەنگ وەختێ بێنە دەس وەک شێری ھەیجان من ڕجام وایە لە خزمەت باری دائیم مەحفووز بن لە بەڵای جیھان دوور بن لە غەم و دەرد و موسیبەت بژین بەختەوەر شاد و کامەران لوتفی گەر ڕاستە قسەکانی تۆ بۆ چی بە جێت ھێشت ڕات کرد لە ناویان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ئەسیری تەوق و قەیدی نەفسی بەدئەممارە خۆم ئەی ئەسیری تەوق و قەیدی نەفسی بەد ئەممارە خۆم بێ کەس و بێ موونس و بێ ھەمدەم و بێ غەمخوارە خۆم دوور لە خزمان و وەتەن موڵکی عەشیرەت کەوتووم ساکنی موڵکی غەریبیی بێ کەس و ئاوارە خۆم ڕامبوارد عومری عەزیزم گشت لە کاری ناشیرین ڕووسیاھ و شەرمەزار و سەرکز و پەتیارە خۆم دڵ وەکوو ڕاوچی لە دووای مامزی حیرس و تەمەع ڕۆژ و شەو ھەڵپە و بلۆفی دونیای عەززارە خۆم کەوتە پێشم ڕێگەی دوور بێ تەدارک بێ ئەساس بێ وڵاغ و بێ زەخیرە و زاد و پوول و پارە خۆم قەد نەکەوتە فیکری من ڕۆژێ کە تۆ ئەمری و ئەڕۆی وای کە بێ عەقڵ و شعوور و بێ نەوا و عارە خۆم بێ ئەمەل ڕۆییم لە دونیا ڕەنج خەسار و دەس بەتاڵ کردەوەی چاکەم نەکرد وای لە خۆم ھەژارە خۆم کەوتە پێشم ڕێی بیابان تەھلوکەی بێ نان و ئاو وای غەریبی دەشتی مەحشەر، بێ کەس و بێ یارە خۆم سواری ئەسپی جەھل بوومە، ڕوو لە شاخ و دەشت ئەکا بێ لغاو و زین و ڕەشمە بێ دەس و ھەوسارە خۆم پێی شەل و قۆناغی دوور سەر جسری سیراتم ئەمن کۆتەرەی نیوە سووتی قەعرەی جەحیم و نارە خۆم تای تەرازووی لای گوناھم زۆر گرانە داخەکەم ڕووڕەش و ڕیسوا لەبەر دەس سَيّدُالأبرارە خۆم دەس بە زنجیر و عەزاب گیرۆدەی دەستی مەلەک ڕام ئەکێشن بۆ جەھەنەم ئەو جا زەھری مارە خۆم دەستی یەئسم دانەناوە گەرچی ترسم زۆر ھەیە بۆ تەمای حۆری و بەھەشت و میوە و گوڵزارە خۆم چونکە نەیداوە بە حەق دەرحەق بە ئەھلی تائیان تەوبە بێ یا ڕەب تەمەننای تەوبەی یەکجارە خۆم قەترەیە ڕەحمەت بڕێژە دەرحەقی بەندەی ھەژار بیکەیە باعیس ڕووناکی ئەم دڵەی ژەنگدارە خۆم ڕۆژ و شەو ناڵەی دەروونم خەڵکی بێزار کردووە یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ڕووڕەش و بێچارە خۆم لوتفی غەرقی بەحری عوسیان تا بە کەی کردەی نەفام دەس بەرە کەشتیی نەجات و ھەر بڵێ ھاوارە خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برادەر بۆ زویری غەم مەخۆ دونیایی دوون ئەی برادەر بۆ زویری غەم مەخۆ دونیایی دوون ڕزق و عومر و ئەجەلت نووسراوە بەینی کاف و نوون بۆچ ئەوەندە بە پەرۆشی پارە ناکا ڕاکەڕاک نە دڵت شاد بێ بە بوون و نە غەمت بێ بە نەبوون گشتی تەقدیری خودایە خالیقی ئەرز و سەما ئاگەداری خۆت بە گیانە خۆت مەخەرە چەند و چوون غەم بخۆ حۆ ئەی برادەر کاکی خۆم ئەی بێخەبەر چۆن ئەزانی تا ئێوارە ساغ ئەبێ یا سەرنگوون چەن کەسانێک وا ئەبینم زۆر غروور و حاڵ نەزان وەک تری لەو ڕۆژەدا کوژراوە فەوتاوە زەبوون چۆن لە مەکری خوات ئەمبینی وا بەبێ باکی ئەڕۆی وا دەمێ تر تۆ ئەبینم دووچاری ناو خاک و خوون لوتفی دەردی خۆت دەوا کە ماڵ وێرانی بێخەبەر چەن ھەزارانی وەکوو تۆ کەوتە داوی ھات و چوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برادەر چی بکەم دڵم پڕ بووە لە غەم ئەی برادەر چی بکەم، دڵم پڕ بووە لە غەم شادی لە دڵدا نییە، گەر ئەپرسی زۆر و کەم خەیاڵی فیکری دونیا، دڵ ئەفڕێ لە ھەوا فیکری ئاخیرەت بەجارێ چۆتە دەرەجەی عەدەم عەجەب عەقڵ و شعوورت، لەلا نەماوە کاکە قەت فیکرێ ناکەی ئەتۆ، لە ئەمری خودای ئەعزەم بەسە تۆ بیرێ بکە! ئەی ڕوو ڕەشی ڕوو سیاھ چەندی مەغروور و بێ ھۆش، ناترسی لە جەھەنەم حەیا کە لەو خودایە، بێ ھەمتا و بێ شەریکە خالیقی ئەرز و ئاسمان، بەھەشت و باغی ئیرەم تەوبەکە زوو فرسەتە! ئەجەل دائیم حازرە لە بن گوێی ھەموومان، بە زوولجەلالی قەسەم لوتفی تۆ دەخاڵەت کە، بە دەرگاھی ئەو کەسە کە خۆی خَيرُ النَبيیە، ئوممەتی خَيرالأُمَم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برای ئازیز نووری چاوانم ئەی برای ئازیز نووری چاوانم گەر پرسیار ئەکەی وەزع و ژیانم ھەر ئەوەندەیە ھەناسەم ماوە ئەینا وەک مردوو دوور لە ژیانم بە دەس دەردەوە حاڵم پەشێوە جەوری دنیای دوون پشتی شکانم گەلێ بێزارم لە جەوری ڕۆژگار لە داخان ھەردەم دڵ پڕ لە ژانم بێ جێگە و مەئوا بێ ئیش دەس بەتاڵ پەراگەندەی ناو کووچە و کۆڵانم ھەر ساتێ دەردێ ھەر تاو ئازارێ دووچار و شێواو زۆر پەرێشانم ھەمیشە لە ناو بەحری خەم و دەرد موبتەلای ھەزار باری گرانم وەک داری سەر یاڵ کز و بێ گەڵام پابەندی داوی چەرخی دەورانم لوتفی مژدە بێ سوپای خەم شکەست سەد شوکر بۆ خوا کە شادومانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی خودا دەخیل چیمان بەسەر ھات ئەی خودا دەخیل چیمان بەسەر ھات ئاسایش نەما لەسەر ڕووی وڵات یەک لەحزە خۆشی نەما لە دونیا غەزەب ئەبارێ لە ئەرز و سەما ناسیار یا نەناس درشت ھەتا ورد یەخەی یەک ئەگرن ھەموو دەستوبرد ھەمووی باری شەڕ بە شەڕ ئەفرۆشی لە ڕەق و کینە ھەمووی ئەجۆشێ لای خۆی موسڵمان گشت برای دینە ھەمووی ئوممەتی شاھی مەدینە حەڵاڵیان ئەکرد خوێن و ماڵی کورد دوژمن بەجارێ لێشاوی ئەبرد زۆر بێ ڕەحمانە ھەروەک سەگی ھار بووبوون بە ئاگر بۆ کوردی ھەژار گشت دووچار ئەبوو خەتا و بێ خەتا بە ئاگری زوڵم وەک یەک ئەسووتا وڵاتیان سووتان چەن فەقیریان کوشت چەن مزگەوت وێران ئیمامیان ئەکوشت چەن قورئان سووتا یا درا بە با پەڕە پەڕە بوو بە دەم ڕەشەبا شار و دێھاتیان ھەموو کرد وێران عالەم بە جارێ گشت بوو سەرگەردان سەد ھەزار نەفەر ھەمووی بێ خەتا بە ڕۆژێ ڕەوان موسەیەب کرا باوک لە وەزعی ئەولاد بێ خەبەر منداڵیش پەراگەندە و دەربەدەر دایک بە تەنھا وێڵی دەشت و شاخ ھەر ھاوار ئەکا دڵی پڕ لە داخ چەن لاوی کوژراو جێما بەبێ کەس بوو بە خۆراکی شەھێن و کەرکەس چەن ئاوارە بوو لەم شار بۆ ئەو شار دەروون پڕ لە ژان مل کەچ و ھەژار چەند پیرێژنان چاو پڕ لە گریان گڕەی دەروونیان ئەگەییە ئاسمان چەن جەنازە کەوت لە دەشت و لە شیو چەندێ نازداران گشت بوونە ھەتیو چەن ئافرەتی جوان لە شاخ و ئەشکەوت مێردی کوژراوە بە بێوەژن کەوت ھاواری منداڵ ھەم ژن و ئەختیار ئەھات ھەر وەکوو بۆقی زار مار ناڵەی بریندار لە دەشت و لە چۆڵ گریانت ئەھات بۆ کوردی کڵۆڵ مەڕ چوو بە تاڵان ماڵ ھەمووی وێران بایەقووش ئەیخوێند لەسەر کەلاوان دای بەسەر کوردا لە ھەر چوار کنار بەڵا ئەبارێ وەک تەرزەی بوھار بۆج پرسیار ناکەی لەوەی جێماوە ئەوانە مەعلووم گشتی کووژراوە چەپۆکی دوژمن لە ناو شانی کورد وەک نەقشی سەرسەنگ نەقشی تێدا کرد ڕووی زەمین سوور بوو بە خوێنی کوردان ھەزاران دەروون ئەھاتە گریان چوار دەورت ئاگر کوردی بێ خەبەر ئەمجا چی ئەکەی ھەی خاکت بەسەر دارودارستان سەرتاپای وڵات ھەمووی لق لە ئەرز لەبەر میوە ھات تەبارەی گەنم ھەر وەکوو دیوار گشت بە جێماوە لە کوردی ھەژار پووش و پاوەن و ھەم خەلە و خەرمان باخ و دار و ڕەز لە شاخ و کێوان مەکینە و زەرعات لە دەشت و لە چەم ئاگری زۆر دار سووتانی سەرجەم مایین و ھێستر مانگا و بزن و مەڕ ھەمووی بە تاڵان بران سەرانسەر ئەم زووڵمەی ئەمرۆ لە کورد کراوە یەقین شتی وا قەت ڕووی نەداوە ئەو کەسەی ھەیبێ تۆزێ بیر و ھۆش ئەم غەدەرە ھەرگیز ناکا فەرامۆش ھەتاکوو ماوە لە چەرخی ڕۆژگار دڵی قەت فارخ نابێ لە ئازار فرمێسکی چاوی وەک ڕێژنەی باران دائیم دێتە خوار بۆ کزی کوردان ئەمجا ھەر شین کە و بۆ خۆت بناڵە لە دەست ئەم چەرخ و ئەم ژینە تاڵە قوڕ و خاک و خۆڵ بکە بەسەردا خەم بخۆ لەگەڵ خوێنی جگەر دا ئیلاھی ھەر خۆت جێگەی ھاواری ڕزگارمان بکەی لە شین و زاری ئەمجا ڕوو لە خوار سەرمای زستانە نۆرەی بوھاری قەومی کوردانە ئومێدە لە زات خودای بێ ھەمتا کە دەردێکی دا دەرمانیش بدا ڕزگارمان بکا لە بەحری میحنەت ھەمووی بگوڕێ بە ڕەزای ڕەحمەت لوتفی ئەم دەورەش ھەتا سەر نییە لەدوای تەنگانە مەعلووم خۆشییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی خودا چی بکەم عەقڵم شێواوە ئەی خودا چی بکەم عەقڵم شێواوە بەھاری عومرم وشک و بێ ئاوە جارێ ڕوو لە خوار جارێ لە ژوورە گاھ لە سێبەرە، گاھ لە ھەتاوە خۆیشی نازانێ خەریک چ کارە بە دەس خۆیەوە سەری سوڕ ماوە پێی ئەڵێم ھەژار بۆچ وا زویری ڕاستم پێ بڵێ چیت لێ قەوماوە بەڵکوو دەس کەوێ دەرمانی دەردت دڵی بیمارت وا بێ ھۆش ماوە بۆ خۆت بگەڕێ بە کەیف و سەیران بێ شک ئاشووبیت وا بە دوواوە ئێستا نازانی مانەندی حەیوان سەر بڕینەکەت لە دواوە ماوە چونکە نازانی تۆ بۆ چی ھاتی ئەگەڕێی بێ ھۆش لە ڕووی دونیاوە خودا تۆی بۆ چی بۆ ئەم دونیا نارد ئێستا تۆیش ئەمرت بە پشت گوێ داوە ئەبێ بزانی بێ سڕ نەھاتی بە خۆڕا ھیچ کەس خەڵق نەکراوە دەرمانت نییە شێتی بێ خەبەر لوتفی بزانە زۆرت نەماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی خودا چی بکەم لە دەستی نەفسی ئەممارەی لەئیم ئەی خودا چی بکەم لە دەستی نەفسی ئەممارەی لەئیم ئیتفاقی وا لەگەڵ شەیتانی مەلعوونی ڕەجیم پادشاھ و دەس درێژە نۆکەر و بەندەی ئەویم ڕەبی ڕزگارم بکەی گیرۆدەی چەرخی دەنیم جڵەوی نەفسم لە دەستم سەندووە شەیتانی شۆم وا لەسەر کەنداڵ خەریکم نازانم بۆ کوێ ئەڕۆم کێ دەلیلم بێ لە شاخ و داخ و ھەرد و کەند و جۆم ئەی خوا بم خەیتە سەر ڕێگەی سیڕاتەلمستەقیم چەن ئەکەم سەعی بە دەستم ناکەوی نانی حەڵاڵ ئەوەندە من ھەوڵەدەم بۆ شەخسێکی عالیم لە حاڵ چەن ئەکەم دەس ناکەوێ ھاوڕێیەکی خاوەن کەماڵ تاریکی زوڵم گوناھە وا لە دونیادا عەمیم گشتی مەجبووری تەماعە ڕۆژ و شەو خواردن و خاو ھەمووی بە یەک دا ئەسووڕێ زۆر شپرزە و تەنگەتاو ناگەڕێتەوە ئەبەد لە پیس و پاک و یا گڵاو ھەر بە شەرتێ دەس کەوێ چێشی بە ڕۆن نانی گەنیم پەیڕەوی خاسانی خوا کە چیت ئەوێ لە فکری عام ھەر کەسێ مەسئوولی نەفسی خۆیەتی ڕۆژی قیام تۆ بە ڕاستی ڕوو بکە سەر سوننەتی خيرالأنام بەڵکوو شافیع بێ لەبۆ تۆ شافیعی زومرەی ئەسیم بەسیە ئیتر حیرسی دونیا ئەم خەوەی تۆ تا کەیە ئەو شتەی سوودی ببێ ھەر کردەوەی بۆ چاکەیە سەد ھەزاران ھات و ڕۆی خاکیش ھەر ئەو خاکەیە نەوبەتی تۆیش وا بەڕێوە دا مەنیشە دڵ موقیم خۆت موھەیا کە ئەڕۆی بۆ ئاخیرەت یەکجارییە کەیف و شادی و ھەڵپەڕینت نیشانەی بێ عارییە عاقیبەت ڕووت و قەلەندەر ھەر بەشت غەم خوارییە زۆر بترسە لەو سزایەی دۆزەخ و ناری جەحیم گەرچی ئیمڕۆ ھۆدەکەت پڕ فرۆشە مافووری عەجەم یا گڵۆپی کەھڕەبا ڕووناک ئەکا حەوشە و حەرەم کورسی و مێزت بەرانبەر جێگەی خۆش و نەرم بە سەرت قەسەم لە پێشە ئاوی غوساقولحەمیم چاوەکانت ھەڵبڕە ئەی ماڵ وێرانی بێ خەبەر سەیری تەپڵۆکەی جیھان کە خاک و خۆڵی ڕەھگوزەر کوللی گەردێکی ھەوینی پادشاھی تاجەوەر تۆزێ ترست بێ لە خزمەت زاتی عەزیزەلحەکیم لوتفی بۆ خۆت غەم بخۆ زۆری نەما ڕۆژی ئەجەل تەعقیبی چاکە بکە مەشغووڵ بە بە خەیرەلعەمەل جاھیل و بێ عەقڵە ھەر کەس ئەسیری توولەلئەمەل رب انقزنا بفزلك حبزا العفو العميم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی خودایە ڕوو لە کوێ کەم غەیری تۆ قەت کەس نییە ئەی خودایە ڕوو لە کوێ کەم غەیری تۆ قەت کەس نییە شیوەن و گریان و ئاھم بۆ گوناھم بەس نییە گەر ئەبیسن ئەی ڕەفیقان ناڵەی پێشی سەحەر دەنگی ھاواری منە دێ ناقووس و جەرەس نییە نەوعە ئینسانێ ھەیە لۆمەم ئەکا لە بێ دەلیل گەر خەبەردار بێ ئەزانێ ڕەنجەکەم عەبەس نییە لازمە بۆ من کە فکرێ کەم لە کردەی خوای مەزن تەگبیری ئەو ڕۆژەکە کەس بۆ کەس قەت کەس نییە عالەمی ورد و دڕشت گشتی لە شین و زارییە ڕۆژێ کە ئەو ڕۆژە لای کەس قەتعیەن ھەوەس نییە دەشتی مەحشەر جۆش ئەخواتن ھەر لە تاوی گەرمی ڕۆژ وەی خودا ھاوارە ڕەحمێ کە ڕێگەی نەفەس نییە لوتفی غەیری فەخری عالەم ڕوو لە دەرگەی کێ ئەکەی غەیری ئەو لە ڕۆژی مەحشەر کەس فریادڕەس نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی سەبارەت: تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی ئەڵێی ئاشەوان ئاشی بەتاڵی جەوری زەمانە ھەر بۆ تۆ نییە سەبەبی چییە ھەر تۆ ئەناڵی *** بۆچ خەیاڵ ناکەی بە ڕۆژ و بە شەو لات وەکوو ژەھرە چ خواردن چ خەو شیرینیش نەما فەرھادیش ڕۆیی تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو *** بۆ چی نازانی ئازار دونیای دوون جەرگی ھەزاری وەک تۆی کردە خوون بیری لێ بکەی بەشت ھەر غەمە چاو بدەرە سووڕ چەرخەکەی گەردوون *** دونیا بۆ زۆر کەس پشتیوانی کرد ھەشت نۆ ڕۆژێکە ئەھات و ڕابورد ئەویش بە میحنەت بە سزا ڕۆیی لە ماڵەکەی خۆی ھەر کفنی ئەبرد *** بۆ مەرحەبایی دونیای بێ وەفا یەک دوو ڕۆژ لەسەر ڕووی ئەرز و سەما خۆت مەخەرە گێژ قوڕاوی بێ پەی خۆت ڕوو زەرد مەکە لە مەیدانی خوا *** ھەرگیز تێک مەچۆ بە بوون و نەبوون ھەر دووکی ئەڕوا لەسەر دونیای ڕوون ھیچ نرخی نییە سەروەتی دونیا ئەگەر ئاڵتوون بێ کێوی بێستوون *** لوتفی دەردەکەت زوو بکە دەرمان با لەم دواییە نەبی ماڵ وێران زۆر خەیاڵ ئەکەی لە ئەتواری خۆت با شێتیش نەبێ بکەویە کێوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ بێزاری لە ژین دائیمەن مەشغووڵی شین ئەی دڵ بێزاری لە ژین، دائیمەن مەشغووڵی شین بەسیە تا کەی ھەر گرین؟ ! جارێ ئاو، جارێکی خوین دڵ برینداری زەمانم، خەرمەنی عومری سووتانم دەربەدەر تاڵە ژیانم، جەرگ و دڵ بۆتە برین وەکوو خوێنە ئاوی چاوم، خۆم وەکوو کەشتی سەر ئاوم تاب و تاقەت لێ بڕاوم، مردنم چاتر لە ژین چاترە مەرگ لەم ژیانە، بوومە جێی تانەی بێگانە وام لە زومرەی فاسیقانە، ڕووسیای بەر دەستی دین شەرمەزاری لای ڕەسوولم، بۆیە غەمگین و مەلوولم لە کردەی خۆم ناقەبووڵم، سەد دەخیل شای مورسەلین شاھی جەمعی ئەنبیای، خۆشەویستی زاتی خوای شافیعی ڕۆژی جەزای، ھاوارە شاھی مەدین ھەر تۆ شاھی ئەنس و جانی، خاتەمی پێغەمبەرانی جێی مورادی عاسیانی، خەلقەتت ئایەی موبین مەدحی تۆ ئایەتی قورئان، خاوەنی موعجیزە و بورھان ئەی ئەشرەفی ھەردوو جیھان، خۆتی ڕووناکی سەر زەمین ناوی تۆ یاسین و تاھە، بۆ ئومەت پشت و پەناھە لوتفی خاوەنی گوناھە، تۆی شفيع المذنبين ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ دە ھەڵسە زیکری خودا کە سەبارەت: موناجات ئەی دڵ دە ھەڵسە زیکری خودا کە بە ڕۆژ و بە شەو ڕوو لە مەولا کە دامێنی شەرع بگرە بە دوو دەس زیکری خوا بکە دائیم بە ھەوەس نەوەک بە سستی و بە دڵ گڕانی نەوە وەک ناچار بە سوغرەزانی عیبادەت بە دڵ نەکەی بۆ خودا زۆر زەحمەتە خوا پاداشتت بدا ئەگەر بۆ دونیا وە یا بۆ ڕیایی ھیلاکی کەی توو ئەڕوا خۆڕایی یاڕەب بۆ خاتر شای فەخری عالەم ببەخشە خەتام لە زۆر ھەتا کەم بیکە بە خاتر ئادەمی سەفی حەزرەتی شیس و ھەم نووحی نەبی بۆ خاتری دانیال حەزرەتی یەعقووب ھوود و یوشەع و جەنابی ئەیووب بۆ خاتری عیسا و حەزرەتی سالیح نەفسی عاسی من بکەی بە سالیح بۆ خاتری ئیسحاق لەگەڵ ئیبراھیم نووری ئیمانم لەدڵ کەی قاییم بۆ خاتری خدر لەگەڵ ئەسکەندەر شین بۆ من خاسە ھەی خاکم بەسەر ھەم بۆ خاتری عەزیز و تالووت جەستەیی بێتین نەخۆش و نابووت بۆ خاتری لوقمان لەگەڵ ئیسماعیل خەستە و پەشێوم سەرکز و زەلیل بە عەشقی یوسف ھەم لەگەڵ شوعەیب دەخاڵەت بەتۆ دانای سڕی غەیب بە خوێنی یەحیا ەم بە زەکەریا لە دەرگای ڕەحمەت نەبم ڕووسیا ھەم بۆ شەرەفی مووسا و ھاروون داود و سولەیمان ئەلیاس و شەمعوون دیسان بۆخاتری ئەلیەسع و ئەسبات ڕزگارم بکەی لە پردی سیرات یاڕەب بۆخاتری یونس و ئیدریس ھەم بۆ شەرافەت حەزرەتی جەرجیس دیسان بۆخاتری زولکیفل و عیمران بە ناڵە و سۆزی پیرەکەی کەنعان بە نووری ئیمان دڵم ڕووناک کەی وەکوو ئاوێنە لە پیسی پاک کەی ھەم بۆ خاتری بابەکر و عومەر عوسمان زونوورەین ئیمامی حەیدەر ھەم بۆ خاتری سەحابەی کیرام لییان بێ ڕەحمەت خودای لا یەنام ھەم بۆ خاتری گشت پیاو چاکانت ڕجام قەبووڵ کەی دەستم دامانت بم بەخشە مەعلووم من غەرقی خەتام ڕووزەرد و مەھتووک مەیدانی خودام لوتفی تا ماوی بکە شین و زار ڕوو بکە دەرگای زاتی کردگار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ ساکن بە تازە چیت ماوە ئەی دڵ ساکن بە تازە چیت ماوە وەک داری خەزان وشکی بە پاوە چاوان بێ حوکم جەستەی لار و خوار پێستی وجوودت سیس و ژاکاوە بەس بکە خەیاڵ لەزەت دونیای ڕوون ھەڵسوکەوت ئەکەی بە بای فەناوە تازە بە تۆ چی ڕووی نەوجەوانان شۆخ و نازداران وەک گوڵ خەمڵاوە بازاڕ و جادە و باخات و گوڵزار بە تۆ چی بەھەشت ھەر سەیری چاوە ھەتاکوو گەنج بووی زەمانت وا بوو جوانی تۆ ڕۆیی بە دەم سزاوە تازە وا پیر بووی دونیات لەدەس چوو کفن گۆڕەکەت حازر کراوە ھەڵسە فرسەتە ڕوو لە تاعەت کە ئەم ھەشت نۆ ڕۆژەی عومرت کە ماوە لوتفی غەم مەخۆ دونیا ھەر وایە زۆر کەس لەم ڕۆژە جگەر بڕاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ نازانم تۆ بۆچ داماوی سەبارەت: ئاشوفتە حاڵی ئەی دڵ نازانم تۆ بۆچ داماوی بۆ شکەستەی حاڵ بۆچ پەشۆکاوی ڕەنگ زەرد و لاواز وەک داری خەزان بەسەر یاڵەوە گەڵای ھەڵوەران بێ لق بێ چرۆ بێ سایە و سێبەر بە دەم دەردەوە وێڵ و دەربەدەر تاوێ حەیرانی دەردی دەروونم تاوێ بێ کاری و ڕووتی و نەبوونم گا دەردی پیری گا غەمی دونیا لە ھەر چوار لاوە شاڵاوی ھێنا نەخۆشی و پیری بێ حوکمی چاوان نرکە و ناڵەی سەخت شەو ھەتا بەیان ئەم دیو و ئەو دیو بە دەم دەردەوە بە ناڵەی حەزین ئاھی سەردەوە لەسەر سەفەرم زۆرم نەماوە پەڕەی ژیانم وا بە دەم باوە بۆ مەیدانی خوا بە دەستی خاڵی ھەر دوو لا عەزاب ئاشوفتە حاڵی لوتفی بناڵە خاک بەسەردا کە پەن بە دەرگای غەوسی بەغدا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ ڕاپەڕە شینێ بەرپا کە سەبارەت: خاکی ڕەھگوزەر ئەی دڵ ڕاپەڕە شینێ بەرپا کە خاکی ڕەھگوزەر بەسەر خۆتا کە ھەتا ئەتوانی بە ڕۆژ و بە شەو ڕی ڕجا بگرە لە دەرگانەی ئەو گوناھت زۆرە لە حەد چوە دەر پەنا ھەر بەتۆ بینای دادگەر پشت ببەستە بە ڕەحمی خودا ڕوو بماڵە خاک بە ترس و ڕجا بە خواردن و خەو ڕۆژ مەبەرە سەر عومر بچوێنە بە ترس و خەتەر خاک بەسەردا کە وەک برا مردوو دونیا نامێنێ نە بۆ من نە توو زیکر و عیبادەت مایەی ئیمانە تەرکی حەرام و درۆ و بوھتانە سەرف کە عومر لە کردەی شیرین قەت مەکە ھاوڕێ پیاوی کەم دین چاوچنۆک مەیە تەماع کار ڕەزیل بۆ جیفەی دونیا خۆت مەکە زەلیل بەرگی قەناعەت بکەرە بەرت تاجی سەربەستی بنێ سەر سەرت لوتفی دەردەکەت زوو بکە دەرمان با لە قیامەت نەبی دڵ گران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ ھەتا کەی حەپسی لە خەڵوەت ئەی دڵ ھەتا کەی حەپسی لە خەڵوەت تا کەی لە ژێر بار نەبوونی و نەگبەت لە ئەوەڵ عومر ھەر غەمخواری بوو نەبوونی و نەخۆش دەردەداری بوو دائیم ئەسیری دەردی بێ دەوا دەرد لە بانی دەرد ئەھات بە سەردا یا نەخۆشی خۆم یا مناڵ یا ژن کێشەی دونیایی جەرگ و دڵ کون کون لەبەر دەس کورتی و ھەم ئاخر شەڕی سەگی کائینات گشت بە من وەڕی بە تۆی بەرگی شڕ ھەناسەم سوارە ئێش و دەرد و غەم لە دڵدا بارە نە بە ڕۆژ خواردن، نە خەوتن بە شەو ھەر تەکان ئەدەم بە دەوانی دەو خودا با بەس بێ کراسی نەگبەت لە بەرمان بکەی کەوایی عیزەت تاوێ بە شادی لە دونیا بژین دوور بین لە جەور و پەژارە و گرین لەجیاتی مەینەت شادی پەیدا بێ غەم بۆ یەکجاری ڕوو لە فەنا بێ لوتفی بۆ چیتە زۆرت نەماوە وەک پووشی سەر یاڵ وای بەدەم باوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ ھەتا کەی مات و زویری ئەی دڵ ھەتا کەی مات و زویری ھەتا کەی حیرسی زیندان و بیری سەراپا سیا بەخت وەک قیری لەناو سوپای غەم بۆچ وا ئەسیری دە سەر ھەڵبڕە ھەی بەخت خەوتوو سەیری دونیا کە چۆن ھات و چۆن چوو بە خەفەت ڕۆیی ھەزاران وەک توو تۆ ئەبێ چی بکەی بۆچ وا فەقیری غەم فایدەی نییە دونیا میحنەتە لەچل ڕۆژ ڕۆژێ ڕۆژی عوشرەتە باقی ھەر غەم و دەرد و مەینەتە نییە دڵ شادی کەیف و سرووری بەدەس من نییە خالیقی یەزدان ئەو ڕۆژەی کە خۆی دونیای دامەزران ھەوێنی ئێمەی بەم جۆرە ڕژان ھەر ئەبێ وا بێ تا نەفخی سووری ئومێد بە دەرگای ڕەحمانی ڕەحیم لە بەحری کەرەم خودای کەریم شاد بین بە وەسڵی جەنات و نەعیم دانیشین لە ناو قەسر و قسووری ئەویش زۆر دوورە لە گوێرەی عەمەڵ ئیمان دەربەڕین لە کاتی ئەجەل دەخیل بارەگات سەییدی مورسەل سا خودا ھەر خۆت بدەی سەبووری لوتفی خۆت ھەڵکە زۆرت نەماوە حەیات و عومرت ھاکە تەواوە سەد کەندەڵان وەک تۆ ڕووخاوە ئومێدی عەفووی پاشای غەفووری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ ھەتا کەی یاری غەمباری سەبارەت: ئەستێرەی بەختم ئەی دڵ ھەتا کەی یاری غەمباری ھەتا کەی میحنەت ھەم خاکەساری تا کەی ئەسیری دەستی دەوران بم تا کەی ڕەزیلی ناو ھاوسەران بم تا کەی دەردەکەم ھەر وا گران بێ حاڵم ھەتا کەی وا پەرێشان بێ ئەستێرەی بەختم تا کەی بێ شەوقە جەفا و دەرد و غەم لە گەردن تەوقە دۆستی دڵخوازم تا کەی دوژمن بێ عالەم بەبێ سووچ قینی لە من بێ درەختی بەختم تا کەی بێ بەر بێ ڕەنجی فەرھادیم بۆچ بێ سەمەر بێ تا کەی باری غەم لەسەر شانم بێ لە جێگەی شادی ھەر گریانم بێ فەلەک با بەس بێ دەوران بێتە کام تاوێ گوشادی بێتەوە بۆ لام ڕەبی دەخیلە با بەس بێ مەینەت عومرێکی کامیل بەخشی بە ڕەحمەت تەحەمول کەمە لای نەفسی بەشەر ڕەبی ڕزگارم بکەی لە خەتەر لوتفی چیت ماوە تازە لە دونیا پێنج و دوو ڕۆژێ ئەویش ھەر ئەڕوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فەلەک بەسیە خەیلێ فەوتاوم ئەی فەلەک بەسیە خەیلێ فەوتاوم لە ئینسان ناچم ئەوەن شێواوم لە خەم و چەپۆک دەورانی بەدبەخت دەروون پڕ لە ئێش زووخ و زووخاوم دڵم پڕ لە دەرد ھەناسەم سەردە وەک گوڵی بێ ئاو سیس و ژاکاوم ھەر وەکوو ھەیکەڵ زەمانەی قەدیم وجوودی بێ ڕۆح بە پاوە ماوم ئەم شەو زامانم یەکجار کارییە غەم لە چوار لاوە دەوری لێ داوم کەوتوومەتە گێژ بەحری غەمە و تەم بەدەس دەردەوە گرفتار ماوم دڵ وەک تەیرێکی ئەسیر و غەریب لوتفی بێ خەبەر موبتەلای داوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن ئیمڕۆ لە داخت جەرگی خۆم بوریان ئەکەم سەبارەت: دەس گرن گەورە و بچووک ئەی وەتەن ئیمڕۆ لە داخت جەرگی خۆم بوریان ئەکەم بۆ کزی و شێواوی تۆیە شیوەن و گریان ئەکەم ئەی وەتەن سەرگەشتە و وێرانە شار و دێت من لە داخی دەردی توو وا ڕوو لەسەر کێوان ئەکەم ئەی وەتەن ئیمرۆ کە مات و کەساس و بێ دەسی بێتە ڕۆژی خۆی سەر و ماڵم ھەموو قوربان ئەکەم ئەی وەتەن دەردمانی دەرد و زامی تۆ یەک گرتنە دەسگرن گەورە و بچووک ھەم بادینی و سۆران ئەکەم ئەی وەتەن دووچاری داوی دەستی بێگانەی ئەلیم بۆ نەجاتت حازرم ھەر دەم بە ماڵ و گیان ئەکەم ئەی وەتەن عالەم ھەموو خۆش بەختە ئیمرۆ تۆ نەبێ بۆیە ھەر شەو تا سەحەر من ناڵە و فەغان ئەکەم ئەی وەتەن ھەر ئەمری بێ لوتفی لە خزمەت حازرە بێ گومان ڕاست و دروستە وەی بەسەرچاوان ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن بۆ چی کز و داماوی ئەی وەتەن بۆ چی کز و داماوی بۆچ وا ئەسیری بۆچ بەند کراوی بۆچ نەما زەوق و شەوقەکەی جاران بۆ چی ڕەش پۆشە دێھات و شاران بۆ چی بێنازە ھەردە و شاخەکەت بێ گەڵاو ڕووتە چەم و باخەکەت بێ دەنگ و چۆڵە مزگەوت و دیوان بە پەنجەی زوڵم ژێر و ژوور کران بۆ چی نەگریێم بۆچ نەناڵێنم لە داخ ئەم چەرخە بۆ چی بمێنم بۆ گەلی کوردە ناڵە و ھاوارم پڕ ئێش و دەردە دڵەی بیمارم کوا دێھاتەکەم ئیمام و موختار کوا ڕا و سەیران سەدای ئەسپ سوار کوا گەورە کچان گەردن مراوی ھات و چۆی بەناز لە ڕێی کانیاوی کوا دەنگی فەقێ قەسیدە و ئەشعار ئەیان خوێندەوە سبەی تا ئێوار کوا خۆشی و نەشئەی فەسڵی بەھاران کوڕ و کچ تێکەڵ ئەچوون بۆ سەیران کوا ڕەنەی مفەرمان سێ چوار بە قەتار شمشاڵی شوان ھۆ ھۆی جووتیار کوا دەنگی سەپان لە چللەی ھاوین کوانێ تێلەکێش کوا شەغزە بەستین کوا لاوەکانت وەک یووسفی کەنعان ھەر یەک بە جۆرێ خۆیان ئەنوان ئیستا ڕەنگ زەرد و گشت لێوبەبارن ھەموو بە دەرد و خەفەت دووچارن ئەختیارەکانمان ڕووت و ڕەزیلن ھەموو لێوبەبار بە وێنەی دیلن کراس و کورتەکی دڕاو ئەپۆشن دائیم خوێن جەرگ خۆیان ئەنۆشن لوتفی زووخاوی جەرگت بنۆشە لەمەودوا بەرگی سیاھ بپۆشە ھەتاکوو چرای کوردان ڕوون ئەبێ دوژمن لەبەر چاو تووناوتوون ئەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی چاو بڕێژە ئەشکی خەفەت بار ئەی چاو بڕێژە ئەشکی خەفەت بار فرمێسکت با بێ وەک سەیلی بەھار قافڵەی ڕەفیقان دائیم بەڕێوەن لە بەڕ و بەحر لە دەشت و لە شار ھەرگیز ناوەستێ وەخت و بێ وەخت نۆبەی ھات ئەڕوات بێ غەم و غەمبار ھەر چەن ئیش و کار خەیاڵی زۆر بێ ئەبێ جێی بێڵی کەس نایبێ ڕزگار ھیچ مۆڵەت نییە ھەرچەن ڕجا کەی لێم گەڕێ ماوە تۆزێ ئیش و کار شووشەی عومرەکەت وا بە دەستەوە شەقەی لێ ھەڵساند دای لە سەنگی خار لوتفی بزانە زۆرت نەماوە ڕوو لە خودا کە ھەر بڵێ ھاوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی چاو بە تۆ چی ڕوخساری دولبەر سەبارەت: نازک نازداران ئەی چاو بە تۆ چی ڕوخساری دولبەر دوایی عومرتە ھەی خاکت بەسەر بە تۆ چی شادی بەزمی دڵداران بە تۆ چی سەیری باغ و گوڵزاران بەتۆچی گەشتی چیمەن و گوڵزار کە تۆ گیرۆدەی بە داوی ڕۆژگار بە تۆ چی ڕوخسار ڕووی مەھجەنبیان قامەت وەک عەرعەر شۆخی شیرینان بەتۆچی شایی و سەیران و سوحبەت بۆخۆت بناڵە لە کونجی خەڵوەت بە تۆ چی گوڵ گەشت فەسڵی بەھاران غەمزە و نەزاکەت نازک نازداران بە تۆ چی سەیران کانی و کانی ئاو بێستان و باغان سەر شەت و شەتاو ئەی دڵ ھەتا کەی تۆ خەیاڵ ئەکەی لە سوخمەی ئاڵ و مەمکی زەرد وەک بەی لە یادت دەر کە بەزمی عاشقان ئەمجارە وەرە سەر زیکری یا ڕەحمان تازە زینەتی دونیات لە دەس چوو مەیخەرە یادت عومرەکەی پێشوو لە خەو ھەڵستە بێ خەبەر ماوی لە ھاوڕێ کانت زۆر بەجێماوی چاوت ھەڵبڕە داماوی ھەژار بکە بە سەردا خاکی ڕەھگوزار خەرمانی عومرت مەعلووم بابردی ئەم چەرخە چی ویست ئەوا پێی کردی ڕۆژ و شەو دائیم زیکری خودا کە تەرکی زینەت و حوبی دونیا کە سەجدەگاھەکەت تەڕکە بە خوێناو بگریە لە داخ عومرەکەی فەوتاو دڵ وەک ئاوێنە پاک بکە لە غەش غەیرەز زاتی خوا تێی نەکەوێ بەش لوتفی ھیچ ئیشێ بە ھەوا نابێ تاکوو شەرتەکان گشت نەێنە جێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ڕەئیسی جەمعی مەخلووق شاھی شاھانم وەرە ئەی ڕەئیسی جەمعی مەخلووق، شاھی شاھانم وەرە ئەی ئەمیری ھەردوو دونیا، مەردی مەیدانم وەرە من گوناھبار و خەجاڵەت ڕووڕەش ڕۆژی جەزام خاوەنی عیز و شەرەف تۆی ڕۆح بەقوربانم وەرە خاتری ڕوخساری نوورینی جەنابت خوای مەزن ئەرز و ئاسمانی دروست کرد چاو بەگریانم وەرە من ئەزانم کردەوەی چاکەم نییە سا چی بکەم ڕەحمەتێ فەرموو گەدام بۆ ماڵی وێرانم وەرە من ئەوەندە ھەوڵ ئەدەم نەفسم لە دەستم دەرچووە چیی لە مەیل نەفسی بەدکەم، جانی جانانم وەرە گەر لەمەولا خوا بەخۆی ڕەحمێ بکاتە حاڵی من نەفسی بەدکارم ئەکوژرێ، دڵ بە قوربانم وەرە ھەر وەکوو سیروان لە چاوم ئاو ئەچۆڕێ بێ وچان ڕووڕەش دونیا و قیامەت، دەستەدامانم وەرە لوتفی بەس شیوەن بکە بۆت ناگیرێ نەفسی بەدت شاھی لەولاک بێتە ئیمداد نووری ئیمانم وەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ڕەفیقی خۆشەویستم ماڵی خۆت وێران مەکە ئەی ڕەفیقی خۆشەویستم ماڵی خۆت وێران مەکە ھەر بە گوفتی ھیچ و پووچیش باری خۆت گران مەکە زۆر زەلیل و دڵ پەشێوم غەرقی بەحری میحنەتم ڕابەری ڕێگەی نەجات و ماھی درەخشانم وەرە وا لەسەر ڕێگایەکی ڕاست و بەرینی چاوەکەم ئاگەدار و باخەبەربە ڕوو لە کەندەڵان مەکە چونکە نەفسی تۆ بە دائیم مائیلی کاری خراپ دەوری ئیمانت زەعیفە خۆت تووشی شەیتان مەکە بۆ چی مەغرووری عەزیزم سەد ھەزاری وەکوو تۆ ھات و ڕۆیی بە ڕەزیلی تۆ دڵت خەندان مەکە فکری حاڵی قەبری تەنگ و مردن و کفنی سپی وا لە ڕێتە بێنە یادت قەتعیەن غەڕڕان مەکە دڵ بە زۆر ڕاکێشە بۆ لای تاعەتی یەزدانی خۆت نەفس دائیم دڵ فریبە بە قسەی پەیمان مەکە بۆ چی وا داماوی لوتفی عومرەکەت چوو بێ سەمەر ھەڵسە ئیتر پەیڕەوی خاسان بکە و گریان مەکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی کوردی کاکم ھەڵسەرە پاوە ئەی کوردی کاکم ھەڵسەرە پاوە ڕۆژی ڕوناکت وا شوعلەی داوە ڕوناکی بەختت تەواو دونیای گرت لە شەرق و غەرب وا دەنگی داوە ئەستێرەی بەختت نوقم و بزر بوو ئێستا وا تیشکی لە دونیای داوە تۆ ھەستە ئەمڕۆ ئەی شێری وەتەن نووستن ھەتا کەی کورد بەجێ ماوە ئەمجا نۆرەتە ئەوەی کورد زمان ئیش و کاری خۆت مەخەرە دواوە میللەت بەجارێ گشت ئامادەیە شان بە شانی یەک حەق ڕاوەستاوە ئەوا بانگ ئەکا جین ھەتا مەلەک باسی کورد ئەکا بە ڕووی سەماوە توو سەیری بکە ئەقوامی جیھان ھیچ کەسێ وەکوو توو نەفەوتاوە لوتفی چاوەڕێ ڕۆژی شادی کە فەلەک وا بەلای کوردا بای داوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با لە داخی چەرخی گەردوون دەس بکەینە شین و زار سەبارەت: چەرخی گەردوون - ١٩٣٧ با لە داخی چەرخی گەردوون دەس بکەینە شین و زار زووخی زامی جەرگی خۆم نۆش کەم بناڵم بێ قەرار قەدر و حورمەت گشتی ھەڵسا عەیب و عارم کەوتە لا ھەرچی جۆری بێ شەریفە دەوڵەمەند خاوەن دینار حورمەت و عیلم و زەکات خانەدانی زۆر کیرام گشتی کەوتە پێچی دیوار عالییە ئەھلی قومار پارە ناکا عەقڵی کۆنە ئیمڕۆ ڕۆژی مۆدەیە ھەر شتێ ئێمە بڵێین بێ ڕەغبەتە بێ ئیعتیبار ئەم نەوعە ئیشەی کە ئێمە زۆر بە عەیبەی تێ ئەگەین لای عەیامی عەسری تازە بۆتە جێگەی ئیفتیخار حوببی دین و مەزھەب و مزگەوت و ڕەحمی ئەقرەبا گشتی یەک پارچە بە جارێ ڕووی کردە توڕەی دینار چەن پیاوی خانەدانی ناو عەشیرەت وەک چرا تێکەڵی گورگ و چەقەڵ ئوممێدی لاکی دەردەدار سەد عوبەییە وا لەژێر باری گران شانی ڕزا تۆ وەرە سەیری کەریش کە وا لەناو بەزمی بەھار لوتفی چارەت ھەر کنارە بەس بکە شەرحی ھەبا سەد ھەزارانی وەکوو تۆ کەوتووە بە غەمگوسار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارم گرانە قوناغم دوورە بارم گرانە قوناغم دوورە بێ کەس و بێ دەس کارم زەروورە دەخیل بە دەرگات پادشای جیھان قەترەی ڕەحمەت بۆ من کەی ڕەوان لە کونجی بێکەس تاریکی مەزار لە حاڵی عالەم ھەر تۆی ئاگەدار ڕەبی بۆ خاتری ڕەسوولی سەروەر ھەم بۆ خاتری ئەنبیاکان یەک سەر ھەم بۆ خاتری ئەولیای کیرام لە خۆشەویست و لە خاس و لە عام دڵۆپێ ڕەحمەت لە بەحری ڕەحمان ببەخشە یاڕەب بە دڵەی بوریان تا کەی جورعەی جام مەینەت بنۆشم تا کەی بەرگ سیای ئەزیزت پۆشم تا کەی گرفتار دەردی غەریبی تا کەی دەردەدار بەبێ تەبیبی تا کەی ھەر بە غەم ڕۆژگار بەرمە سەر تا کەی شەرابم لە خوێنی جگەر تا کەی بە سۆ بێ زامی دەروونم تا کەی دڵ زامار دیدە پڕ خوونم تا کەی حاڵ پەشێو زار و زویر بم لەناو سوپای غەم تا کەی ئەسیر بم تا کەی دڵەکەم پڕ لە خەیاڵ بێ خەیاڵی لە لای وێرانە ماڵ بێ ھاوارە بۆ خۆم ھاوار سەد ھاوار بێ خەبەر لە حاڵ دڵەی بریندار بێ ئاگا لە خۆم بۆ حاڵی دەردم بۆ گریە و زاری ھەناسەی سەردم لوتفی بناڵە بۆ ڕۆژی مردن بۆ کزەی دەروون لە دونیای ڕۆشن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارکراوی باری غەم تا کەی لە ژێر ئەم دەردە بم بارکراوی باری غەم تا کەی لە ژێر ئەم دەردە بم ھەر وەکوو مەجنوون لە داخا ڕوو کێو و ھەردە بم من لە دەشتی چۆڵی حەسرەتدا غەریب و بێ کەسم دڵ وەکوو کەشتی ئەسیری ئاھی گەرم و سەردە بم من گەلێ مەحزوون و غەمگین و جگەر سووتاومە لێو بەبار و چاو بە ئەشک و ڕەنگ و ڕۆمای زەردە بم ڕۆژی مەشغووڵم بە ئیشی نابەجێ و کاری خراپ تا بە کەی تەوبە نەکەم من دائیمە ھەر جەردە بم چاک و داوێن ھەڵکراو مەجبووری ڕەنج و پڕ جەفا ئەی خودا ھاوارە تا کەی ئەم دڵەی وەک بەردە بم دڵ لە داخی بەعزێ ئینسان دائیمە پڕ دەرد و غەم تا بە کەی حیرس و خەفەت ئەم زێد و مەئوا و عەردە بم لوتفی چشتێ بکڕێ سەد سوێندی گرانت بۆ ئەخوا حازرە بۆ دەس بڕین ناحەق نییە ئازوردە بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برینی جەرگم ئەمشەو کارییە سەبارەت: سیروانی ئەشکم برینی جەرگم ئەمشەو کارییە ژین و ژیانم ھەر غەمخوارییە یادی دۆستانی کۆنەم کەوتە سەر گڵپەی دەروونم ھەر وەکوو فەنەر سیروانی ئھشکم بە لێڵاوی ھات ڕۆژی نیشان دام وەک ڕۆژی مەمات جاری خەیاڵی گفت و گۆی شیرین باڵای وەک چنار شۆخی نازەنین جاری گوفتاری وەک شەکەر وابوو وەک مامز ھەڵات لە دەستم دەرچوو جاری لەنجە و لار وەک کۆتری یاھوو بە ناز و عیشوە ئەھات و ئەچوو ھەر ڕۆژێ نەوعێ مەکر و نازی بوو ھەر سات بۆ یەکێ ھامڕازی بوو نازدار و نازک شەوچرای شەو بوو لێو ئاڵ و چاو ڕەش مانەنەی کەو بوو لوتفی بناڵە تۆ لە دووری لەیل بە مسلی مەجنوون لە سەحرای دوجەیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ نەگرێم من بە دائیم دڵ بە زەخم و ئێشەوە سەبارەت: ١٩٥٢ بۆ نەگرێم من بە دائیم دڵ بە زەخم و ئێشەوە تەن وەکوو داری چنارە شەق شەقە بە تێشەوە ئیمڕۆ ئەسیر و زەلیلم کۆتی دوژمن وا لەپێم دوێنێکە نەعرەم ئەھات مانەندی شێر لە بێشەوە تاکوو ئیستاکە لە ڕۆژی نیوەڕۆدا ڕامبوارد ئیستا ڕۆژم لێ بزر بوو وام لە تاریکی شەوە ھەر وەکوو تاژی لە ڕەسدا ڕام ئەکێشێ بۆ نەچیر کامیان تۆ ئەمر ئەکەی چیمە لە خزم و خوێشەوە بۆتی ئەگرم ھەر وەکوو کەروێشکی بێ خەبەر لەلان بەڵکوو باخڵ خۆم ئەبینم بە پارەی بەخشیشەوە عالەمی ئیمڕۆ ئەسیرە گشت بە دەست ئەتماعەوە تۆ ئەبێ چی بکەی ھەژار وا بەو دڵەی پڕ ئێشەوە لوتفی لۆمەی کێ ئەکەی زیاد لە عالەم ھەر ئەتۆی لای دونیات چاک و وێران کرد تۆ لە سای دەروێشەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چی خەمباری ڕەحمی خوا زۆرە بۆ چی خەمباری ڕەحمی خوا زۆرە بۆچ وا پەشێوی دائیم بەم جۆرە بۆ چی ئەوەندە تۆ بێ ئارامی بۆج ژیانت وا پڕ لە ناکامی بۆ چی ھەمیشە لە خۆت بێزاری بۆچ پەراگەندەی کووچە و بازاڕی بۆ چی ئاشناتە جەوری زەمانە بۆچ خەمی دونیات گشت لەسەر شانە بۆ چی گیرۆدەی باری گرانی بۆچ ھەر تۆ لە ناو دەردی دەورانی بۆ چی ئەسیری ناو دەرد و بەڵای بۆچ وا ئارەزووی مەینەتی دونیای بۆ چی کەنەفتی چەرخی ڕۆژگاری بۆچ وا بێ بەشی سەیری گوڵزاری بۆ چی گیرۆدەی چنگی دەورانی بۆ چی ھەتا کەی خانە وێرانی بۆ چی لە بزە و خەندەی یار دووری بۆ چی موبتەلای کاری زەرووری بۆ چی زەلیلی ژێرباری خەمی بۆ چی بەم جۆرە کز و ماتەمی بۆ چی بێ جێگەی وەک بەردی سەر ڕێ بۆ چی ھەر ڕۆژێ گیرۆدەی دەردێ بۆ چی ئیقبالت بەم چەشنە چەوتە بۆ چی ئەم عومرە بەم ھەشت و حەوتە بۆچ پەیدا نابێ دەرمانی زامت بۆچ نەھاتە بەرداری مەرامت بۆ چی ڕوخسارت دای پۆشی مەینەت بۆچ جارێ دەستت نەگەیی فرسەت بۆچ ڕەنگت زەردە وەک گەڵای پایز بۆ چی بێ نازی وەک لالۆ بایز بۆ چی ستارەی بەختت ئاوا بوو بۆچ دەناڵێنی بە تەنیا ھەر توو لوتفی بەم جۆرە بۆ پەرێشانی لە تەقدیری خوا بۆ دڵ گرانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چی نەگرێم سەر لێ شێواوم بۆ چی نەگریێم سەر لێ شێواوم لە بەحری خەمدا گیرۆدە ماوم ھەرچەن سەیر ئەکەم ھەناسەی دەروون ئاگر بەر ئەدا لە چەرخی گەردوون بۆ سەرکری خۆم ڕەزیلی ھۆزم بۆ میللەتی کورد دەروون پڕسۆزم ھەموو دەربەدەر بێ جێ و سەرگەردان وێڵ و بێ مەئوا لە کووچەی شاران دوژمن وا لەسەر جێگە و مەکانی خۆیشی وەک مەرگە ژین و ژیانی منداڵی بێکەس خۆی پەرا گەندە ڕەنگە زەرد و بێ ناز لێو بە بێ خەندە پرسیم لە بەرد و داری کوردستان بۆچ وا پەشێون داماو و حەیران بۆچ وا مەلوول و حاڵ پەشۆکاون بۆچ وا ئەسیری کەلەپچە و داون بۆچ وا گیرۆدەی چەرخی ڕۆژگارن بۆچ وا بە جاری و لە ژین بێ زارن بۆچ وا بێ شەوق و زەوق و شێواون بۆچ وا بێ ھەوەس کز و داماون گشت ھاتنە گوفتار بەزمانی حاڵ وەڵامیان داوە بە دەنگی زووڵاڵ وتیان توو سەرکە ئیمڕۆ حاڵی کورد گشت پەرێشانە درشت ھەتا ورد لە کەژ و لە کێو لە دەشت و لە چۆڵ خوێنی کوردانە تیکەڵ خاک و خۆڵ دەردی کورد زۆرە نایێتە بەیان گشت ماتەم زەرد و حاڵی پەرێشان بۆیە بەم جۆرە ئێمە خەمبارین لە داخ ئەم دەورە دڵ پڕ لە زارین پێویستە ئیمرۆ ھەر وەک برا بین گشت بۆ یەکتری پشت و پەنا بین لوتفی بەس بڵێ خەستەی ماڵ وێران بۆ بێکەسی کورد ھەر بکە گریان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆچ شیوەن نەکەم کاکە فەوتاوم بۆچ شیوەن نەکەم کاکە فەوتاوم لە بەحری خەفەت وا غەرق ماوم ھەر لە پەنجەی پێ تا ھەردوو چاوم بێ پشت و پەنا لە قوڕ دا ماوم لە بەر بێ عەقڵی لەسەر ڕووی دونیا لە کاتی گەنجیم وەکوو جوانە گا ھەر ھەوڵم ئەھات لە دەشت و چیا ھەڵمیان ساند بە شەق لە شیرین خاوم چاوم ھەڵبڕی ھەر خۆم ماڵ وێران فکرم کرد لە بەین ئەرز و ئاسمان خاوەنی ھەیە ئەم کەون و مەکان تاریکی ھێنا نایە سەر چاوم تازە دێتە ھۆش دڵەی پڕ دەردم ھیچ پارە ناکا ھەناسەی سەردم ڕوو ڕەشی مەیدان واحدئەلفەردم تازە بیر ئەکەم لە خەو ھەڵساوم قەرزی پەنجا ساڵ ڕۆژی یەک درھەم لە ناو سەندووقی ئەگەر بیکەی جەم وەختێ بیھێنی سەر حیساب قەڵەم ملیون و ملیارد من قەرزار ماوم تازە لە بیر چوو کام خاک بەسەر کەم دەخاڵەت دەرگای خەیرولبەشەر کەم درەختی تاعەت پڕ لە سەمەر کەم ئەگەر چی تەواو گیری قوڕاوم لوتفی گوناھت ملیۆن گەر ملیار لە تەزەر ڕەحمی پادشای غەفار بێتە سەر کەرەم زاتی کردگار قەت مەڵێی تازە من وا خنکاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆچ ناپرسی تۆ لە حاڵی دەردم بۆچ ناپرسی تۆ لە حاڵی دەردم لە ئەشکی چاو و ھەناسەی سەردم دڵ بریندارە وەک ھێلانەی ھەنگ ڕووی ئەرز لە بەر چاو بۆتە شەوەزەنگ شیوەنی گەورە کەوتۆتە پێشم ئۆقرەی نییە دڵەی پڕ ئێشم داییم بێ ئارام وەک شێت و عەبداڵ لە مەسافەی مانگ بە درێژی ساڵ ئەسووڕێمەوە ھیچ ھۆشم نییە خواردن نەماوە ھەم ھۆشم نییە دەردی بێ دەوا کەوتوەتە سەرم نازانم ھاوار بۆ لای کێ بەرم ڕێگەی ڕاستیم بۆ بکا بە دیاری ڕزگارم ببێ لە خاکەساری ئاسوودە ببم لە دەردی دونیا با شیوەن بکەم ھەر خۆم بە تەنھا خودایە دەخیل لە بەحری کەرەم قەترەیێ ڕەحمەت بە من کەی کەرەم کۆگای گوناھم وەک چیا بەرزە لە تاوا دەروون کەوتووەتە لەرزە لوتفی مەگریە خودا کەریمە بۆ ئوممەت ئەحمەد لوتفی عەمیمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیستوومە کە غەوغایێ پەیدا بووە لەو لایە سەبارەت: لە گوێم دێ - ١٩٣٥ بیستوومە کە غەوغایێ، پەیدا بووە لەو لایە پرسیم لە موسڵمانێ، چیە ئەم دەنگ و سەدایە لە ھەر دوو گوێم دێ دەنگی، دەف و تەپڵ و سەڵاوات شین و گریان و فیغان، ئەڵێی ڕۆژی جەزایە کە چووم و چاوم پێ کەوت، دووسەد وەجبە مەخلووقات ھەمووی وا دێ بەڕێدا، بە سواری ھەم بە پایە ھەندێ بە سواری مایین، بەعزێ ئەسپی لەبندا بەعزێ سواری نێرەکەر، ھەندێکیشیان بە پایە یەکێ ھەگبەی لە تەرکی، کا و جۆیی لەناوە نان و خورمایان پێیە، ئەسپابیان موھەیایە سەفێکیان شمشێر بەدەس، لە پێشی ئەو عالەمە بەیداغ بە دەستیان لەگەڵ، ئەڵێی ڕۆژی غەزایە دەروێشی شێخ حەسەنن پیری قادرکەرەمە ڕەئیسیان عەبدوولکەریم شێخی دارەخورمایە تەبلیغ ئەکا بە خەڵکی تەوبە بکەن فرسەتە دونیا زۆر بێ وەفایە نیعمەتی بێ بەقایە ھیچ پشتی پێ مەبەستە بەم عومرە کەم و کورتە پێی خۆشحاڵ مەبە ھەرگیز چونکە ڕوو لە فەنایە سا خودایە دەخیلە، بە دەرگاھی بەرزی تۆ تەوبەم لێ قەبووڵ بکەی، یەک جاری ڕووم سیایە بەسە لوتفی مەگریە! گریانی تۆ بێ سوودە لەمەودوا سەرفی بکە عومری خۆت لە تەقوایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە فریام کەوە ئەی یەزدانی تاک بە فریام کەوە ئەی یەزدانی تاک لەم ژینە گەلێک پەشێوم خەمناک ھەموو شت لای تۆ بە کونفەیەکون دەتوانی جیھان بکەی بان و بن ھەزاران ھەزار جۆرە ڕوح لەبەر دروستت کردۆ لە بەحر و لەبەر منیش عەبدی تۆم ھەژار و داماو تیمار کە دەردم ئەی بینای چاو تاکەی بەم جۆرە ئەم ژینە تاڵە ئازار بچێژم ئەمن بەم حاڵە سەبری ئەیوبم لە کوێ بوو قوربان ھیچ شتێ لای تۆ خۆ نیە پەنھان پێمان عەتا کە قەترەیێ ڕەحمەت لوتفی دەناڵی ناو بەحری میحنەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسیە واز بێنە لە کردەی ناشیرین خاوەن کەماڵ بەسیە واز بێنە لە کردەی ناشیرین خاوەن کەماڵ تا بە کەی بێ ھەست و ھۆشی وەک مناڵی خوردە ساڵ موبتەلای دونایی دوونی ڕۆژ و شەو دێی و دەچی بێ خەبەر ماوی لە ئەمری زاتی پاکی زولجەلال تۆزێ یادی خوا بکە تا ماوە ژینت خاک بە سەر دوایی سوودێکی نییە یەک زەڕەیێ سامان و ماڵ کاتێکت زانی لە ناکاو تووشی داوی مەرگ ئەبی جێ ئەمێنێ گشت بە جارێ پاشی خۆت ماڵ و مناڵ گەنجی قاروونت ھەبێ ھێشتاکە داماو و گەدای گشتی قوربانی سەعاتێ، تاعەت و نانێ حەڵاڵ ئاگادار بە توێشەی چاکت ھەبێ بۆ ئاخیرەت نەکەوییە ڕێ بێ زەخیرەی تاعەت و دەستی بەتاڵ سەروەتی دونیا ئەگەر ھی تۆ بێ جێی شادی نییە چونکە لەم کەونە ھەموو شت ھەر ئەبێ ڕۆژێ زەواڵ چاوی غەفڵەت ھەڵبڕە زوو ڕوو کەرە دەرگاھی خودا ئەم ژیانە فانییە تێپەڕ ئەبێ وەک بای شەماڵ لوتفی تۆش عومرت بەسەر چوو وای لە دوا قۆناغی ژین ھەستە خۆت ئامادە کە بەسیە ئیتر فکر و خەیاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا بمێنم من بەقوربان سەر فیدای سەر تۆ ئەکەم تا بمێنم من بەقوربان سەر فیدای سەر تۆ ئەکەم وەختێ ڕووی تۆم لێ بزر بێ دائیمەن ڕۆڕۆ ئەکەم گەر بە شەرتێ دەسکەوێ چاوم لە تۆ بێ نانی جۆ لەززەتی سەر ئەرزی خوا قوربانی نانی جۆ ئەکەم نامەیەکی دەستی خۆی گەر بۆم بنێرێ یارەکەم ھەر وەکوو مەجنوون لە کەیفا ڕوو لە شاخ و کۆ ئەکەم گەر خوا حەز کا ببم بە باخەوان سێو و ھەنار دائەبەستم کەپری شادی ڕۆژ و شەو ھۆھۆ ئەکەم دائیمەن من ھەر خەریکی سەیری گوڵزاری ئەبم خۆشە ئەو جا حاکمی بم حوکمی سەربەخۆ ئەکەم وا بە خوڕ دێ ئاوی چاوم ھەر لە دووری چاوی کاڵ عەکسی ئاوی شیوەسوور و جۆیی بەکرەجۆ ئەکەم نامەوێ دونیا و لەززەت شەرتی شوانیت دەس کەوێ ھەر وەکوو مووسا منیش ھەشت ساڵ شوانی تۆ ئەکەم تا بە کەی تۆ ھەر ئەڵێی لوتفی کەس گوێی لێ نییە تۆزێ فیکرت بێ بڵێ ئەم حاڵەتانە بۆ ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تووش جیرانی باش سەخی و پاک دین سەبارەت: ١٩٤١ - کەرکووک تووش جیرانی باش سەخی پاک و دین بۆم ڕەوانە کەی ڕەبەلعالەمین چەن ساڵە لە داخ چەرخی ڕۆژگار خوێن لە چاوانم بە تاو دێتە خوار ڕۆژ و شەو خەفەت وەک تاوی باران ئەبارێتە سەر ئەم دڵەی بوریان نە قسەیە خۆش نە فیکرێکی حەق ناشنەوی لە کەس ئەبەدی موتڵەق یا باسی عەردە یا مەڕ یا گایە یا باسی بڕنەو ئەحمەد ئاغایە یا ژن ھێنانە یا کەر فرۆشتن یا موشاورەی پارێزی دوژمن باسی دین ھەرگیز نییە لە بیری ھەر بۆ سەگییە بیر و تەگبیری عومری لە دەوری ھەشتا ساڵانە لە لای خۆی وایە کوڕی ماڵانە ئەرێ ھۆ کابرای بێ ھۆشی سەر شێت ڕۆژ و شەو دائیم من وا ئەڵێم پێت دونیات تەواو کرد ڕوو بکە خودات تۆزێ بترسە لە ڕۆژی جەزات ھیچ گوێ ناداتێ بێ غەم و خەیاڵ ھەڵ ئەستی لەلام ڕوو ئەکاتە ماڵ ھەرچی من ئەڵێم ھیچ سوودی نییە دەردی ئەحمەقی ھیچ دەوای نییە لوتفی با بەس بێ گفت و گۆی خۆڕا ھەر چیت وتووە بە ھەبا ئەڕوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تیری ئەبرۆی وا لە ناوی جەرگ و دڵدا کاری کرد تیری ئەبرۆی وا لە ناوی جەرگ و دڵدا کاری کرد ھەر وەکوو دوژمن لە من دەستی وەشان و غاری کرد ڕووی لە ماڵی غەیرە کرد و بێ خەبەر لە حاڵی من شووشەیی دڵمی بەجارێ تووشی سەنگ و خاری کرد دڵ ڕفێنە چاوەکانی، نیم نیگاھی چەشنی تیر نیوەیی عالەم لە داخی زوڵمی ئەو فیراری کرد شەوقی ڕوخساری بە دەر کەوت و ڕووناک بوو موڵکی دڵ پارچەیی ھەوری غەزەب ھات و بە سەر پێواری کرد دڵ وەکوو تەیری سولەیمان لێم بزر بوو ھاتەوە کارتی بەڵقیسی لەلایە ھەر لە دوور ھاواری کرد چی ئەکەی لوتفی ئەوا چوو و تۆی بە جێ ھێشت و ئەسەف وەک کەوی وەحشی بەجارێ عەزمی سەر چناری کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تیری غەمزەی وا لە ناوی جەرگی مندا کاری کرد تیری غەمزەی وا لە ناوی جەرگی مندا کاری کرد ھەر وەکوو دوژمن لە پڕ دەستی وەشان و غاری کرد خەرمەنی عومری عەزیزم وا سووتانی بێ ئەمەل بەختی عەقڵ و ھۆشی تێک دا ڕوو لەسەحرا تاری کرد مالیکی موڵک و عەقڵ بوو حاکمی ئەنکاری خۆی ھەر بە یەک لەحزە لە ناکاو بە بەڵا دووچاری کرد وا لەناو تۆفانی غەم زستانی ساردە بە خەفەت گیر و پابەندم ئەمن ئەو عەزمی ڕوی گوڵزاری کرد ھەر وەکوو شیرین لە ڕەشماڵ ڕوو لە ئاوی ئەڵوەنە بێ خەبەر لە دەردی فەرھاد فیکری نەوبەھاری کرد چۆن لەناکاو غەمزەکەت ڕێکەوت و دای لە جەرگەکەم دڵ بە میحنەت دائیمە ھەر شیوەن و ھاواری کرد لوتفی یاری تازە ڕۆیی تۆ بەجێ مای ئەی ھەژار ھەر وەکوو بولبول لە بەندا مەیلی سەر کۆساری کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەگبیر کەن ڕەفێقانم وام لە گێژی دەریادا تەگبیر کەن ڕەفێقانم وام لە گێژی دەریادا دەنگی ناڵە و گریانم وا لە ئەوجی سەمادا پەرچەم و ئەگریجەی لێی بڕیم سەبر و قەرار دڵ ئەسووتێ چەشنی نار عومرەکەم بە ھەبادا ڕەحمێ بکە تەبیبم گوێ مەدەرە ڕەقیبم وا بێ کس و غەریبم سروورم بە جەفادا ئاسکەی خۆتەنی چینی نادری ڕووی زەمینی لە ئەمساڵ بێ قەرینی دڵەی من لە سزادا ئەمساڵی توو شیرین بوو فەرھادیش لە گرین بوو ساکنی بێستوون بوو ڕوو لە کێو و چیادا دێوانە بووم لە داخا ڕووم دا بە دەشت و شاخا لەتاو ئەو گوڵ وباخا کردەوەی من بەبادا چەندە مەجبوورە بلبول لەبۆ ھەڵ مژینی گوڵ پەروانە لەوەسوڵ ڕۆحی خۆی بە چرا دا بۆ ئەو شۆخە نازدارە جەرگ و دڵ پڕ فیگارە ھەر دەم لە گریە و زارە بە داوی زولەیخادا لوتفی چییە ئەم حاڵە ئەم غەمە ئەم خەیاڵە تەمەنناکە مەحاڵە حەیاتت بە فەنادا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەرگم پڕ لە خوێن پڕ دەردە دەروون جەرگم پڕ لە خوێن پڕ دەردە دەروون ھەرچەن سەیر ئەکەم ڕەفتاری گەردوون ھیچ شادی نییە لەم دونیای فانی پڕ مەینەت و غەم ژانە ژیانی بە شەو غەمبارم بە دەردی زەمان بە ڕۆژ بێزارم لە ژین و ژیان ناڵەی دەروون دێ وێنەی نێرەکەو چەن تەقەلا دەم چاو نەچلتە خەو لەباتی شەربەت زووخاوی جەرگم نۆش ئەکەم قوم قوم تا دوای مەرگم مەر ئەو سەعاتە ڕاکێشم بێ غەم دوور بم لە دەرد و ئازار و ستەم ڕوو کەمە مەیدان پەنا ھەر خوایە چاو ئەچێتە خەو ھەتا ھەتایە دڵ سارێژ ئەبێ لە دەردی دونیا ئەمێنێ حیساب لای خۆم و خودا لوتفی گریان و ناڵەت بێ سوودە چونکە تەمەع و حیرست مەوجوودە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەناب شێخ مەحموود ئەوا کۆچی کرد سەبارەت: کۆچی شێخ مەحموودی نەمر - ١٩٥٦ جەناب شێخ مەحموود ئەوا کۆچی کرد بۆ خزمەت باری ماڵئاوایی کرد داخێکی گەورەی نا بە جگەردا ئاگری لە دڵ لە دەروون بەر دا ھەر کەس ئەبینی چاو بە گریانە بۆ کۆچ کردنی دڵ پەرێشانە ئەو ڕزگاری بوو لە دەرد و مەینەت ئێمە ماینەوە بۆ غەم و زیللەت ئەی چاو بڕژێنە فرمێسکی خوێنین ئەی دڵ بناڵە بە داخ و بە قین ئەی دەم ھاوار کە ھەتا ئەتوانی بڵێ، بۆ وەتەن کوانێ شێرانی یەک لە دوای یەک بێشەیان چۆڵ کرد میللەتی کوردیان وێڵ و کڵۆڵ کرد ئەی کورد بناڵە بۆ قوڕ بە سەری بۆ لانەوازی بۆ دەر بە دەری ھەتاکوو ماوین ئەبێ داماو بین بێ قەدر و قیمەت سووک و بەدناو بین مەڕ شوانی نەما ئاوارە ئەبێ نیوەی گورگ ئەیخوا نیوەی ئەدزرێ یا ڕەب تۆ ڕەحمێ بکەی بە حاڵمان ڕزگارمان بکەی نەشکێنی باڵمان کوردی داماو و بێ کەس و ھەژار تۆ پەنای بدەی لە چەرخی ڕۆژگار لوتفی ھتاکوو دنیا بمێنێ زەحمەتە یەکێ وەک شێخ بھێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا دووچارم نەکەی وەک شای کەربەلا دەورانێ گەلێ سەخڵەت و تووشە ڕەحمێ بە حاڵم نەمکەی موبتەلا *** ئەم عومرە ھەمووی خەم و بێزاری ڕۆژ و شەو پڕە لە گیانە ھاری خۆشی و شادی گەلێ کەم بووە لە ھەموو لاوە مەینەت و زاری *** ئەو غەدەرەی کە وا دەکرێ ئەمڕۆ خەڵکی خستووەتە ناو شین و ڕۆڕۆ ڕوو لە کوێ دەکەی شین و فیغانە ھەروەک دەورانی ڕۆم و ھۆلاکۆ *** ھەرچەن ھەوڵ ئەدەی نییە ڕووناکی ژیانی ھەمووی دەرد و خەمناکی شادی ھەر نییە نە زۆر و نە کەم دەورێکە پڕ لە جەور و ناپاکی *** چەن پیاوی گەورەی ژیر و ھۆشیار گیرۆدەی جەنگی چەرخی ڕۆژگار کەس لێی ناپرسێ بۆ وا داماوی دەستەو یەخەیە ناو دەرد و ئازار *** بگرە و بەردەیە و ھەرکە و بۆ خۆیە ڕوو لە کوێ دەکەی ھەر باوکە ڕۆیە ھەرچی دەبینی دووچاری خەمە ئەم خەڵکە غەرقی ناو شین و ڕۆیە *** لوتفی تۆ پشتت بەستە بەباری چونکە لای ئەوە چارە و تیماری پەنا گەر ھەبێ ھەر پەنای ئەوە دەرگای ئەو بگرە ئەگەر ھۆشیاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵم وا ئەڵێ ئیمڕۆ غەمی دونیا لە دڵ دەرکە خەیاڵم وا ئەڵێ ئیمڕۆ غەمی دونیا لە دڵ دەرکە تەماعی حۆری و غیلمان شەرابی نەھری کەوسەرکە ھەتا کەی وا لە غەفڵەتدا خەریکی بەزمی دونیایی ئیتر بەس وەسفی ڕوخسار و قەد و باڵای دولبەرکە لەجێی فاسوونی جەرمانی لەناو عالەم لەبۆ دەعیە کراسێکی سپی چادر لەبەر کە و تف لە مەخمەر کە مەڵێ چەتفە و عەگاڵ چاکە جەمەدانی لەگەڵ ھەوری کڵاوێکی دڕاو و شڕ پەیا کە و تۆ لەسەر سەرکە ھەتا ئەتوانی سەر ھەڵگرە بڕۆ بۆ خۆت لە دونیادا تەماشای سونعی باری کە، بە دائیم زیکری ئەکبەر کە ھەزاران عادەت و تەرتیب و تەنزیماتی داناوە ئەبینی سەنعەتی یەزدان دڵ و دینت بەرانبەر کە مەڵێ ماڵ و مناڵ و ژن بەجێ بێڵم چ کارێکە ھەموو کەس ھەر بەجێی دێڵێ ئەتۆش نەفست موکەددەر کە بە ڕۆژ و شەو بڵێ یاڕەب دخالەت ڕوو سیاھم من بە ڕوو زەردی لە قاپی خوا گەدایی ڕۆژی مەحشەر کە ھەتا ئیمڕۆ ئەوەی چوو پارە ناکا قەت لەبۆت لوتفی لەمەولا ئەشکی چاوانت بە سەنگی دوڕ و گەوھەر کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخ ئەمڕۆ لە دەس دەوڵەمەندی شڕ سەبارەت: جەوری ڕۆژگار - ١٩٤٣ داخ ئەمڕۆ لە دەس دەوڵەمەندی شڕ دەرگا و قەنتەرەی کلیل داوە خڕ جەسارەت ناکا غەریب یا ھەژار ڕوو کاتە ماڵی لە بۆ ئیش و کار ھەر دەم بۆ تەماع زۆر بێ قەرارە بە تای کراسی وەک شێت و ھارە تەماع یەک درھەم گەر بێتە مەیدان ئەیکاتە گاڵە لە ناو دیوەخان جووت و فەلاحی یا دوو یا سیانە ھێشتا پێی کەمە ئەم ماڵ وێرانە گەر قسەیێ حەق ببێ لە مەیدان دەست بە خەنجەرە و ھەستایە پێیان من وێلاشی تۆم ھەی لاتی برسی تۆ زۆر بێ عەقڵی لە من ناترسی من دەوڵەمەندم خاوەن مڵک و ماڵ خوێنی تۆ دەغڵم ئەوا ھا لە چاڵ سی حۆقە ڕۆن و کاوڕێکی گەڕ ئەبەم بۆ «قۆمسێر» ئەرێ ئاخر شەڕ ڕەزیلەت بکا لە پێش چاوی عام نەوێری دەنگ کەی تا ڕۆژی قیام حەپس و ڕەزالەت جنێو تێ ھەڵدان لە پێش چاو خەڵکی ئەیکا پەرێشان ئەمجا ئەی ھەژار ھەر بکە ھاوار ھەر بناڵێنە لە جەوری ڕۆژگار لوتفی تا بە کەی تۆ ھەر غەم ئەخۆی لە نەزەر عالەم وەکوو دەنکە جۆی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخ لە دەس جەوری زەمانە وەک فلیمی سینەما داخ لە دەس جەوری زەمانە وەک فلیمی سینەما جار بە جار خۆی لێم ئەگۆڕێ ھەروەکوو شاپووری شا ڕۆژێ ئەیکا بە وەزیر و ڕۆژێ گێژ و بێ نەوا ڕۆژێ فاسۆنی لەبەر کرد ڕۆژێ ڕووت و بێ کەوا ڕۆژێ بێ شەوق و زەلیلە دائەنیشێ دڵ بە غەم ڕۆژێ شەوقی سەر و سیمای ھەروەکوو نەجمی سەما ڕۆژێ ڕوخساری ئەبینم سیس و بێ خواردن و خەوە جارێکیش ھەر ئەو کەساسە ڕووی وەکوو ڕۆژ شەوق ئەدا جارێ ژەنگاوی وەکوو ئاسن لە ناوی زبڵ و خۆڵ ڕۆژێ ئەیبینم بەشەوقە ڕوومەتی ھەروەک چرا دوێنێ خزمەتچی و نۆکەر بوو لە دەرگەی حاکمێ ئیمڕۆ وا لە شانە بۆتە سەرکردەی سوپا دوێنێکە کەناسی کۆڵان ئەمڕۆکە بۆتە ئەمیر پێ لەسەر پێی دائەنیشێ ڕوو بەڕووی سەرھەنگ و شا دوێنێ ڕووت و بێ کراس بوو پێم ئەوت مامە خلە ئیمڕۆ پۆشتە و پارەدارە پێی ئەڵێی خدرە ئەغا پارەکە پیاوی زەریف بوو چونکە پارەی زۆر ھەبوو لوتفی ئیمڕۆ بێ فلوسی لاچۆ لێرە توخوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخ لەدەس ئەھلی ئەم دەور و چەرخە داخ لەدەس ئەھلی ئەم دەور و چەرخە کە پیاوی ھۆشمەند ئیمرۆ بێ نرخە ئینسانی ڕاستگۆ ئیمرۆ بەدحاڵە خەو و خۆراکی وەک زەھری تاڵە فێڵ و دەس بڕین درۆ و چاو و ڕاو پەرەی سەندووە ئیمرۆکە تەواو ئەھلی ئەم عەسرە زۆری بێ بارە کاتی تەنگانە ھەر وەک ئەغیارە کە ئیشی پێت بوو ئەبێتە برات ڕۆژی سەد کەڕەت دێتە خاک و پات بە زمانی لووس قسەی زۆر شیرین بەرەو پیرت دێت دەم بە پێکەنین تاکوو ئیشەکەی بە ئەنجام ئەگات ئیتر ناپرسێ و ڕوو ناکاتە لات زۆر کەس ئەبینی لە ئینسانی وا دوورە لە چاکە و لە کردەی ڕەوا دوورە لە فەزڵ و ئەخلاق و ھونەر وەک داری بێ بەر، بێ میوە و سەمەر ئەم جۆرە کەسە بێ ڕێز و قەدرن موبتەلای خەمن ھەتاکوو دەمرن لوتفی ھەر ڕاستی ڕێگەی نەجاتە بۆ دونیا و عوقبا پشت و پەنایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ ئیمرۆ ئەکا یادی شاعیران دڵ ئیمرۆ ئەکا یادی شاعیران شاعیرانی کورد مەردانی زەمان یەکەم شێخ مەعرووف ئەولادی حەیدەر قوتبی زەمان بوو زاتی مونەوەر پاشان جزیری و ئەحمەدی خانی شیعریان بە نرخە وەک ھی قائانی یەک بابا تاھیر مەشھوور بە عوریان سەرقافڵەی ھەموو شوعەرای کوردان شیعری گشت پەند و ئامۆژگارییە من بڵێم یان نا بەرزە و دیارییە مەلای باتەیی و ھەم فەقێ تەیران ناوییان ئەمێنێ تا ئاخر زەمان بەیتیان زۆر جوانە وەک خونچەی بوھار مایەی شانازین بۆ کوردی ھەژار عەلی ھەریری لەگەڵ بەردەشان شاعیری چاک بوون لە دەوری خۆیان مەعرووف ڕەسافی لەگەڵ زەھاوی خۆ بە من وەسفیان ناکرێ تەواوی مەولانا خالید شای نەقشبەندی شیعری ئەو تاکە ناو شیعری کوردی شێخ عەبدورەحمان تەخەللوس خالیس مورشیدی کامیل گوڵی مەجالیس یەک مەلا عومەر ڕەنجووری مەشھوور لای گشت دیارە لە خوار و لە ژوور ھەم عەبدوڵڵا بەگ مەشھور بە ئەدەب بەیتی شیرینە ھەروەکوو ڕوتەب کوا ئەحمەدی کۆڕ عەشقی پیرۆزی گشت موناجاتە شیعری پڕسۆزی داخی دەروونم بۆ مەلای کۆیی بۆ دین قەڵا بوو لە دەستمان ڕۆیی مەلا خدر ناو نالی شارەزوور فەخرە بۆ کوردان ھەتا نەفخی سوور شیعری وەک شیعری حافز و خەیام پڕ ڕەمز و مەعنا شیرین و بەتام یەک شێخ محەمەد بە مەحوی ناودار مانەندی کەم بوو لە ڕووی ڕۆژگار خۆ مەدحی سافی قەت تەواو نابێ ھەزار دەفتەر و قەڵەمت لا بێ غەزەلی خەیلی خۆش و ڕەوانە لای شوعەرای کورد تەواو عەیانە یەک میرزا ڕەحیم یەعنی وەفایی ھەم پیاوی دین بوو مەردی دونیایی کوا حاجی قادر خەمخۆری کوردان گەلێ ھەوڵی دا وەک مەردی مەیدان کوا سۆزی حەریق، کوا بێسارانی کوانی مەولەوی مەردی نوورانی یەک مستەفا بەگ مەشھوور بە کوردی جەنابی سالم، ھەم لەگەڵ حەمدی ئەم سیانە نەوەی ساحێب قڕانن بناغەی شیعری کوردی سۆرانن ئەختەر و کەیفی مانەندیان کەم بوو ئوستادی شیعر و غەزەل بوون ھەردوو یەک مەلا مەحموود بە بێخود ناسراو فەیلەسووفێ بوو زۆر بەرز و تەواو شێخ نەجمەدین و مەلای جەباری ئەشعارییان جوانە پڕ وردەکاری کوانی ئەسیری خۆش نوتق و گوفتار شیعری ھەروەکوو تیغی جەوھەردار یەک عەلی باپیر لەقەب کەمالی دونیای پڕ کردووە شیعر و مەقالی کوا کاکە حەمە مەشھوور بە ناری کەلامی ھەروەک دانەی مرواری یەکێ پیرەمێرد، مەردی مەیدان بوو قەڵەمی دەستی چرای کوردان بوو یەک مەلا قانع، شاعیرێ زانا بۆ بەرزیی وەتەن زۆر شیعری دانا یەکێ تاھیربەگ سەروەری جافان غەزەلی بەتام زۆر ڕێک و ڕوان داختی دەروونم بۆ ئەحمەد موختار شاعیرێ چاک بوو مەردێکی نامدار بەبێ کەس کوژرا لە ئاوی سیروان کوژراوە چرای جافەتی و گۆران لوتفی چرای تۆش ھەر ئەکوژێتەوە ڕۆژێ دێ ناوت ئەسڕرێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ ئیمڕۆ تۆ بۆچ وا حەیرانی دڵ ئیمڕۆ تۆ بۆچ وا حەیرانی زەردەی زامار و چەرخی دەورانی بیرەکەی لە چی داماوی ھەژار بێ خەبەر لە حاڵ چەن ماڵ وێرانی عومرت ڕابوارد بە غەم و مەینەت تازە بە تەمای کامی جیھانی زینەتی دونیات تازە لە دەس چوو ڕوو زەرد و ڕیسوای دەور و جیرانی چاوت ھەڵبڕە زۆرت نەماوە لە ھەر دوو دونیا تۆ پەشیمانی ئەمجارە ھەڵسە وەک مەردی مەیدان لە ڕێگەی حەقدا خۆت بکە قوربان ھەر کاتێ زانیت ھەنگامی مردن لە ناکاوێ ھات بوو بە میوانی قووڵایی ئەجەل لە ڕۆح قایم بوو ھیچ پارە ناکا شین و گریانی لوتفی تا بە کەی خەیاڵت خاوە بێ عەقڵ و بێ ھۆش خانە وێرانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ داگیرساوە ئەسووتێ وەک مۆم دڵ داگیرساوە ئەسووتێ وەک مۆم مەگەر ھەر بە خۆم شیوەن کەم بۆ خۆم تۆیش لە ئەحواڵم ناپرسی جارێ مەعلووم بریندار تیغی برۆی تۆم خەیاڵی ڕووی تۆ وا لەبەر چاوم لە ماڵ یا لە دەر لە شاخ یا لە چۆم تەمەننا ئەکەم لە خودای گەورە ئارەزوومەندی دیداری ڕووی تۆم ئارامم نییە زۆر پەشێو حاڵم دائیم پڕ ئێشە زامەکەی بەسۆم لەسەر تا بە پێ گشت تێک شکاوە نەماوە تاقەت لە ھەر دوو ئەژنۆم چەن ساڵە وەک شێت گەڕیدەی سەحرام بە قسەی عالەم بوومە جێگەی لۆم بە غەمزەی چەشمت وا پێ کراوم بە سزا بژیم تا ئەو ڕۆژ تەرۆم لوتفی واز بێنە چیت لەم خەیاڵە مەحاڵە بۆ تۆ بێتە بەرووبۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ زۆر خەمبارە عاجز و بێ کەس دڵ زۆر خەمبارە عاجز و بێ کەس کز و داماوم بێ شەوق و ھەوەس ڕۆژ و شەو کارم بۆتە شین و زار زۆر پەرێشانم لە جەوری ڕۆژگار پەنام ھەر بە تۆ بینای بانی سەر ڕزگارم بکەی لە ڕۆژی مەحشەر ئاگری خەفەت سووتانی جەرگم گیرۆدەی بەڵام نزیکە مەرگم بێ ھاوڕێ و یاوەر بێ پشتیوانم بە خەفەت ڕۆیی عومر و ژیانم ئەی برای ئازیز ڕوو بکەنە خوا قەت دڵشاد مەکەن بە ماڵی دونیا ھەرچی کە ھەیە نامێنێ و ئەڕوات دونیای بێ بەقا لە ناوی ئەبات زۆر بێ وەفایە بۆ کەس نامێنێ تەنھا ھەر چاکە ناوی ئەمێنێ لوتفی بەسیەتی دونیا پەرەستی ڕوو بکە خودا تا کەی بێ ھەستی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ لە داخی جەوری دونیا پڕ لە ئازار و غەمە سەبارەت: ١٩٥٠ دڵ لە داخی جەوری دونیا پڕ لە ئازار و غەمە ئەشکی چاوانم بە خوڕ دێ ھەر وەکوو سەیلی چەمە سەیری ڕووی دونیا ئەکەم گەرچی لەلای عالەم ڕووناک وەک تری گەر سەیری ئەکەی تۆ وا لەبەر چاوم تەمە ھەر بناڵم من بە دائیم قوڕ بەسەر خۆمدا بکەم دەرحەقی بەختی بەد و یا تالعی ڕەش ھەر کەمە توولی عومرم ڕابوارد گشتی غەم و دەرد و خەفەت ھیچ سەرم خاڵی نەبوو لە موسیبەت و سەدەمە لازمە ئەمجارە من سەر ھەڵگرم بۆ خۆم بڕۆم بەڵکوو ڕەحمێ کا خوداوەند ھەر ئەوی جێی کەرەمە نامەوێ لیباسی چاک و خواردن و تەعمی لەزیز چونکە لەو ڕۆژەی کە بوومە بەرگی من ھەر ماتەمە گلەیی بۆ چی ئەکەی لوتفی لەتەقدیری خودا شوکری زاتی حەق بکە بۆ دەردی دڵ وەک مەرھەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ لە دووری تۆ شێت و شێواوە سەبارەت: درەختی بەختم دڵ لە دووری تۆ شێت و شێواوە خواردنی میحنەت غەم و زووخاوە لە ڕەشی چاوت ڕەشە بەختی من وا لە قوڕ دەرچوو تالعی دوژمن دۆستانم غەم خوار دوژمن شادە درەختی بەختم زۆر نامورادە ئەوەن ڕەنجم دا لە دونیای ڕۆشن قەت نەبوو جارێ فورسەتێک بۆ من دەستم بگاتە پەنجەی شمشاڵت بە دڵ بگووشم دوو لێوی کاڵت بە وەسڵت شاد بم یاری شیرینم بێ بە شیفای زام و برینم دەردی دووری تۆ لە دڵم دایە گیانی شیرینم لا وەک بەڵایە یەک دیدەنی تۆ کاری کرد لە دڵ دەر ناچێ تازە ھەتا ڕۆژی گڵ ئەی شۆخی شیرین ئەی گوڵی کوێستان لە پەری جوانتر ئاسکەی بیابان سووری ڕوومەتت شێواوی کردم لە حەسرەت باڵات ئەوا من مردم ئیشارەی چاوت وا جەرگی بڕیم جل و بەرگی خۆم ھەموو دادڕیم گەردنی زەردت ڕووی وا زەرد کردم لە ناو عالەم دا چۆن ئابڕووی بردم ئەی پەری ڕوخسار باڵا نەونەمام لە کونجی حەسرەت بە تاک و تەنیام ھەر چاوەڕوانم بە ڕۆژ و بە شەو لە دووری باڵات دەکەم شین و کەو لوتفی چاوەڕێی چی ئەکەی ھەژار بێ سوودە ناڵەت بەس بکە ھاوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ لە دووریت وا دیارە مەیلی گریانی ھەیە سەبارەت: ١٩٤٦ دڵ لە دووریت وا دیارە مەیلی گریانی ھەیە ھەورەکەی میحنەت ئەھات و تاوی بارانی ھەیە وا لە شاخ و چۆڵا خەوتوو چاو بە ئەشک و دڵ بە غەم ئیمڕۆ ڕۆژی شایی کوردە کەیفی شارانی ھەیە زۆر لە مێژە تێ ئەکۆشی کاکە تۆ بۆ خاکەکەت دڵ ئومێددارە کە ئەمجار فیکری جارانی ھەیە ڕووم نەبوو من دابنیشم تێکەڵی وەجبەی ڕەفێق وا ئەزانم ئیمڕۆکە دڵ مەیلی خەندانی ھەیە داری بەختم ڕوو لە وشکی، ڕۆژ بە ڕۆژ ھەر کز ئەبوو ئیمڕۆ چووزەرەی دیارە ڕۆژی نیسانی ھەیە خادیم و جاگیر مەبە ئەی کاکی خۆم بۆ ھیچ کەسێ عالەمیش وەک تۆ بوو ئەمڕۆ گشت گریبانی ھەیە لوتفی باغی ئەمەلی تۆ ھاتە بەر چاو ھەڵبڕە ھەر لە سایەی حەمدی خواوە تەیری خۆش خوانی ھەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم پڕ بوە لە غەمی دونیا دڵم پڕ بوە لە غەمی دونیا سەر خۆش ئەگەڕێم لە دەشت و چیا نازانم بۆ چی وا بێ خەبەرم بێ عەقڵ و بێ ھۆش ھەی خاک بەسەرم ھەر من بە تەنھا وا پەریشانم یا عالەم وەیە و ئەمن نازانم عالەم خەوتووە کەس نییە بێدار بێ ھۆش لە ئەمری زاتی کردگار دائیم خەریکن بە ئیشی دونیا لە جووت و درە و گێرە و شەنەبا ئیشی دەشت و شار خزمەت گا و کەر عومری ناعەزیز ئەوا چووە سەر چۆن لە ڕووتان دێ کە بچنە مەیدان گفت و گۆ بکەن لەبەر پای دیوان دەفتەری ئەعماڵ ھەردوو بە جووتە سەیئات پڕ خەت حەسەنات ڕووتە سوئی زەن واقیع یەکجار خراپە بەڵام لە داخان جەرگم کەبابە من جومڵە زۆر کەس بۆ تەماع دنیا یەک بۆ یەکتری بیری لێ ئەدا چەندی خەلیفە و چەن چەن دەروێش چاک بە ڕۆژ لە ئەرزدا بە شەو لە ئەفلاک بە ڕیشی سپی و مێزەرەی بەیزا لەبەر دەس (لادین) کەوتنە سەما گشت بۆ شاھیدی وەک تیغی دەبان لە پێش ئەسحابە ئەیان کرد جەولان وەستاون تەمام عمووم بە قەتار لەبەر دەس حاکم ئەکەن ئینتیزار یەک ئەڵێ حاکم دەخیل ئەمانت من قسە ناکەم خۆت و ویژدانت یەک ئەڵێ حاکم من زۆر فەقیرم ئەم عەردە ئیرسە بۆم لە باپیرم یەک ئەڵێی حاکم قسە بێ سوودە شاھید عەردی من دەروێش مەحموودە وای دەروێش مەحموود دەخیلە ئامان خۆت و یەکێ بووی لە ئەولیاکان ڕاست بڵێی خودا زۆری پێ خۆشە ھەرچی ئەزانی ھیچ دای مەپۆشە وازم لێ بێنە بەرۆکم بەردە ئەم عەردە عەردی ساڵحە کوردە ھیچ ھی تۆ نییە من خۆم بە تەمام شاھیدی بدەم بۆ قالەی زاوام کوردە کوردینە مەکەن ئەمحاڵە ئەم عەقڵە غایەت عەقڵی بەتاڵە عەزیزی خوا کەس نایکا زەلیل زەلیلی خوایش کەس نایکا جەلیل ھەر من بزانم چەن خاوەن ئەملاک عموومی فەوتا گشت چوونە ژێر خاک ھی وەک ئەسکەندەر وەکوو سڵێمان وەکوو کەیکاووس ھەم نووشیروان ھی وەکوو دارا وەکوو کەیخوسرەو کوا ئەفراسیاب کوا زاڵ پێش ڕەو ئەمانە ھەموو سەرپاکیان فەوتان تەخت و تاجی وان خوا کردی وێران فیرعەون و نەمروود شەداد و ھامان سەبەب بە سەروەت گشت بوون ماڵ وێران تۆ ئەبێ چی بکەی داماوی ھەژار خاوەن کەرێک و دوو بزن و دوو کار فاتە و خاتە دوو مەڕ و گایێ ئەمانە ھیچن ھیچ بە کار نایێ عەیبە بۆ ئێوە ئومەتی موختار بێ دینی مەکەن بۆ جیفەی مردار کردەوەی چاکە یەک تا بە حەوسەت جەزای چاکەیە نیعمەتی بەھەشت لوقمە نانێکە بۆ لات و ھەژار زۆری لا خۆشە زاتی کردگار ئەگەر یەک سەعات زاھیر بن زەلیل چی ماڵتان ھەیە ئەیدەن بە بەرتیل بەڵام گەر گیسکێ بدەن لە ڕێی خوا لەو ناوچەیەدا ئەیکەن ئاشکرا ئەوەنە ئەڵێن گیسکێ زۆر جوانە تووکەکەی وەکوو ڕەشە ڕێحانە خۆی قوڵە ھەمس گوێکانی کورتە چوار پەلی وەکوو کار ئاسکە ڕووتە تا ئەی شۆنەوە بە ئاوی منەت بە زایەع ئەڕوا بە بێ بەرەکەت مزگەوت بێ حەسیر مەلا زۆر ڕووتە دائیما ئەڵێی سەرە بزووتە گەر دەستان بڕوا دونیا ئەسێنن تووی ئاژاوە و نیفاق ئەچێنن لوتفی کۆتا بێ نەزم و ئەشعارت بۆ ئیمڕۆ سوودی نییە گوفتارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم پڕ لە خەیاڵە خودا ھاوار لەم حاڵە دڵم پڕ لە خەیاڵە خودا ھاوار لەم حاڵە عالەم سرەوتی نییە لەتاو ئەم ئاھ و ناڵە ناڵەی منە لە تاوی وەکوو بازە دوو چاوی یاخوا ھیچ کەس وەکوو من نەکەوێتە نێو داوی ئەوداوەی ئەو دایناوە بە خۆی لە ھەر دوو لاوە بێ غەم لە دەردی خەڵکی کە ماوەیان نەماوە چۆن نەبم من بەزووخاڵ لە حەسرەت دووچاوی کاڵ شەرتە داخی باڵای نەمەوێ من موڵک و ماڵ ڕوومەت گوڵ و گوڵزارە قامەتی وەک چنارە عەجایب جووتە سێوە نەسبە لە قەد ئەو دارە نەم دیوە ئەو سێوانە بە موڵکی دڵ ھەرزانە قیمەتی کوا لە ئەسڵا ئەو موڵکی خوراسانە لێوی چەن جوان و ئاڵە کوڵمی پڕ وردە خاڵە عەجەب شۆخ و نەجیبە گەرچی ھێشتا منداڵە بردوویە عەقڵ و ھۆشم بۆیە دڵ بە پەرۆشم کاتێ کە چاو ھەڵدێنێ بە بێ مەی من سەرخۆشم ددان ئەڵێی مەرجانە برۆی وەکوو کەوانە لوتفی چیت لە دڵداری دانیشە بێ دەخلانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە بۆ دیسان وا لێت شێواوە دڵە بۆ دیسان وا لێت شێواوە بۆچ وەکوو فەرھاد جەرگت بڕاوە مەلوول و غەمگین بە دەم سزاوە دەروون پڕ لە ئێش پڕ لە زووخاوە ئەی دڵ بناڵە شینت لە پێشە قەت دا مەنیشە بەبێ ئەندێشە خۆتیش نازانی کە چیت لە پێشە چەن داوی گەورەت بۆ دانراوە ھەتاکوو مردن نازانی بە خۆت چێی نووسراوە کە چی دێتە ڕێت بە چ جۆر ئەڕۆی سوئال چی ئەڵێت خۆتیش لە حاڵ خۆت سەرت سوڕماوە چەن کەست بینی بە بەزم و شادی دەم بە پێکەنین بە دڵ ئازادی چەن کەسیش ڕۆیی بە نامورادی بێ خەبەر بێ ھۆش کە دۆش داوە کاتێ ئەزانی وەک تەیری قەفەس زەلیل و زویر بێ ھەمسەر و کەس بێ پەڕ و بێ باڵ بێ کەس و ھەوەس چاو پڕ لە خوێن و مات و داماوە بۆیە من دائیم زار و غەمبارم دائیم پڕ ئێشە دڵەی بیمارم ھەمیشە شین و گریانە کارم لە کاری خودا سەرم سوڕ ماوە لوتفی بەسیەتی ئەمجا ھەڵسەپا بە ڕاستی ڕووکە مەیدانی خودا زیکری یا تەواب بێنە بە دڵ دا لە ڕجا زیاتر چیت لە دەس ماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە بە جووتە دوو میوانت بوو سەبارەت: دوو غەمی گەورە دڵە بە جووتە دوو میوانت بوو دوو غەمی گەورە لەسەر شانت بوو یەکێ ھەژاری دەردی گرانە دووەم پیرییە دەس لێک بەردانە نەخێر ھەزارە ئەتوو نازانی بۆیە ھەمیشە حاڵ پەرێشانی یەک غەمی ژنە، یەک غەمی مناڵ ھەڵپەی ئیدارەی ئەم ساڵ بۆ ئەو ساڵ ڕیش و سەر سپی ددان کەل و وەل جەستەی لار و خوار وەک دەردی شەلەل حوکمی چاوەکەم دائیم لە خوارە ناڵەی دەروون دێ دڵ بێ قەرارە نە بە شەو خەوتن نە بەڕۆژ گەڕان دائیم ڕەق و ڕووت وەک داری خەزان بێ ناز و حورمەت ناو دۆست و ئەحباب ھەناسەی دەروون قرچەی وەک کەباب لوتفی غەم مەخۆ دونیا فانییە ئەم غەمە تەنھا ھەر بۆ تۆ نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە تۆ بۆ چی شێت و شێوای سەبارەت: نە کەیف نە شادی دڵە تۆ بۆ چی شێت و شێوای دائیم بێ سەبر و ئارام بڕاوی دڵە تۆ بۆ چی دائیم خەمباری بۆچ لە حاڵی خۆت ئەوەن بێزاری دڵە بۆ شیوەن ئەکەی ڕۆژ و شەو نە کەیف نە شادی نە خواردن نە خەو دڵە بۆ ھەر تۆ وا دەردەداری عومرت تەواو کرد بە خاکەساری ھاتەوە وەڵام دڵەی پڕ لە دەرد پەی پەی ھەڵدێنی ھەناسانی سەرد ئەڵێی من لە داخ کوردی ڕەنج خەسار ناڵەی دەروونم وەک ھەوری بوھار شەو ھەتا سەحەر لە شین و زارم جێی لۆمە و تانەی دۆست و ئەغیارم ئەم چەن ساڵە ئەم کوردی ھەژار خەو و خۆراکی بۆتە زەھری مار ھەردەم گرفتار دەردی ڕۆژگارە خانەی ئابادی گشت یەختەسارە سەرلێ شێواوە داماو و زەلیل ڕوو لە ھەڵدێرە بێ ھاوڕێ و دەلیل ئەسووڕێتەوە بێ ئیدراک و ھۆش شەپۆلی پێشووی کردووە فەرامۆش چەن ئەڵێم ڕۆڵەی کوردم بزانە بویتە جێی تانەی ئەم سەر جیھانە ئەڵێی تۆ لاچۆ تەگبیر بۆخۆت کە لەمەو دوا ئیتر دەمی خۆت کۆت کە بەسمە وەڵام ئەگەر بفامم دوایی تێ ئەگەی تۆ لە مەرامم لوتفی بەس بکە شەرحی بێ سەمەر ھەر چیت وتووە ئەڕوا بە ھەدەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە تۆ دائیم بۆچ وا بێ ھۆشی سەبارەت: کوا سەلاحەدین دڵە تۆ دائیم بۆچ وا بێ ھۆشی بۆ چی عەوداڵی بۆچ تێ ئەکۆشی بۆ چی ڕەنگەکەت دائیم وا زەردە بۆ چی دەروونت وا پڕ لە دەردە بۆ چی شێواوی بۆچ پەشۆکاوی وەک گوڵی بێ ئاو ھەڵبزرکاوی بۆ چی وێڵ بویتە لە دەشت و کۆسار بۆچ ڕۆژی ڕوونت بۆتە شەوی تار بۆ چی بۆ تەماع وا ھەر بەتاوی بۆچ وا گێژ و وێژ شێت و شێواوی بۆچ سەیرێ ناکەی لە ئەرز و ئاسمان بۆچ فکرێ ناکەی لە کەون و مەکان بۆچ ئەوەن خەریک نیعمەتی دونیای بۆچ ئەوەن موشتاق بازاڕی فەنای بۆچ ئەوەن ئومێد سەمەری دونیای بۆچ ئەوەن دائیم لە ڕەج و جەفای چاوت ھەڵبڕە سەیری دونیا کە سەیری کردەوەی زاتی خودا کە ھەرچی کە ھەیە لە زۆر ھەتا کەم گشتی ڕا ئەکا لە بوون بۆ عەدەم ھەرچی کۆ ئەکەی بۆ بەجیمانە حەسرەتە بۆ تۆ ماڵت وێرانە دڵە سەیری کە ئاساری قەدیم لەمەو پێش شاھان وزەرا و نەدیم کوا سەلاحەدین خاوەن ڕوتبە و شان کوانێ نادر شاھ کوانێ کەریم خان کوا ئەسەفەندیار چی لێھات ڕوستەم کوا ئەفراسیاب کوا سفرەی حاتەم کوانی کەیخوسرەو کوانی کەیقوباد کوا ناڵەی مەجنوون کوا سۆزی فەرھاد کوا جێگە و ڕێگە کوا خان و مانیان کوانێ خزمەتکار کوا ئاش و نانیان یەک یەک ئەجەل بە بەر پاڵی دان بۆ ژێر ئەم خاکە ڕەوانە کران غەم و خەفەتی زۆریان جێماوە لە ھەر دوو دونیا ماڵیان ڕووخاوە ھەتا ھەژاری فیکری خوات زۆرە لەبەر کە کەوا ڕەشە یا بۆرە نانت گەر وشکە و ئەگەر شۆربایە ئەمەش چەن ڕۆژە ڕوو لە فەنایە شوکری خودا کە بە ڕۆژ و بە شەو بۆ ماڵی دونیا مەکە شین و کەو لوتفی ڕجا کە ھەتاکوو ماوی چەندی کرژ ئەکرێ ئەتوو ھەر خاوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە تۆ دائیم بۆچ وا غەمباری سەبارەت: دڵ پڕ لە ئاوات دڵە تۆ دائیم بۆچ وا غەمباری پڕ ئێش و ئازار زۆر بێ قەراری دڵە بۆ دائیم غەم میوانتە باری دەرد و غەم لەسەر شانتە دڵە بۆ دائیم چاو لە گریانی داێیم زویر و حاڵ پەرێشانی دڵە بۆ دائیم سەر لێ شێواوی وەک تەیری زامار واشە لێ داوی دڵە بۆچ ئەوەن مات و زەبوونی وەک داری سەر یاڵ دائیم ھەر توونی دڵە نازانی دونیا فانییە ھەرچی کە ڕۆیی ھاتنەوەی نییە دڵە نازانی دونیا بەتاڵە پڕ وەسوەسە و غەم وەھم و خەیاڵە دڵە نازانی ھەزاران وەک توو لە بەحری غەمدا ھەمووی نوقم بوو دڵە نازانی ھاوڕێی تۆ زۆرە دووچاری دەردن ھەموو بەم جۆرە دڵە نازانی سەیری دونیا کە سەیری میحنەت و دەرد و بەڵا کە یەکێ ڕەزیلی ژێر دەستی نەبوون یەکێ تەنگە تاو لەسەر دونیای دوون یەکێ بێ دەستە، یەکێ بێ پایە یەک غەرقی بەحری نیعمەتی خوایە یەکێ بێ چاوە، یەکێ بێ ماڵە یەکێ ئیشی وەک دووکان بەقاڵە یەکێ بێ دەرپێ، یەک بێ کەوایە یەکێ گیانی خۆی لەلا بەڵایە یەکێ بێ پارە، یەک بێ کراسە یەکێ عاقڵە، یەکێ کەساسە یەکێ کەوتووە لە دووری وڵات حاڵی پەرێشان دڵ پڕ لە ئاوات ھەتاکوو بڵێم قەت تەواو نابێ تەقدیر وەھایە ھەر ئەبێ وا بێ لوتفی ئەم شیعرە بۆ پیاوی ھیلاک لێت وەر ناگرێ سەرانسەر بە خاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە تۆ پیر بووی چیت لە دڵداری سەبارەت: نەغمەی وا بەتام دڵە تۆ پیر بووی چیت لە دڵداری بۆچ وا بێ شەرم و شعوور و عاری تەمەنی پیری دڵداری و ئەتۆ ھەی ماڵ وێرانی بێ کەس ڕەنجەڕۆ ھەی ماڵوێران بێکەس ڕەنجەڕۆ بە ھەزاران دەرد لە تۆ ڕووی داوە جەستەکەت بێ ھێز پشتت چەماوە دەستت دەلەرزێ چاوت کەم بینە شەو و ڕۆژ مەینەت لەناو ئەم ژینە ئەگەرچی خۆتیش کە وا نەماوی خەیاڵت داوە لە زوڵفی خاوی بۆ کاتی لاوی دڵ گەڕایەوە وەکوو کەنێرە و گوڵ گەشایەوە چونکە ڕوو بە ڕووی یاری نازەنین وەک گوڵی غونچە دەم بە پێکەنین بە نوکتە کەوتە گفتوگۆ و کەلام شەکەر شکاندن نەغمەی وا بە تام لوتفی ئومێدی وەسڵی بەخشیوە دڵی تۆ خۆشی وای قەت نەدیوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە شیوەن کە شین بکەرە بەر دڵە شیوەن کە شین بکەرە بەر خۆت بکە بە خاک، خاک بکە بە سەر بۆ خۆت بناڵە ھەتاکوو ماوی لە ماڵ و چۆڵ لە دەشت و لە دەر بگریە بۆ خۆت دونیات لە دەس چوو کاتی مردن ھات وای أينَ المَفَر نازانی داوی مەرگت چ جۆرە وەک تەیری ھەژار لە داو بێ خەبەر ئایە بە سووتان وەیا خۆ خنکان وەیا بە ناحەق کوژراوی بێ سەر ئەبێ ھەر بڕۆی چارت نا چارە تەمەنی جوانی ئەوا چووە سەر ئەمجا بە ڕاستی ڕوو بکە خودا ھاوار کە دەخیل خالقی ئەکبەر جێی ھانا و ھاوار لە ھەر دوو دونیا بە ڕاستی ھەر تۆی بینای دادگەر ڕۆژ و شەو بە تاو مردن دێ بۆ لام یەکجار ئەترسم لە ڕێی پڕ خەتەر تازە من چی بکەم چیم دەسەڵاتە پەنا بە دەرگای سەییدی سەروەر ئەژنۆم شکاوە لە ژێر باری غەم لە ترس و دەھشەت لە ڕۆژی مەحشەر لە پرسیاری حەق وەڵامم چییە ھەر خۆت عالیمی لە حاڵی بەشەر نەمامی تەوبە لە دڵ بڕوێنە بە ناوی خودای گەورە دێتە بەر لوتفی ئەزانی بارت گرانە حوببی دونیایی لە دڵ دەر کە دەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە شیوەن کە شین بۆ تۆ چاکە دڵە شیوەن کە شین بۆ تۆ چاکە ھاوڕێکانی تۆ دیلی ژێر خاکە قەت دامەنیشە غافڵ بێ خەبەر کاتێ لە ناکاو مەرگت دێتە سەر خۆت موھەیا کە حازر بە دائیم بۆ وەامی خۆت پشت بەستە قایم خەریکی فیکر و زیکری خودا بە لە کردەی خراپ دڵ تەوەلا بە زیکری خودا کە ھەتا ئەتوانی لە دەس تۆ دەرچوو ئەم دونیای فانی پەشیمان بە تۆ لە کاری خراپ بگرە ڕێگەی ڕاست ڕەسوول و ئەسحاب پەیڕەوی ڕێگەی خاسانی خوا کە بە دڵ بۆ ئیمان تۆ تەمەنا کە ئەگەر بێ تەوبە نەکەی لە گوناھ مەعلووم ڕوو زەردی بێ پشت و پەناھ ئەڵێی ھەی ھاوار ماڵی وێرانم لە کرداری کۆن زۆر پەشیمانم لوتفی بەسیەتی گریان و ھاوار ڕوو بکە دەرگای زاتی کردگار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵە شیوەن کە کارت تەواوە سەبارەت: ھەڵسە وەکوو مەرد دڵە شیوەن کە کارت تەواوە ڕەگی حەیاتت وا بەدەم باوە خەرمانی عومرت ھەڵگرت تەواوی ھەڵسە وەکوو مەرد ئەوەی کە ماوە ئیتر دڵ مەدە بە ئیشی دونیا تازە لە دەس چوو زۆرت نەماوە ڕەونەقی چاوم تەم و تۆز ئەکا دەماری گیانم سیس و ژاکاوە خۆمیش ھەمیشە بێزارم لە خۆم دەردی بێ دەرمان دەوری لێم داوە کەوتۆتە پێشم بەحرێکی بێ پەی ھەزاران وەک من تێدا خنکاوە ھەر خۆم ماڵ کاول لەم داری دونیا دوو لام لە کیس چوو دڵ خەریک ماوە ئیمڕۆ دوا ڕۆژی ژینی دونیامە کونجی گۆڕستان بۆم دانراوە دەرد و مەرارەت جوملە بۆ من بوو بۆیە وجوودم زەرد ھەڵگەڕاوە بارم گرانە ڕێگەم زۆر دوورە دڵ لە حەسرەتا شووشەی شکاوە خواردنم ژارە، خەونم گریانە نازانم چۆنم چیم لەبار ماوە دەفتەرم سیاھ، گوناھم زۆرە خودا خۆی دەلیل ھەموو داماوە منیش پەشیمان بێ چارە و بیرم ڕووی بێ دەستی خۆم بۆ تۆ ھێناوە ڕەحمێ کە لە حاڵ بەندەی بارگران ڕزگارم بکەی ڕۆژی جەزاوە لوتفی غەم مەخۆ ڕەسوولی جیھان، مژدەی بە ڕجا بۆ ئالی داوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵەکەم ھێندە گوشادە بەزم و سەیرانی ئەوێ دڵەکەم ھێندە گوشادە بەزم و سەیرانی ئەوێ ھەر وەکوو بولبول ئەخوێنێ گوڵی باغانی ئەوێ چاوەکانی ھەڵ ھێناوە سەیری لای ژووروو ئەکا پڕ بەدەم ھاوار ئەکات و کەیفی کوردانی ئەوێ لاوی کوردانم بە جارێ ڕوو بە ڕووی خائینانن حازر و ئامادە وەستان بەسکە فەرمانی ئەوێ من بزانم لاوی کوردان ھەر لە ژووروو تاکوو خوار گیان فیدای کوردی زەمانە ڕۆژی مەیدانی ئەوێ تاکە مێرێکی زەمانە ھەر بژی شێری وەتەن پایەداربێ ئەو ئەمیرە ڕەحمی ڕەحمانی ئەوێ ڕۆژ و شەو وا تێ کۆشاوە بۆ ئیدارەی میللەتی پەیڕەوی عیلم و حەقیقەت لوتفی یەزدانی ئەوێ لوتفی دائیم ھەر ھەژار و بەش بڕاو و دەربەدەر سایەیی حوکمی عەداڵەت لوقمەیێ نانی ئەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان وا جەژنە جەژنی قوربانە سەبارەت: بارانی میحنەت دیسان وا جەژنە جەژنی قوربانە لای موسڵمانان شادی و سەیرانە بارانی میحنەت زۆر توند ئەبارێ بەسەر چیا و چۆڵ خاکی کوردانە حەجاج لە مینا حەیوان بەختەکەن کوردیش قوربانی پیر و لاوانە - - - - - - - - - - چەن نەوجەوانان خوێنیان ڕژاوە لە ھەر چوار لاوە وەک قەسابخانە دیسان سەر لە نوێ فتوا دراوە ئاسمان لێڵ و تار خوێن ئەبارێنێ بۆ حاڵی کوردان وا لە گریانە ڕوو لە کوێ ئەکەی ئاسایش نییە چیا و دەشت و دەر ئاگر بارانە گشت پەراگەندە بێ ماڵ و جێ گەن وەکوو جانەوەر وان لەو کێوانە گەرچی ئیمرۆکە کورد زۆر زەلیلە ھەرگیز نافەوتێ مەردی مەیدانە ڕۆژێ ھەر ئەبێ وەک شێر ڕاپەڕێ گەورە و بچووکی ئەم کورد زوبانە لوتفی لەشکری دوژمن شکاوە تاریکی گوزەشت بەرەو بەیانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من سەبارەت: گوڵی مەھجەبین دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من ئەشک بە خوڕ دێ لە چاوانی من دیسان لەبەرچی دڵم پڕ دەردە ئاھی دەروونم ھەناسەم سەردە دیسان گیراوە شەش دەری نەردم دیسان گیرۆدەی ھەزاران دەردم دیسان چ باسە و چیم لێ قەوماوە بەندی جەرگی من لەت لەت کراوە دیسان لە جەورە دڵەی پڕ دەردم بۆ ئێش و خەفەت بۆ ڕەنگی زەردم دیسان ھەورەکەی میحنەت بەبای غەم باری بە سەرما مەینەت و ماتەم دیسان لێم بۆتە منداڵی شیر خۆر ورک ئەگری لێم ڕۆژێ بە سەد جۆر دیسان ئاوارەی دەشت و چیا بم لە شین و زاری لە واوەیلا بم دیسان باری غەم کەوتە سەر شانم کولاوە ڕامی دڵەی بوریانم دیسان زامەکەی کۆنم ھاتە سۆ بۆ بەدی بەختم کەوتە ھات و چۆ دیسان گیرۆدەی عەشقی لەیلا بوو دووچاری ھەزار دەرد و بەڵا بوو دیسان ڕووی کردە ھەردە و کۆھەسار مات و پەشێوە لە دووری دڵدار دیسان چاوی کەوت بە گوڵی مەھجەبین کەوتە زایەڵە و ھاوار و ناڵین ڕووی ڕووناکی یار کە لێی بەدەر کەوت بڵێسەی ھەڵسا وەک ئاگر و نەوت بە تیری ئەبرۆی دولبەری خوێن خوار زامم ھاتە ئێش وەکوو گەستەی مار بە داوی زولفی شیرینی زەمان دەست و پێ و عەقڵ گشت لە کۆت دران لوتفی باڵای یار بۆت بوو بە سەد دەرد لە گریەی دەروون ھەناسانی سەرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبا بناڵم لە خانەی خەڵوەت دەبا بناڵم لە خانەی خەڵوەت ئەسیرم لەژێر بارخانەی نەگبەت لایێ نەخۆش و ڕووتی و ڕەجاڵی لایێ خەفەتی پەرێشان حاڵی خەستە و ڕەزیلم لە خانەی وێران گیرۆدەی داو و ئازاری زەمان بێزم لێ ئەکەن قەوم و خوێشانم چونکە زویر و حاڵ پەرێشانم بوومە بە عیبرەت لە دونیای ڕۆشن خۆی لێم لا ئەدا چ دۆست چ دوژمن پیری و ھەژاری نەبوونی یەکجار گشت گرتوویانە چوار دەور و کنار ھەر یەک بە جۆرێ پێم ئەدا عەزاب قرچەی جەرگم دێ ھەر وەکوو کەباب ڕۆژی چەن بەڵا بەرۆکم دەگرێ لەغەیری خودا ڕوو بنێم لە کێ ناڵەی دەروونم بێزاری کردووم لە داخ ئەم ژینە و عومری ڕابوردووم کە ھاوار ئەبەم من بۆ ھەر لایێ ھیچ سوودی نییە بە کارم ناییێ بناڵە لوتفی لەتاو دەردی مەرگ ڕوو کە بارەگای خودایی بوزورگ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبا شیوەن کەم بۆ ڕۆژی پێشوو دەبا شیوەن کەم بۆ ڕۆژی پێشوو داخ و نەدامەت خۆشی لەدەس چوو بێ باک و بێ ھۆش بە ڕۆژ و بە شەو وەکوو حەیوانات خەریک خورد و خەو جارێ بۆ گەڕان جارێ بۆ سەیران ھەر دەم بە جۆرێ ڕام ئەبوارد ژیان تەمەنی جوانی ھەر وەک بەھارە لەبەر کەیف و زەوق وەک خەو دیارە لە ناکاو زانیم کە چوومە ئەو سەر سەمەی نەبوو ھەی خاکم بەسەر تازە چوو لەدەس تەمەنی جوانی بۆم ماوەتەوە ھەر ماڵ وێرانی پیر و کەنەفم بێ جێ و دەربەدەر عومرم بەسەر چوو باخم بێ سەمەر بەرھەمم نەبوو لە داری دونیا ڕۆژگارم چوواند بە کردەی ھەبا دەبا ھەر شین کەم بۆ پەشیمانی بۆ کردەوەی بەد لە دونیای فانی ئیمڕۆ ڕۆژ بە ڕۆژ لە خۆم بێزارم وەک داری بێ ئاو ھەر ڕوو لە خوارم لوتفی بارەکەت یەکجار گرانە ھەر ڕۆژێ چەن دەرد لەلات میوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیلم ئەی دڵی غەمگین چییە دیسان کە شێواوی دەخیلم ئەی دڵی غەمگین چییە دیسان کە شێواوی زەمانێ بوو کەمێ شاد بووی کە چی دووبارە داماوی وەکوو تەیرێکی زاماری ئەسیری ژێر دەسی واشەی نییە ڕزگاری و ھەرگیز ئەبێ بتخاتە نێو داوی زەمانەش ھەر لەگەڵ تۆدا بە دائیم دوژمنی خوێنخوار لە پاشانیش وەکوو ڕاوچی ئەکا ڕاوت لە ناکاوی ھەزارانی وەکوو تۆ وا ئەسیری چەرخی گەردوونە ئەبێ تۆ تازە چی بکەی توو بە وێنەی قیمە چنراوی وەرە ئەمجارە بۆ خۆت گۆشەگیر بە و تۆ لە عالەم دوور لەسەر ئەم فیکرە بێ مەعلووم بزانە ڕۆژێ فەوتاوی ھەتا ماوی لە دونیادا موتیعی ئەمری باری بە کە عومرێکی کەم و کورتە ھەمووی دانە لە پێناوی وەرە لوتفی بە مەردانە موقیمی کونجی خەڵوەت بە لە بازاڕی فەلەک دوور بە میسالی بەحرە گێژاوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەروونم پڕ خەم ھەناسەم سوارە دەروونم پڕ خەم ھەناسەم سوارە دۆست و ئەحبابم لە من بێزارە ئەژنۆم ئەلەرزێ جەرگم بڕاوە یەک زەڕە ھێز و توانام نەماوە ھەر کاتێ زانیت قولاب لە جەرگم ئەکەوێتە کار بۆ حاڵی مەرگم ئەرز و ئاسمان ئەبن بە دەستار من لە مابەینی بۆ خۆم سەد ھاوار کە حاڵی نەزعم ھاتە کۆتایی سەرچاوم ئەگرێ تەواو لێڵایی گەر لەو کاتەدا بە قسەم کا زوبان دەنگی ھاوارم ئەگاتە ئاسمان چوار پەلم ئەشکێ ئەکەوم بێ حاڵ دەخیل بە دەرگات دا ناوی زولجەلال ھیچ پارە ناکا گریان و ناڵین ئێمە ھەموومان بۆ مردن ئەژین بۆ خۆم بناڵم ھەی خاکم بەسەر بێ پشت و پەنا بێ سایە و سێبەر بە غەفڵەت ڕۆیی عومری ڕابردووم تازە بێدارم لە کردەوەی شووم لوتفی زاری کە ھەی خانە وێران پێنج و دوو ڕۆژێ کە ماوە ژیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەوران چەپۆکت دا لە ژیانم سەبارەت: کاتێ کە ماڵی لە دەشتۆ ئەگوازێتەوە شار - ١٩٤٧ دەوران چەپۆکت دا لە ژیانم تازەت کردەوە کۆنە زامانم دەوران تۆ بۆ چی لێم کەوتیە سەر قار خەوو خواردنمت کردە ژەھری مار دەوران تۆ بۆ چی وا لێت شێوانم بۆچ ئاگرت بەردا دڵەی بوریانم دەوران چەن بەناز بەخێوت کردم لە عاقیبەتدا چۆن ئابڕووت بردم دەوران عەزیز بووم لە ناو خزم و کەس دائیم ئەگەڕام بە شادی و ھەوەس دات لە دەماخم ئەی چەرخی ڕۆژگار ھەواڵەت کردم بۆ کووچەی شار بێ شوێن و جێگە بێ ئاوو بێ نان دڵم پڕ لە دەرد حاڵم پەرێشان پەک کەوتەی کۆمەڵ بێ پەڕ و باڵم یاخوا ھیچ کەسێک نەبێ بە حاڵم برکەیێ خێزان برسی و ڕەش و ڕووت سەر و پێ پەتی وەکوو مەلکەمووت داوتە بە سەرما دەوران من چی بکەم شکات ئەحواڵ خۆم بۆ لای کێ ببەم ئەوەی ئامیرە خاوەن ئیش و کار لە ڕاست بەختی من ئەڕوانێ بە قار ڕەبی ڕجامە لە دەرگەی ڕەحمەت ڕزگارم بکەی لە بەحری میحنەت دەلیلی بە خێر ڕەوانە کەی بۆم من عەبدی ھەژار بە ئاستانەی تۆم لوتفی چاوەڕێ ڕەحمی خودا کە لەمەودوا ئیتر ڕوو لە مەولا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمانێکە ئەڵێم یاڕەب بەدەر خەی شۆخی جانانم زەمانێکە ئەڵێم یاڕەب بەدەر خەی شۆخی جانانم کە بێت و دەرکەوێ بۆ من ھیلالی جەژنی قوربانم ڕجام وایە ئەمن خالیق لەبۆ دەرمانی دەردی دڵ حەکیمی خازقی خۆم بێ بکا دەرمانی دەردانم بە شمشێری دوو ئەبرۆی خۆی ڕژاندی خوێنی جەرگ و دڵ بە جەردەی پەرچەم و زوڵفی ئەمن وا خانە وێرانم لە تاریکی شەوی زوڵفی لە دەستم چوو خەزینەی ھۆش بە چەرخی ڕوومەتی ئاڵی ئەسیری چەرخی دەورانم سورەیای گەردنی ئەو بوو چرای دڵمی کە وا کز کرد تریشقەی تیری جادووی بوو کە خانەی سەبری ڕووخانم کە ئەستێرەی ڕوخت ون بوو بزر بوو لێم ەموو ڕێگە بە نەجمی ڕوومەتی ئەو بوو دەلیلی ڕێی بیابانم بە غەمزە پێی وتم لوتفی، بەسە تاکەی جەفای بێ سوود جەوابی یەئسی دا دەستم کە وا فرمێسکە بارانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمانە ئیشت گشت چەوت و بەدفەڕ زەمانە ئیشت گشت چەوت و بەدفەڕ کردەوەت ھەموو پڕ لە فیتنە و شەڕ ھەزار شازادەت توو کردە خادم بە گێژێک ئەدەی تەختەکەی قەیسەر ھەندێ گێرۆدەی دەردی ھەژاری ھەندێکیش غەرقە لە ناو سیم و زەڕ ھەندێ نەخۆش و گێژ و دەردەدار ھەندێ بە شەوقە دەماخی لەسەر ھەندێ کەوتووە لە دەشتێکی چۆڵ ھەندێ ناو باخی پڕ میوە و سەمەر ھەندێ ھاواری لە دەستی زۆردار ھەندێ مەسروورە شاد و بەختەوەر ھەندێ ڕووت و قووت بەتای کراسێ ھەندێکیش چۆغە و فاسۆنی لەبەر ھەندێ زۆر بەناز بەخێوی دەکەی ھەندێ ئەگریێ بێ دایک و پدەر لوتفی ھەر کەسە و بە جۆرێ ئەژێ ئەتۆش بنۆشە خوێناوی جگەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سینەم پڕ لە غەم چاو پڕ لە ئاوە سینەم پڕ لە غەم چاو پڕ لە ئاوە ھەر من گیرۆدەم بە دەس بەڵاوە لەدوای پەنجا ساڵ عومری ڕابوارد ئێستا بۆ تەماع زیاتر بەناوە کەوتۆتە گێژی ناو بەحری حیرس مەلەوان ئەکا لەناو قوڕاوە چاوی داوەتە زینەتی دونیا ڕۆژی مردنی بە پشت گوێ داوە ڕۆژێ سەد دەفعە دەماری جەرگی با ئەدا گەردوون ھێشتا ھەر خاوە حەیران و مەدھۆش لەم جیھانە ناترس ڕوو ڕەش ئەبێ لەو لاوە ئەگاتە سەری چنگی لێ ئەدات وەک قەل تالیبی جیفەی خوێناوە بۆچ وا ھیلاکی ھەژاری نەزان ئەوەی کە ھەتە بزان جێماوە لوتفی بەس بڵێی وتن بێ سوودە پشت لە دونیا کە ڕوو لە خوداوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەفەر سەفەرمە سەفەر یەکجاری سەبارەت: بۆ شاری خامۆش سەفەر سەفەرمە سەفەر یەکجاری بۆ شاری خامۆش نەدی و نەدیاری یەکجار بێزارم پەشێوە حاڵم ڕووزەرد بە خۆمم ھەرەس بە ماڵم دەفتەری سیام بۆ دێتە مەیدان ئەوجا چەن خۆشە شیوەن و ناڵان کردەوەی چاکەم کەمە لە دونیا ئەوەیش کرابێ زۆری بۆ ڕیا تاوەکوو بڵێن فڵان کەس باشە تا شووشەی عومرت ئەدا بە تاشە فریای خۆت کەوە ڕوو لە مەولا کە داوای لێ خۆش بوون لە لای خودا کە بەحری کەرەمی زۆر بێ پایانە ڕەحمی ئەو لایەق گوناھکارانە منیش گوناھبار ڕوو زەرد و زویر چوار پەل بەستراو بە وێنەی ئەسیر گیرۆدەی داوی پیری و ئەختیاری خسووس چەن دەردی نەدی و نەدیاری تازە من چی بکەم چیم دەسەڵاتە چ جێگە ئەگرێ ئەم موناجاتە وەختی مردنە خانەم وێرانە باری گوناھم یەکجار گرانە لوتفی دڵەکەت زۆر بێ قەرارە ڕەحمی خوداوەند بۆ گوناھبارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری بوھار چەن جوانە کاتی کەیف و سەیرانە سەیری بوھار چەن جوانە، کاتی کەیف و سەیرانە گوڵان لەسەر چڵانە، کانی ئاو لە جەریانە ئاوەنگ ساف لەسەر گوڵان، بولبول وا لەسەر چڵان بای وەعدە لەگەڵ زوڵفان، بەیەکدا دێن شەڕیانە شەڕی ئەوان نەگبەتە، سەبەب دەرد و مەینەتە بۆ عاشقان زەحمەتە، تاتای ئەو زوڵفانە بە تاتای زولفی یار، بۆتە کۆتی پێی ھەژار بۆم مایەوە خاکەسار، لەمەولا وەک دێوانە دێوانەی دوو چاوی تۆم، نەماوە ھێز لە ئەژنۆم با ھەر بگریێم بۆ خۆم، بەشی من ھەر گریانە بەشی من ھەر گرینە، جەرگ و دڵم برینە لە دووری ئەو شیرینە، وەک فەرھادی زەمانە وەک فەرھادی بێستوون، جەرگ و ھەناو بووبە خوون شاگردی منە مەجنوون، سەیری بەزمی دێوانە دێوانەی باڵای یارم، من ھیچ نییە قەرارم خۆمیش لەخۆم بێزارم، لەبەر لۆمەی بێگانە لۆمەم ئەکەن قوم و خوێش، بوومە سەیاح و دەروێش برینم وا ھاتە ئێش، دەردەکەم زۆر گرانە یەکجار گرانە دەردم، شاھیدە ڕەنگی زەردم لە جێگەی قەوم و فەردم، جارێ وەرە ئیرانە لوتفی لێت بوو بە حەسرەت، چاو لەڕێی دڵ لە میحنەت بەڵکوو بکا مەرحەمەت، تەشریفی بە جەژنانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری کە مامە حەمە شپرزە و تەنگە تاوە سەیری کە مامە حەمە شپرزە و تەنگە تاوە دائیم ھیلاک و بێ ھۆش بەدەس ماڵی دونیاوە نە بەرگی لەبەردایە نە تێری نان و ئاوە لە حەفتا ساڵ ڕەت بووە پای لە ھەشتا داناوە وەکوو گەنجێکی تازە دوێنێ ژنی ھێناوە سەبر و سکوونی نییە بە ڕۆژ ھەتا ئێوارە بە شەو لە خزمەت ماڵات بە دائیما بێدارە ھەڵپەیەکی بۆ دەشتە یەکێکی بۆ ناو شارە لە تاو تەماعی دونیا لە دینی خۆی بێزارە ھەر لە پێ تا تەوقی سەر غەرقە لە ناو قوڕاوە نە خەفەت لە لای دینێ، نە خەیاڵ لە ئیمانێ بەلای مامۆستا ناچێ ڕێگەی دینێ نازانێ ڕوو لە زانایێ ناکا، ئەدیب بە ھیچ ئەزانێ ھەژارێ ڕووی تێ بکا نایداتێ لوقمە نانێ ئەم ڕوکنانە کە فەرزە ئەو بە ھیچی داناوە گوێ لە من بگرە نەفام پێت بڵێم قسەی جوان ڕوو بە ڕوو سەیری من کە فکری خۆت بۆم کە بەیان قۆناغت ھەتا کوێیە بۆ کوێ ئەڕۆی بە تەکان بن پێت ھەمووی ژاکاوە وشکە وەک داری خەزان وەک لا دیواری کۆنە دەلاقەت لێ؛ ڕووخاوە وەللاشەکانت ھەمووی ڕۆیشتن تۆ بەجێمای لەسەد یەکێ نەماوە تۆیش ئەبێ بچی بۆ لای تا کەی تۆ فکرێ ناکەی مەشغووڵی ماڵی دونیای خەریک جەفای بێ سوود و ڕەنج و زەحمەتی ھەبای جڵەو عەقڵت با دەوە ئەمجا بۆ لای خوداوە تەوبە بکە بە ڕاستی بگرە ڕێگەی شەریعەت قەزای نوێژ و زەکاتت بکە بە فەرز و سوننەت حەج و خەیراتت بکە ھەتاکوو ماوە فرسەت بۆ ئاخریت ھەر چاکە بۆ تۆ ئەبێ بە ڕەحمەت لە خەو ھەڵسە، فرسەتە ئەم چەن ڕۆژەت کە ماوە دوایی پارەت بۆ ناکا پەشیمانی و نەدامەت ئەوەی بۆ تۆ بمێنێ ھەر داخە لەگەڵ حەسرەت بێ بەش ئەبێ بزانە لە تەقسیمی مەرحەمەت بەینی بەھەشت نابینی بە فەتاوی شەریعەت لوتفی ئەتۆ ئەزانی وەھا فتوا دراوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوێ دانیشتم بە تاکو تەنیاوە شەوێ دانیشتم بە تاک و تەنیاوە خەیاڵم گەڕا بە ڕووی دنیاوە دیتی چەن نازدار ماوە بێ موراد چەندێکیش لەناو نیعمەت خەمڵاوە چەن کەس میحنەت بار چەرخی زەمانە چەن کەس بەبێ کەس ماڵ وێران ماوە چەن کەس ئەسیرە لە دووری وەتەن بۆ جێگەیێ دوور ڕەوان کراوە چەن کەس ئەبینی ھێلانەوازە بە دەس خۆیەوە سەری سوڕ ماوە چەن کەس لە گێژاو بەحری بێ عەقڵی ئەبینم بێ ھۆش تەواو خنکاوە لوتفی واز بێنە تەگبیر ئەم کارە لە ڕۆژی ئەزەڵ وا دانراوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عومرێکت وا ڕابوارد مام ئەحمەدی بێ خەبەر سەبارەت: لە دێی بیراڵک ناوچەی شوان لە کەرکووک کابرایەکی مام ئەحمەد ناو ئەبێت: جارێکیان نەخۆش ئەکەوێ و کوڕەکانیش بانگی مەلای ئاوایی ئەکەن بۆ ئەوەی یاسین بخوێنێ مەلاش کە دەس ئەکا بە یاسین خوێندن مام ئەحمەدیش بە کوڕەکەی ئەڵێ دوو قزناغ جۆی بدەنێ با نەیخوێنێ سەرم دێشێ لوتفیش ئەم غەزەڵەی بۆ دەنووسێ - ١٩٥٦ عومرێکت وا ڕابوارد مام ئەحمەدی بێ خەبەر حەیاتی خۆت تەواو کرد لە خزمەتی گا و کەر چەندی ڕەنج و جەفات دی شڕی و ڕووتی و ڕەزیلی چەندی لە دونیای ڕۆشن بە غەم و بە دەردەسەر چەندێکت لە دونیا دی ئەوەندی تر نابینی لەژێر باری ڕەزاڵەت ھەتا کەی وا قوڕ بە سەر ھیچ سێبەرێکت نەبوو نە بۆ خۆت و نە بۆ کەس عاقیبەت وا تەواوی وەکوو داری بێ سەمەر مێشکت چەنێ بەتاڵە بەسە تاکەی ئەم حاڵە ئەمجارە ڕوو کە دەرگای خالیقی حەیی ئەکبەر تۆزێ عەقڵت بێ ھەژار بەس بدە ڕەنجی ھەبا گشتی بەجێ ئەمێنێ وەختی ھەنگامەی گوزەر پێنج فەرزە نوێژت بکە زۆر بە شەرت و بە ئەرکان ئاوڕ دەوە بە ڕاستی دەرھەق جیران و ھەمسەر بۆ چی گیانت گرانە بۆ تاعەتی خوداوەند ھەر بۆ پارەی جامێ ماست لووت ئەدەیتە بای سەحەر گەر تەوبە نەکەی ئەمن پێت ئەڵێم ڕاست و ڕەوان ڕۆژێ ئەبێ ئەگریێی ئەڵێی وای أينَ المَفَر مەئیووس و بێ بەش ئەبێ لە میوەی باغی جینان بە سەد ئاخ و واوەیلا ڕەوان ئەکرێی بۆ سەقەر نەسیحەت بکە منداڵ ژن و خوشک و کوڕ و کچ با ئەوانیش وەکوو تۆ ھیلاک نەبن ڕەنج خەسەر ڕێگەی دین و عەداڵەت حەق و حەڵاڵ و حەرام پێیان تەعلیم کە زیاد نەفعە بۆ تۆ نەک زەرەر لوتفی ئەتۆ ئەڵێی چی سوحبەتی بە قسەت دێ گیسکێکی پێ چاترە لە حەدیسی پێغەمبەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەم لە بانی غەم دەردم کارییە سەبارەت: کزەی دەروون غەم لە بانی غەم دەردم کارییە خورد و خواردنم لە بێ عارییە گیرۆدەی داوی بەڵا و نەگبەتی تووشی سزا و ئێش دەرد و مەینەتی سەراپا ئەندام ئەسیری دەردە گیرۆدەی بەڵا و ھەناسەم سەردە بە شەو لە شیندام تاکوو بەیانی کاتێ ھەڵ ئەستم بە دڵ گرانی لە خەمی خۆم و نەخۆشی و پیری کزەی دەروون و حوزن و زویری عەقڵم نەماوە شعوور نازانم دائیم دڵ شێواو، زۆر پەرێشانم ئەوەن غەمگین و دەروون پڕ دەردم ئەوەیە باعیس گریانی سەردم لە لایێ خەفەت بۆ ژین و مەرگم لایێ قرچەی دێ ھەناو و جەرگم لوتفی مەخەوە مەخۆ قوڕ بەسەر ڕووکە بارەگای شای خيرالبشر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەمبار و دەردەدارم ڕەنگ زەرد و لێو بە بارم غەمبار و دەردەدارم، ڕەنگ زەرد و لێو بە بارم دێوانەی زولفی یارم، جێی لۆمەی لۆمەکارم عاجز و دڵ بوریانم، دایم خەریک گریانم دوور لە خۆش ژیانم، ھەمیشە شینە کارم دەردەکەم زۆر گرانە، وێڵم لەو سەر کێوانە ئەحواڵم پەرێشانە، خۆمیش لە خۆم بێزارم بێزاری ئەتواری خۆم، عاشقی دوو چاوی تۆم دائیما ھەر ڕەنجەڕۆم، بێ سەبر و بێ قەرارم بێ سەبر و بێ سکوونم، وا لە حاڵی مەجنوونم جەرگ و دڵ پڕلە خونم، دولبەر نایەتە دیارم دولبەری بێوەفا بوو، بۆ من غەم و جەفا بوو وەک داری بێ گەڵا بوو، لە ڕاست ڕاست بەختی ھەژارم بەختێکی نەحس و چەتوون، داماوم کز و زەبوون گیرۆدەی چەرخی گەردوون، ڕۆژ و شەو ھەر لە زارم بەشم ھەر زار و شینە، لە دووری ئەو شرینە دەوای زام و برینە، زۆر حەزین و بیمارم لوتفی تاکەی حەزینی، دڵ شکەستە و برینی بەسە خەڵوەت نشینی، وەرە سەیری گوڵزارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فکر لە کردەی خالیقی یەزدان فکر لە کردەی خالیقی یەزدان بکەرەوە تۆ، ھەی خانە وێران! بزانە چی بوو ئەمساڵ لە دونیا تەنھا یەک مانگی تەئخیر بوو باران گیان لەبەر بێ خوێن تاقەتی بڕا دڵ عالەم بای خوارد وەکوو ژێی کەوان میللەت دڵ تەنگ بوو شێوا بە جارێ ھەموو ئەسووڕان چاو پڕ لە گریان زەوی وشک بوو درەخت و گیا بۆنی خوێن ئەھات لە ئەرز و ئاسمان لە تاو برسێتی ھەموو حەیوانات سیس و لاواز بوون مردن لە برسان گوناھ خۆمانە ھەموو دووچارین تەئسیری کردووە لە گشت بەستەزمان لە بەحری کەرەم خودایی کەریم کراسی تازەی کردە بەر جیھان بارانی ڕەحمەت لە ھەر چوار کنار ھێنای بە جارێ بەسەریا ڕژان کوردینە توخوا قەت غافڵ مەبن لە شوکر و زیکری خالیقی یەزدان ڕۆحی زی ڕوخان گشت لە خەتەر بوو ئەوا ڕەحمی کرد پادشای مەننان شەو و ڕۆژ بە دڵ زیکری خودا کەن قەت تەواو نابێ نیعمەتی ڕەحمان ھەر کەس ئەمین بێ لە مەکری خودا مەعلوومە ھەر ئەو لە قەلبی حەیوان لە ھەر دوو دونیا بێ بەش و ڕوو ڕەش لە مەیدانی حەق ئەوە ماڵ وێران نە دەس بەردار بە تۆ لە ڕەحمەتی نە ئەمنیش بە لە کەیدی جیھان لوتفی بناڵە بۆ خۆت بەردەوام بەڵکوو عەفووت کا پادشای ڕەحمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەک دەردەکەم بۆ وا گرانە فەلەک دەردەکەم بۆ وا گرانە بۆ ھەر بەشی من شین و گریانە فەلەک توو بۆ چی لێم کەوتیە سەر قار خواردنت لە دەم کردمە ژەھری مار فەلەک ھەتا کەی شیوەن و گریان ھەتا کەی مەینەت لەناو ھاوسەران فەلەک تۆ بۆ چی وا لێت شێوانم وەکوو باز وا بووم باڵت شکانم فەلەک با بەس بێ خەفەت و ئازار بۆ چی بەم جۆرە من بم گرفتار فەلەک یاڕەبی دەردت گران بێ حاڵت وەکوو من ھەر پەرێشان بێ دۆستی دڵخوازت لێ کردمە دوژمن کردت بە قوڕدا ھەزاران وەک من شووشەی حەیاتی چەن نەوجەوانان بەبەردی غەزەب ھەموویت شکان ڕێت لێ ون کردم بێ دەلیل ماوم ھەر وەکوو مەجنوون شێت و شێواوم کەوتوومە خەیاڵ بەحرێکی بێ بن بوومە جێی تانەی ھەزاران دوژمن فەلەک تێناگەم تا کەی بە مەینەت تا کەی غەم خواری لە دەرد و زیلەت فەلەک ڕەزیلم لەناو دۆستانم تا کەی بەم جۆرە غەم بێ میوانم تا کەی پەشێوی حاڵی زەبوونم تا کەی جەرگ سووتاو دڵ پڕ لە خوونم تا کەی بارانی میحنەت بەدەوام ئەبارێتە سەر دڵەی بێ خەتام تا کەی ڕەھەندەی دەشت و سەحرا بم تا کەی ئەسیری دەستی بەڵا بم لوتفی چی ئەڵێی عەقڵت شێواوە بەختت گیرۆدەی تەلەسم و داوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لالۆ حەمەی ڕیش درێژ ئەگەڕێ وەک مەڕی گێژ لالۆ حەمەی ڕیش درێژ ئەگەڕێ وەک مەڕی گێژ عومرت وا ڕوو لە خوارە وەکوو گڵۆڵەی لا لێژ لە خەو ھەڵسە ھیچ نەزان بێ خەبەری ماڵ وێران ڕوو لە دەرگەی خودا کە دوایی ئەبی پەشیمان ئەوەندە تەماع کاری لە عومری خۆت بێزاری لە قیامەت ناترسی ئەوەندە شەرمەزاری تەرکی سەیر و سەفا کە دەردی دڵت دەوا کە ئەم چوار ڕۆژەت کە ماوە پەیڕەوی ئەمری خوا کە نە بزنت ھەیە نە مەڕ، مەشغووڵی چیت ئاخر شەڕ؟ تا کەی لەم حاڵەتە بی جەفا کار و ڕەنج خەسەر؟ ھیچ ئاگات لە خۆت نییە، کردەوەت بۆ دین نییە چاوت ھەڵبڕە تۆزێ سەیری ڕابوردووت چییە لوتفی غەمی خۆت بخۆ با تۆیش نەبی ڕەنجەڕۆ ئەوەی تۆ ئەڵێی ڕاستە سوودێکی نییە بۆ تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاوی کورد ئیمڕۆکە ڕۆژی تێکۆشان و ھیمەتە لاوی کورد ئیمڕۆکە ڕۆژی تێکۆشان و ھیمەتە کوردستانت وەک بەھەشت بوو ئیمڕۆ غەرقی زیللەتە چەن زەمانە کورد زەلیل و ماڵ وێران و کۆڵەوار نەگبەت و دەرد و موسیبەت گرتویە ئەم میللەتە ئەم وڵاتە چەن شیرین بوو ئێستای عەینی دۆزەخە بۆ نەجاتی ڕاپەڕن لەم عەسرە وەختی فرسەتە پیاو و ژن ھەم پیر و جوانتان ڕامەوستن ڕۆژ و شەو ھەوڵ بدەن بۆ دین و دونیا تا بە کەی لەم غەفڵەتە بۆ مەرام و سوودی میللەت لەحزەیێ غافڵ مەبن چونکە خاکی نیشتمانت پڕ لە خۆشی و سەروەتە پڕ لە کانگای زێڕ و زیوە دار و بەردی گەوھەرە گشتی مێرگ و مێرغوزارە چەشنی باخی جەننەتە لوتفی بەسیە شین و گریان سەد شوکر بۆ زاتی حەق قەومی کوردی تۆ بە جارێ ڕوو لە ڕێگەی نەسرەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لایەقی زوڵم و جەفا خۆم غەرقی دەریای خەتا خۆم لایەقی زوڵم و جەفا خۆم، غەرقی دەریای خەتا خۆم مائیلی ئەھلی فەنا خۆم، تالبی زومرەی شەقا خۆم دەستەئەژنۆ، قوڕ بە سەر خۆم، ماڵ وێران، ڕەنج خەسەر خۆم عومری گەنجی بێ سەمەر خۆم، ڕووڕەشی دارُالبَقا خۆم چیم نەکرد بۆ قیامەت، کەوتمە ئاھ و نەدامەت چاو بە ئاو و دڵ بەحەسرەت، ژینی بێ سوود و ھەبا خۆم عومرەکەم چوو بە تاڵان، مەحکوومی نەفس و شەیتان مائیلی ئەھلی عوسیان، ڕوو زەرد ڕۆژی جەزا خۆم *** ڕۆژی جەزا مەسئوولم، بۆیە ئەونە مەلوولم کردەوەی بێ میوولم، مل لە داوی بەڵا خۆم ئەسیری داوی بەڵام، تالیبی نەفس و ھەوام زۆر ڕووڕەش و بێ حەیام، ڕوو لە ئەھلی فەنا خۆم لوتفی دوور لە تەقوا بوو، عاسی لە ئەمری خوا بوو لە مەغرووری ئەغوا بوو، ساعی بۆ پێشەوا خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێم گەڕێ توخوا ئەرێ برا گیان سەبارەت: دە با بنۆشم لێم گەڕێ توخوا ئەرێ برا گیان عاجز دانیشم داماو و حەیران دەبا بنۆشم جورعەی جامی تاڵ دەبا نێو دەروون بێتە کۆی زووخاڵ دەبا شیوەن کەم ھەتاکوو ماوم وەک سەیل با خوێن بێ لە ھەر دوو چاوم ژینێ ھەر بە غەم دیلی ڕۆژگارم لە ڕاست ھەموو کەس من شەرمەزارم بێ تین و تاقەت ئاشوفتە حاڵم لە بەدبەختیدا وێرانە ماڵم عەیبێ شک نابەم بە غەیری پیری دامێن گیرم بوو لەگەڵ فەقیری ھەردووکی ڕێکەوت بەرگی غەم و تەم پۆشایە بەرم عیللەتی ماتەم وجوود وەک فەنەر لەسەر تا بە پام خۆمیش نازانم بۆچ وا تێک شکام تازە بە من چی دیدەنی دۆستان دۆست و ھاوڕێی من وان لە گۆڕستان بە من چی سەیری ڕوخساری دولبەر بە من چی بادە و شەرابی کەوسەر بناڵە لوتفی مانەندی مەجنوون تا ئاوی دیدەت تێکەڵ بێ بە خوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەتاو جەوری زەمانە ھەر لە زارم یا ڕەسولەڵڵا لەتاو جەوری زەمانە ھەر لە زارم یا ڕەسولەڵڵا وەکوو پەروانە ھەر دەم بێ قەرارم یا ڕەسولەڵڵا لە غەیری تۆ بەرەو لای کێ بچم ئەی خۆشەویستی خوا لە کۆمەڵ دوور و دائیم دەر کەنارم یا ڕەسولەڵڵا موودەیێکی زۆر بە بێ ھەستی و نەفامی ڕامبوارد بە فیرۆ چوو لە دەس من نەوبوھارم یا ڕەسولەڵڵا بەسەر چوو ڕۆژگاری من لە ناو دەریای نەزانیدا لە ڕاست ئەعمالی کۆنم شەرمەزارم یا ڕەسولەڵڵا لە تاریکی شەوی غەفڵەت ھەتا کەی گۆشەگیری کەم لە ناو جەیشی خەفەت بێ دۆست و یارم یا ڕەسولەڵڵا بە ڕۆژ و شەو لە قاپی ئەو وەرە لوتفی بناڵێنە ھەموودەم تۆ بڵێی خزمەتگوزارم یا ڕەسولەڵڵا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر جێ ناساغ وەعدەی سەفەرمە لەسەر جێ ناساغ وەعدەی سەفەرمە سەفەر یەکجاری ڕوو لە خەتەڕمە دەردی مردنە وا جەستەمی گرت ئەڵێی ئاگرە لە ناو جگەرمە ئەعزام ئەسووتێ وەک کوورەی ئاگر ھەوای عزرائیل وەکوو سێبەرمە ھیچ گوێ نادەمە گریانی منداڵ چونکە خەفەتی مردن لە بەرمە ئەزانم ئەمرم ڕزگارم نییە وەکوو چۆلەکەی چنگی سەقەرمە ژن بۆ مارەیی نووکەنووک دەکەن مەلا بە تەمای کەوا و مێزەرمە کوڕەکان ھەموو ئەڵێن باوکەڕۆ حازرە بۆ بەش مەڕ و گا و کەرمە کوێر و شەل بیستیان ھەموویان ھاتن ئێسقان ئەکرێ بۆی بەم گەرماوگەرمە سەگ و پشیلە کەوتنە ھاتوچوو بۆ کەرتێ ئێسقان یا پارچەی چەرمە منیش داخڵ بووم بە ژێر ئەو خاکە سا خودا ناوت ویردی سەحەرمە لوتفی تا ماوی خاک بە سەردا کە بڵێ پەنای حەق خَيرُ المَقَرمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مامە خلە سوارە لەسەر کەرێکی دێزە مامە خلە سوارە لەسەر کەرێکی دێزە مەعلوومە لە کەرەکەی خۆی زیاتر بەھێزە ھەگبەیەکی بچووکی وا لەبن دایە دیارە بە عەقڵی من وەھایە ھەگبەکەی پێ لە گوێزە بەلا و نیوی سوار بووە کڵاوی داناوە لار لە لای خۆی وایە عەینەن حاکمەکەی تەورێزە جار بە جارێ بە لەقە لێی ئەخوڕێ بە توندی ئەڵێی ڕۆستەمی زاڵە سوار بووە لە شەودێزە کەوای چادر لەبەر کوڵەباڵێکی دڕاو دەرپێی جاوە مەعلووم کراس ساغ و بیزە کە دێتە سەر گفتوگۆ ئەوەن توند و مەغروورە وەکوو تفەنگە ڕەشکە دەرمانی دەرمانی لەسەر تێزە جەستەی تەرتیب دراوە بە ئەنواعی حەماقەت لە دوو دونیا بێ خەبەر لەگەڵ کەری ئامێزە وا ئەزانی کەس نییە لەژێر ئاسمانی خوا کە مەجلیس بگری خۆی و فاتەی ژنی بە ڕێزە لوتفی ئەگەر پێی بڵێی ڕێگەی حەق و عەداڵەت وەک ماری مانگی نیسان حازر و شەڕەنگێزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مووی ڕوخسار سپی عومرم تەواوە مووی ڕوخسار سپی عومرم تەواوە چاوان کەم بینا پشتم چەماوە ئەژنۆ ئەلەرزێ ھێزیش نەماوە خانەی شادیش یەکسەر ڕووخاوە دەبا شیوەن کەم ھەتاکوو ماوم خوێن وەک ڕۆخانە بڕوا لە چاوم ڕەفێقم ڕۆیشت من بەجێ ماوم ئایا چ داوێک بۆم دانراوە باری گوناھم لە خۆم کردوە بار ناڵەی دەروونم وەک ھەوری بەھار بێ ئاگا لە چەرخ گەردوونی ڕۆژگار نازانم چی بکەم چیم لێ قەوماوە لە تاو تەماع و حیرسی دونیای ڕوون قەت ڕازی نابێ بە بوون و نەبوون بێ خەبەر ماوم لە کردەی گەردوون سینەم بۆ ھەدەف بە دەس بەڵاوە یەکجار نزیکە ھەنگاوی مەرگم قولابی ئەجەل سەرکاتە جەرگم کفن باڵا پۆش ببێتە بەرگم عومریش لە حەفتا ئەڕوا بەو لاوە خودا قەترەیی لە بەحری ڕەحمەت بە شەرافەتی شەفیعی ئومەت ببارێتە سەر بەندەی بێ قیمەت بەڵکوو دەر باز بم لەناو قوڕاوە ئەمجا تۆ لوتفی ڕوو لە خودا کە تەرکی عینوان نەفسی و ھەوا کە عومر سەرف کە لە کردەی چاکە ئومێد قایم کە بە ڕەحمی خواوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مژدەیان داوە ئیمڕۆ بوھارە مژدەیان داوە ئیمڕۆ بوھارە چیم لەو مژدەیە بۆ من زینھارە لەم جێگەی شادی و بەزم و پێکەنین بەشی من ھەر غەم مەینەت و قارە زۆر خۆشەویست بووم لای دۆستانی زووم ئێستاکە بێ عەیب گشت لێم بێزارە حەپسم بە تەنھا لە کونجی تاریک قسە و گفتوگۆم لای عالەم عارە دڵ وا خۆش ئەکەم دانیشتووی شارم شار و دێی بۆ من کونجی مووغارە چیا و دەشت و دەر بە گوڵ ڕازاوە چریکەی بولبول نەغمەی دڵدارە من پیر و زویر لە خەڵوەتی غەم دڵ برینداری تیری ڕۆژگارە عالەم لە خۆشی و کەیف و سەیرانە تەنھا من نەبێ ھەر بارم خوارە لوتفی گشت ئەڕوا خۆشی گەر تاڵی ھەر کردەی چاکە ئەمێنێ و دیاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نازانم مامە حەمە بۆ چی وا بێ خەبەری نازانم مامە حەمە بۆ چی وا بێ خەبەری تەدارکت حازرە مەعلووم لەسەر سەفەری سەفەرەکەت زۆر دوورە بۆ چی ڕێگە نازانی ئەحواڵیش ھیچ ناپرسی خۆتیش وا بێ خەبەری شەو و ڕۆژ ڕاناوەستی لە کەسبی دونیایی دوون سەعاتێ غافڵ نابی لە غەم و دەردەسەری بۆ تەماع زۆر گوێت سووکە چونکە زەرەرتە کاکە بەڵام زۆر کەڕ و بێ گوێی لە قسەی پێغەمبەری ئیمڕۆ سبەینێ ئەڕۆی بۆ ڕێگەی ئاخیرەت ڕوو لە گۆڕستان ئەکەی بێ کەس و قەلەندەری چارە و دەرمانت ناکرێ بە ماڵ و مناڵ و ژن ئەوجا پەشیمان ئەبی ئەڵێی خاکم بە سەری عومرت وا لە حەفتایە پات لە ھەشتا داناوە تازە دووکان دائەنێی تەمای میوە و سەمەری دونیات لەدەس چوو مەعلووم خەفەت بۆ ئەو لا بخۆ لەسەر ئەم ئەحواڵە بی یەقین ئەھلی سەقەری ئەم قسانە تۆ ئەیکەی لوتفی بۆ مامە حەمە وا ئەزانێ کە بایە ئەدا لە تەوقی سەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگای ئەو شۆخە عەیارە دڵی کردووم بەسەد پارە نیگای ئەو شۆخە عەیارە، دڵی کردووم بەسەد پارە دەروونم پڕ لە ئازارە، لەتاو ئەو لێوە گوڵنارە لە عەشقی ئەو پەری زادە، برۆی وەک شێری جەللادە دڵم غەمگین و بەربادە، کە زوڵفی چەشنی ڕەشماڵە دەمی غونچەی بوھارستان، لە دووری یاری چاو مەستان ھەمیشە پایز و زستان، کە پیشەم شین و ھاوارە گرانە دەردی دڵ بەخوا، وەکوو مەجنوونی بێ پەروا بە دائیم وێڵ و بێ مەئوا، ھەمیشە شێت و پەستیارە سەرم سوڕماوە لەم بەختە، برینی دەردەکەم سەختە ژیانم تاڵە لەم وەختە، چ شۆخێ نەحس و غەدارە ئەم شۆخە شیرین قەدەمە، بۆ من کە مایەی ماتەمە دائیم لە جەور و ناڵەمە، لە بۆ ئەو چاوە بە خومارە نەماوە خواردن ھەم خەوم، بێ ڕاحەتە ڕۆژ و شەوم ھەر باسی تاڵی ئەژنەوم، لوتفی لەم ژینە بێزارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆز ئەوا ھات دونیا ڕازاوە سەبارەت: ١٩٥٩ نەورۆز ئەوا ھات دونیا ڕازاوە بەفر و زقووم و شەختە توواوە ڕووبار و کانی گشت کەوتە خرۆش بولبول ئەخوێنێ دڵی پڕ لە جۆش دار و درەختی گوێ چەم ژیاوە چیا و دەشت و دەر بە گوڵ ڕازاوە نێرگز و بەیبوون، کنێرە و نەسرین یاسەمەن لەگەڵ وەنەوشەی ڕەنگین دار و دەوەنی سەر شاخ و کێوان جوان و ڕازاوە وەک باخی ڕیزوان لەم ڕۆژە خۆشە، لەم فەسڵە جوانە کە ڕۆژی جەژنی پیر و لاوانە عالەم گشت مەستی سەیران و شادی دوور لە جەور و خەم ھەم نامرادی یادی نەورۆزە و شایی و سەیرانە ڕۆژی شادییە و جەژنی کوردانە ڕۆژی تەنگانە وەک شێری ژیان ھەموو چاوەڕێین بۆ ئەمر و فەرمان لاوانی وەتەن ئەمڕۆ ھۆشیارن بۆ سەربەرزیی کورد گشت فیداکارن لوتفی ئەگەرچی عەلەم مەسروورە بەڵام دڵی تۆ لە شادی دوورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا خەیاڵ و عەقڵ و ھۆشم ڕاستە ڕێی ون کردووە سەبارەت: ھەروەکوو لالەی بەھاران وا خەیاڵ و عەقڵ و ھۆشم ڕاستە ڕێی ون کردووە ھەروەکوو کرمی سولەیمان جەرگمی کون کردووە خوێن لە بنیادم نەماوە سیس و ژاکاوم ئەمن ھەڵگیراوە خواردن و خەو ئەشکمی ڕوون کردووە ھەر وەکوو لالەی بەھاران دائیمەن نەشئەم ھەبوو فیرقەتی یاری وەفادارم منی دوون کردووە جەردەیی زولفی کە ھات تاراجی دڵمی وا ڕفاند ئەو سوپا و سالارە ئێمەی تووشی گەردوون کردووە ئەی ڕەفێقان وا مەزانن ناڵینم بێ حیکمەتە تیری ئەبرۆیە کە جەرگ و ناوی پڕ خوون کردووە لە خەوی غەفڵەت بە دائیم شکڵی ئەو نازدارە خۆ دێتە بەر چاوم لەبۆیە منی مەجنوون کردووە ھەر وەکوو داری لە پاییز لوتفی وا بێ زینەتی یادی سیوەیل ھات و لێدا منی زەبوون کردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا خەیاڵم سواری ئەسپی سەر ڕەقی بەد غار ئەکا وا خەیاڵم سواری ئەسپی سەر ڕەقی بەد غار ئەکا ڕوو لە شاخ و دەشت و کێو و چۆم و بەرد و دار ئەکا لافی زل زل لێ ئەدات و ھەر وەکوو ئاغایی ڕووت ھیچ لە ماڵیدا نییە و داوای سوپا و سالار ئەکا حاکیمی حوکمە لەسەر تەخت و تاراجی نەگبەتی سەربەخۆ کە چی ئیدعایی تەخت و قەسری زەڕ نیگار ئەکا تیغی نەگبەت باڵی پەل داوە فڕێی داوە لە دوور بێ خەبەر لە حاڵی خۆی داوای سەما و تەیار ئەکا باری بێ عەقڵی گرانە وا لەژێریا نووچ ئەدا گەرچی لەو حاڵەیشە ھێشتا ئیدعای سەر بار ئەکا ڕووت و بێ بەرگ و کراسە، سەر بەتاڵ و پێ پەتی مەعمەلەی یاقووت و دوڕ و سەنگی گەوھەربار ئەکا بەسیە لوتفی زەحمەتە بۆت ناگیرێ نەفسی بەدت سەد ھەزارانی وەکوو تۆ پڕ جەفا ھاوار ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وای برادەر چیم بە خۆم کرد من لە دونیا دەربەدەر وای برادەر چیم بە خۆم کرد من لە دونیا دەربەدەر تازە تازە فیکرەکەم بای دایەوە شین و چەمەر چۆن لە خەودا بووم ھەتا ئێستاکە ھەی خاکم بەسەر چۆن لە ڕووم بێ من بڵێم ئوممەتی تۆم خَيرالبَشَر عومرەکەم سەرفی گوناھی بێ حەیایی کردووە کردەوەی چاکەم لە دونیا بۆ ڕیایی کردووە کۆششی ڕۆژ و شەوم من ھەوایی کردووە دابنیشم دەستەئەژنۆ ماڵ وێران و ڕەنج خەسەر بۆچ لە داخا من نەگرێم بۆچ نەناڵێنم بەتاو با وەکوو جۆگەی ڕەوان بێ ئاھی سەرد و ئاوی چاو عومرەکەم ھاتە کۆتایی ھاکە نەفسم بوو تەواو عومری کامیل وا بەسەر چوو وام لە ئاسۆگەی خەتەر پارە ناکا سەد پەشیمانی لە سەرای مردنم کردەوەی خۆم بۆتە تەوقی واخرایە گردنم بۆ قیامەت پارە ناکا شین و گریان کردنم چیم بە خۆم کرد من لە دونیا خاکم ھەی خاکم بەسەر ھێزی ئەژنۆم وا نەماوە بەندی پیری وا لە پام حوکمی چاوم ڕوو لە خوارە ڕەنگ زەرد و بێ نەوام جەستەکەم گشتی زەعیفە وەک فەنەر وا تێک شکام وا لەسەر ئاسۆگە وەستام ھەر وەکوو قەوس و قەمەر حەسرەتە سەد حەسرەتە نازانم بۆ خۆم چی بڵێم ھەر وەکوو بنچک لەبەر با ئاخۆ کوێیە جێ و ڕێم کردەوەی چاکەم لە دونیا نەکرد سا چی بڵێم جەننەتە یا نارە جێگەم ئەی بینای دادگەر لوتفی بێنە یادی خۆت تۆ ئایەتی لا تَقنَتوا سەد ھەزار گوناھ بە جارێ یەک قەڵەم ئەیکا مەحوو قەترەی ڕەحمەت بە جارێ لە ھەموویان خۆش ئەبوو سەد دەخاڵەت دەستەدامێنم ئەتۆی خَيرالبَشَر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وای پەشیمانم لەداخی کردەوەی نەحس و خراپ وای پەشیمانم لەداخی کردەوەی نەحس و خراپ دڵ ئەناڵێنێ لە ترسا ھەروەکوو چەنگ و ڕوباب جسم و جانم تێک شکاوە تاقەتی وا لێ بڕا ڕوو لە ئاخیر وا ئەڕۆم و نیزیکە ڕۆژی حیساب مەزرەعەی گوناھی من حەد و حیسابی قەت نییە کاکە چی بکەم من لە تاوی مەحشەر و ڕۆژی عەزاب ھەڵسە زوو بە تاکوو ماوە پێنج و دوو ڕۆژی عومر تەوبەیێ ڕاستی بکە و ھەم ڕوو کەرە دەرگەی سەواب پشت لە دونیا کە ھەژار تازە بە تۆ چی موڵک و ماڵ پارەیەکی بۆ نەکرد ئەسکەندەر و ئەفراسیاب چۆن بە بێباکی و سەفاھەت ڕات بوارد عومری عەزیز تازە ڕۆیی چوو لە دەستت عومری گەنجی و شەباب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وای کە ڕوو زەرد و زەلیل و ماڵ وێران بەد حاڵە خۆم وای کە ڕوو زەرد و زەلیل و ماڵ وێران بەد حاڵە خۆم بێ سەمەر عومری عەزیزی تەڵخی ترش و تاڵە خۆم دائیمەن ھەر وەک سەماوەر جۆش ئەخوا خوێنی دڵم بۆ ھەناوی زۆر سووتاوی ئاگر و زووخاڵە خۆم سەیلی ئەشکم ھاتە خوارێ تێکی دا بینای دڵ ھێرشی مردن کە ھات و من لە سەر کەنداڵە خۆم گەرچی ئەووەڵ حورمەت و ئیقباڵێکی چاکم ھەبوو عاقیبەت ڕووت و قەلەندەر بێ کەس و عەبداڵە خۆم مودەتێ مانەندی قومری نەشئە و شەوقم ھەبوو گەرچی ئیمڕۆ لار و خوار و عەینی ھەر وەک داڵە خۆم خاوەنی نوتق و زەکا بووم دەنگی خۆش و چاوی گەش ئیمڕۆ ئەمبینی کە کوێر و کەڕ و گێژ و لاڵە خۆم حاسڵی گشت جەستەکەم پڕ دەردەسەر تاکوو قەدەم چی بەیان کەم زۆر پەرێشانم لە ناو ئەم چاڵە خۆم بە سەفاھەت ڕاتبووارد عومری عەزیزت ئەی ھەژار ھەر بڵێ «واحەسرەتا» داماوی ڕۆژ سوئالە خۆم چی ئەکەی لوتفی لە تەگبیر ھاتە پێش حوکمی جەزا چارەیێ بۆ خۆت بدۆزە تەوبە بێ لەم حاڵە خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە سەر باسی دوڵەمەندی شڕ وەرە سەر باسی دوڵەمەندی شڕ دەرگای حەساری کلیل داوە خڕ ناوێرێ غەریب وە یا ڕێبواری ڕوو کاتە ماڵی لەبەر سەگی دڕ سەروو پێ پەتی بە ڕۆژ و بە شەو بە توێی کراس و دەرپێیکی شڕ ھەر چەندەی ھەبێ قەت ڕازی نابێ عەرد خۆی تەواو کرد کەوتە چرگە و خڕ کە بێتە باسی یەک درھەم تەماع ئەیکاتە گاڵتە و چەقە و مشت و مڕ گەر بە دڵی نەبێ قسەی ھەژاری تاوی لێ ئەدا ناکاو کوتوپڕ ئەڵێی ئەی کابرا ھەڵسە لەم ناوە بڕۆ ڕێگەی خۆت زوو بە کپ و کڕ بۆ خۆت دانیشە بێ ھۆشی نەفام من کەی ھاوڕێی تووم لاتی گێژی وڕ لوتفی بە ئێشە دەردی دەروونت بۆ خۆت بناڵە ھەردەم سەر و مڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە کوردە قوڕ بپێوین سوبح و ئێوار سەبارەت: ھێرشی غەم وەرە کوردە قوڕ بپێوین سوبح و ئێوار کوردی شیوەن بە جۆش دەین با بناڵین پڕ بەزار ھێرشی غەم وا بە جارێ دەشت و دونیای دایە بەر ھا بەڵا وەک تەرزە بارێ بۆ گەلی کوردی ھەژار زیڕەی منداڵ و ژن وا لە ئەوجی حەوتەمین زەڕەیێ ڕەحم نەما دەرھەق مناڵ و ئیختیار ھەر چەمێ ڕووی تێ ئەکەی ھەر کوێرە شیوێ بۆ پەنا مەیتی کوردە تێیا ڕزاوە کەوتووە گشت بە قەتار ڕوو لە ھەر کەس گەر بکەی بۆ ڕێگەی ڕزگاری خۆت لێت ئەدا و ئەتپێکێ ھەر وەک ماری چنگی خوین خوار ماوەیەکی زۆر درێژە کوردە تۆ وا ڕەنج ئەدەی وا بێ بەش بووی تۆ لە گشتی داخەکەم بۆ کوردەوار لوتفی جەرگی گشت برینە ئاوی چاوی جارییە دەروونم پڕ لە ئاخ و غەم داخی دڵمە سەد ھەزار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە یاری خونچە دەم ئەی جوانی شیرین قەدەم وەرە یاری خونچە دەم، ئەی جوانی شیرین قەدەم دڵ ئەناڵێ، ھەموو دەم، لە پێناوت ڕووح ئەدەم ڕووح ئەکەم بە قوربانت، بۆ زووڵفی لوولی جوانت دەستی من و دامانت، تیمار کە دەرد و زەدەم تیمارکە دەردی دەروون، جەرگ و دڵم بوو بە خوون کەوتوومە کز و زەبوون، تۆ شازادە و من خەدەم توو وەک شازادەی چینی، قامەت شەنگ و شیرینی دەوای زام و برینی، ڕووناکی ھەر دوو دیدەم دڵ پڕ دەرد و ئازارم، وەک فەرھادی ھەژارم بێ خەون و بێ قەرارم، لە مەغریب تا سوبحدەم ڕۆژ و شەوم جەفایە، لە دووری ئەو لەیلایە گەرچی زۆر بێ وەفایە، لێم نەدی غەیری نەدەم لوتفی تا کەی خەمباری، ھەردەم لە شین و زاری لە گیانی خۆت بێزاری، وێڵی سەحرایی عەدەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو بیستوومە ئەمڕۆکە ئەڵێن کوردێ مودیرمانە سەبارەت: لە ساڵی ١٩٣٩ زاینی کە ڕێگەی نێوان ھەولێر - شەقڵاوە - گەلی دورست ئەکرا جەناب لوتفی موراقب بووە لەوێو مودیرێکی کوردیان بۆدێ - ١٩٣٩ وەکوو بیستوومە ئەمڕۆکە ئەڵێن کوردێ مودیرمانە سەد شوکر ئەلحەمد لیلا کە نەوبەت وا سەریرمانە ھەزار حەمد و سەنا یاڕەب کە من دیتم بەچاوی خۆم مناڵی کوردە ئیمڕۆکە لە سەد جێگە ئەمیرمانە زەمانێکە ھەژاری کورد لەژێر باری ڕەزالەت دان فڕێدەن ئێوە بەرگی جاو ئیتر نەوبەی حەریرمانە دە کوردە ئێوە شادی کەن تکا کارین لە زاتی حەق تەمی زوڵمەت لەسەر لاچوو نۆرەی بەدری مونیرمانە چەن عەیامێ ملکەچ و ژێردەس وەکوو عەبد و خەدەم خەم و ئازاری ئەو عەسرە بە ھەموو دەم وا لە بیرمانە ھەتا ئیمڕۆکە دوڕاج بووین زەلیلی دەس ھەموو عالەم لەسایەی عیلمە شاھین بوین ئیتر نەوبەی نەچیرمانە زمستان ساردی بابڕوا بەھاری شادی پەیدابێ غوباری غەم دەبا لاچێ کە وەعدەی ماست و شیرمانە زەمانێکە وڵاتێ مە وەکوو سجنە لەبۆ کوردان ئومێد وایە لەمەولا خۆشە وەک دەشتی ھەریرمانە دۆعای چاکە ئەکا لوتفی لەبۆ مەئموورەکانی کورد کەنەسڵی کوردە ئیمڕۆکە لەحاڵەتدا وەزیرمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێم بڵێن ئیمڕۆ چ ڕۆژە کائینات ھاتە ھەژان سەبارەت: بەبۆنەی کۆچی دوایی جەنابی سەیید ئەحمەدی خانەقاوە - ١٩٥٢ - کەرکووک پێم بڵێن ئیمڕۆ چ ڕۆژە کائینات ھاتە ھەژان کەوتە جونبش شار و دەشت و بەینی ئەرز و ئاسمان دەنگی ھاواری مەلەک گریان و شینی ئینس و جان وا ئەزانم کە لە دونیا بۆتە ڕۆژ ئاخر زەمان ھەڵسن ئێوە ئەی گەلی کورد دەس بکەینە ئاھ و شین ئەشرەفی ئەولادی حسەین ئەھل و بەیتی تاھرین عالیمی عیلم و تەریقەت قائیمی ئەرکانی دین ڕووحی شاد بوو سەیید ئەحمەد ئیمڕۆ بۆ دارالجنان وەرن ئێوە تائیفەی ساداتی کوردستان ھەموو یەک و دوو ھەریەک لە لایێ کۆ ببنەوە زوو بە زوو تەعزییەک سەیید بکەین چون بۆ ھەموومان گەورە بوو سێبەری ئەو زاتە پاکە گرتبووی ڕوویی جیھان تاجداری ئەھل و بەیت و مەعدەنی سیدق سەخا خاوەنی عز و شەرەف زومرەی شیری ئەتقیا لە زەمانی بۆ شەجاعەت ھەر وەکوو شای مرتەزا جوودی حاتم ھەر بە بیستن جوودی سەیید بە عەیان کاتێ چوومە خانەقاھ چاوم کە گێڕا خوار و ژوور فیکری پێشوو کەوتە یادم سەیلی ئەشکم ھات بە خووڕ ئاھی سەردی زەرد و سوورم پێنیشان دام نەفخی سوور وا ئەزانم غەرقی بەحری غەم بووین سەر تا پێیان شەرتە ئیتر خزمەکان من نەچم بۆ خانەقا پاشی سەیید خۆم لە قوڕ نێم شان و قۆڵم تا بە پا تا بمێنم شەخسێکی تر پەیڕەوی ئەو زاتە کوا داخەکەم تەعریفی مەردی قەت قەڵەم نایکا بەیان وا ئەزانم ئێمە لەم چەرخە کە دوو باڵمان ھەبوو چەن لە خۆش و کەیف و شادی حاڵ و ئەحواڵمان ھەبوو وا ئەزانم پادشا بووین گەرچی ھیچ ماڵمان نەبوو غیرەتی ئەحمەد و مەحموود بۆم بووە ڕوتبەی نیشان داخەکەم زاتی وەھا لەم چەرخەدا زۆر کەم بووە بۆ شیفایی ئازاری عالەم دائیما مەرھەم بووە بۆ ھەژار و بێ نەوایان سەر دەسەی کەرەم بووە دەستی بەخشەندەی بە دائیم ھەر وەکوو دەریای ڕەوان گەرچی من ھەر غەم بخۆم سەیید لە دەسمان وا گوزەشت وا ئەزانم ڕووی سەر عەرد چۆڵە گشتی بۆتە دەشت سا خودا شادی بکەی ڕۆحی بە سەیرانی بەھەشت جەننەتی دارەلبەقا بۆی ببێتە جێگا و مەکان وای کە عومرم قەت نەمێنێ دونیا تۆ بۆ چی وەھای ھەر دەمێ دۆستی کەسێکی چەندی بێ شەرت و وەفای چەندی بێ شەرم و شعوری چەندی بێ فیکر و حەیای سەییدیش وا تۆی بەجێ ھێشت ڕۆی بۆ دارالجنان لوتفی دونیا ھەر وەھایە تا بەسەر وەفای نییە ھەر وەکوو کاروان سەرایە ھەرچی ھات و ڕۆییە سەییدیش ئەلحەمدولیللا خۆ جێگەی خاڵی نییە «حوسەین» و «کاکە حەمە» مەوجوودە وەک شێری ژیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەنا بە دەرگات شای خیر البشر پەنا بە دەرگات شای خَيرُ البَشَر لە دونیا و عوقبا ھەر خۆتی ڕابەر ئەگەرچی زۆرە جورم و گوناھم لە خزمەتباری من ڕووسیاھم ھەتا گەردنم ناو بەحری عوسیان ڕجام قەبووڵ کە دەستم بە دامان خۆت شەفیعم بە ئەی عالی مەقام چونکە سەرتاپا من غەرقی خەتام بەڵکو لە سایەت ئەی نووری بەسەر بگەم بە مەرام لە ڕۆژی مەحشەر باری سەرشانم گەلێ گرانە دەردم کوشندە بەبێ دەرمانە گوناھم زۆرە بێ حەد و ئەژمار گەلێ مەلوولم بۆ ڕۆژی پرسیار وەھا شێواوە شعور و ھەستم دەبینی دائیم وەک گێژ و مەستم دەفتەرم سیاھ زۆر شەرمەزارم چاوەڕێی ڕەحمی پەروەردگارم مەگەر ھەر بە خۆی ڕەحمێ بنوێنێ ڕزگارم بکا و خەمێ نەمێنێ ئەگینا لوتفی زۆر پەرێشانە بۆ حاڵی زاری ھەر لە گریانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکانت بۆتە باعیس ئەشکی ڕوونی چاوەکەم چاوەکانت بۆتە باعیس ئەشکی ڕوونی چاوەکەم تیغی ئەبرۆت باعیسە بۆ مەنعی خورد و خاوەکەم غەمزەکانت ھەروەک و تیرێ لە دڵ تەئسیری کرد بۆتە مەنعی خواردن و خەو ژین و نان و ئاوەکەم دڵ وەکوو ڕاوچی ئەویش وا بۆتە کارئاسکی خەتا من خەتاکارم لە بۆیە بۆتە مانیع ڕاوەکەم بێ خەبەر وەک وەحشی وا بووم ەر ئەسووڕام دەشت و دەر ھەر وەکوو تەیری لەناکاو تووشی دان و داوەکەم پەیڕەوی قەیسی بێ چارە لازمە بۆ من ئیتر ھەر ڕەفێقی وەحشی دەشتی و دووری دایک و باوەکەم سەد وەکوو لوقمان کەبێت و کووا ئەکا دەرمانی دڵ دیدەنی ئەو کافیە بۆ زامی جەرگ و ناوەکەم بەس تەمەع لوتفی بکە دونیایی دوون باقی نییە غەم بخۆ بۆ مردنی خۆت کوانێ تۆیی چاوەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکانم وا دیارە فیکری گریانی ھەیە چاوەکانم وا دیارە فیکری گریانی ھەیە دڵ و جەرگم وا ئەسووتێ بۆنی بوریانی ھەیە ھەوری میحنەت گرمەگرمی موڵکی دڵمی دائەگرت وا ڕژاندۆتی بە سەرما مەیلی تۆفانی ھەیە ڕۆژ و شەو دەنگی غەزەب دێ وا لەبەر ئەوجی سەما میللەتی کوردم کە ئیمڕۆ شین و گریانی ھەیە من لەژێر باری سیاسەت دڵ حەزین و پڕ لەغەم کاکیشم زۆر بێ دەماخە کەیفی سەیرانی ھەیە شیوەنی سەختم لە پێشە ڕێگەکەم دوور و خەتەر دڵ ئەناڵێی زۆر بە سۆز ئازاری ھیجرانی ھەیە خۆم لە خۆم حەیران ئەمێنم یەک وجوود و سەد میزاج چاو لە گریان دڵ حەزین و مەیلی ناڵانی ھەیە لوتفی بەس ورد بە لە تەقدیری حەق و زاتی خودا کوللی حوکمێکی بزانە سڕی نیھانی ھەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چییە ئیمڕۆ دڵی من وا لە ڕاو و کەیف و سەیرانە چییە ئیمڕۆ دڵی من وا لە ڕاو و کەیف و سەیرانە گەڕیدەی شاخ و دەشت و دەر لە دامێنی چیاکانە بە فیکری عارزی ھێنایە بەر چاوی وێنەی دولبەر گەھێ لە کەیف و شادیدا گەھێ لە شین و گریانە بە خەیاڵی ھەبا و عەقڵی کەم فامی وەھای دانا میسالی شەمعە ڕوخساری بە خۆی تەشبیھی پەروانە ئەڵێم ئەی بێ عەقڵ تۆ چی و خەریکی چی و لە چی ماوی وەرە واز بێنە لەم فیکرە کە ئاخیرەت پەشیمانە نەبوو ھەرگیز کە سابیت بێ لەسەر ھیچ شتێ تا سەر بە وێنەی چەرخی گەردوونە بەدەس نەفسەوە حەیرانە چاوی تۆ ھەر وەکوو ڕاوچی تیرەنداز بێ بۆ ھەر لایێ بە دووی ئەو تیرەدا ئەڕۆی بۆیە وا حاڵت پەرێشانە گەھێ دێنێتە بەر چاوی خەیاڵی وێنەی شیرین گەھێ ساکن لە خەڵوەتدا خەیاڵ نەقشی خاڵانە بە دەستی خۆی نییە بولبول کە ترسابێ لە بەردی خەڵک کە نایێ و نزیکی نابێ ھەمووی ترسی ڕەقیبانە لە نزیک و لە دوور ئەیڵێ چ ئەزانێ لە عەشقی بار کە زیکری سەر زوبانیتی گوڵێکی من لە باغانە کە ڕۆژێ ڕێ کەوێ ئیش ئەڵێی کێ ھەیە ھەر من ھەم کە برسی بی ئەڵێی یاڕەب ئەمن چی بکەم لە برسانە بەسە لوتفی ئەوا پیر بووی خەیاڵی ھیچی دونیایی وەرە تەعقیبی ڕێگەی ڕاست گوزەرکە لەم خەیاڵانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەن ساڵە ئەمن وەک بولبولی باغ چەن ساڵە ئەمن وەک بولبولی باغ ئەسیرم لەبەین قەل و بووم و زاغ گیرۆدەی داوی ئەم چەرخە پیرەم ھەمیشە دڵم پڕ لە دەرد و داغ چەن خۆشە تێکەڵ ئەم دونیا نەبی زوو بڕۆی تیا دەرچی بێ وجاغ قەت ڕۆژێ نەبوو کەمێ شادومان یەک لەحزە دڵم لە غەم بێ فەراغ ڕۆژێ ئەمبینی گێژ و کز و مات ڕۆژێکیش گەشم بە شەوق و دەماغ ڕۆژێ جەستەکەم ھەر وەک پۆڵایە ڕۆژێکیش نەخۆش لە سەر جێ ناساغ لوتفی بەس بڵێ لە جەوری ڕۆژگار ھەزار وەک تۆ چوو بێ سەر و سۆراغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەندم ئاواتە ئەگەر سەعاتێ چەندم ئاواتە ئەگەر سەعاتێ خودا لە دونیا شادیم بداتێ ھیچ فایدەی نییە دائیم لە غەمدام دائیم بێ ھۆش و سەرسام و شەیدام ئیمڕۆکە گەنجم سبەینێ پیرم ئیمڕۆکە ئاغام سبەی فەقیرم ئیمڕۆ لە وەتەن سبەی غەریبم ڕەزیل و نەخۆش موحتاج تەبیبم ئەبینم ھەندێ تیر چێشت و تەعام بێ خەبەر لە چەرخ گەردوونی ئەیام ھەندێکیش ھەیە وا لە زیندانە بێ ماڵ و بێ کەس حاڵ پەرێشانە یەکێ لە غوربەت وا ئەسیر ماوە منداڵی وردی لێ بەجێ ماوە یەکێکی پیرە ئەڕوا بە گۆچان قامەت چەمێدە دیدە بە گریان یەکێ ئاوارە بێ لانە ماوە برسی و ڕەش و ڕووت پشتی شکاوە یەکێکیش زەلیل ژێر دەستی زاڵم کەیف لە کوێ بێنم ھاوار بە ماڵم تۆیش وەکوو ئەوان مەعلووم بەشەری بۆچ لە حاڵی خۆت وا بێ خەبەری سەنەدت لە لای خواوە ھێناوە کە ھەروا بژی لە ڕووی دونیاوە چۆن تۆ ئەمێنی لە مەکری خودات لەمانە زیاتر کە سزات بدات گەرچی تۆ ڕۆژی گەنجێکەت شادە بۆ دەردی پیری خۆت کە ئامادە مەڵێ بەھارە دونیا زۆر خۆشە ھاوین لە دوایە یەکجار بە جۆشە مەڵێی من ھەمە ڕوتبەی ئەمیری بەرانبەرێتی دەردی فەقیری مەڵێی من ئیستا وجوودم ساغە دوایی مەعلوومە دڵ پڕ لە داغە گوڵ و گوڵزاری بەھار زۆر خۆشە نێرگز و ڕەیحان لالە و وەنەوشە تۆز و بای ھاوین لەگەڵ گەردەلوول وەک پووش و پەڵاش ھەمووی ئەکا لوول لوتفی تۆ بۆ خۆت خاک بەسەردا کە ڕوو بکە لە خوا و پشت لە دونیا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوو لە کوێ کەم کاکی کوردم دەردی دڵەکەم ئاشکار سەبارەت: ١٩٤١ ڕوو لە کوێ کەم کاکی کوردم دەردی دڵەکەم ئاشکار دڵ ھەموو کاتێ ئەسووتێ ھەر وەکوو تەننووری نار چاو بە ئاو و دڵ بە حەسرەت خواردنم زووخاو و خوێن سەیلی ئەشکم وا بە خوڕ دێ چەشنی بارانی بەھار سەیر ئەکەم زۆر پیاوی دانا خواردنی خوێنی دڵە عاجز و زەلیل لە دەستی چەرخی دەوری نالەبار ھەر وەکوو شێران لە بێشە ڕوو لە دەشت و کێو ئەکەن ئێستە ڕووت و گێژ و برسی سەرکزی کۆڵانی شار بەعزە ئینسانێ ئەبینم غەدر و تەعدات لێ ئەکەن دێن بە تەکتا ڕائەبوورن لاچۆ کابرا تۆی چ کار ھەر کەسێ واھات لەلاوە ئیمڕۆ گشتیان پێ گەین بوونە بەگزادە و ئەفەندی پێت ئەڵێن تۆی خزمەکار چەن کەسانێکی ئەببنم تیرەیان مەعلوم نییە وەک تری ئیستا ئەوە دەم سپی کوردی ھەژار میللەتی کوردی خۆخۆر بۆ یەکتری نابین بە ھیچ پیشەمان ھەر بۆ تەماعە ڕۆژ و شەو وەک سەگی ھار ئەی خودایە تابەکەی ئەم پەستییە بۆ من دەبێ لوتفی تۆ حەقت چییە دانیشە بۆ خۆت دەرکنار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ لە تەقدیر بینای لامەکان ڕۆژێ لە تەقدیر بینای لامەکان ڕێگەم کەوتە ناو عەشیرەتی شوان ڕێم کەوتە دێی ناو «جەوەجەوە» ئەو شەو لەو دێیە ببوین بە میوان ناوی خانەخوێ کاکە شێخ عەلی ئاگاداری بێ حەزرەتی یەزدان نەوەک لە ھاوین نەوەک لە بوھاری فەسل چ وەعدە لە چللەی زستان وەختێ دابەزین ئێمە دوو سوار لەشمان تەڕ ببوو لەبەری باران ئافەرین بۆ تۆ ئەولادی حەیدەر وەکوو بەچکە شێر دەرپەڕی لەلان مایینی وەرگرت ئاگری ھەڵکرت دەس بەجێ چایەی ھێنایە مەیدان ئەو شەو لەوێ بووین بەکەیف و عوشرەت سوبحەینێ سەحەر لەدەمەو بەیان دیسان ئاگری کردەوە دەرحاڵ ھێنایە مەیدان پیاڵە و ئیستیکان سەماوەرجۆشا چائامادە بوو ھێلکەی برژاوولەگەڵ ماست و نان لە پاش نان خواردن تەودیعی کردین گەڕاینەوە دوا غەیەت شادوومان باقی ئەحواڵات ئەوەل تا ئاخیر سەرانسەر بۆتۆ گشتم کرد بەیان عەرزی سڵاوی بە سۆزم ھەیە لە خزمەت خۆت و جووتە حۆرییەکان لوتفی میوان بووی یەک تاقە شەوێ ڕێز و خزمەتی بێ حەد و پایان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ چوومە دەر بە عەزمی گەڕان سەبارەت: نە لەیل نە شیرین ڕۆژێ چوومە دەر بە عەزمی گەڕان کەوتە بەر چاوم شۆخێکی جوان نازکی خاڵ و کوڵمە ئاڵەکەی نە لەیل نە شیرین نە وەک خەرامان لە ناکاو کە دیم عەقڵ و ھۆشی برد دڵ و دەروونی کردمە بوریان پەنجا ساڵ عومرم ھەبوو تەواوی ھات گەڕایەوە بۆ چواردە ساڵان پیری و زویری خۆی لێم شاردەوە چوومە سەر بیری گەنجێکەی جاران کردە و عیبادت لە دەوری چل ساڵ بە یەک دەقیقە گشت چوو بە تاڵان بە فکر و عەقڵ زۆرم لێک داوە شۆخی وام نەدی لە دەوری دەوران قەد و قامەتی وەک سوورە چنار ڕەنگ و ڕوخساری سەوڵی خەرامان دوو چاوی ھەبوو زوھرە و موشتەری جەرگی عاشقیان ئەکرد بە بوریان لە گفتوگۆی ئەو خەیاڵ ئەفڕێ ددان وەکوو دوڕ لێو وەکوو مەرجان لە بەدبەختی من پیری بێ تاقەت موبتەلای کردم بە شین و گریان حەسرەتی دڵ و ھەناسەی سەردم بە سەرما ڕژا دەردی بێ دەرمان کەوتمە گێژی بەحرێکی بێ پەی ئومێدی نەجات نییە لە جیھان چونکە نازانی لوتفی چ کارە ھەر خەفەت بخوا تا ئاخر زەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵە من زۆرم نەما لە دونیا سەبارەت: وەسیەت بۆ کوڕەکانم - ١٩٦٣ - کەرکووک ڕۆڵە من زۆرم نەما لە دونیا ھەر کاتێ زانیت بارخانەم پێچا وەسیەت ئەکەم بۆتان کوڕی خۆم لە دوای مردنیش غەم خۆری ئەنگۆم ھەتا ئەتوانن لەسەر ڕووی دونیا ڕووتان بە شووش بێ ھەر وەکوو چرا ڕوو گرژ نیشانە لەبۆ ئەھلی نار لەسەر ڕووی دونیا ئەبێ ئاشکار دائیم ڕوو گەش بن لەگەڵ گشت عەوام ڕوو گەشی شەرتە بۆ گەلی ئیسلام ڕەفیقیی پیاوی بەخیل قەت مەکەن غەیبەتی پیاوی جەلیل قەت مەکەن سەخا سیفەتی زاتی خودایە ئەوەی سەخی بێ دۆستی گشت لایە ئەھلی بەھەشتیش نیشانەی دیارە سەخی و ڕووخۆشە لەگەڵ ئەغیارە وەکوو گوڵ وا بن بۆنتان با بڕوا لە ناو عالەم دا دیار بن وەک چرا حورمەتی عالیم ھەژار و ھەتیو شەل و کوێر و پیر ئەختیاری ڕزیو لازمە بگرن بەقەدەر ئەحواڵ زۆری پێ خۆشە زاتی زولجەلال شیرین بن ڕۆڵە وەک شیری بێ گەرد ببن بە شیفا قەت مەبن بە دەرد ڕۆڵە من ئەڕۆم زۆرم نەماوە قسەی دوایمە کە وا نووسراوە مەبن بە ژاڵە تاڵ و بێ سەمەر شیرین بن توخوا وەک شەھد و شەکەر خیانەت نەکەن لە قەومی خۆتان سەر شۆڕی دێنێ لە ھەر دوو جیھان کەلامی کوردی ھەیە مەتڵەبە «گەر نابی بە گوڵ دڕکیش مەبە» ڕۆڵە من لەسەر ڕادەی سەفەرم ماڵ کاول خۆمم ھەی خاک بە سەرم ئەوەی نووسیومە بە گوێم کەن توخوا سەرتان بەرز ئەبێ لە مەیدان خوا ئێوەش جار و بار یادی من بکەن لە خەیر و خەیرات بێ بەشم مەکەن لوتفی تەمای چیت ئەتۆ لە دوای خۆت خەیری ئەولادت بەڕێ کرێ بۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵە گوێ بگرە بزان چی ئەڵێم ڕۆڵە گوێ بگرە بزان چی ئەڵێم عومری ڕابوردوو چەند دەردی داپێم ئەوەڵ منداڵ بووم بێ داک گەورە بووم لای ھیچ کەس نەبوو خۆشەویستی ڕووم کە بووم بە حەوت ساڵ نامیانە خوێندن دائیم ڕووت و قووت ناو دۆست و دوژمن ڕەنگ زەرد و پەشێو، کز و خەفەتبار بێ ناز و نیعمەت دوور لە کەس و کار دڵ پڕ لە ئەلەم دەروون پڕ لە ژان بە ھەر حاڵێ بوو ڕامبوارد ژیان ئێستا وا لەسەر ئاسۆگەی مەرگم وەسیەت ئەکەم بۆت تۆ خودا جەرگم لە دوای من بژین بە ژیانی پاک دڵی کەس مەکەن زویر و غەمناک کەس عاجز مەکەن لەسەر ڕووی دنیا ھەر بە نەجابەت دۆستتان زیاد ئەکا لە گوێرەی تاقەت کەرەم کردار بن با لەناو خەڵکی ھەمیشە دیار بن ڕوو خۆش بن لەگەڵ ھەموو موسڵمان ڕووی گەش نیشانە بۆ ئەھلی ئیمان ھەتا ئەتوانن ڕوو لە خودا کەن بە ڕۆژ و بە شەو زیکری مەولا کەن ھەر کەس کەم دین بێ ڕۆڵە بزانە لە ھەردوو دونیا باری گرانە ڕەزیلی پیسە قەت مەبن ڕەزیل مەیکە بە پیشە تا نەبی زەلیل سەر شۆڕە ئەوەی کرداری وا بێ ڕوو زەردە بۆ ھیچ فەرمانی نابێ لوتفی تۆ غەمی خۆت بخۆ ھەژار کە وا گیرۆدەی بەداوی ڕۆژگار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دێیەکی زۆر خۆش سەبارەت: لە سەفەرێکدا بۆ ناوچەی قەرەداخ - ١٩٣٥ ڕێم کەوتە دێیە ڕۆژێ لە ڕۆژان دێیەکی زۆر خۆش دار و دارستان ھیچ کەس نەیدیوە جێگەی وا دڵگیر شاخی بەرز و سەوز بێوێنە و نەزیر چەم و باخی زۆر کانی و کانی ئاو ھەتا سەیری کەی قەت تێر نابێ چاو ئاوازی بولبول خوڕەی ئاوی شاخ بە بێ چەند و چوون تێر ئەکا دەماخ لام دا بە نیازی تۆزێ ئاو بخۆم ئەمجار ڕێی بگرم لەبۆ خۆم بڕۆم تەمەنم حەڤدە ھەژدە ساڵانە جوان باڵا بەرز ڕێک و لاوانە جل و بەرگی چاک شێخانە دەستوور لە دوو شەوقەدا ھەر وەکوو بلوور قوندەرەی بیلاد کەوای جەرمانم عەبای چۆغەی ڕەش وا لەسەر شانم شانی سورمەدار دەستووری موسڵ لە دوور دیارە ھەر وەک تۆپی گوڵ دەمانچەی حەوتیر خەنجەری دەبان سەعات و زنجیر دەستووری کرمان سوارم لەسەر پشت ئەسپی وەک غەزال پەناھم ھەر تۆی دانای زولجەلال چوار پەلی سپی ناو چەوانی قەش وەک ئاسکەی مبەری ئەڕوا بە بێ غەش سەر زین ئاورێشم گوڵەنگ و سەجاغ ڕەشمە و لغاو ڕێک سەر کەلە و چەناغ لە لای خۆم وایە لە ژێر ئاسمانا کەس نییە وەک خۆم لە ڕووی جیھانا بە ھەر حاڵێ بوو ڕێم بردە ماڵێ داوای ئاوم کرد بە ھەر ئەحواڵێ دیتم نازدارێ لە ماڵ ھاتە دەر ڕووی شوعلەی ئەدا وەک مانگی ئەنوەر باڵای وەک نەمام چەمی شەقڵاوە ھەتا سەیر کەی عەیبی نەماوە دەس ھەڵبژێری یەزددانی تاکە سەد ماشائەللە چەندە بێ باکە لەشی سوێند ئەخۆی یەک پارچە زیوە بە توولی عومر ھی وام نەدیوە ڕەنگ سوور و سپی تەواو خەمڵاوە ئەڵێی شیرینە و لە ئەڵوەن ماوە دوو شا زولفی شۆڕ مۆرە لە خەنە دەم دوور بێ یاقووت بە گەوھەر بەنە تەختی ناو چەوان چوار پەنجە پانە ئەبرۆی سوێند ئەخۆی ھەر وەک کەوانە چاو وەک گەلاوێژ ھەڵدێنێ بە ناز ڕۆحی مردۆکان دێنێتە پەرواز پووشین سورمەدار قەزاز کراوە مشکی گوڵەنگی لێ ھەڵ بەسراوە بەو لەنجە و لارە ئاوی بۆ ھێنام نە خەیاڵی ئاو نە فیکری دونیام ما ھەر سەیر بکەم بێ قسە و بێ باس لەسەر پشت وڵاخ وەکوو گێژ و کاس ئاوی ڕاگیر کرد دڵ بێ خەبەرە کەوتمە گێژ و لوول شین و مەسخەرە ئەوجا پێی وتم ئەی برای ڕێبوار بۆچ وا پەشێوی عاجز و غەمبار وتم ئەی نازدار غەمی زەمانە لە لای من نەبوو لە ھیچ دەورانە تا گەیمە ئێرە ھیچ بەڵام نەبوو گەشتمە ئێرە عەقڵم لەدەس چوو نازانم چییە بۆچ وام بەسەر ھات دووچاری دەرد بووم نییە ڕێی نەجات وتی ئەی میوان دابەزە تاوێ دونیا زۆر گەرمە تەکلیفی ناوێ پشوویێ بدە تاوێ لە لامان دانیشە بە دڵ لەسەر دوو چاوان ئەم جا دابەزیم جێگەی بۆ دانام کەوتە گفت و گۆ بە شیرین کەلام تا کاتی عەسر زۆر بە کەیف و شاد غەمی زەمانەم ئەدایە بەر باد ناچار سوار بووم ڕوو لە ڕێگەی خۆم غەمی سەد ساڵە گەڕایەوە بۆم وتی ئەی جوان دەستم بە دامان ئەبێ جارێ تر تۆ بێی بۆ لامان وتم من چی بکەم بەھانەم نییە ئێرە زۆر دوورە ھاتوچۆ نییە وتی چەن مەڕێ یا دوو پیرە گا بنێرە ئێرە با لەوەڕ بخوا ئەمجا ھەر ھەفتە بیانووت ئەبێ بەو واسیتەوە ھاتوچووت ئەبێ ھەتا باسی کەم دەردم گرانە بیری لێ بکەم چاو لە گریانە ھەر وەکوو مەجنوون ڕووم کردە ھەردە ئەمدا بەسەردا وەک برا مەردە ڕۆژ و شەو لە داخ تا ماوەی یەک ساڵ لە داخا دائیم سەر خۆش و عەبداڵ چەن بێتە یادم ھەناسەی گەردوون گەردەلوول ئەکا بۆ چەرخی گەردوون ئارامم نەما ھەر وەکوو فەرھاد شەو و ڕۆژ پیشەم ھەر داد و فریاد لوتفی با بەس بێ کولانەوەی برین دەردت گرانە بڕێژە ئەسرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەنگی زەرد و ئەشکی چاوم دەردەکەم زۆر کارییە سەبارەت: باغەوانی باغی گوڵ بووم ڕەنگی زەرد و ئەشکی چاوم دەردەکەم زۆر کارییە ھەر وەکوو سیروان لە چاوم سەیلی ئەشکم جارییە گەر ئەڵێ تۆزێ ئەژیم ھەر وەک سەفیھی بێ خەبەر دەردی عیشقە وای لێ کردم مانەوەم بێ عارییە عار و عەیبم لێ مەبینە گەر لە ناکەس ڕوو ئەکەم بارەکەم یەکجار گرانە عیللەتی ناچارییە زانین و عەقڵ و کیتابەت سوودێکی بۆ من نەبوو ڕەنجەکەم گشت چوو بە بادا بەختەکەم ھەر خارییە بێ سەمەر بوو داری بەختم توولی عومرم ڕابوارد ڕۆژ بە دائیم دەرد و زیللەت ھەم شەوم بێدارییە باغەوانی باغی گوڵ بووم سەردەمێ خۆش ڕامبوارد ماوەیەکی کورت و کەم بوو داخەکەم یەکجارییە لوتفی خۆشی چاک ئەزانێ ئاخیرەت ھەر ڕووت ئەبێ بۆیە ھەر ڕووت و ڕەزیلی کووچە و ناو شارییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکی کوردم وا دیارە زەوق و شادیت دیار نییە سەبارەت: لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی و کۆنەپەرست لە عێراق و بەرپا بوونی شۆڕشی ١٤ی تەمووز ساڵی ١٩٥٨ زاینی لوتفی ئەم غەزەڵەی وتووە. کاکی کوردم وا دیارە زەوق و شادیت دیار نییە جەژنەکەی تۆ جەژنی گشتە فەرقی دەشت و شار نییە پڕ بەدەم ھاوار کە بۆ خۆت جەژنە ئەی کوردی دلێر جێگەی ترس و غەم و یا جێگە عەیب و عار نییە سەف ببەستن ڕابووەستن وەک برا گەورە و بچووک چی بکەی ئیمڕۆ بۆ خۆتە زاڵمی خوێنخوار نییە ڕەحمەتی حەق ھاتە جونبش دووکەڵی کفری ڕفان کەس لە مەکری زاتی حەق یەک زەڕەیێ بێدار نییە ماڵ و سەروەت ڕۆحی شیرین بۆ چییە ئەی کاکی خۆم گشتی قوربانی وەتەن بێ دەردەکەی تۆ دیار نییە سوخرەیی ئاغا و بەگ و یا زاڵمە خوێنخۆرەکان بێتە یادت وا بزانە ساڵەکەت وەک پار نییە ھەر وەکوو ئەسپێی بێگانە ڕۆژ و شەو خوێنتی ئەخوارد مل کەچ و ڕازی بە گشت ئەتوت کە وا ھیچ چار نییە ئیمڕۆ گورزی پیاوەتی کەوتۆتە دەستی لوتفی تۆ بۆ وەتەن خۆت گیان فیدا کە چاتری ھیچ کار نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکە وا مەزان کە زۆر بە باوی سەبارەت: باری غەمناک کاکە وا مەزان کە زۆر بە باوی لە ناو عالەمدا بە دەنگ و ناوی خۆت لە خۆتەوە بە گەورە مەزان ئەمە باعیسە بۆ کەمی نەزان ھەر کەس لە ماڵ خۆی پیاوی تەواوە بە قسەی مناڵ خۆی خەڵەتاوە پیاو ئەو پیاوەیە وەک داری بەردار سەمەری ببێ بۆ ھەموو ھەژار دەلیل بێ بۆ وەی ڕێگە نەزانە سێبەر بێ بۆ وەی حاڵ پەرێشانە لە سەر ڕێگەی حەق ھەرگیز لا نەدا بەرانبەر لە ڕاست پاشاھ و گەدا قەدری گشت کەسێ تەواو بزانێ حورمەت عام بگرێ ھەتا ئەتوانێ قەت مەغروور نەبێ بە کردەوەی چاک دوایی بۆی ئەبێ بە باری غەمناک نەڵێی من بەگم وەیاخۆ ئاغام یا قازی یا شێخ وەیاخۆ مەلام نەڵێی من ھەمە زێڕ و موڵک و ماڵ کۆشک و تەلار و زەخیرەی چەن ساڵ ئەمانە ھەمووی عەتای مەولایە چ جۆرە فکرێ لەسەر تۆدایە شوکرانە بکە لە دەرگای باری کردتی بە بەشەر بەناو و دیاری لوتفی بەس بدوێ لە کاری عالەم پەی پەی ھەڵکێشە ھەناسەی ماتەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستان شەرتە تاکوو بمێنم کوردستان شەرتە تاکوو بمێنم تازێ باری تۆم نابێ بیشکێنم ھەتاکوو ماوم لەسەر ڕووی دونیا دەرد و خەمی تۆ لە دڵ دەر بێنم لە یادم ناچێ تا ڕۆژی مەرگم کزەی جەرگم دێ ھەتا ئەمێنم خاک و خۆڵەکەم ئاو درا بە خوێن بەو خوێنە لالە و نەسرین ئەڕوێنم چەن نەوجەوانان خۆیان بەخت کرد دەک لە دوای ئەوان یاخوا نەمێنم دەخیلم دەخیل ئەی لاوی وەتەن بۆ کزی ئێوە دڵ پڕ لە خوێنم یەک پارچە یەک دڵ یەک دەس یەک زمان منیش لەگڵتان شەرت و بەڵێنم ھەموو وەک برا ڕاوەستین یەک سەف ڕووبەڕووی دوژمن خوێنم بڕژێنم لوتفی زەلیلە ئیمرۆ قەومی کورد کوا دەوای دەردی خاک بە دامێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستان مژدە بەیانی داوە سەبارەت: ئەم غەزەڵە لەپاش بەیان نامە گرنگەکەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ وتووە. کوردستان مژدە بەیانی داوە خۆر لەسەر شاخت گوێچکەی کێشاوە سەیری دونیا کە لە خوار و لە ژوور ھەمووی بە یەکجار لە خەو ھەڵساوە ھەر کەس لەم ڕۆژە سست بێ بزانە ئەو لە کاروانی میللەت جێ ماوە ڕۆژ ڕووناک شەوقی دا لە کوردستان دووکەڵی غەم و غەدری پێچاوە چەن ساڵە کە تۆ وا خەبات ئەکەی بە جەور و خەفەت دەرد و سزاوە داری بەختەکەت وا ھاتۆتە بەر شنە شنێتی بەدەم سەباوە زۆر ئاگادار بە دوژمنی ناکەس تێکی بشکێنی و بیخاتە لاوە پشتی یەک بگرن ئەی میللەتی کورد لە ھەر کوێی ھەن لە ڕووی دونیاوە لە بیرتان نەچێ دەستم بە دامان ئەو غەدرەی کە وا لە کورد کراوە خزمەت بێگانە زۆر بێ بەقایە مەعلووم خزمەت کار ھەر دەرکراوە لوتفی بێنە یاد کردەوەی پێشوو دەرحەق بە کوردان کەچی کراوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە بنوارە لە کردار و لە ئەوزاعی زەمان کوردە بنوارە لە کردار و لە ئەوزاعی زەمان خاکی تۆ ئیمڕۆ سەرانسەر پڕ لە جەوری دوژمنان ئاگری زۆردار بە جارێک کوردستان وێران ئەکات ھەر لە دەشت و شیو ھەردە تاکوو لووتکەی شاخەکان ڕۆژ و شەو لێشاوی مەینەت دەشت و دونیای گرتوە ئەم گەلە ھەردەم پەریشانە لە ژێر باری گران باخ و باخاتی سووتا، وێران بووە دێھات ھەمووی کەوتنە شیوەن بە جارێ ئاسمان و قودسیان ڕوو لە ھەر شوێنێ ئەکەی ھەر شیوەن و گریان و خەم عالەمی کورد گشت ئەناڵێنێ بەجارێ پیر و جوان گەر کەسێ گوێ ڕاگڕێ جەرگی کون و لەت لەت ئەبێ ولگەی زیندوویەتی خۆی ئەداتە بەربادی زەمان لوتفی ھەر دەم چاوەڕوانە بۆ تەرەقی قەومی خۆی ڕۆژێ بێ کوردیش نەجاتی بێ وەکوو باقی گەلان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە بۆچ دایم دەناڵێنی لە چەرخی ڕۆژگار کوردە بۆچ دایم دەناڵێنی لە چەرخی ڕۆژگار گشت کز و داماو و عاجز ڕەنگ زەرد و لێو بەبار کوردە دەردت زۆر گرانە بێ دەوا و ھەم بێ تەبیب چارەی خۆت گەر نەکەی زوو ماڵ وێرانی ڕەنج خەسار خاوەنی چەن ھۆز و تیرەی موڵکی چاک و ڕزقی زۆر کەچی ھەر تووی بێکەس و برسی و بێ جێگە و دیار سەیری مێژوو کە بکەی ئەی کورد مەعسوومی فەقیر چاک ئەزانی چۆن بووە شێری کوردی نامدار نەنگە بۆ توو چاوەکەم سەیری حاڵی خۆت بکە چەن پەرێشان و زەبوونی تابەکەی گریان و زار عالەمی غەیرە بە جارێ پێ گەیی ھەر تۆ نەبێ مایتەوە بۆ ژێر چەپۆکە وەک ھەتیوێکی ھەژار بەسیە خۆخۆری لەناو بەن تۆیێ ئاژاوە و نیفاق وەک برابن ڕۆژی تەنگانە لە ھەر گۆشە و کەنار ڕاپەڕن گشتان بە جارێ بۆ شکۆھی قەومی کورد دەسخەنە ناو دەستی یەکتر خەڵکی لادێ و ئەھلی شار بۆ فیدای خاکی وەتەن لوتفی وەرە مەیدانەوە سەد شوکر چاوی ھەڵێنا ئیمڕۆ کوردی ھۆشیار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە تۆ بۆ چی وا لێت شێواوە کوردە تۆ بۆ چی وا لێت شێواوە بۆ دەرگای شادیت لێ داخراوە کوردە تۆ بۆ چی دائیم ڕەنگ زەردی ھەردەم خەمگین و ھەناسە سەردی کوردە تۆ بۆ چی وا پەشۆکاوی وەک گوڵی بێ ئاو سیس و ژاکاوی کوردە تۆ بۆ چی دائیم لە خەمدای لە بەرگی سیای شین و ماتەمدای کوردە تۆ بۆ چی دەردت گرانە تەنھا دەردی تۆ بە بێ دەرمانە کوردە تۆ بۆ چی دیلی ڕۆژگاری بێ شەوق و زینەت لە خۆت بێزاری کوردە تۆ بۆ چی دائیم ژێردەسی بێ پشت و پەنا بێ ھیز بێ کەسی کوردە تۆ بۆ چی ھەربەش خوراوی لە ناو خاکی خۆت بۆ دەرکراوی وەڵامم دەوە دەردم گرانە دڵ بۆ بێ کەسیت زۆر پەریشانە وەڵامی داوە کوردی خاک بەسەر لە چی ئەپرسی لە حاڵ بێ خەبەر چیت بۆ شەرح کەم لە حاڵی کوردان بە کاغەز و قەڵەم نایێتە بەیان ئەمە چەن ساڵە لادێی و شاری من وێرانە بە دەس بەدکاری دوژمن تۆ سەیری بکە شاخی کوردستان لە ھەموو لاوە ئاگر تێبەردان لەم خاکە نییە یەک بستە شوێنێ کە ئاو نەدرابێ بە قەترە خوێنێ ڕوو لەکوێ ئەکەی شین و گریانە بارخانەی خەفەت لەوێ میوانە لە ھیچ جێگەیێ شادی نەماوە سەیری کێ ئەکەی دڵ پڕ خوێناوە لوتفی ھەتا کەی ھەر شیوەن ئەکەی دەستی دەخالەت بۆلای کی ئەبەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە دە ھەڵسە وەک شێری لانە کوردە دە ھەڵسە وەک شێری لانە خۆت دەرکە لە ژێر چەپۆک بێگانە ھەتاکەی مەستی جەھل و غەفڵەتی سەیری حاڵت کە چەن پەرێشانە لە خەو ڕاپەڕە وەک شێری مەیدان پەیاکە دەوای دەرت مەردانە یەک بگرن ھەموو گەورە تا بچووک بە سووکی سەیری یەک مەکەن گیانە وەک برا وابن بۆ یەک پشتیوان لە ڕۆژی تەنگی و شەڕ و مەیدانە پشتی یەک بگرن ھەتا ئەتوانن یەک ڕا و یەک فیکر مەرد و پیاوانە بەسە ھەتاکەی خۆ خۆری و نیفاق ھەوڵ و تێکۆشین بۆ تۆ دەرمانە لە ھەموو بارێ تۆ بە جێماوی ئەگەر ھەوڵ نەدەی ماڵت وێرانە لوتفی بێ ھوودە جەوھەر مەنوێنە بۆ خۆت بناڵە شێتی زەمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە نازانی کە چی ڕووی داوە کوردە نازانی کە چی ڕووی داوە دونیا بە جارێ چۆن شڵەژاوە گەورە تا بچووک گشت دەردەدارە ھەر یەک بە جۆرێ بە غەم دووچارە عەقڵ و شعوورت داخوا چۆن ماوە فرمێسکی چاوت وەکوو خوێناوە؟ لە ھەندێ جێگە بڵێسەی ئاگر ئاگری زۆردار لە ئاگر زیاتر لە ھەندێ جێگە خوێن وەک لافاوە چەن نەوجەوانان بەبێ گیان ماوە ئەوەی ھەژارە یەک جار خوراوە بنیادی بێ ڕۆح بە پاوە ماوە لە ھەندێ جێگە ھەر قوڕ پێوانە مەلەک بۆ حاڵت وا لە گریانە چەپۆکی دوژمن وەک تەرزەی بەھار لە ەموو لاوە بۆ کوردی ھەژار دەخیل بە دەرگات ئەی خودای گەورە پەنامان بدەی لەم چەرخ و دەورە بە شەو عەزابی گورگی نادیار بە ڕۆژ گیرۆدەی چەنگی سەگی ھار ڕێگەی ڕزگاری لە ھیچ لا نییە ئەی خودا ھاوار چارەمان چییە خۆت ڕەحمێ بکەی تەنیای فریاد ڕەس چۆن بۆ بێکەسان ھەر تۆمان ھەی کەس ڕەبی بۆ خاتر فەخری ئەنبیا ڕزگارمان بکەی لە شۆمی سیا لوتفی با بەس بێ گریانی بێ سوود ڕازی بە تەقدیر خالیقی مەعبوود ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە ڕاپەڕە بەرگت لەبەر کە کوردە ڕاپەڕە بەرگت لەبەر کە خۆت لە ژێر چەپۆک بێگانە دەر کە ھەموو یەک گرن وەک برای گیانی لە ڕووداوی کۆن سەرفی نەزەر کە چەن زەمانێکە ھەر بەش خوراوی بەس بە خۆڕایی خوێنت ھەدەر کە خۆت موھەیا کە وەک مەردی مەیدان لەم ڕێگە دوورە خێرا گوزەر کە زۆر ئاگادار بە لە کەیدی دوژمن بە ڕۆژ و بە شەو ھەردەم حەزەر کە ھەتاکوو بگەی بە مەرامی خۆت تاجی ئازادی وەک شێر لەسەر کە باسی ڕابردوو قەت مەھێنە یاد بوغز و ڕەق و کین لە دڵدا دەر کە ڕۆیی بەسەر چوو دەوری ماتەمی ئیتری ھەر شوکری زاتی ئەکبەر کە لوتفی وا دەرکەوت ڕۆژی ڕووناکی ئەتووش تەمەننای عومری خدر کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوێ لە من بگرە ئەی برای ھەژار گوێ لە من بگرە ئەی برای ھەژار بەعزێ حەکایەت بۆت ئەکەم ئیزھار قەت خەفەت مەخۆ بۆ ماڵی دونیا نەبوون چاترە بۆ حیساب ئەو لا ئەگەر ڕازی بی بەوەی داویە پێت ڕۆژی قەیامەت ھەمووی دێتە ڕێت پێنجسەد ساڵ تەواو ساڵی قیامەت لە پێش دەوڵەمەند ئەچێتە بەھەشت یەکەم لەبارەی دینەوە بەد حاڵ دووەم جێ دێڵی گشت سەروەت و ماڵ ئەوجا تێ ئەگەن کردەوەی خۆیان خەفەت ھەردوولا مایەوە بۆیان ھەژار گەر بمرێ ھیچ غەمی نییە ڕزگاری لە دەس ئەم نەبوونییە گەرچی ھەژاری دەردی گرانە بەڵام ئەجرەکەی زۆر بێ پایانە لە دونیای ڕۆشن بە داخ و حەسرەت ھەر بە غەمخواری ھەر بە ڕەزاڵەت بەتایبەت نەبوون لە ئەم زەمانە تانەی لێ ئەدەن خزم و بێگانە وەکوو گەڕ و گوڵ خۆی لێ لا ئەدەن بە چاوێکی سووک تەماشای ئەکەن یا ئەڵێن کابرا جێی غەزەب خوایە بۆیە ھەمیشە حاڵی وەھایە یا ئەڵێن کابرا یەکجار چەوتە ھەر بۆ دەس بڕین ڕوو لە مزگەوتە یا ئەڵێن کابرا زۆر حەرام خۆرە بۆیە ھەژارە دائیم بەم جۆرە ئەرێ کاکە گیان وا نییە بەخوا تەقسیمی ئەزەل بەشی خۆی ئەخوا خەڵقی کردووە چەن دەرد و زیللەت لە بەرانبەری چەن ناز و نیعمەت ئەگەر نەبوایە خەمی فەقیری بە چی دەر ئەکەوت پایەی ئەمیری؟ ئەگەر نەبوایە سەرمای زستانان بە چی دەر ئەکەوت لەزەت بوھاران؟ ئەگەر نەبوایە پیری میحنەتی بە چی دەرئەکەوت گەنجی لەزەتی؟ ئەگەر نەبوایە بێ عەقڵ و جاھل ھیچ تامی نەبوو زانا و عاقڵ لوتفی ھەژاری ھەم کە عەیب داری چاو بدە ڕەحمەت حەزرەتی باری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوێم لێ ڕاگرە کاکی بازرگان سەبارەت: ١٩٧٠ گوێم لێ ڕاگرە کاکی بازرگان ڕۆژێکت ھەیە بچێتە مەیدان ڕۆژێکت ھەیە لە مەیدانی خوا کردە و کردەوەت ئەبێ ئاشکرا ڕۆژێکت ھەیە وەک نەی ئەلەرزی بێ سوئال ئەکرێ بەقەد یەک دەرزی ڕۆژێکت ھەیە لە مەیدانی حەق مەلەک حازرن بە گورز و مەترەق بەس خۆت ڕوو زەرد کە بۆ تەماع دونیا گشتی جێ مێنێ ئەڕوا بە ھەبا بەیان تا ئێوار لەسەر دووکانی ئەحواڵی عالەم چاکە بزانی چەن ئافرەتێ دێن ڕۆژ ھەتا ئێوار گەر خەڵکی لادێ و ئەگەر خەڵکی شار بێ ئیزنی مەردی و بەبێ خەبەری لەگەڵ جەنابت بۆتە موشتەری قۆڵی ئەبڕی بە سووک و ئاسان ڕەوانەی ئەکەی بە شیرین زوبان بۆ ئاگات نییە لە ڕۆژی حیساب خالیق ئەپرسێ لە عەیب و عیتاب ھەر دەم وریا بە لە مەکری شەیتان لە ڕێت لا نەدا، نەبی ماڵ وێران لە کردەی خراپ دوور بە و ئاگەدار دوایێ لەپاشان ئەبی شەرمەزار لوتفی نەسیحەت لەسەر ڕەقی بەرد ھیچ تەئسیر ناکا لەناو دڵی سەرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە بوھارە بوھاری شادە گیانە بوھارە بوھاری شادە قەومی کورد ئیمرۆ زۆر نامرادە گەشتی ناو گوڵزارە سەیران و خۆشی بە یادی خەفەت ھەمووی داپۆشی لە جێگەی بەرگی ئاڵ و سوور و زەرد خوێنی کوردانە تێکەڵ شاخ و ھەرد لە جیاتی شایی و سوحبەت و سەیران دەنگی باوکەڕۆ و شیوەن و گریان چەم و دار و شاخ لە شین و زارن بۆکزی کوردان زۆر بێ قەرارن عالەم گشت خەریک شایی و سەیرانە کوردیش ئاوارەی دەشت و کێوانە ئاگری غەزەب لە ھەر چوار کنار دائیم ئەبارێ وەک سەیلی بوھار ئەی خودا ڕەحمی لە کوردی فەقیر ڕزگاری بکەی لە کۆت و زنجیر مەحروم و بێبەش لە خۆشی ژیان ناڵەی دەروونی دەگاتە ئاسمان زۆر پەرێشانە بێ وەزع و بێ حاڵ وەک تەیری وایە نێو داوی منداڵ لوتفی بە تەنھا ھەر توو لە زاری بۆ کزی وەتەن زۆر بێ قەراری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە نازانی دڵم زامارە سەبارەت: بە پەیکانی تیر گیانە نازانی دڵم زامارە برینەکەی من لە دووری یارە پار بوو ئەگەڕام لە دەشت و لە دەر لە مانگی نیسان ئەوەڵ بەھارە گەلێ نازداران ھاتبوون بۆ گەشت ئەگەڕان لەناو گوڵ و گوڵزارە یەک یەکیان دیار بوو ڕوخساری ئەنواند بە غەمزەی ئەبرۆ کەوتنە ئیشارە بە پەیکانی تیر دوو ئەبرۆی ھیلال دڵ و جەرگ سووتا بووە سەد پارە وەک ھەیکەل بێ ڕۆح ماوم بە پارە جێی تیری ئەوە دڵ بریندارە ئێستا ئەنۆشم شەرابی میحنەت لوتفی چی ئەکەی چارت ناچارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە نەماوم دیدەم نەماوم سەبارەت: تیمار کە دەردم گیانە نەماوم دیدەم نەماوم وەک برا کوژراو جگەر برژاوم لە دووری تۆیە ئەی چەھرە پەری بێ سەبر و قەرار بێ خورد و خاوم لە حەسرەت باڵات ھەر وەکوو مەجنوون بە شێتی مەجنوون دەرچووە ناوم وەک داری خەزان وشکم بە پاوە شەوق و زەوقم چوو شەنگ لێ بڕاوم بکەوە فریام سەر خێڵی نازدار تیمار کە دەردم ھەتاکوو ماوم پەنجەی خوێناویت سوورە بە خوێنم ئەسیر و پابەند دوو زولفی خاوم ئاگری دووری تۆ ئاگری تێ بەردام سەراپا جەستەم وەک یەک سووتاوم چاو وەک گەلاوێژ ھەڵدێنێ بە ناز بە یەک تەماشا پۆڕی خوراوم سەرخێڵی نازدار ئاھووی مشکین ناف من بۆ گرتنت لەگەڵ جێماوم ئەمجا بە ڕووی ڕووت دڵم ڕووناک کە دەردم دەرمان کە شێت و شێواوم لوتفی تۆ تازە چیت لە دڵداری منیش نازانم بۆچ خەریک ماوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە وەرە دەشت ئەوا بەھارە گیانە وەرە دەشت ئەوا بەھارە وەعدەی سەیرانی گوڵ و گوڵزارە گوڵ وا لە شەوقە بولبول لە زارە وەختی دیدەنی یاری دڵدارە دونیا خەمڵیوە بە گوڵ زەرد و شین مەلان بە شادی دەم بە پێکەنین سەریان دەر ھێنا سەیران و نەسرین ئیمڕۆ دڵەی من؛ بۆ چی زامارە؟ فەرشی ڕەنگینی پۆشی دەشت و دەر با یاری ئەکا بە باڵای عەرعەر تاجی بەھاری گشت نایە سەر سەر ھەمووی لە خۆشی جوانی بەھارە چرگ و کۆتر و بولبول ئەخوێنن سوێسکە بە بڕکە بەچکە لە شوێنن قەبقەبەی کەوباڕ یەکتر ئەدوێنن مەپرسە لە من دڵ بریندارە جا وەرە بڕۆین ئیمڕۆکە بۆ دەشت دونیا ڕازاوە بە وێنەی بەھەشت تاوێ بگەڕین بکەین سەیر و گەشت وەرە دانیشە لەم سەر دیارە شەتاوان دیارە کانی ڕووناکە خەیاڵ وا لەسەر بوورجی ئەفلاکە لەسەر تەختەکەی تاجی زوحاکە خزمەت کارێتی خوسرەو دارە ڕەشماڵ لەپاڵ یەک لە پای دەشت و دەر مەڕۆ ماڵ تێکەڵ وەک ڕۆژی مەحشەر چەن نازک نازدار چەشنی سنەوبەر باڵا نەونەمام لە پێش دەوارە دەنگ و ئاوازی شمشاڵی شوان ھەوای ساف و خۆش پاکی بەر بەیان لەگەڵ بۆنی گوڵ وەنەوشە و ڕەیحان لاولاویش تێکەڵ باڵای چنارە ھەر خۆم ماڵ وێران مەجنوونی بێ لەیل کافر بە حاڵم لە سەحرای دوجەیل دڵ لە دووری یار لە غەمباری کەیل لوتفی تا بە کەی ئەم شین و زارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەردنی نەقشی بلوورە سەنعەتی حەق وا ئەبێ سەبارەت: ١٩٤٣ - کەرکووک گەردنی نەقشی بلوورە سەنعەتی حەق وا ئەبێ ھەر لە گۆشت و خوێنی ئینسان شەوچرا پەیدا ئەبێ گەرچی مەوسووفی عەقڵ مەشھووری عیلم و ئەدەبی یەک نەزەر بەسیە لەبۆ عاشق لە ژین ڕیسوا ئەبێ تۆ بزانە پێت بڵێم گەر یەک ئیشارەت بۆ بکا تووشی عیللەی سارییە و دەردێکی بێ ھەمتا ئەبێ چاوەکانی ھەڵ ھێناوە وەک شەھێنی دوای نەچیر دڵ وەکوو دوڕاجی مسکینە لە ترسا وا ئەبێ من لە دەستی خۆم نییە دڵ تەیرە وا کەوتووتەداو ھەر کەسێ تربێ ئەویش وەک من لەڕێی سەودا ئەبێ ڕوو لەھەر شوێنێ بکا وەک شیرینی ئەرمەن نشین عالەمی وردوو درشت پڕ شۆڕش و غەوغا ئەبێ چارەی دەردی دڵت ناکرێ بە من لوتفی بەخوا ڕۆژی ئەوەڵ بەختەکەت چۆن بوە ئیستاش وادەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھاوار ھاوارە خەڵکی موسڵمان سەبارەت: ١٩٦٧ ھاوار ھاوارە خەڵکی موسڵمان یەک پارچە ھەڵسن ڕوو کەنە مەیدان ئەی گەلی کوردی مەردی بە غیرەت ھەڵسن بە جارێ گەورە و بچووکتان غەزای جوولەکە فەرزە لەسەر گشت بە پێی شەریعەت شای ئاخر زەمان زۆر عەێبە ئێمە ئیمڕۆ کەیف خۆش بین چونکە وا دیارە بەشی موسڵمان ئەسیرە بەدەست یەھوودی زۆردار وێرانە ماڵ و دڵی پەرێشان جێگە و ڕێگەیان لێ زەوت کراوە ئەگەڕێن لە چۆڵ، دەشت و بیابان بێ نان و بێ ئاو بێ خواردن و خەو لە بەحری میحنەت ئەکەن مەلەوان تۆزێ غیرەت کەن ئەی برای دینی نەوەک بەڵای وا بگاتە سەرمان ئەی کورد تەئریخی ئێوە شاھیدە ھەڵسن ئەمجارەش بکەونە جەولان چون ئێوە ئەولاد سەلاحەدینن ڕاپەڕن وەک ئەو وەکوو پاڵەوان زیندوو کەنەوە دینی ئیسلامی ھەروەک شێری نەر بچنە مەیدان شان بدەنە شان برای موسڵمان مەعلوومە خودا ئەدا تەوفیقتان ئاڵای غەزا ھەڵ کەن لە ھەر لا لە پێناوی دین وەرن ھەمووتان لوتفی ئەم جارە ھەڵسە وەکوو مەرد بۆ دین و وەتەن خۆت بکە قوربان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم سەبارەت: ھەورازی عومرم ھیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم لە ئەشکی چاوم لە ئاھی سەردم سەبەبی چییە ئەم گریانەی من بۆ چی غەمگین و دائیم ڕەنگ زەردم *** بۆ چی عاجز و بۆ ماڵ وێرانم بۆ چی ھەمیشە چاو لە گریانم بۆ چی لەشکری غەم لا میوانە بۆ چی خەرمانی عومری سووتانم *** بۆچ وا بێ ھۆش بۆچ وا سەرخۆشم لە حەوزی میحنەت بۆچ بادە نۆشم بێ خەبەر لە حاڵ دڵەی پڕ دەردم وەکوو تازێ بار دائیم ڕەش پۆشم *** کۆتر ئەخوێنێ لەسەر گوێی سەربان بۆ چی دڵی من ئەکەوێتە جەولان ھەرچەن پەڕ و باڵ ڕائەوەشێنی جەرگم ئەسووتێ ھەر وەکوو بوریان کەسێ ناپرسێ کە تۆ چ کاری دانیشتووی لادێ یا خەڵکی شاری مەبەستت چییە لەم ھۆنراوانە بە چ جۆرە دەرد تۆ گرفتاری *** نازانم ئەھلی دۆزەخم یا نار یا لێم خۆش ئەبێ زاتی کردگار لەبەر گوناھ و ماڵ وێرانی خۆم ڕۆژی ڕووناکم بۆتە شەوی تار *** ھەورازی عومرم وا سەرەو لێژە جەستەم بە جارێ گشت گێژ و وێژە وتن خۆڕایی ھیچ سوودی نییە لوتفی چی ئەڵێی ھەر بۆ خۆت بێژە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەر چەن سەیر ئەکەم لە وەزع و حاڵم ھەر چەن سەیر ئەکەم لە وەزع و حاڵم بە دەس دەردەوە وەک نەی ئەناڵم تەن لار و لاواز بێ حوکمە چاوم بێ ھێز، بێ تاقەت زەرد ھەڵگەڕاوم تەمەنم ئەوا ڕەت بوو لە پەنجا یەک ڕۆژی بێ غەم نەبووم لە دونیا یا دەردەداری یا غەمی نەبوون ھەناسەی سەردم ئەگاتە گەردوون ئەی خودا دەخیل بشنەوە ناڵەم تۆ ڕەحمێ بکە بەم ژینە تاڵەم وەکوو بولبولی گیرۆدەی قەفەس دڵ و دەروونم بووە بە قەقنەس دائیم وەک فەرھاد ناڵینە کارم لەم ژینە تاڵە پەست و بێزارم ڕۆژ و شەو خەفەت لەجیاتی شادی دوور بووم لە خۆشی بەزمی گوشادی شپرزە و ماندووی ژێر باری گران لوتفی شەکوای حاڵ بەس بکە بەیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەوری میحنەت زۆر بە تاو دەرژێنێ بارانی غەزەب ھەوری میحنەت زۆر بە تاو دەرژێنێ بارانی غەزەب کوردی مەزڵوومی ھەژار ڕۆژی ڕووناکی بۆتە شەب بێ کەس و بێ شوێن جێگە ماڵ وێران و دەربەدەر بۆ چی بەم جۆرە زەلیلی ئەی برای عالی نەسەب حاڵی کورد گەر تۆ ئەپرسی ئیمرۆ چۆنە چاوەکەم وەک مناڵێکی ھەتیوە بێ کەس و بێ یار و ئەب بێ ئەوەی ئەم میللەتە ھیچ جورم و تاوانی ھەبێ کوشتن و گرتن لە ھەر چوار لاوە ئیمرۆ بێ سەبەب قەومەکان تخوا وەرن با پێکەوە شیوەن بکەین ئاگری جەرگم بڵێسەی ھەر وەکوو ناری تەحەب ڕۆژ لە کەل دەچوو عەزیزم تیشکی دونیای گرتوو بۆ چی تووش بەم شێوەیە دڵگیری بێ شەوق و تەرەب ھەستە ڕۆژی ھیمەتە خۆت گیان فیدای ئەم خاکە کە نەک وەکوو لوتفی خەریکی شووھرەت و ناو و لەقەب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلە ڕووڕەشی نامە سیام یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلە ڕووڕەشی نامە سیام غەیری تۆ ھیچ کەس نییە بۆ من ببێ پشت و پەنام ڕووڕەش دەرگاھی تۆم ھاتوومە بەر دەرگانەکەت عاجز و ڕیسوای گوناھم خاکەساری ڕووی جەزام زۆر پەشیمانم ئەگەرچی پارە ناکا داد و شین عومری گەنجیم ڕابوارد گشتی بەبێھۆشی و نەفام تازە چی بکەم ڕوو لە کوێ کەم کێ بەیاد کەم غەیری تۆ چاوەڕێی لوتفت ئەکەم وەستا وەمە ھەر وەک خەدام سەری خۆم ھەڵگرت و ھاتم بۆ دەخاڵەت بۆ ڕجا مل کەچ و ڕوو زەرد و مەئیووسم ئەتۆی خيرُ الانام تەرکی فەرز و سونەتم زۆرە چ فایدە چوو لە دەس خۆم بە نەسڵی تۆ ئەزانم ئەی حەبیبی لايَنام لوتفی دەردی زۆر گرانە ئەی شَفيع المُذنِبين ڕووی لوتفت سانیشان دە زۆر زەلیل و بێ نەوام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ماڵی وێران بێ منم یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ماڵی وێران بێ منم چاو بە ئەشک و دڵ بە ئاھ و غەرقی عوسیان بێ منم ڕووڕەشی دونیا و قیامەت توێشەی ڕاھم نییە نائومێدی کردەوەی خۆم ڕەنج بە خەسران بێ منم دەردەکەم دەردی گرانە زۆر لە مێژە تووش بووم ئەو کەسەی دووچاری دەرد و دووری دەرمان بێ منم بۆچ نەگریێم من بە دائیم شیوەنێ بەرپا نەکەم؟ دووکەڵی ئاھی دەروونم ڕوو لە ئاسمان بێ منم سەد پەشیمانی و نەدامەت وا لەناو دڵ ھەڵ ئەسێ یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک خاک بە دامان بێ منم بارەکەم یەکجار گرانە کەس نییە دەس باری دا دەستی ناو کەشتی بە دەر خە غەرقی تۆفان بێ منم خۆتی چارەی دەردی لوتفی یا شَفيع المُذنِبين بێ نەوا و بێ عیلاج و چاو بە گریان بێ منم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاران دەردەکەم دەردێ گرانە یاران دەردەکەم دەردێ گرانە بەشم ھەمیشە شین و گریانە سەیری دونیا کە چۆن شڵەژاوە ھەرکەس بە جۆرە دەردێ داماوە ھەندێ کەس ھەیە وێڵ و سەرگەردان داد و بێدای لە چەرخی زەمان ھەندێکیش ھەیە بۆ حیرسی دونیا ھەر وەکوو سەرخۆش خۆی بە تاشادا فەرموودەی ڕەسوڵ شاھی حەرەمەین کە وەعدەی داوە ئەوانە ئێمەین بەرگی برسیەتی خەفەت و ماتەم پۆشییە بەرمان ھەموو خاترجەم ئەمەش نشیانەی غەزەبی خوایە ڕەحمی ئیسلامەت لای کەس نەمایە خوێنی ھەزاران گەدا ئەڕێژێ ئێسقانی ئەشکێ مێشکی ئەپژێ گشت برای دینن ئەکتر ئەکووژن بۆ جیفەی دونیا خوێن ئەک ئەمژن لە یاد کەس نیە مەیدانی خودا لە ڕۆژی حەشر چۆن وەڵام ئەدا بۆ چی کوژراوی کوشتت لەسەرچی چۆن وەڵام ئەدەی ئەوجا ئەڵێی چی دەشت و کێوو شاخ بەخوێن بووە سوور تێر گۆشت و ڕۆن بوو مەل و مار و مور کەسێ کە دوو کەس لە ئەو بترسێ لە ڕۆژی حیساب خوالێی ناپرسێ جێگەی جەھەننەم زۆر باش بزانە ئەویش فەرموودەی فەخری جیھانە نە ڕۆژ نە سەعات نە دەقە و ئان بزانە غەزەب ئەبارێ بۆمان قەناعەت نەما ڕەحم نوقم بوو ڕێگەی شەریعەت بە جارێ گوم بوو بدعەت ڕوو ئەدا ھەرڕۆژێ نەوعێ سوونەتی ڕەسوڵ سا بۆ کوێ ئەچێ بەسیەتی توخوا ئەرێ برا گیان تۆزێ بیرکەوە چی دێتە سەرمان دونیا ھیچ نییە مەعلووم بێ لەلات پێنج و دوو ڕۆژە ھەر چۆن بێ ئەڕوات بەسە ھەتاکەی کردەوەی خراپ ڕوو بکە خودا و ھەم ڕێگە سەواب لوتفی توو ھەستە و خاک بەسەرداکە لە جیاتی ھەمووان شیوەن بەرپاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەکەم بە ناوی خودای لامەکان سەبارەت: نامە بۆ مەلا ئیبراھیم لە دێی شێخان لە ناحیەی کۆیری - ١٩٥٤ یەکەم بە ناوی خودای لامەکان دووەم سەڵاوات لە فەخری ئەکوان برای خۆشەویست مەلا برایم حاجی و مودەڕس دیانەت قایم ئومێدم وایە لە دەرگای ێەزدان بە درێژی عومرت نەبی دڵ گران سیحەت و وجوود نیعمەتی دونیا دوور بێ لە بەڵای خودای بێ ھەمتا ڕەنگت ھەر گەش بێ چاوت ڕووناک بێ دەفتەری خەتات دائیما پاک بێ جەرگت نەسووتێ لە جەفا دوور بی ھەرگیز لە باخی شادی و سروور بی عەیش و نۆشەکەت دائیم شیرین بێ دوژمنت دائیم دڵی غەمگین بێ ئەوەندەت سەلام بۆ ڕەوان ئەکەم کزەی دەروونم نووری دیدەکەم لە ارێزەوە ھەتا دێی شێخان بەقەی گیای بەھار سەلام بێ لێتان بە ڕۆژ و بە شەو فکرم وا لای تۆ زۆر ئارەزوومە دیدەنی ڕووی تۆ دائیما وێنەت وا لە بەر چاوم وەکوو پەروانە ھەڵکڕووزاوم لە ڕووی لوتفەوە ئەپرسی ئەحواڵ سوپاس بۆ خودای گەورەی لەیەزاڵ زۆر لە سیحەت داین ھەموو زۆر چاکین لە لۆمەی پیاوی ڕەزیل بێ باکین ئیدارە و سیحەت بە دڵ دوستانە ئیشمان ھەر کەیفە ھەر شادومانە ئیتر ھەر بژی بە خۆشی و شادی دوور بی لە غەم و لە نامورادی بە گوێرەی زانین خۆم کە وتوومە گەر کەم و کووڕەلێم مەکە لۆمە لوتفی ئەڵێی چی شیعرت زۆر جوانە بۆ پیاوی ھۆشمەند قووتی ژیانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئایا ڕۆژێ دەبینم من ڕزگاری قەومی کورد ئایا ڕۆژێ دەبینم من ڕزگاری قەومی کورد یاخۆ ئەجەل ئەکاتن شەبیخوون بە دەستوبرد خۆزگایە بمدیبایە من ئەو دەور و زەمانە وەک بولبولی نەغمەخوان سۆزم دونیای پڕ ئەکرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرێ ئەی نەفسی دێوانە ھەتا کەی غەفڵەت و نووستن سەبارەت: پێداچوونەوە: عەتا ئەرێ ئەی نەفسی دێوانە ھەتا کەی غەفڵەت و نووستن ھەتا کەی مەست و بێ ھۆشی لە قوڕ گیری ھەتا گەردن ھەموو عومرت بەخۆڕایی لەدەس چوو خانە وێرانی پەیا کە ئیلتیفاتێ بۆ حزووری حەق لە پێش مردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوەی پارەی بوو پیاوێ تەواوە ئەوەی پارەی بوو پیاوێ تەواوە سەد عەیبی ھەبێ گشت داپۆشراوە بەڵام کەسێکی ھەژار و بێ ماڵ با فەیلەسووف بێ پشتی شکاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی زەمانە چەن کەست کوشت و چەنی ما بێ پدەر ئەی زەمانە چەن کەست کوشت و چەنی ما بێ پدەر چەن ھەزاران نازەنین و پادشات کرد دەربەدەر قەت وەفاداریت لەبۆ ھیچ کەس ھەتاکوو سەر نییە ڕۆژی چەن کەس خوێنی ئەڕژێ بێ گوناھ ئەڕوا ھەدەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی کوردی زەلیل دیدە پڕ لە زار ئەی کوردی زەلیل دیدە پڕ لە زار دەروون پڕ لە خەم لە ژیان بێزار گا مەستی بادەی ژەھراوی گەردوون گاھێ گیرۆدەی ژێر دەستی ئەغیار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی کوردی سیاھ چارە و پەراگەندە و بیمار ئەی کوردی سیاھ چارە و پەراگەندە و بیمار ھەردەم کە ئەناڵێنی بە مەحزوونی و غەمبار تۆ بە ئازایی و جوانمەردی کە مەشھووری جیھان ئێستا بوویتە ژێر چەپۆکی مامە ڕێوی و کەمتیار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی گوڵی ھیوای کورد ئەی شێخ مەحموودی مەلیک ئەی گوڵی ھیوای کورد ئەی شێخ مەحموودی مەلیک ئاگەدارت بێ خودای تاک و تەنیا و بێ شەریک تۆ کە فەخری قەومی کوردی تۆی زەعیم و پێشەوا خالقی عالەم بەخۆی حیفزت بکا، نەتکا خەریک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با شیوەن بکەم خاک بە دامانم با شیوەن بکەم خاک بە دامانم وەک جۆگە خوێن بێ لە چاوانم بۆ کزی کوردە شین و ھاوارم بە ڕۆژ و شەو ھەر لە گریانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بوھارە گشت کەژ و کێوی وەتەن ڕەنگینم ئیمڕۆ بوھارە گشت کەژ و کێوی وەتەن ڕەنگینم ئیمڕۆ شنەی ئەیامی نەورۆزە کە مایەی ژینە ئیمڕۆ چریکەی بولبول و قومری لەناو باخ و لەسەر چڵ ئەڵێ کوردە دە شادی کەن چ وەعدەی شینە ئێمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێ ناگەم فەلەک بۆ چی بەردەوام تێ ناگەم فەلەک بۆ چی بەردەوام دۆست و ھامڕازی بۆ پیاوی نەفام؟ ! کەچی ئینسانی خاوەن ھۆش و بیر دائیم مەحزوونە لە چەرخی ئەیام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشای وێنەم بکەن کە وامە تەماشای وێنەم بکەن کە وامە لەناو گۆڕیشدا ھەستم تەمامە پەنام بردووە بۆ زاتی خودا ئەو پەنایەی من ھەر بەردەوامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەوھەری من وەک دەبانە و تۆش بە وێنەی شینە تیغ جەوھەری من وەک دەبانە و تۆش بە وێنەی شینە تیغ ڕووی فەلەک ڕەش بێ کە من موحتاجی تۆمە سەد دریغ گلەیی ناکرێ لە ئینسانی وەکوو تۆ زاھیرەن چونکە یەک زەڕڕە ئیمانت لا نییە وەک قەومی سیغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا بۆ خاتر حورمەتی نەبیی خودا بۆ خاتر حورمەتی نەبی لە گوناھانم سەرانسەر خۆش بی من بەندەییەکی گەلێ ڕووسیام غەرقی قوڕاوم ڕەحمی تۆ نەبی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا بیگۆڕە ئەم دەورە چ دەورێ نەحس و دژوارە خودا بیگۆڕە ئەم دەورە چ دەورێ نەحس و دژوارە ئەوەی وا بڵح و سەر چەوتە دەبینی ئەمڕۆ سەردارە مەحاڵە پیاوی چاک ئەمڕۆ ببێتە کار بە دەس لێرە ھەموو لەم لا و لەو لا ھاتووە نەک خەڵکی ئەم شارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا غەرقی گوناھم شەرمەزارم خودا غەرقی گوناھم شەرمەزارم گەلێ دەردم گرانە بێ قەرارم لە بەحری ڕەحمەتت بۆ قەترەیێ من بە ڕۆژ و شەو ھەمیشە ئینتیزارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودایە ئەوا ڕووم کردە لای تۆ خودایە ئەوا ڕووم کردە لای تۆ ھەزار دەخالەت بە بارەگای تۆ گەرچی بە جارێ غەرقی گوناھم ھیچ پەنام نییە غەیرەز پەنای تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دونیا وەک ژنە لە دوای حەفتا ساڵ دونیا وەک ژنە لە دوای حەفتا ساڵ داوات لێ دەکا بازنگ و خرخاڵ زۆر ئاگادار بە لە ڕێت لا نەدات لەم ئاخیرەدا نەتخاتە ناو چاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو شازولفی شۆر بازنگ و خرخاڵ دوو شازولفی شۆر بازنگ و خرخاڵ چەن بە لەنجە و لار دێتەوە بۆ ماڵ دووچاری کردووە ھەزاری وەک من کە ڕاوەشێنی سەر لفکەی دەسماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ ئیمرۆ گەلێ پەست و خەمبارە دڵ ئیمرۆ گەلێ پەست و خەمبارە دونیای ڕۆشنی وەک شەوی تارە تەمەنی جوانی و شادی لە دەس چوو بۆیە بەم چەشنە لە ژین بێزارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵەکەم ئەمڕۆ لە بەزمایە و خەریکی شادییە دڵەکەم ئەمڕۆ لە بەزمایە و خەریکی شادییە یادی نەورۆزی ئەکا جەژنێکی کۆنی کوردییە سەیری ڕووی دونیا ئەکەم گشتی گوڵ و گوڵزار و شین کۆچی کرد زستانی سارد و ڕۆژی بەزم و خۆشییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیل بە دەرگات شای عالی مەقام دەخیل بە دەرگات شای عالی مەقام زۆر پەرێشانم بگەرە فریام بە ڕۆژ و بە شەو، لە شین و زارم دەردم گرانە بێ ھێز و توانام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەسا غیرەتێ ئەی میللەتی کورد دەسا غیرەتێ ئەی میللەتی کورد ئەستێرەی بەختت وا تلووعی کرد ئەمڕۆیە ڕۆژی ئازادی گەلان ڕاپەڕە وەک مەرد ئەتۆش دەست و برد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زۆر جێگە گەڕام من لەم وڵاتە زۆر جێگە گەڕام من لەم وڵاتە شیرین و تاڵیم چەشت لەم حەیاتە ھیچی لە یادم نەماوە ئێستا ئەوەی لە یادە تەنھا ئەم کاتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری وێنەکەم چەن پەرێشانە سەیری وێنەکەم چەن پەرێشانە دەردەداری دەس چەرخی زەمانە دەروونم پڕغەم وەک نەی ئەناڵێ ھەوارگەی دڵم چۆڵ و وێرانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوکر بۆ خوا بەسەر چوو دەوری خەمناک سەبارەت: ١٩٦٨ شوکر بۆ خوا بەسەر چوو دەوری خەمناک زەمان گۆڕاوە ڕۆژگارێ فەرەحناک ھەموو کەس ڕوو بە شەوق و دەم بە خەندە ھەتا سەر بیێ بە حورمەت شاھی لەولاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شین و ڕۆڕۆمە بە دائیم ڕۆژ و شەو دڵ ئەسەف شین و ڕۆڕۆمە بە دائیم ڕۆژ و شەو دڵ ئەسەف عومرەکەم ھاتە کۆتایی کردەوەم گشت بێ ھەدەف شەرمەزار و لارەخوار و سەر کز و بێ چارە خۆم دەستەدامانم دەخالەت سەروەرم شاھی نەجەف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عومەر و عوسمان بووبەکر و عەلی عومەر و عوسمان، بووبەکر و عەلی بە قەولی ئەسەح ھەر چواریان وەلی لەسەر دەس ئەوان ئیسلام پەرەی سەند پەیامی دینیان گەیاند کامیلی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەک لە داخت دائیم ئەناڵم فەلەک لە داخت دائیم ئەناڵم ناو بەحری مەینەت شکاوە باڵم ئەو جەورەی کە وا تۆ بە منت دا یا خوا ھیچ کەسێ نەبێ بە حاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەد و باڵای چەن شیرینە ڕوو بە خەندە و دولبەری قەد و باڵای چەن شیرینە ڕوو بە خەندە و دولبەری نێرگزی کوێستانە چاوی ڕەنگ روخساری پەری تیری غەمزەی بۆ منی بۆژارە بۆتە سەد ئەلەم ئێش و ئازارە ژیانم من لە شادی بووم بەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاوی کورد زوو کە پشتت ببەستە لاوی کورد زوو کە پشتت ببەستە ڕوو کەرە مەیدان بۆ ئەم مەبەستە گەر ئێوە یەک بن دوژمن بێ ھێزە بەسە ھەتا کەی لەم خەوە مەستە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر کە خانمی کورد بەرگی کوردی لەبەر کە خانمی کورد بەرگی کوردی بە لەنجەولار و ناز و سەر بڵندی چ چالاک و دلێر و خان و مانی بەناو بانگی لە عالەم دا بەمەردی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من ڕوو لە کوێ کەم ئەی خودای بێ باک من ڕوو لە کوێ کەم ئەی خودای بێ باک جێی ھەژار نییە لە ئەرز و ئەفلاک غەمی خاوەن دێ و گزیر و کوێخا دڵی عالەمیان گشت کردوە غەمناک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنەی شێواوم با لە دوای ژیان وێنەی شێواوم با لە دوای ژیان تەماشای بکەن دۆست و برایان دونیای بێ بەقا بۆ کەس نامێنێ پێنج و دوو ڕۆژە گەدا یا سوڵتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایز و زستان لەگەڵ ھاوینە پایز و زستان لەگەڵ ھاوینە ھەر بناڵێنە لە دەس ئەم ژینە بەڵام فەسڵەکەی بوھار زۆر خۆشە چونکە لابەری خەفەت و کینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێم بڵێن یاران چییە ئیمرۆکە ڕووی ئاسمان تەمە پێم بڵێن یاران چییە ئیمرۆکە ڕووی ئاسمان تەمە سەیری ھەر لایێ ئەکەی عالەم غەریقی ماتەمە ئەی فەلەک باڵت شکێ بۆ کردەوە و ڕەفتارەکەت بۆ چی حاڵی قەومی کورد دائیم لە جەور و ستەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکەم ھێندە حەزینم دڵ ئەناڵێ ڕۆژ و شەو چاوەکەم ھێندە حەزینم دڵ ئەناڵێ ڕۆژ و شەو مەیلی توو دائیم لە دڵدا لێم حەرام بوو خورد و خەو تیری ئەبروو لەشکری موژگانی چاوی دولبەرم ھێرشی ھێنا بە توندی موڵکی جان کرد درەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژ و شەو دائیم ئەناڵێنم وەکوو چەنگ و ڕوباب ڕۆژ و شەو دائیم ئەناڵێنم وەکوو چەنگ و ڕوباب ئەم ژیانە کەی ژیانە پڕ لە ئەنواعی عەزاب ھەر منم دائیم کە وا سەردار و سەر قافڵەی خەمم بێ کەس، بێ یار و ھاودەم خەستە حاڵ و ماڵ خراب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەنگ ئەسمەری لێو شەکەری قەد عەرعەری ڕەنگ ئەسمەری لێو شەکەری قەد عەرعەری لە جوانیا ھاوتات نییە ئینسی وەیا خۆ تۆ پەری ئەبرۆ کەوان شیرین زوبان سەرووی ڕەوان چاو گەلاوێژ، باڵا درێژ، چەندە بەناز و دولبەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەنگ زەرد و زەعیف کز و زەبوون ڕەنگ زەرد و زەعیف کز و زەبوون گیرۆدەی جەوری چەرخی گەردوونم ڕۆژگارم پڕ خەم شەو ناڵەی دەروون ھەردەم بێ قەرار جگەر پڕ خوونم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستانەکەم نیشتمانی من کوردستانەکەم نیشتمانی من بینای چاوانم دڵ و گیانی من سەیری دیمەنی ڕەنگاوڕەنگی تۆ ھۆی نەشاتمە و ھەم ژیانی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە دەبا توویش تالیع یارت بێ کوردە دەبا توویش تالیع یارت بێ چوار ڕۆژ بێگانە خزمەتکارت بێ تا کەی زەلیلی چەرخی دەوران بێ خەم و پەژارە و گریان کارت بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەرچی خۆم ڕووت و ڕەزیلم دڵ ھەوای جاران ئەکا گەرچی خۆم ڕووت و ڕەزیلم دڵ ھەوای جاران ئەکا ھەر وەکوو ئەووەڵ لە شەوقە ئارەزووی سەیران ئەکا گەرچی زۆر پیر و زویرە تاقەتی حاڵی نییە ئیدعای قورب و ویساڵی وەسڵی ڕووی جانان ئەکا وا لە دەشتا کەوتووە بێ ناز و لەشی پڕ زبڵ و خۆڵ فکری بازاڕ و ئوتێل و قەیسەری شاران ئەکا پیری داری دایە دەستی پای کە دوو بوو بۆتە سێ گەرچی حاڵیشی وەھایە ئارەزووی گەڕان ئەکا وا لە توێی کراسی خام و کێچ ئەسپێدا ڕەزیل باسی چۆغەی لاجیوەرد و فاسۆنی جەڕمان ئەکا خۆی لە سەحرایێکی بێ ئاو کەوتووە مات و مەلوول ئیدعای ئاوی شەت و باغ و گوڵ و ڕێحان ئەکا شەش گەزی چاوی نییە لە موڵک و سەروەت ئەی ھەژار سەرگوزەشتەی بەرگی چین و ئارمۆش و کەتان ئەکا ھەر بە مسکینیش ئەگەر لێرە نەبێ جێگەی نییە داخەکەم لافی ئەمیری شاری کرماشان ئەکا تەعقیبی ڕێگەی عەقڵ کە لوتفی تا کەی وا عەزاب باری بێ عەقڵی گرانە خەڵقی بێ سامان ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە دەخیلە دەس کەن بە خوێندن کوردە دەخیلە دەس کەن بە خوێندن خوێندن سیلاحە بەرانبەر دوژمن ھەر بە خوێندنە ئەگەی بە ئاوات سەر بەرز و شادی تا ڕۆژی مردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەرچی خۆشی و زەوق نەماوە ئەی قەڵەم گەرچی خۆشی و زەوق نەماوە ئەی قەڵەم حاسیلی پڕ سینە دەردە یا غەمە یاخۆ ئەلەم چاوەکەم بۆ شەرحی دەردم ڕاپەڕە میسلی بەرق چی ئەزانی بێرە گوفتار دڵ ئەوا شەق بوو لە غەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەرچەن سەیر ئەکەم حاڵم شێواوە ھەرچەن سەیر ئەکەم حاڵم شێواوە بۆ میللەتی کورد ئەژنۆم شکاوە وەک ئاسکەی غەریب لە دەشتێکی چۆڵ ڕەشە ڕاوچییەکان دەوریان لێداوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلە دڵ بریندار و حەزین یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلە دڵ بریندار و حەزین ڕۆژ و شەو غەرقم لەناو بەحری غەم و گریان و شین دائیمە بەند و زەلیلم من بە دەس نەفس و ھەوا بێ، نەجاتم دە! دەخیلە تۆی دەلیلی حائرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاران وێنەکەم خەیلێ شێواوە یاران وێنەکەم خەیلێ شێواوە وێنەی پیرێکی تەواو فەوتاوە چەرخی ڕۆژگار ھەر لە کەمیندا بۆ ئازاری دڵ ھەردەم بە تاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم خودایە ئیش و کاروو کردەوەی چەن نادرە ئەم خودایە ئیش و کار و کردەوەی چەن نادرە چونکە خوایی بێ شەریک و تاک و تەنیا و قادرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی زەمانە بەسیە میحنەت جەرگ و دڵ وا بۆ کەباب ئەی زەمانە بەسیە میحنەت جەرگ و دڵ وا بۆ کەباب تا بە کەی تۆ پێم دەچێژی ڕۆژی سەد جۆرە عەزاب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارانی خەم دەبارێ بۆ ئەم کوردەوارییە بارانی خەم دەبارێ بۆ ئەم کوردەوارییە ڕوو لە ھەر لایێ دەکەی خوێن وەکوو ئاو جارییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا بە کەی من ھەر بناڵم ڕۆژ و شەو دەرد و عەزاب تا بە کەی من ھەر بناڵم ڕۆژ و شەو دەرد و عەزاب باخی عومرم بێ سەمەر چوو خەستە حاڵ و ماڵ خەراب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تووشی گێژاوی خەفەت بوومە بە دایم سوبح وشام تووشی گێژاوی خەفەت بوومە بە دایم سوبح و شام شێت و شەیدا بووم لە دووریت دولبەری شیرین کەلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ بە دونیا خۆش مەکە قەسرو نیگارو نەقشی چین دڵ بە دونیا خۆش مەکە قەسر و نیگار و نەقشی چین ماڵی ئاخیرمان قوڕە، قوڕمان بەسەر بۆ کوێ بچین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ گەلێ غەمگینە ئیمرۆ ئارەزووی گریان دەکا دڵ گەلێ غەمگینە ئیمرۆ ئارەزووی گریان دەکا لەشکری خەم وا بەڕێوە موڵکی دڵ وێران دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زوڵفەکانت وەک تەنافە چاوەکەم بۆ گەردنم زوڵفەکانت وەک تەنافە چاوەکەم بۆ گەردنم یەک نیگاھت کافییە گەرچی لە حاڵی مردنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد دریغ بۆ قەومی کورد وا کەوتووە مات و زەبوون سەد دریغ بۆ قەومی کورد وا کەوتووە مات و زەبوون شێری مەیدان بوو زەمانێ دای لە باڵی چەرخی دوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نوری عیلم و مەعریفەت ئیمڕۆکە دونیای گرتووە نوری عیلم و مەعریفەت ئیمڕۆکە دونیای گرتووە لەشکری جەھل و نەزانین لێرە باری کردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نێرگیزی ناو باخ و مێرگی یا کنێرەی گوێ ڕووبار نێرگیزی ناو باخ و مێرگی یا کنێرەی گوێ ڕووبار ھێندە جوان و ناسکی مانەندی ئاھوویی تەتار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژو شەو غەزەب ئەبارێی بۆمان ڕۆژ و شەو غەزەب ئەبارێ بۆمان کەرکووکمان لێ بوو بە کونجی زیندان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە سەیرکە چۆن بە خوێن سوور بوو خاکی کوردستان کوردە سەیرکە چۆن بە خوێن سوور بوو خاکی کوردستان وەک چرا ئێستا ئەسووتێ شەوقی فەخری کوردەکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەر بە زکری خوا عەزیزم تۆ دڵت گوشاد بێ ھەر بە زکری خوا عەزیزم تۆ دڵت گوشاد بێ بێ گومان خەرمان حوزن و خەم ھەموو بەربا دەبێ ++++++++++++++++++++++