شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: لە بنی بیرا سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٣ وەک قرژانگ و وەک مشک و مار بەم کونەدا هاتوومە خوار بە چنگ، بە پێ، بە پاچ، بە دان... هەڵئەکەنم بۆ خۆم زیندان! تا هەڵکەنم ڕۆتر ئەچم هەی قوڕ بە سەر کوڕ و کچم! بەو ڕەنجەی من بۆیان ئەدەم تیکەی وشکیان ناگاتە دەم! خۆیشم، لە بنی بێ ئەرزم، بۆ تاریکی و ترس ئەلەرزم، تەقە و ڕەقەی پارچە ئاسن، کە دێ و دەچێ بۆ سەر و بن، پڕ ئەشکەوتێک سام و گومان ئەخاتە دڵ بۆ داخورپان! هەوای نەفەس گەرووگیرە، قەنارەم قووڵاییی بیرە! هاکات زانی بە (گاز) خنکام! یان ئاسنێک لە کەللەی دام یان باسقەنەی نەوتی لە پڕ بۆ ئاسمانی هەڵدام بە گوڕ! کە من مردم، کچ و کوڕم ئەخۆن لە کام کاسەی پڕم؟ کێ نانی وشک، کێ بەرگی شڕ، پەیدا ئەکات بۆ کچ و کوڕ؟ بەری ڕەنجی عومری درێژ گشت کەوتە لای ئارەق نەڕێژ کردەم بردەی کۆمپانی بوو: هەم ڕەنجم چوو، هەم نەوتم چوو! بڵێن دەرچووم لە بنی بیر: بێ هێز، پشت کۆم، ڕیش سپی، پیر! ئەوسایش پەنا بۆ پەک کەوتوو هەر مردنە و، مردنی زوو! تاگەل کاری ناو خۆی وا بێ، کوڕیش ژینی چاتر نابێ! ئەویش وەک باوک، ڕێی کوڵۆڵی ئەبڕێ و، ئەبێ بە نەوت خۆڵی، ئەو نەوتەی مام کۆمپانیمان پوختەی سوودی خستە گیرفان! ئێمەیش لە گەنجی ڕەنج و نەوت ئاخمان بەرکەوت، داخمان بەرکەوت! ... ++++++++++++++++++++++