شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: بانگێک بۆ پۆڵ ڕۆپسن سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٤ ئەی بولبولی ئاشتیخوازیی، پۆڵ ڕۆپسن! ئەو شێتانەی لە خوێندنت ئەترسن دەمیان گرتی، نیازیان هەبوو ئاوازە قەدەغەکەن لە گوێچکەی دنیای تازە بەر نەگیرا بۆیان لە ڕۆژ، ناچار بوون ڕێی فڕینت لێ ببەستن بۆ دەرچوون! ئەو شێتانەی ساز و کەمان ئەشکێنن، بولبول ئەگرن، پەڕی باڵی دەردێنن، نایەڵن بێی، بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات بەستە بڵێی، تیژ کەی ئاگری خەبات! ڕۆژهەڵاتمان: لای ڕووناکی ئاشناتە، لای شەویشی بێدارە، دڵی لاتە، چاوەنواڕین قەفەسی کۆن بشکێنی، پەساپۆرتی دەنگ لە سنوور بنوێنی، (جۆلیۆ نەیوت: ڕاستی و گۆرانیی ڕۆپسن بێ پەساپۆرت سنوور ببڕن، نەترسن؟ ) بمانگەیتێ و بە ئاوازەی وەک هەنگوین لە ناومانا بخوێنی بۆ: ئاشتی و ژین! وا بخوێنی کە سپی و زەرد لەگەڵ ڕەش گوێت بۆ شل کەن وەک یەک دڵ و وەک یەک لەش! تینووی گیانی گۆرانیتن، پۆڵ ڕۆپسن! پۆڵ ڕۆپسن! ئەی پۆڵ ڕۆپسن! ئەی پۆڵ ڕۆپسن! سپی و زەرد و ڕەشی ڕێگای یەک گرتن پاڵەوانی ئاشتی! بولبولی وتن! تا ناو دۆڵی دوور و کلای کوردستان، ناو و دەنگت ئاشنان بە گوێچکەی ئینسان کوڕی ساوای حەوت ساڵانم ئەتناسێ، ناوت ئەبا، وەک هی مامی دراوسێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مایکل سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٣ ئەی ڕۆڵەی «ئەسیل» و «جۆلیۆس»، ئەی «مایکل»! ئەوەی تۆی هەتیو خست: جەورێکە زۆر زل، جەورێکە کراوە لە باوەڕ بە داد، لە سەربەستیی زانست، لە بیری ئازاد کێردێکە بە دەستی خوێناویی تاوان دراوە لە جەرگی هۆی فەخری ئینسان ئەسیل و جۆلیۆسی دایک و باوکی تۆ بۆ ئاشتی ئەیاندا لە یەک هەشت و نۆ... ئەیانویست زانستیان، بەری مێشکیان، بێتە هۆی ڕووناکیی بەرچاو بۆ ژیان نەک دەزگای دۆزەخی قەڵاچۆ کاری دروست کا بۆ دەستی سەرمایەداری، تا گۆشتی گیانداری ڕووی بە یەک ژەم دەرخواردی دێوێک بەن دایپچڕیوە دەم ئەم پاکی و پیرۆزی و بەرزیی نیازە بە تاوان دانرا لە دنیای تازە... هەر لەبەر پەیکەری سەربەستیی بەرزا، وەک قۆچی قوربانی دران بە ئەرزا! پەیکەری سەربەستی بە چاوی خۆی دی وڵاتی: دوو زانای مردن، لەسەر چی؟ لە پەڕەی تەئریخا سەرەک لەنکۆڵن سەرشۆڕە لە شەرمی زانا وا کوشتن! کوژران دایک و باوکت، بەڵێ، لەناو چوون لە ڕێی باوەڕیانا بە قوربانی بوون! تۆ و «ڕۆبەرت» ئێستاکە جووتێک هەتیون خەم خواردن ئەو بزەی لە لێو بڕیون کە تا مرد بۆ دایکت هۆی گەشیی دڵ بوو دوا نامەی بۆ بزەی لێوتان بە کوڵ بوو؟ *** ئەی مایکل! ئەی ڕۆبەرت! ئەی نازدارەکان ونتان کرد باوەشی گەرمی دایکتان! لێتانی شاردەوە هەوری ڕەشی مەرگ پرشنگی باوکێتیی جۆلیۆس ڕۆزەنبەرگ گرانە، ئەزانم، بێ دایک و باوک مان بۆ کۆرپەی وەک ئێوەی ئێسک سووک و جوان، بەڵام، گەر ئەسیل و جۆلیۆسی زانا نەبوورن لە خۆیان لە ڕێی ئینسانا، ژمارەی هەتیوی ئینسانی هەژار دوو نابێ... ئەگاتە سەدهەزار هەزار! دوایی، بەرخەکانی نەوەی ڕۆزەنبەرگ ئێستاکە لای گشت کەس بوون بە کزەی جەرگ لە جیاتیی دایکێک و باوکێک، یەک ملیار دایک و باوک دایناون بە ڕۆڵەی نازدار! باوەشی کەم تیایە ئەم ڕووی جیهانە بە گەرمی بۆ ئێوە نەبێ بە لانە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەی نەبەز سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٣ من ئەو دیلەم لە زیندانی تاریکا هەتاوی بیر ڕووناک ئەکا بەرچاوم؛ بە ناو هەزار حەڵقەی داوی باریکا قەفی زنجیر ئەپچڕێنێ هەنگاوم! *** من ئەو دیلەم لە پشت شوورای پۆڵاوە ئاسۆی هیوای گەشم هەرگیز ون ناکەم؛ لە ڕووی ئاسمان بە گڕی سوور نووسراوە بەندە بەندەی ئایین نامەی بڕواکەم! *** من ئەو دیلەم ئامانجم قیبلەی گشتە؛ با سامدار بێ و پڕ دڕک بێ ڕێی ڕاستم، مادام هێزی زۆربەی گەلم لە پشتە: دڕک گوڵە و ترس ئارامە بۆ خواستم! *** من ئەو دیلەم کە سرنجی بێ باکم، سڵ لە چاوی پڕ لە قینی زەق ناکا؛ دانەچیڕەی گورگی هاری سەر لاکم زاتی گیانی نەلەرزیوم لەق ناکا! *** من ئەو دیلەم کە دیل کەری زۆردارم دڵی لەبەر گوڕی ناڵەم ئەلەرزێ؛ تا شڕتر کا کەڵبەی لەشی زامارم، خۆی خراپتر لەناو خوێنا ئەگەوزێ! *** من سەربازی ئامانجێکم: پیرۆزە، فیداکاری ڕێگایەکم: بێ گەردە، ڕەنجێک ئەدەم ڕەنجی پیاوی دڵسۆزە، لە ڕێیەکا بێ باک ئەمرم: ڕێی مەردە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوا بوونێک سەبارەت: بە بۆنەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو مامۆستا ڕەفیق حیلمییەوە - سلێمانی(١٩٦٠) ئەی سەیوانگای ئارامگای ڕابوردوومان، پێت سپێررا کۆستی تازەی کەوتوومان! لەو کۆشەتا کە خاکی نیشتمانە، گۆشەی سنگی نازداری کوردستانە با تێر بنوێ ئەو ئەستێرەی کە بە شەو، بە شەوی کورد، نەچووە چاوی یەک تک خەو! هەر ئەینووسی لەسەر تەختەی ئاسۆی ڕەش، وشەی «هیوا»ی کوردی بە پیتی گەش گەش ئەو ڕەنجەی دای بە دەرس و نامە و هەڵبەست شوێنی دیارە: لەو گڕەدا کڵپەی بەست لە بن هەموو بەردێکی چیای کوردا، لە قووڵاییی دڵی درشت و وردا ئێستا کە ڕووناکیی ئاسۆی ڕۆژهەڵات مژدەی پێیە کورد نزیکە لە ئاوات دڵنیا بوو لە ئەنجام و بە بێ دەنگ، کێشایەوە بۆ سێبەری خەوی مەنگ لە پاش ماندووبوونی مەردانەی مەیدان، با لە کۆشی دایکا بنوێ پاڵەوان! بەڵام ئێمەی گیرۆدەی ئەستێرەی گەش، تا ئەو ڕۆژەی گڵ ئەمانخاتە باوەش، چاوی تاسەی بە شوێنا هەر ئەگێڕین، لە ئاسمانا؛ چونکە جێی چۆڵ ئەبینین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی بێکەس سەبارەت: بەغدا - ١٩٦٠ هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆنی عومرە بۆیە فرمێسک لە چاویایە ئەم شیعرە! کوردستانی ئەو سەردەمە وا تار بوو، بەفری زستان گوڵی باغچەی بەهار بوو بولبولەکان لە قەفەسا قەتیس بوون لە سەرمانا ئەلەرزین، وەک گوڵ سیس بوون ئەو مەلانەی داڵدەیەکی گەرمیان بوو، دانەوێڵەی چینە مایەی شەرمیان بوو پەڕەی گوڵیان بە ڕەنگی «ڕوو» سوور ئەکرد، وا هەڵبەستیان پێشکەش بەرەوژوور ئەکرد جار جار لە پاڵ مەتحی درۆی زۆردارا، چەن گوڵێکیش ئەکرا بە قژی یارا... یاری هەڵبەست یان هیی تێری بێدڵ بوو، یان هیی لاتی ناپەسەندی لای گوڵ بوو... بەڵێ هەبوو بولبولی وایش، برسی بێ، تەماع هەرگیز شیعری پێ نەنووسیبێ هەرە برسی و هەرە لێبووردووی دەستە «بێکەس» زیاتر، خەباتی خستە بەستە، لە باغێکا فرمێسکی «خانی» ئەڕژا، دڵی «حاجی» لە ئاگرا ئەبرژا، «بێکەس» دڵی بڕوای نەدا خامۆش بێ، لە بەستەیا نیشتمان فەرامۆش بێ! لە ڕووی شیری ڕووتا وەستا و نەڕانی، ئازادیی ویست بۆ گەل و نیشتمانی! زمان بڕین سزای قسەی نەستەق بوو، توانجی «بێکەس» بۆ دوژمن بەردی ڕەق بوو کزی چاو بوو، بە چاوی هۆشمەندی لە ئاسۆی دوور برایەتیی کرد بە دی، لە ناو هەردوو نەتەوەی عەرەبا و کورد، بە بانگی بەرز ئەمەی خستە شیعری ورد لە کاتێکا دەستی دوژمنی نامەرد تۆوی کینەی چاندبوو وەک گەرای دەرد، بەو نیازەی بکەوێتە خۆخۆری: کورد و عەرەب، تورکمان و ئاسۆری! *** ئەمویست «بێکەس» ئێستا بە سەر بژیایە، ئەم گەرمییەی برایەتیی بدیایە بیزانیایە براگەورەی عەرەبمان، چەن دڵسۆزە بۆ خزمەتی ئەدەبمان بیزانیایە گەوهەری نرخی «بێکەس» براکانی چۆن ئەیگێڕن دەساودەس! «بێکەس»! لەشت با لە خاکا ڕزیبێ، با مرۆڤیت بە یاسای مەرگ ڕازی بێ، بەڵام بولبول کە ئامانجی لەم ژینە: بەس خوێندنی بەستەی شیرین شیرینە، تاکوو دەنگی چریکەی بێ لەسەر دار، هەر زیندووە و هەر بولبولە و هەر باڵدار؛ کە وا بێ تۆیش تاکوو «داری ئازادی» بەستەی کوردە، ئەژییت، نەمری یادی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیندانی ئەژدەهاک سەبارەت: بۆ بتەکانی فاشیزم ئەژدەهاک! زیندانت قەڵاقەڵایە؛ دیواری کۆنکرێت، دەرگای پۆڵایە ئەژدەهاک! کون بڕە، سەختە زیندانت، ناڕووشێ بە بڕبەن بەندی گرانت! هێزی لەش مرێنە کۆت و زنجیرت؛ کارییە لە دەمار ناپاکیی بیرت دڵ ڕەقیت هەر تاوە چەشنە سزایە بۆ بەندیی خاوەن هۆش ئەخاتە کایە هێند چەشن سەربڕ و زیندانەوانت، سەرخۆشن بە خوێنی گشت بەندییەکانت! ئەژدەهاک! ئەی دێوی لە «بیر» زراوچوو، ئەی ناشتای مارانت بە مێشک کردوو! ئەو مێشک تازانەی زنجیرت کردوون، لە لێوی پێچاڵی مەرگا ڕاتگرتوون، چاوەڕیێ فەرمانن بە ڕێی نەهاتا ببرێنە بەر تەناف لە نۆرە و کاتا، مێشکیان، ئامانجیان، هیوا و تاسەیان لە پەتا بتاسێ وەک هەناسەیان! ئەمانە گشت ئەڕۆن، ئەیانڕەوێنی، هیچ نەبێ لە بەندا ئەیانڕزێنی... بەڵام تۆ، ئەژدەهاک! لە هەڵپەی خۆراک ناتوانی بکەوی بۆ ماری ناپاک؛ هەر ئەگری، ئەکوژی، ئەدەی لە گەردن، مێشک دەرخوارد ئەدەی بە ماری نەوسن تا ڕۆژێک ئەو خوێنەی بە ناحەق ڕشتت، ئەو بیرەی وات زانی ئێجگاری کوشتت، تاو ئەدەن تەنووری دەماری کاوە، ئەو چەکوش وەشێنەی ڕۆڵە کوژراوە ئەخرۆشێ و ئەجۆشێ و کۆمەڵ یەک ئەخا، هەر هەڵسا و ئەبینی زیندانت ڕووخا! ئەو حەلە هەر لاوێ لە زیندانتا مرد ئەبێتە مایەی بەخ بۆ نەتەوەی کورد؛ لە بنکەی پەیکاریا ئەنووسرێ ناوی لەگەڵ گشت کردەوەی پەسەندکراوی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهید سەبارەت: بە یادی شەشی ئەیلوول، شەڕی بەردەرکی سەراوە هەزار و نۆسەد و سی بوو، شەشی ئەیلوول کە ڕۆژ هەڵهات: غریوی ویستنی حەق کەوتە ناو شاری سلێمانی؛ «هەڵۆبەگ» ئەو جوانەی پڕ دڵی بوو بۆ وەتەن ئاوات، لە پێش جەمعێکەوە تا بەرسەرا ڕووی هەڵمەتی هانی. *** لەگەڵ یارانی ئەیوت: «ئەی حوکوومەت! تا نەکەی تەسبیت حوقووقی کوردەواری، نایەوێ کورد نینتیخاباتت؛ ئەوانەی بانگ کران و تۆ بە قووەت دەوریان ئەگریت: دەنی و قازانج پەرستن، هیچ نەبێ پێیان موبالاتت! *** ئەوانە کەی لە میللەت بوون هەتا تەمسیلی ڕەئیی کەن؟» حوکوومەت! ئێمە کوردین، وا ئەڵێین: «نامانەوێ نوواب کە داوێنی غەرەز بگرن بە هەردوو دەست، وەتەن بەردەن! نەکەی، مەشرووع نییە، دەرکە لە سەر سەودایی ئینتیخاب...» *** ئەمە جوملەی قسە و ئامالی یارانی هەڵۆبەگ بوو، نە نامەشرووعیی تیا بوو، نە تەجاوز بوو بە ئەمنییەت... کەچی عەسکەر بە مەترالیۆزەوە بۆ قەتڵی عام دەرچوو؛ درایە بەر شەقەی شەستیر ڕجا و ئامالی میللییەت! *** شەقەی شەستیر و قرچەی دەستڕێژ و هەڵمەتی سونگی بە خوێنی کوردی بێ تاوان شەپۆلی خستە سەر جادە: نەما جوانێ کە سونگی نەیسمیبێ سەد کەڕەت سنگی، نەما پیرێ لە ڕیزی گوللە بووبێ قەلبی ئازادە! *** هەڵۆبەگ گوللەیی ئەووەڵ لە ڕانی دا، دووەم دەستی: کە خۆی و قەومەکەی وا دی، بە چەشنی شێر نرکانی، پەلاماری کە دا بۆ زابتێ: یەک زللە خپ خستی، دەمانچەی سەنگ لە دەستی و ئاگری دا تا وەکوو توانی... *** بەڵام فیشەک نەما، هەر زابت و یەک دوو نەفەر کەوتن... لەپاشا عەسکەریش دەستڕێژی لێ کرد و بە لادا هات؛ لەسەر دەریایی خوێن بوو کەشتییی عومری بەرەو مردن ئەچوو، ئەیوت: خواحافیز، ئەوا ئەمرم وەتەن، هەیهات! *** لە باوەشتا پشووی عومرم نەدی تاوێ بە سەربەستی، هەتا مردن زڕەی زنجیری دیلی بوو لە گەردنما، ژیانم عار و زیللەت بوو لە ژێر پێڵاوی دوشمنما، بە خوێن بێ و گڵ هەڵیلووشێ، کەوابێ، هەیکەلی هەستی! ... *** خواکەی بولبولی باغی سەرا! هەرچەندە پاییزە، بە خوێنی خۆم گوڵت بۆ ئاو ئەدەم، سا بۆم بلاوێنە! لەگەڵ ئەو جوانە پاکانەی لە دەورم مەیتیان ڕیزە لە خوێنا وێنەشێواوین، بە دایکمان بناسێنە! *** بڵێ بەو بووکی تازەی یەک شەوەم گەر هاتە سەر نەعشم، نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتێکا سەرم بەخشم: کە تۆی پەروەردە کرد بۆ من لە داوێنی چیا و کەژیا! ئەگەر خوای گەورە بەخشیی پێت هەتیوێ، پێی بڵێ: ڕۆڵە لە من فرمێسکی ویست باوکت، لە توش داوا ئەکا تۆڵە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بنی بیرا سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٣ وەک قرژانگ و وەک مشک و مار بەم کونەدا هاتوومە خوار بە چنگ، بە پێ، بە پاچ، بە دان... هەڵئەکەنم بۆ خۆم زیندان! تا هەڵکەنم ڕۆتر ئەچم هەی قوڕ بە سەر کوڕ و کچم! بەو ڕەنجەی من بۆیان ئەدەم تیکەی وشکیان ناگاتە دەم! خۆیشم، لە بنی بێ ئەرزم، بۆ تاریکی و ترس ئەلەرزم، تەقە و ڕەقەی پارچە ئاسن، کە دێ و دەچێ بۆ سەر و بن، پڕ ئەشکەوتێک سام و گومان ئەخاتە دڵ بۆ داخورپان! هەوای نەفەس گەرووگیرە، قەنارەم قووڵاییی بیرە! هاکات زانی بە (گاز) خنکام! یان ئاسنێک لە کەللەی دام یان باسقەنەی نەوتی لە پڕ بۆ ئاسمانی هەڵدام بە گوڕ! کە من مردم، کچ و کوڕم ئەخۆن لە کام کاسەی پڕم؟ کێ نانی وشک، کێ بەرگی شڕ، پەیدا ئەکات بۆ کچ و کوڕ؟ بەری ڕەنجی عومری درێژ گشت کەوتە لای ئارەق نەڕێژ کردەم بردەی کۆمپانی بوو: هەم ڕەنجم چوو، هەم نەوتم چوو! بڵێن دەرچووم لە بنی بیر: بێ هێز، پشت کۆم، ڕیش سپی، پیر! ئەوسایش پەنا بۆ پەک کەوتوو هەر مردنە و، مردنی زوو! تاگەل کاری ناو خۆی وا بێ، کوڕیش ژینی چاتر نابێ! ئەویش وەک باوک، ڕێی کوڵۆڵی ئەبڕێ و، ئەبێ بە نەوت خۆڵی، ئەو نەوتەی مام کۆمپانیمان پوختەی سوودی خستە گیرفان! ئێمەیش لە گەنجی ڕەنج و نەوت ئاخمان بەرکەوت، داخمان بەرکەوت! ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مۆسکۆی ئەیار سەبارەت: بیرەوەریی ڕاوەستانێک لە خۆپێشاندانی جەژنی یەکی ئەیاردا لە مەیدانی سوور- مۆسکۆ، ساڵی ١٩٦٢ کە پێکەنی جەژنی ئەیار بەفری زستان کردی ئارەق، مۆسکۆی پێشڕۆی دنیای ڕزگار جووڵەی تێ کەوت لەگەڵ شەبەق. *** لە کۆشکە بەرزەکانی شار مرۆڤ دای دا وەکوو باران، بە گرمەی وەک هەوری بەهار، لافاوی ناو شەقامەکان، بەرەو مەیدانی سوور کشا؛ دەریای مەیدان تێک خرۆشا! شەپۆل ئاڵای سوور بوو، گوڵ بوو، ڕەنگاوڕەنگ ئەشەکایەوە؛ لەگەڵ هەر جووڵە و هەر ڕەنگێک جۆرە دەنگێک ئەزڕایەوە ئێجگار شەش وشەی پرشنگدار زوو زوو دەنگی ئەدایەوە، *** وشەی هەرە پڕ بە دەمیان: ئاشتی، ئاشتی، ئاشتی، ئاشتی... دوو ڕەنگیش بوو، وەرزشکەران وەک پەردە ئەچوونە پشتی: ئاڵ: وەک کوڵمێک گەرمی خەبات، سەوز: وەک ژینێک پڕ لە ئاشتی! دوایی، شەپۆل چوو، شەپۆل هات لە خەڵکی مۆسکۆی بەهەشتی؛ ئەو خەڵکەی بەهەشت ئەخوازن بۆ ژیانی مرۆڤ گشتی! *** جۆشی دەنگ و ڕەنگ و جووڵە گیانی منی خستە سەر باڵ، لە ئاسۆی دووری وڵاتم وردورد گێڕام چاوی خەیاڵ: بۆ ڕەنگی سەوز، پاش ڕەنگی ئاڵ، بۆ ڕزگاری لە ژینی تاڵ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مۆسکۆی جوان سەبارەت: مۆسکۆ - ١٩٥٨ ئەی مۆسکۆ! ئەی ژنی جوانی سپی پۆش! ناودەمی ئاڵ پڕ لە گۆرانیی خۆش خۆش! بە ئاوازەی «ئۆرکسترا»ت وا مەستم، هەر شەپۆلی شیعرە و ئەدا لە هەستم! لە هەنگوینی ئەفسانەی دانسی «بالێ»ت، بە هەردوو چنگ ئەخۆم وێنەی برسیی شێت! لەرەی دەنگی «ئۆپێرا»کەت کە تک تک، لە ناو گوێوە نەشتەر ئەدا لە گورچک، خونچەی تەڕی چیرۆکی بەستەکانی بۆم ئەپشکوێت وەک گوڵی بەربەیانی! ئەی مۆسکۆی جوان، گەورە کچی ئوکتۆبەر! حەوت ئەستێرەی یاقووت کە داوتن لە سەر، لە ناو زیوی تەما گەش ئەجریوێنن، هەزار زوهرەی ئاسمانی شین ئەهێنن! «مەترۆ»ت ئەڵێی نوێنەگای نیگارە، «مەیدانی سوور» جێی هەزاران هەزارە! تاقە گوڵی سووری جقەی دانشگات، عەتری شەپۆل ئەدا وڵات بە وڵات! ڕۆژ لەنینە و لەسەر سەرت وەستاوە، ڕێگات ڕووناک وەک بەفری بەر هەتاوە! مناڵەکەی ڕوومەت ئاڵی تێرشیرت گوڵی پارکی «گۆرکی» دێنێتە بیرت، بۆیە کۆتری سپی و نەرمی باوەشت مل هەڵئەسوێ، بێ سڵ لە گەرمیی لەشت! لە ناو بەفری بەرپێتا واق وڕماوم، لە کام جوانیت نازانم، بدرووم چاوم؟ ! *** ئەی مۆسکۆ! ئەی ژنی جوانی سپی پۆش هەروەک: مەمێک زینێک ناکا فەرامۆش هەتا ئەمرێ، منیش، هەتا هەتایە دڵگیریی تۆم هەرگیز لە دڵ دەرنایە! بە شەو چەمی گەوهەربەندی پشتێنت لێم ئەبێتە ئاوێنەی باڵانوێنت، لە ناو ئاوا مۆسکۆیەکی نازدارتر، لەنجەی دانسی گیان پڕ ئەکا لە ئاگر! جادەی شۆراو بریقەی دێ وەک بلوور، تیا ئەلەرزێ «وێنە»ی گڕی سەوز و سوور، تاکسیم ئەکشێ بە شەقامی بێگەردا بە سەر عەکسی وەنەوشەیی، یان زەردا ئەم ڕەنگانە و ئەو پرشنگەی ئاوازە ئەیدا لە ڕووی پەنجەرەی کۆشکی تازە، بێ هەست ئەمکەن بە زاوای بەردەمی بووک، دەم بو ماچت ئەبەم مۆسکۆی ئێسک سووک! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆز سەبارەت: سلێمانی - ١٩٦٠ ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ! ڕۆژی نەورۆز دای بە هەوری زستان، دڕ! گەرمی و ژین و شادیی هێنا بە دیاری، کوردی خستە جەژنی تازەی بەهاری پووش بو بە گیا، چیلکەی باخ بوو بە دارگوڵ، لە وشکەسی کانی کەوتە قوڵە قوڵ گوڵاڵەی دەشت، نێرگزی مەست، وەنەوشە، وەک پێشەنگی بەهار کەوتوونە گەشە، ئەڵێی پەلەی پەرداختی نەورۆزیانە، بۆ جەژنی کورد ئەو گوڵانەش سۆزیانە هەروەک سروشت ئاگادار بێ: کە کاوە چ ڕەنجێکی بۆ ئازادیی گەل داوە! هەروەک مەلان بە حەواوە بزانن: کە بە ساردی چەن دای چەکوش لە ئاسن! تا زنجیری ئەژدەهاکی لە گەردن نەتەوەیەک داماڵی پیکی ئاسن! شەوی دیلی بوو بە ڕۆژ، خەم بە شادی، زستان گەڕا بە بەهاری ئازادی... ئەی هاوچین و هاونەتەوەی کاوەی مەرد! تۆیش بە بازووی خەباتی سەختی وەک بەرد، شەڕفرۆش و ئیمپریالیست و ناپاک، وا داپڵۆسە کە یەکسان بن لەگەڵ خاک؛ ئیتر هەرگیز سەر هەڵنەبڕن وێنەی مار هەنگوینی ژین لە مرۆڤ پڕ کەن لە ژار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بت، بتەوان سەبارەت: بەعقووبە - ١٩٥٨ ڕابووردوو: هەبوو، نەبوو سەردەمی زوو بت، بتەوان، پیرە شەیتان بت دروست کەر بتەوان گۆش دەر بت پەرستی بە ئایین کەر ڕەگ داکەوتووی ئیمپریالیست خوێنمژی ئاسایش نەویست! بت، بتەوان پیرە شەیتان بت پەرستیان دابووە بەر تێیان ئەخوڕی، وەک گا، وەک کەر - دەی! لەشی بت بگرەرە زێڕ شەیتان تێر کە بە خێر و بێر جێگا خۆش کە بۆ بتەوان لەسەر سەر، گلێنەی چاوان! شەیتان و بتەوان و بت، بەرامبەریان کەچ کە ملت؟ هەر بت خوایە! هەر بت خوایە! هەر بت پەرستی بڕوایە! هەر شەیتان، بت، هەر بتەوان! بڕواکانی تر هەموو بان ڕوو لە خاکی بەرپێی بت سوو یەک بەری ڕەنج بکە بە دوو، بیهاوەرە جانتای شەیتان، بۆ بتەوان! زمان لاڵ کە، گوێچکە کەڕ کە کوێر بە، وەک کەر زەڕەزەڕ کە! بۆ بتەوان بۆ بت، شەیتان، بۆ نۆکەریان! ئارەق ڕەش و شین بڕێژە، هەزار دەردی سەر بچێژە، کۆشک دروست کە و باغ بنێژە، بۆ بت، بتەوان و شەیتان... هەر ئەمەیە مانای ژیان، ڕاست و دروست بۆ بت پەرست! - بت پەرست نیم، نابم و نیم، کابرایەکی ڕووت و برسیم، ناساخ، گیرۆدەی نەزانیم بۆ بەرگ و ناوماڵ پەڕپووتم بۆ خۆم ئەوێ بەری جووتم، بڕوای من بە سبەینێیە مژدەی ڕزگاریمی پێیە، لە برسێتی و لە هەژاری لە نەزانی و دەردەداری لە ستەم و جەور و بێگار لە قەدەغە و ئەشکەنجە و دار ئازاد ئەبم، پاش دڵتەنگی دڵشاد ئەبم! بت پەرست نیم، نابم و نیم... کابرایەکی ڕووت و برسیم بە هیوای پاشەڕۆژ ئەژیم! هێزی باڵ تک تک ئەڕێژم! نەمامی دواڕۆژ ئەنێژم! خوار و ژووری ئەم عیراقە، شین ئەکەم وەک کەوای تاقە! - هەی کفرکەر! ... هەی ڕووخێنەر! ... هەی تاوانیی! ... هەی نان بڕی بتەوانی! ... نەموت کەڕ بە؟ نەموت کوێر بە؟ نەموت عیلمی لاڵی فێر بە؟ بیری نوێی پیس لە سەر دەر کە، هەزار دەق خۆت گەوج و کەر کە؟ ئێرە خاکی بت پەرستە، تەنیا بە چپە دروستە، ڕاپۆرتی ڕاست بدەی بە من، بەڵام درۆ: «گیانم: درۆ! ژینم: درۆ! دەستمایەی ئایینم: درۆ!» بت پەرستێک پێی ڕەوایە جاڕی دا، پڕ بەم دنیایە! لە تۆم ئەوێ بیر بگۆڕی ڕەنگ بگۆڕی دەنگ بگۆڕی بڕوای پیاوی ژیر بگۆڕی! - بت پەرست نیم، نابم و نیم، ئاواتەخوازی سەربەستیم خەبات ئەکەم بۆ ئازادیم... ئێستا شەوە، گەرچی شەوە، چاو بە خەوە، بەڵام کاروان لەسەر ڕەوە بەرەو قۆناغ ڕەو بە دەوە... ئەو کاتە دێ کە ڕۆژ هەڵدێ گوێ تێر ئەبیە و چاو ئەبینێ! بێ ترس و لەرز، لە چیای بەرز، لە چەم و دۆڵ، دێ گەلی چۆڵ لە نوێ یەک یەک ئاوا ئەکەم، ئەخۆم، ئەنووم، ئەژیم بێ خەم! - بت پەرست نیم، نابم و نیم، تینووی سەربەستی و ئازادیم! ... - ئەم کابرایە! بێ حەیایە... بێ بڕوایە... بێ شەیتان و بت و خوایە... دەی! یاساوڵ! دۆزەخەوان! کێشی کەنە کونی زیندان! زمانەکەی لە بن ببڕن، گاز لە قوڕقوڕاگەی بگرن، لە قوڕاوا بیگەوزێنن، نینۆکی لە بن دەربێنن، مووی سەر بە چەرمەوە بگروون، برۆ و سمێڵ پاکتاو بدروون، سەربەرەوخوار هەڵیواسن، داخی کەن بە شیشی ئاسن دەی، یاساوڵ! دوو چاوی زەق دوو کاسەی خوێن، ببڕە چاوی و دەم پڕ لە جوێن، تێی بەرببە بە زللە و شەق گورز و مەترەق یا ئەوەتا، ئیمان بێنێ، یا ئەوەتا... هەتا... هەتا... گۆڕی زیندانی تەنگ جێی بێ، زنجیر بەندی دەست و پێی و بێ! *** - ئێستا شەوە. گەرچی شەوە... چاو بێ خەوە... سەرم گێژە... شەو درێژە... ئەی چاوی زام زووخ بڕێژە! ئەی شوێن ئەشکەنجەی مۆر و شین با ئازارت پل دا چین چین! تا وەک من، دیلی کولانە کەڵەشێر جاڕ دا: بەیانە، نانووم لە تاو ئێش و ئازار ڕائەژەنم لەشی زامار! چاوی هیوام ئەبڕمە دوور، سرنج ئەدەم لە ئاسۆی سوور! . شەو درێژە، ئازار سەختە، دیزەی دڵ لە خوێن لێوڕێژە لافاوی ڕق نەختە نەختە، گوڕ ئەخاتە هێزی زاتم جۆش ئەدا گەرمیی خەباتم! لێکدانەوەی دوور و درێژ، وەک کەشتی ئەمخاتە ناو گێژ تاوێک ئەڵێم: من چیم؟ من کێم؟ کابرایەکی بێ دەستەڵات! ئەی بت؟ ئەی بتەوان؟ شەیتان؟ خاوەندانی دەزگا و دووکان؟ خاوەندانی هێزی وڵات! کەوابێتە، با مل کەچ کەم؟ لەپ لە ناو دەمی خۆم ئەدەم: هەی ترسنۆک! هەی بێ ورە! پیاو بە! دان بە خۆتا بگرە! لێو بکرۆژە! پاش شەو، ڕۆژە، لەسەر خەبات ئازایی و زات بڕۆی تا سەر، ئەنجامی کار، ئەبی لە دەستەی بت ڕزگار! بت ورد ئەکەی، ئەیکەی بە خۆڵ بتەوان ئەکوتی وەک دەهۆڵ شەیتان ئەکەی بە پەڕۆی پەن، ئەیهاویتە دوور لە وەتەن دەزگای بۆگەن ئەڕووخێنی، ژینی تازە دائەهێنی! ١٤ی تەمووز: - کوانێ بتم؟ - کوشتم! کوشتم! - کێ کوشتی کێ؟ بتم کوانێ؟ - من کوشتم، من... کێ نازانێ؟ بت زێڕ نەبوو، موقەببا بوو، خولم پێدا تەنیا بە فوو! موقەببا بوو، موقەببا بوو، چەن گەوج بووم ڕۆژانی زوو؟ وام ئەزانی پێچکەی تەختی دامەزراوە لە سەر سەختی... کەچی بە یەک دەستڕێژی تۆپ تەخت وەرگەڕا، بەخت وتی: هۆپ! - من بتم دایە دەست خاڵی... پاسەوانی وەک گەماڵی سەری خۆیشی و ئەویشی خوارد ئەویش ئێسقانی بوو بە ئارد! - ئاخ بتم ڕۆ! داخ بتم ڕۆ! هەزاران وردەشتم ڕۆ! ئەی بتەوان کوا؟ بتەوان؟ نابوومە ناو عەبای ژنان... ئاخ بتەوان! داخ بتەوان! عەباکەم لە سەر داماڵی، لێی نەئەهات! دایکی ئاڵی! گرتم، خستم، وەک دەڵەدێو، تفم لێ کرد، پێم دا جنێو، بە لەقە چوومە سەر ورگی، کوتام تا مرد، مەرگی گورگی! *** - سا مەرگ شەیتان! بت، بتەوان، خوێنیان بڕژێ، گەلی عیراق بیانکوژێ... دەزگای گشت نەیرەنگ و فێڵم لەم ڕۆژەڵاتە جێ بێڵم کەچی لە ترسی دەنگی دوور، ناڵەی تۆپی سنووری سوور، لە تاو قیڕەی ئاشتی خوازان، بۆ قەدەغەی شەڕ لە ئینسان، ناچار بم، سەری خۆم شۆڕ کەم، بۆ کۆچ ناوماڵم لە هۆڕ کەم، هەی داخەکەم! هەی داخەکەم! *** بتم شکان، دوو بتەوان، کوژران، نەمان، چنگ لەسەر شان! لە نیشتمان! ئێستا بە ڕاست بت پەرست نیم، سەربەست، ئازاد، ئازا ئەژیم... بەڵام هێشتا بۆ ڕزگاریم لە دوژمن، برسێتی، ڕووتی، نەزانی و دەرد و نابووتی، ڕێم لەبەرە... نابێ کول بم، دیلی بەنە و فیزی زل بم ئەبێ وەک پیاو، وەک پاڵەوان، بە ڕەنجی شان، کۆشکی وڵات بنیات بنێم، وێنەی بەهەشت خۆش بکەم جێم! دوژمنم: شەیتانی نەگریس، ئەمریکا بێ، یان ئینگلیس تا ماوە چاوی لێم زیتە... «ئەمە خووی ئیمپریالیستە!» بێت و سیستیم لێ ببینێ، کۆنەپەرست ئەورووژێنێ! دەرەبەگ، کلک، کرێ گرتە هان ئەدا بۆ بۆڵە و خوتە، بۆ کەڵەک و بۆ فڕ و فێڵ، تەنانەت بۆ بە پاچ و بێڵ خاپوور کردن... ئەبێ وریا بم، وریا من! من گەلم، گەلی عیراقم عەرەب ئەم لاق، کورد ئەو لاقم ڕێی کاروانم ناهێمن بوو، شوێن بۆسەی هێزی دوژمن بوو، مۆڵم دابوو لە شوێنی خۆم، نەمئەوێرا بار کەم، بڕۆم... وا ئێستا ڕێم بەرەڵڵایە خواستی کۆچم لە دڵایە، هێند گەرمە کەڵکەڵەی سەرم وەک گوللە تیژ تێئەپەڕم! بەسەر ڕێگای پێشکەوتنا، ڕێی خۆ بەختیارکردنا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ سەربازی جومهووریمان سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٨ ئەی لاوەکان! باوکان، دایکان، برا و خوشکان، دەزگیرانە چاوجوانەکان، تێرتێر دەستیان کردە ملتان، ماچیان کردن، بە پەلەپەل... بە پەلەپەل... بڕۆن بۆ ژێر بەیاخی گەل! چەک هەڵگرن، بەرگ بپۆشن، وا بورووژێن، وا بخرۆشن: دابلەرزێ دڵی دوژمن! ئەی لاوەکان! ئێستا دایکان لە سنگ نادەن، شیوەن ناکەن، کە کوڕیان ئەچێتە ژێر چەک! شوکری خوا ئەکەن هەزار لەک، کە کوڕیان بۆتە شێر بۆ گەل، دوژمنی گەل ئەکا پەل پەل! باوکان دەستەئەژنۆ و خەمبار دانانیشن وەک پار، پێرار، چونکە کوڕیان بوو بە سەرباز، کز و بێ ناز، بێگار ئەکا بۆ ناپاکان! ئێستە خوشکان، خەم سیس ناکا گوڵی ڕوویان بۆ دەزگیرانیان، بۆ کاکیان، ئێستا کچان، گشت ئافرەتان، گوڵ بارانی سەرباز ئەکەن، خۆیشیان وەک پیاو سەرباز ئەدەن! چونکە دەزگای تازەی وڵات بە بێ خەبات، بێ پاس و بێ پارێزگاری! سەقام ناخوا هەرگیز کاری! تێریی، پۆشتەیی و شادیمان، سەرفرازی و ئازادیمان، بەیاخەکەی «جومهووری»مان: هۆی شانازی و ڕووسووریمان، گشت لەسەر خەبات وەستاوە، ئەویش پیشەی ڕۆڵەی لاوە! ئەی لاوی کورد! ئەو ڕۆژە مرد: کە من و تۆ و درشت و ورد لە سەربازیی سڵمان ئەکرد! ئەو ڕۆژە چوو کە ئەوەندەی شەو تاریک بوو! ئێستا ڕۆژی جومهوورییە، ڕۆژی مەردی و ڕووسوورییە! بڕۆ ئەی لاو، وەک کوڕی پیاو، بەرگی خاکی بکەرە بەر، لە قوببەی ئاسمان بسوو سەر! وێنەی شێری چەش بنوێنە، دڵی دوژمن داخورپێنە، دوژمنی گەل، هیی گشت جیهان، کە ئەگێڕێ چاوی بۆ هەل، ئاگر هەڵسێنێ لە خەرمان، تا گشت ئینسان بێ سەر کا وەک قۆچی قوربان! تا ساوای ناو بێشکەی سووتاو لە شیش دا وەک جەرگی برژاو... ئەی ڕۆڵەی کورد! ئیمپریالیست ئەو باوکەی مرد کە برای عەرەب لەگەڵ تۆ وەک جاران بکا ڕەنجەڕۆ! بێت تەقە بێ لە تفەنگی بە ملیۆنان مەردی جەنگی پشتت ئەگرن، وەک ڕەشکەی کا ورگی ئەدڕن! پتر لە ملیار ئاشتیخواز پشتیوانتن، ڕۆڵەی سەرباز! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ لاوان سەبارەت: بە بۆنەی میهرەجانی هەشتەمی لاوانی جیهانەوە بۆ ئاشتی و برایەتی لە هەلسینکی، فینلەندە، هاوینی ١٩٦٢ ئەی لاوانی گشت دنیا! هەلسینکی، باخچەی زەمەقی سپی، کە لە گەرمەی هاوینیا ناسکیی بەهار دیارە، ئەمجارە جێگای میهرەجانتانە! وەک درێژی و ڕووناکیی شەبەقی، مێشکتان پڕە لە بیر، وێنەی گوڵی زەمەقی دڵتان پڕە لە پاکی، پاکیی ڕەنگی سپیی شیر... ئەی لاوان! کچان، کوڕانی ڕووی ئەرز! با گۆرانیتان ئاسمان کەڕ کات بە شەپۆلی بەرز! بە سەد زمانی جیا جیا، وەکوو هەور بگرمێنن یەکیەتیی لاوانی دنیا بە هەموو کەس بنوێنن! با ئەوانەی لە شەڕا، تا خەڵک بمرێ، گۆشت ئەگرن، بزانن، چەک هەڵناگرێ لە برا هیچ لاوێ! هیچ لاوێ شەڕی ناوێ! ئەی لاوان! هەر ئێوەن: بەهاری ژینی ئینسان، هەر ئێوەن: ئاغای سبەینێی ژیان! ئاغای «ئەمڕۆ - داگیرکەر» ئەبێ زۆر باش بزانێ، ناتوانێ: بۆ شەڕ ئێوە باتە بەر! برا، برا ناکوژێ، خوێنی دایک نامژێ - خۆشەویستیی خۆی تیابێ - هەتا دنیا دنیا بێ! دڕندەی شەڕ لەشی ژین، بە برین، وا شڕ ئەکات، سبەینێ، کاسەی شکاوتان، هەنگوین، تک لە بنیا نەمێنێ! ئەی لاوان! میهرەجان، وێنەی هاوژیانییە؛ هەر کاتێکی ژیانی عومرێک خۆشی و جوانییە! خوشکان و برایانی دنیای زۆر نزیک، زۆر دوور، هێزی ئاشتی و برایی یەکی خستوون لە باکوور وەک چەپکە گوڵی شایی، سپی و ڕەش و زەرد و سوور، تێکەڵ بوون... بە ڕۆژ، بە شەو تا ئەنوون بەستەتان وا لە دەما، یاری ئەکەن و سەما... بێ کۆڵ دان، بێ ماندووبوون، لە ئاشتیی جیهان ئەدوون! ئەی لاوان! مشتی وەک پۆڵای ڕقتان ڕاست کەنەوە لەوانەی تەم ئەخەنە شەبەقتان، نایانەوێ کە سبەی سەرانسەری ژیانتان: هەر جەژن و میهرەجان بێ! وەک فینلەندە جیهانتان شەوی لەسەر بەیان بێ! تێیان خوڕن - لەوانە - شێرانە! با ئەو چەکەی پێیانە، فڕێی دەنە بن دەریا، تا دنیا داخەکەی هێرۆشیما ساڕێژ ببێ لە دڵیا! تا ئینسان، لە سێبەری ئاشتییا، دەستی بچێتە فرمان، لمی دەشت، بەردی چیا، پڕکات لە گوڵ و لە نان! ئەی لاوان! ئەوسا چواروەرزەی ژیان، بۆ گەلان گشت، جەژن ئەبێ و میهرەجان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێشکەی مناڵ سەبارەت: بەرڤیخە - ١٩٦٢ دایک دای ڕەنج، بۆ مناڵ دای؛ بۆ بزەی ناو بێشکەی ئارام، بۆ شیرینیی گڕوگاڵ دای... باوک هەچ ئارەقێکی ڕشت بۆ ئەوەی ڕشت - من دڵنیام - نەمری کات: بڕبڕەی پشت... ئای ئەو ماڵە چەن ئاوایە: کە دایک و باوک لای بێشکەدا، گوێیان لە مشەی ساوایە! ئای ئەو ماڵە چەن بێ باکە: کە لە بارووت و لە بۆمبا ژێر بێشکەی مناڵیان پاکە! ئای چەن خۆشە: ماڵێک بێ وا ڕووی دنیا، ئەم پەڕ تا ئەوپەڕ، دڵنیا بین بێشکەی ساوا نابێ بە خۆڵەمێشی شەڕ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ڕێگادا بەرەو کۆنفرانس سەبارەت: شەقڵاوە - ١٩٦٠ بە هەنگاوی گورج و درێژ، ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ... بەدەم سەرگەرمیی هیواوە بە باڵ ئەفڕین، لە شەقڵاوەی خانزادنشین «دڵە زۆر تەڕەکەی سەفین!» دووەم کۆنفرانس ئەبەستین... مامۆستایان ئەیانەوێ: هەتاوی کورد زوو دەرکەوێ، ڕێی بیر بۆ مێشکمان خۆش کەن، زمانمان بە کوردی گۆش کەن... ئێمەیش شوێن کەوتووی کاروانین: هەم خانەخوێین، هەم میوانین! بە هەنگاوی گورج و درێژ، ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ بەدەم سەرگەرمیی هیواوە بە باڵ ئەفڕین، کۆنفرانسی دووەم ئەگرین! بە پیرمەما تێ ئەپەڕین داربەڕووی زۆر دێتە ڕێمان... پیرەداربەڕووی لاڕێمان، ڕۆژێ لە ڕۆژانی زۆر زوو، جۆلانەی لێ هەڵبەسترابوو، ساوای ناو جۆلانەی ژێر دار ئەیپرخان وەک بەرخی بەهار! دایکی ساوا، لەگەڵ هاژەی دووری ئاوا، بە لایەلایەی شیرینی خەوی خێری پێ ئەبینی، شیری پاکی ئەنایە دەم: گەشەی پێ ئەکرد ژەم بە ژەم... باوکی وریای بە نووکی تیر بۆی ڕاو ئەکرد، کەڵکەڵ، نێچیر، بە «ڕم» پڵنگی ئەتاران لە جۆلانەی کۆرپەلەی جوان! ئەو ساوایەی ژێر داربەڕوو کام شێر؟ کام شێربەزێن دەرچوو؟ - نەوەی شێرکۆ، سەلاحەدین، پاڵەوانی غەزای ڕێی دین! ئەوەی بۆ پاسی قەڵای قودس وەک بەردی ڕووی شوورا، بێ ترس، لەبەر شیر و تیرا وەستا، تا دەنگی: «هەی ئامان!» هەستا: لە گرۆی خاچ کە خاچیان کردبوو بە پاچ بۆ ڕووخاندن، بۆ: ئاسیا پڕ لە مردن، پڕ لە کەلاوەی شار کردن... بە هەنگاوی گورج و درێژ، ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ، بەدەم سەرگەرمیی هیواوە بە باڵ ئەفڕین، پیرمەم جێ دێڵین لە دواوە: بەرەو لووتکەی چیای سەفین... ڕیزی ئۆتۆمۆبیل ئەکشێ، پێچ پێچ، هەتا داوێنی کێو، لەوێ کاروان هەڵئەلووشێ: ورگی باغچەی هەڵووژە و سێو... لە شەقڵاوا، دوێنێ، ساوا کە لە بێشکەی نازا شاد بوو، میر کچ بوو، بە ناو خانزاد بوو! خانزادی جوان، مامزی ناز، پڵنگی لان، تۆڵەسێنی میر سڵێمان، شۆخی سەر زمانی حەیران، خانزادی جوان... بە هەنگاوی گورج و درێژ، ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ، بە دەم سەرگەرمیی هیواوە بە باڵ ئەفڕین، لەسەر لووتکەی بەرزی سەفین ماوەی خول دان لە داڵ ئەگرین. چیاکانمان، چیاکانی کوردستانمان، هەموو سەرپۆش سپی و بەرزن، بەرپێ بەفراو، داوێن سەوزن سەرانسەری ئەم کێوانە: درەختە و بێشکە و جۆلانە... لە ناو بێشکەی ڕاژەنراوا دەنگی گڕوگاڵی ساوا، کچ بێ، کوڕ بێ، دێنێتە یاد: شکۆی سەلاحەدین، خانزاد! بەڵام دوێنێ، نە ئەمڕۆیە، نە سبەینێ... سەلاحەدین یەک سوڵتان بوو، خانزاد یەک پڵنگی جوان بوو... ئەمڕۆ بازووی بە کار بۆ کورد، «ژنی بەرز وەک مانگی دەست کرد»، چەکوش بە دەست، داس بە دەستە، ڕۆشنبیر و خاوەن هەستە «هەستی دڵسۆزیی نیشتمان، هەستی خۆشەویستیی ئینسان!» ڕەنجی بە ملیۆن لەمانە هێزی باڵی کوردستانە! ئەگەر دوێنێ مامۆستاکان یەک سوڵتانیان پێ ئەگەیان، ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورد دانیشێ و بە ڕاوێژی ورد ڕێگای پێگەیاندن دانێ، بۆ ملیۆنان، نەک سوڵتانێ! لە بێشکەی بن هەر سێبەرێ سبەی ئەگەر بێتە دەرێ: خانزادێ، سەلاحەدینێ، کاکەمەمێ، خاتوو زینێ... ئەوسا بەستەی بێ خەمیمان چ هیی پێنووس، چ دەمیمان، بە تاقە یەک زاری شیرین شاخ پڕ ئەکا لە پێکەنین! ئەوسا: «خانی»، خانیی سەردەم بە زمانێک ئەنووسێ «مەم» کە پێی ئەدوون «نالی» و «مەحوی» وەک «قوبادی»، وەک «مەولەوی»! *** ئا بۆ گەییشتن بەو کاتە، بەو ئاواتە، لە کورتترین ڕێی ڕوونەوە مامۆستایان کۆبوونەوە، بە دڵسۆزی و بە لێبووری، بە ڕەنجێک مایەی ڕووسووری، دەریای مێشک ئەشڵەقێنن، دانەی گەوهەر و مرواری لە بن بنی ئاو دەردێنن... کام گەوهەر گرانبەها بێ، بە زانستی کورد ڕەوا بێ، لێی پڕ ئەکەن کیسەی دیاری، ئەیبەن بۆ دەزگای زانیاری! ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاسەی دیدار سەبارەت: بە زمان دایکی کوردستانەوە بۆ برا فەیلییەکان ڕۆڵەی دووری ئاوارەبووم کەللەی پڕ بوو لە ئارەزووم سەودای سەری، تاسەی دڵی خۆزگە و ئاواتی بەکوڵی هەر ئەوە بوو: کە باڵ بگرێ وەک مەل، تا باوەشم بفڕێ! دەم بنێتە دەمی کانیم، دەست بکاتە ملی لووتکەم، گوێچکە شل کا بۆ گۆرانیم، بۆم پێکەنێ وەک خوڕەی چەم! بەڵام ساڵان، ساڵانی زوو، کوندەبەبوو کوندەبەبووی شووم ئەیقڕان: قەدەغە بوو لە مناڵان بۆ گۆی مەمک بەرن دەمیان، قەدەغە بوو دەستی دایک بنێتە دەم ساوا مەمک! سەردەمێک بوو، کوندەبەبوو، قەل ئەیقڕان، گورگ ئەیلووران، پڵنگی دوو پێی دارستان شارستانیەتیی ئەلەرزان! ڕۆژ تاریک بوو، ڕێگا ترس بوو، «جووڵە» پەڵپی هەزار پرس بوو... ڕۆڵەی دووری دەشت نشینم ئەبوو، هەرگیز، تێر نەبینم! ڕۆلەم لەگەڵ ڕۆڵەی دیجلە، لەگەڵ ڕۆڵەی دیجلە و فورات: لە خوێناوا ئەیکرد مەلە، بە خوێنی جەرگ ئەیکرد قنیات! ڕۆڵەم دیل بوو، دیل زەلیل بوو، ڕۆژی شەو بوو، شەو بێ خەو بوو، پۆلیس وا بە سەریا زاڵ بوو وەک کۆتر نێچیری داڵ بوو! سەرەڕای هاودەردیی دیجلە، ترس هەبوو، شەق و زللە، وشەی کوردیی سەر زمانی باتە قەڵەم بە تاوانی! بەڵام ڕۆڵەی من و فورات ڕۆژی پیرۆزیان لێ هەڵهات، چواردەی تەمووز پچڕی زنجیر: لەسەر مل لاچوو دەمی شیر، پرشنگی ڕۆژی ئازادی وێرانەی پڕ کرد لە شادی، بای فێنکی زەردەخەنە بەسەر کوڵما کەوتە شنە، چاو وەکوو گوڵ مەستی ڕەنگ بوو زمان بەستەی خەستی دەنگ بوو، کوڕ کۆشی دایکی کەوتە بیر، دایک مەمکی پڕ بوو لە شیر... ئەوا، ئێستا: خوشک و برا، برا و برا، لە یەکتری بوون ئاشکرا هەر دەستە، هەر دەستە گوشرا، تینوو، تینوو! لە مل کرا... هەر ڕۆڵەی دوور کوردستانە لە کۆشی دایکا میوانە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تیر و کەوان سەبارەت: پێشکەشە بۆ کۆنگرێسی ئاشتی و چەک فڕێدانی گشتی لە مۆسکۆ، ٩-١٤ مانگی ٧ی ١٩٦٢ ئەو ئاسمانە شینەی ژوور سەر کۆتری سپیی تیا خول ئەدا بەبێ خەتەر، مژدەی گوڵ بە بولبول ئەدا. لەو ئاسمانە، گڕی سپیی ئەو باڵانە: ئاوێنەی ئارامیی ژینە، کۆشی وەنەوزی شیرینە؛ ڕوونی ئەخاتە شەبەقمان؛ سێبەر ئەکا بۆ ئارەقمان، بەری ڕەنجی تاڵمان بە لێو ئەکا بە هەنگوینی بێ مێو ئەگەر مەلی ئاسمانی شین باڵی بەیاخ نەبێ بۆ ژین، لە هیچ باغچە و بەهارێکا لە جێی دڕک گوڵ نابینین، گوڵ نابینین! ئەو تاوانبارەی بۆ کۆتر لە ژێی کەوان تیر گیر ئەکا، پارچەی جەرگی ناو بێشکەی خۆی، پێش هینی من نێچیر ئەکا! لەگەڵ ئەوەش دەستی چەپەڵ، ئابڕووتکاو، هەر خەریکە، تەکەڵ تەکەڵ، بۆ ئاسمانی پڕ لە هەتاو تەپەدووکەڵ هەڵئەسێنێ، گڕی سپی ئەخنکێنێ! پیاوخۆرێک وا بە گۆشتی ڕۆڵەی خۆی چەش بێ، ڕۆژهەڵات بۆی، وەک ڕۆژئاوا دەبۆی تیر بێ، هیی تەرکەش بێ، دیارە هەرگیز لە پەلامار واز ناهێنێ وەک گورگی هار! با هەزار جار، گیرفانم پڕ لە بەڵێن کا، جووتبەقێی بەڵێن بە سوێن کا: کە هەڵئەگرێ دەست لە گەزەن هەتا ئەمرێ من تەجرەبەی پار و پێرار نایەڵێ چاو بێ ترس لێک نێم، لە گازی مار! ئەگەر دنیا ئاشتیی ئەوێ، بۆ ژێر سەری خەوی ئارام لە تووکی قوو پشتیی ئەوێ، ڕاوێژ هەر ئەوەیە لە لام: هەتا زووە، تا خەڵک گشت بە قڕ نەچووە، دان لە دەمی مار دەربێنێ! - چەک نەمێنێ، ئەوسا، بێ ترس، تێر ئەنوێ چاو، ئەچێتە ئیش دوو دەستی پیاو! ئەوسا باخچەی ژیانی نوێ، جوانترین گوڵ تیا ئەپشکوێ! ئەوسا ئینسان، بە دەستی بێ تیر و کەوان، زووتر تۆوی گوڵی زەوی بو ئەبرێ تا ئەستێرەکان! ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی پیرەمێردی بوێژ سەبارەت: بەغدا - ١٩٦١ ئەم بەهارە لەسەر گردی مامەیارە، بۆ یانزە جار، نوێ گوڵاڵەی سووری بەهار خوێنی ڕژایە سەر گیای سەوز، خوێن پەنگی خواردەوە وەک حەوز... بۆ یانزە جار، سەوزە گیاکەی گردی یارە مووی سپی کرد وەک چۆڕی شیر، تووکی کەللەی بۆ یانزە جار با ڕشتییە بەر پێی ڕێبوار! پووشی دە ساڵ ئێستە خۆڵە لەو ڕۆژەوە جێی پیرەمێرد - قۆچی تینوو بۆ دەمی کێرد - لە باخچەی هەڵبەستا چۆڵە باغچەی هەڵبەست، هەزار و یەک جۆر گوڵ ئەگرێ، تیایا هەیە زووڕەس، بۆن مەست، بەڵام، ئاخ، زوو هەڵئەوەرێ لە ناو هەزار و یەک گوڵا، من هێرۆم زۆر چۆ بە دڵا؛ کە پاش ئەوەی بەهار پیر بوو، بە دڕک و پووش هەرد داگیر بوو، گوڵی هێرۆ، گورج لەسەر بنجی سەربەخۆ، سپی و سوور هەڵئەکا بەیاخ، دڕک و داڵ ئەگێڕێ بە باخ! پاش بەهارێ، کاتێک: ڕۆژی لای نیوەڕۆ دەرزیی داخی لێ ئەبارێ، ڕێبوار تک تک ئەتوێتەوە... لەوکاتەدا گوڵی هێرۆ لە ناکاو ئەشەکێتەوە، سرنجێک ئەگرێتە ڕێ و بان: فێنک وەک ئاو، وەک بای کوێستان! هێرۆم بۆیە لا پەسەندە: لەسەر ڕەگێکی قووڵ بەندە بەسەر دڕکی ژینا زاڵە، تا ئەمرێ، سەر لقی ئاڵە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆڕشگێڕ سەبارەت: بە بۆنەی ١٤ی تەمووزەوە بۆ ئێجگاری سارد بووەوە و دای دا چۆک، کەڵبە کەوتووی بێ نینۆک لە کاتێکا لەناو خوێنا ئەگەوزا، خزمەکانی لە تاریکیی ژێر ئەرزا دەستیان کرد بە چپەچپ: «ئاغا» ئەیوت: گاجووت قووت دان کردی خپ! بە دەم بینی لەرزینەوە سەر؛ جاسووس، دای لە ڕان دەستی ئەفسووس، وتی: ئەوەی کوشتی - یاران! - نووستن بوو، بێ ئاگایی لە خشەی پێی دوژمن بوو! کەللەیەکی ژێر مێزەر، بزنە ڕیشەی سابرێنانە مرقێنەر، وتی: ئەوەی کوشتی حەرام خواردن بوو، بۆ خوا خێر نەکردن بوو! ورگنێکی کۆنە حاکم هاتە ڕوو، وتی: «گەورە»دز بوو، بۆیە زوو تیاچوو! سەرەک پۆلیس، بە سرکە، پێشانی دا کە چاو بۆ کوێر بەکەڵکە... کوێر نەبوایە نەئەمرد! بازرگان دەستی پێ کرد، وتی: گەورەم، هەر تەماعی زۆر کوشتی، تەماع دای لە ئەرز پشتی! سەرپزیشکی تایەبەتیش هاتە دەنگ، وتی: بەڕاست، هۆی مردنی پەنگ بوو پەنگ: کێمی سفلیس گەییشتبووە ناو جەرگی دەرمان نەما ڕۆژێک دواتر خا مەرگی! - شەل نەبوایە ڕای ئەکرد، بە قەڵا پەنای ئەبرد! - پۆکەر کوشتی! - ڕایسس کوشتی! - نەء، وێسکی: بوو بە گڕی ئاگر و چووە ئێسکی! لە پشتەوە شەپقەزلێک وەستابوو، «ئەو چاوزەقە دزی نەوت و خورما بوو!» ڕووی هاوخەمیی گێڕا بە خزمانا گشت، وتی: هەی داخ! نازانن کێ گەورەی کوشت؟ یاساوڵە کەتەکەی ژێر ئاڵای سوور کە چەقیوە وەک میل لەسەر ئاسۆی دوور ئەو تەقەی کرد و کوشتی، ئەم خوێنە هەر ئەو ڕشتی! کەڵبەکەوتوو کە درابوو بە ئەرزا، لە ناو خوێنا تلێکی تریش گەوزا بە هەناسەی ساردەوە ئەیوت: مردم... زۆر بایی بووم، بایی بوون وای لێ کردم! *** لە لێشاوی کۆبوونەوەی گەل، یەک دەنگ وتی: سەرباز - بژی! - کوشتی بە تفەنگ سەربازی لاو، ڕۆڵەی دڵسۆز و ئازا بەرەو ڕووی گەل بە گوڕ پەنجەی ڕاکێشا: - من نیم، ئەوە، هەر خۆیەتی کۆڵ نەدەر، کۆنەڕووخێن، بنیاتی تازە دانەر! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە زیندانا چواردەی تەمووز سەبارەت: بەندیخانەی بەعقووبە - ١٩٥٨ دەنگێکی دوور، دوور... ئێجگار دوور... بە ئاستەمێک ئەگاتە ژوور! ئەی دەنگی دوور! بە ئاستەمێک ئەگەیتە ژوور! ئاخۆ سپییت یان ڕەش یان سوور؟ وەرە پێشتر... چۆن ئاو ئەڕژێتە ناو ئاگر، لەڕێی گوێوە، بڕژێرە گیان، زیندانم پڕ کە لە کۆڵ دان! زنجیری پێ، کپ بە تاوێ، وەک لۆکەی گوێ! هەوای شڵەقاوی زیندان، بنوو، وەک بەرمەمکان ئەنوێ! با دەستڕێژی ئەم دەنگەی دەر گوللەی مانای، گوێم بپێکێ بەڵکوو گڕەی تینوێتیی سەر وەک تۆپ ناڵەی بێ و بتەقێ! *** لە لێشاوی غەڵبەغەڵبا بانگێکی دا لە گوێچکەم «با»: «ڕژێمی جەمهووری بژی!» خەو ئەبینم! جەمهووریی چی؟ - نەء، خەو نییە... شایلۆغانی جەمهوورییە: ئەم دەنگ و مژدەی دوورییە! سا لەشی زیندانی مردوو: بێرە سەما! ئەی لە بستێ گۆڕا زیندوو: مردن نەما! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆزی ١٩٦١ سەبارەت: بەغدا - ١٩٦١ وەنەوشەی بن دڕک خزاو چاوی ڕەشی کردەوە، دیی، نێرگسەجاڕ بە هەزار چاو پێ ئەکەنێ: زەرد و سپی! نێرگسی بەر هەتاوی گەرم مژدەی پێ بوو بۆ وەنەوشە، وتی: «خوشکێ، خوشکی جوانی چاو پڕ لە شەرم خڕ داخراو دەرگای حەوشە، فرمێسک لە چاوت بو ئەتکێ؟ وا، بەهارە لەسەر لووتکەی سپی دیارە ورشە و پرشەی یاقووتی ئاڵ، گڕی جەژنی سەرەتای ساڵ! ...» وەنەوشەی چاوڕەشی شەرمن دەستی کرد بە بەستە وتن! بێ سڵ کردن لە نووکی خەنجەری دوژمن، خۆی هاویشتە باوەش چەپک گوڵی وەنەوشەی ناو دڕک کە گەییشتە دەستی تاسەم، پڕ لە بۆنی بوو هەناسەم، عەتری چپەی تکاندە گوێم، مژدەی: «هات نەورۆز»ی دا پێم *** ئەی ئەو جەژنەی هاتیت و چوو لە دەم، تاڵیی پاری مردوو! ئەی ئەو جەژنەی هەزاران ساڵ لە ڕابوردووی کوردی زۆر تاڵ، تاقە بزەی یادگاریان هەر تۆ بووی: جەژن و بەهاریان! لە خەمی کۆن، ئازاری کۆن، زووخاوی دەست زۆرداری کۆن، یەک ساڵی تر دوورت خستین؛ لەولاشەوە، جەژنی شیرین، بە هاتنت یەک ساڵی دەق کاروان پێش کەوت، بەرەو شەبەق واتا: ڕێگا ببڕین بە دەو، ساڵێک زووتر دوایی دێ شەو؛ ئەو شەوەی مەشخەڵی گەلان، ئاگری بەرئەدا لە گیان لە هەر چوار لای جیهانەوە، تا بە دەم بای سووتانەوە، تۆزی لە ڕووی پەڕەی مێژوو ئەنیشێ وەک خاکەی ڕێژوو! ئەوسا، نەورۆز، جەژنی پیرۆز! دڕک ئەڕزێ و داخی دڵی، ئەبێ بە بۆگەن بۆ گڵی تۆیش ئاهەنگی بەهارەکەت نەخشی لووتکە و نزارەکەت، لە باغچەی گوڵی گەلانا گوڵێک ئەبێ لە مەیدانا... هەر مرۆڤێ دی و بۆنی کرد ئەڵێ: بژی نەورۆزی کورد! ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چیرۆکێکی برایەتی سەبارەت: بەغدا - ١٩٦١ برای عەرەب! چەخماخەی شمشێری زۆردار ئا لەو خوێنەدا ئاوا بوو کە لە ملی باوکت، باوکم ڕژایە سەر لمی مێژوو! بە جووت هەردوو باوک کوژراو، تک تک خەممان تکا لە چاو، دەست لە مل، بەسەر یەکترا گریان کردینی بە برا. بەڵام زۆردار کەللەی پڕ بوو بۆمان لە مار: پەلی گرتین، کێشی کردین بۆ بن داری ئێش و ئازار، زنجیری خستینە گەردن، دایە دەستمان سەر و زەنگن، قەمچیی هەڕەشەی خستە کار: بیری پێ لێ داین بە بێگار! لەژێر درەختی ئازارا ئەوەندەی تر بووین بە برا؛ بۆیە لە ناو هەردووکمانا بە چپەی ورد، ئەم داری دڕکەمان ناو نا: برایەتیی عەرەب و کورد! ئیتر زرمە، زرمەی زەنگن، ناڵەی ڕەنجی تۆ بوو، هیی من، بە ڕۆژ، بە شەو، ساڵەهای ساڵ، تا گەنجی زۆر دەرچوو لە چاڵ، بۆ گیرفانی باوک کوژمان، شیلەی ڕەنجی شیرین مژمان. *** برای عەرەب! ئای... لە بێگاری زۆردارا، عەبا و فەرەنجیمان دڕی! ئای... لە ژێر قورساییی بارا ئارەقی ناو چاومان سڕی! بهاتایە پشتی ماندووی کووڕ هەڵبڕین، زۆردار لێمان ڕائەپەڕی و تێی ئەخوڕین... ئێمەیش ناچار، بەم شان، بەو شان، بێ پشوو پاچمان ئەوەشان لە نووکی پاچ ئەهاتەدەر: کۆمەڵ کۆمەڵ زێڕ و گەوهەر زۆردار ئەیبرد و من و تۆ، بۆ بەرگی جاو، بۆ نان و دۆ، دەستی دەرۆزەمان پان بوو، چاومان زەق زەق چاوەڕوان بوو! *** برای عەرەبی چاوڕەشم تاڵ بوو بەشت، تاڵ بوو بەشم! لە یەک کاسە «تاڵی» نۆشین براییی کردین بە هەنگوین هەردوو برا، عەرەب و کورد، سەرمان بۆ بناگوێی یەک برد، تا تێرمان خوارد چپەمان کرد «پەی»مان برد بە ڕاوێژی ورد... دیسان بەم شان، دیسان بەو شان، بێ پشوودان پاچمان وەشان بەڵام پاچێک لە بنی بیر، پاچەی تر لە قەفی زنجیر... لە پڕ زنجیر قەف قەف پسا، دیلی نەما لە قەفەسا... ئێستا هەردوو برای ئازاد، ڕاستە بە سەربەستین دڵشاد، بەڵام ئاسۆی ڕێمان لێڵە، ڕێگای ئاسۆی لێڵیش وێڵە وێڵ بین «بەد» لە کەمینایە «بەد» ڕێگری بێ ڕێگایە... *** برای عەرەب! بمانەوێ براییمان میوەی شیرین بچنێ لە دار، بمانەوێ ئازادیمان گوڵ بگرێ وەک باخچەی بەهار، بمانەوێ هەموو کاتێ ئەمساڵمان چاتر بێ لە پار، ئیتر هەرگیز نەمانگاتێ دەستی تاوانباری زۆردار ئەبێ بەرەو ئاسۆی ڕووناک، ڕێی ڕاست بگرێ نیازی پاک! ئەبێ وەکوو گەلانی تر گڕی سپیی باڵی کۆتر بۆ کام لا ئەبڕێ ئاسۆی شین، سواری یەکیەتیی وشە بین، شوێنی کەوین، بە دەو بچین، تا ئەگەینە دوا ئامانجی هەرە شیرین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێگای لەنین سەبارەت: باکۆ - ١٩٥٩ لەگەڵ کۆتر شوێن ڕووناکیی ڕۆژ کەوتم نە ڕۆژ، نە شەو، نەخەوتم چیا و چیا، دەشتاودەشت، دەریا و دەریا پێوانەم کرد بەرەو باکوور ڕووی دنیا فڕیم بەناو هەوری بەرزی ئاسمانا بەسەر هەزار هەزار دیمەنی جوانا... تا گەییشتمە بەر دەروازەی کرەملین ژێر سێبەری پەیکەری بەرزی لەنین! ڕووی سرنجم کردە هەرکوێ لەنین بوو، هەر خۆی باوک، سەرۆک، مامۆستای چین بوو... دیم: نە بە ڕەنگ، دیم: نە بە دەنگ، نە بە بیر لەکیس چووە، بۆ ئینسان، لەنینی ژیر! ئێستایش دەستی درێژ ئەکا و بە ئەموست شەقامی ڕاست پێشان ئەدا بست بە بست، لە تاریکیی دنیای پڕ ئارەق و خوێن، دنیای شەڕ و دنیای جەور و دنیای جوێن پەلکێش ئەکا ئینسان بۆ دنیای تازە، ئەو دنیایەی هەر خۆشییە و هەر نازە! ... لەو گەلانەی کە شوێن بڕوای ڕاست کەوتن، وەک گەلانی دواکەوتووی تر نەخەوتن! «ئازەری» بوو، ئازەربایجان وڵاتی، ڕێگای لەنین کەوتە فریای نەجاتی! دۆینێ کەڵبەی گورگی قەیسەر ئەیکرۆشت، وەک تاڵانی بە تێڵا و شەق ئەیفرۆشت، شاری وێران وەک شاری تۆ و دێهاتی ژاوەی ئەهات لە نەخۆشیی و لە قاتی، لە نەزانیی و ڕووتیی و قووتیی و هەژاریی، ترس و لەرزی ماڵ وێرانی و بێکاریی... بەڵام ئەمڕۆ خاکی ئازەربایجانی، کە دوو ڕۆژە هاتووین بووین بە میوانی، وا لە تیژگی ڕۆژی لەنینا نوقمە، ئەڵێی لە بەر خۆرا گوڵی ئاوریشمە! «باکۆ»ی کچی لەسەر دەریاچەی قەزوێن، شانە ئەدا لە قژی زەردی خاوێن لەگەڵ شانە کردنی بەر ئاوێنە، سەری گەرمە بە گۆرانیی بێ وێنە غەزەل غەزەل عەشقی «فزوولی» و «مەجنوون» بە دەنگی سۆز ئەخاتە بەستەی مەحزوون تا هونەری ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی گەشە بکا و بژی دیسان «نیزامی»! ++++++++++++++++++++++