شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: دیسان وا جەژنە جەژنی قوربانە سەبارەت: بارانی میحنەت دیسان وا جەژنە جەژنی قوربانە لای موسڵمانان شادی و سەیرانە بارانی میحنەت زۆر توند ئەبارێ بەسەر چیا و چۆڵ خاکی کوردانە حەجاج لە مینا حەیوان بەختەکەن کوردیش قوربانی پیر و لاوانە - - - - - - - - - - چەن نەوجەوانان خوێنیان ڕژاوە لە ھەر چوار لاوە وەک قەسابخانە دیسان سەر لە نوێ فتوا دراوە ئاسمان لێڵ و تار خوێن ئەبارێنێ بۆ حاڵی کوردان وا لە گریانە ڕوو لە کوێ ئەکەی ئاسایش نییە چیا و دەشت و دەر ئاگر بارانە گشت پەراگەندە بێ ماڵ و جێ گەن وەکوو جانەوەر وان لەو کێوانە گەرچی ئیمرۆکە کورد زۆر زەلیلە ھەرگیز نافەوتێ مەردی مەیدانە ڕۆژێ ھەر ئەبێ وەک شێر ڕاپەڕێ گەورە و بچووکی ئەم کورد زوبانە لوتفی لەشکری دوژمن شکاوە تاریکی گوزەشت بەرەو بەیانە ++++++++++++++++++++++