شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: مۆسکۆی ئەیار سەبارەت: بیرەوەریی ڕاوەستانێک لە خۆپێشاندانی جەژنی یەکی ئەیاردا لە مەیدانی سوور- مۆسکۆ، ساڵی ١٩٦٢ کە پێکەنی جەژنی ئەیار بەفری زستان کردی ئارەق، مۆسکۆی پێشڕۆی دنیای ڕزگار جووڵەی تێ کەوت لەگەڵ شەبەق. *** لە کۆشکە بەرزەکانی شار مرۆڤ دای دا وەکوو باران، بە گرمەی وەک هەوری بەهار، لافاوی ناو شەقامەکان، بەرەو مەیدانی سوور کشا؛ دەریای مەیدان تێک خرۆشا! شەپۆل ئاڵای سوور بوو، گوڵ بوو، ڕەنگاوڕەنگ ئەشەکایەوە؛ لەگەڵ هەر جووڵە و هەر ڕەنگێک جۆرە دەنگێک ئەزڕایەوە ئێجگار شەش وشەی پرشنگدار زوو زوو دەنگی ئەدایەوە، *** وشەی هەرە پڕ بە دەمیان: ئاشتی، ئاشتی، ئاشتی، ئاشتی... دوو ڕەنگیش بوو، وەرزشکەران وەک پەردە ئەچوونە پشتی: ئاڵ: وەک کوڵمێک گەرمی خەبات، سەوز: وەک ژینێک پڕ لە ئاشتی! دوایی، شەپۆل چوو، شەپۆل هات لە خەڵکی مۆسکۆی بەهەشتی؛ ئەو خەڵکەی بەهەشت ئەخوازن بۆ ژیانی مرۆڤ گشتی! *** جۆشی دەنگ و ڕەنگ و جووڵە گیانی منی خستە سەر باڵ، لە ئاسۆی دووری وڵاتم وردورد گێڕام چاوی خەیاڵ: بۆ ڕەنگی سەوز، پاش ڕەنگی ئاڵ، بۆ ڕزگاری لە ژینی تاڵ! ++++++++++++++++++++++