شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: داخ لە دەس جەوری زەمانە وەک فلیمی سینەما داخ لە دەس جەوری زەمانە وەک فلیمی سینەما جار بە جار خۆی لێم ئەگۆڕێ ھەروەکوو شاپووری شا ڕۆژێ ئەیکا بە وەزیر و ڕۆژێ گێژ و بێ نەوا ڕۆژێ فاسۆنی لەبەر کرد ڕۆژێ ڕووت و بێ کەوا ڕۆژێ بێ شەوق و زەلیلە دائەنیشێ دڵ بە غەم ڕۆژێ شەوقی سەر و سیمای ھەروەکوو نەجمی سەما ڕۆژێ ڕوخساری ئەبینم سیس و بێ خواردن و خەوە جارێکیش ھەر ئەو کەساسە ڕووی وەکوو ڕۆژ شەوق ئەدا جارێ ژەنگاوی وەکوو ئاسن لە ناوی زبڵ و خۆڵ ڕۆژێ ئەیبینم بەشەوقە ڕوومەتی ھەروەک چرا دوێنێ خزمەتچی و نۆکەر بوو لە دەرگەی حاکمێ ئیمڕۆ وا لە شانە بۆتە سەرکردەی سوپا دوێنێکە کەناسی کۆڵان ئەمڕۆکە بۆتە ئەمیر پێ لەسەر پێی دائەنیشێ ڕوو بەڕووی سەرھەنگ و شا دوێنێ ڕووت و بێ کراس بوو پێم ئەوت مامە خلە ئیمڕۆ پۆشتە و پارەدارە پێی ئەڵێی خدرە ئەغا پارەکە پیاوی زەریف بوو چونکە پارەی زۆر ھەبوو لوتفی ئیمڕۆ بێ فلوسی لاچۆ لێرە توخوا ++++++++++++++++++++++