شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: ئەی دڵ بێزاری لە ژین دائیمەن مەشغووڵی شین ئەی دڵ بێزاری لە ژین، دائیمەن مەشغووڵی شین بەسیە تا کەی ھەر گرین؟ ! جارێ ئاو، جارێکی خوین دڵ برینداری زەمانم، خەرمەنی عومری سووتانم دەربەدەر تاڵە ژیانم، جەرگ و دڵ بۆتە برین وەکوو خوێنە ئاوی چاوم، خۆم وەکوو کەشتی سەر ئاوم تاب و تاقەت لێ بڕاوم، مردنم چاتر لە ژین چاترە مەرگ لەم ژیانە، بوومە جێی تانەی بێگانە وام لە زومرەی فاسیقانە، ڕووسیای بەر دەستی دین شەرمەزاری لای ڕەسوولم، بۆیە غەمگین و مەلوولم لە کردەی خۆم ناقەبووڵم، سەد دەخیل شای مورسەلین شاھی جەمعی ئەنبیای، خۆشەویستی زاتی خوای شافیعی ڕۆژی جەزای، ھاوارە شاھی مەدین ھەر تۆ شاھی ئەنس و جانی، خاتەمی پێغەمبەرانی جێی مورادی عاسیانی، خەلقەتت ئایەی موبین مەدحی تۆ ئایەتی قورئان، خاوەنی موعجیزە و بورھان ئەی ئەشرەفی ھەردوو جیھان، خۆتی ڕووناکی سەر زەمین ناوی تۆ یاسین و تاھە، بۆ ئومەت پشت و پەناھە لوتفی خاوەنی گوناھە، تۆی شفيع المذنبين ++++++++++++++++++++++