شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: وا خەیاڵم سواری ئەسپی سەر ڕەقی بەد غار ئەکا وا خەیاڵم سواری ئەسپی سەر ڕەقی بەد غار ئەکا ڕوو لە شاخ و دەشت و کێو و چۆم و بەرد و دار ئەکا لافی زل زل لێ ئەدات و ھەر وەکوو ئاغایی ڕووت ھیچ لە ماڵیدا نییە و داوای سوپا و سالار ئەکا حاکیمی حوکمە لەسەر تەخت و تاراجی نەگبەتی سەربەخۆ کە چی ئیدعایی تەخت و قەسری زەڕ نیگار ئەکا تیغی نەگبەت باڵی پەل داوە فڕێی داوە لە دوور بێ خەبەر لە حاڵی خۆی داوای سەما و تەیار ئەکا باری بێ عەقڵی گرانە وا لەژێریا نووچ ئەدا گەرچی لەو حاڵەیشە ھێشتا ئیدعای سەر بار ئەکا ڕووت و بێ بەرگ و کراسە، سەر بەتاڵ و پێ پەتی مەعمەلەی یاقووت و دوڕ و سەنگی گەوھەربار ئەکا بەسیە لوتفی زەحمەتە بۆت ناگیرێ نەفسی بەدت سەد ھەزارانی وەکوو تۆ پڕ جەفا ھاوار ئەکا ++++++++++++++++++++++