شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: کوردە بنوارە لە کردار و لە ئەوزاعی زەمان کوردە بنوارە لە کردار و لە ئەوزاعی زەمان خاکی تۆ ئیمڕۆ سەرانسەر پڕ لە جەوری دوژمنان ئاگری زۆردار بە جارێک کوردستان وێران ئەکات ھەر لە دەشت و شیو ھەردە تاکوو لووتکەی شاخەکان ڕۆژ و شەو لێشاوی مەینەت دەشت و دونیای گرتوە ئەم گەلە ھەردەم پەریشانە لە ژێر باری گران باخ و باخاتی سووتا، وێران بووە دێھات ھەمووی کەوتنە شیوەن بە جارێ ئاسمان و قودسیان ڕوو لە ھەر شوێنێ ئەکەی ھەر شیوەن و گریان و خەم عالەمی کورد گشت ئەناڵێنێ بەجارێ پیر و جوان گەر کەسێ گوێ ڕاگڕێ جەرگی کون و لەت لەت ئەبێ ولگەی زیندوویەتی خۆی ئەداتە بەربادی زەمان لوتفی ھەر دەم چاوەڕوانە بۆ تەرەقی قەومی خۆی ڕۆژێ بێ کوردیش نەجاتی بێ وەکوو باقی گەلان ++++++++++++++++++++++