شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: شەهید سەبارەت: بە یادی شەشی ئەیلوول، شەڕی بەردەرکی سەراوە هەزار و نۆسەد و سی بوو، شەشی ئەیلوول کە ڕۆژ هەڵهات: غریوی ویستنی حەق کەوتە ناو شاری سلێمانی؛ «هەڵۆبەگ» ئەو جوانەی پڕ دڵی بوو بۆ وەتەن ئاوات، لە پێش جەمعێکەوە تا بەرسەرا ڕووی هەڵمەتی هانی. *** لەگەڵ یارانی ئەیوت: «ئەی حوکوومەت! تا نەکەی تەسبیت حوقووقی کوردەواری، نایەوێ کورد نینتیخاباتت؛ ئەوانەی بانگ کران و تۆ بە قووەت دەوریان ئەگریت: دەنی و قازانج پەرستن، هیچ نەبێ پێیان موبالاتت! *** ئەوانە کەی لە میللەت بوون هەتا تەمسیلی ڕەئیی کەن؟» حوکوومەت! ئێمە کوردین، وا ئەڵێین: «نامانەوێ نوواب کە داوێنی غەرەز بگرن بە هەردوو دەست، وەتەن بەردەن! نەکەی، مەشرووع نییە، دەرکە لە سەر سەودایی ئینتیخاب...» *** ئەمە جوملەی قسە و ئامالی یارانی هەڵۆبەگ بوو، نە نامەشرووعیی تیا بوو، نە تەجاوز بوو بە ئەمنییەت... کەچی عەسکەر بە مەترالیۆزەوە بۆ قەتڵی عام دەرچوو؛ درایە بەر شەقەی شەستیر ڕجا و ئامالی میللییەت! *** شەقەی شەستیر و قرچەی دەستڕێژ و هەڵمەتی سونگی بە خوێنی کوردی بێ تاوان شەپۆلی خستە سەر جادە: نەما جوانێ کە سونگی نەیسمیبێ سەد کەڕەت سنگی، نەما پیرێ لە ڕیزی گوللە بووبێ قەلبی ئازادە! *** هەڵۆبەگ گوللەیی ئەووەڵ لە ڕانی دا، دووەم دەستی: کە خۆی و قەومەکەی وا دی، بە چەشنی شێر نرکانی، پەلاماری کە دا بۆ زابتێ: یەک زللە خپ خستی، دەمانچەی سەنگ لە دەستی و ئاگری دا تا وەکوو توانی... *** بەڵام فیشەک نەما، هەر زابت و یەک دوو نەفەر کەوتن... لەپاشا عەسکەریش دەستڕێژی لێ کرد و بە لادا هات؛ لەسەر دەریایی خوێن بوو کەشتییی عومری بەرەو مردن ئەچوو، ئەیوت: خواحافیز، ئەوا ئەمرم وەتەن، هەیهات! *** لە باوەشتا پشووی عومرم نەدی تاوێ بە سەربەستی، هەتا مردن زڕەی زنجیری دیلی بوو لە گەردنما، ژیانم عار و زیللەت بوو لە ژێر پێڵاوی دوشمنما، بە خوێن بێ و گڵ هەڵیلووشێ، کەوابێ، هەیکەلی هەستی! ... *** خواکەی بولبولی باغی سەرا! هەرچەندە پاییزە، بە خوێنی خۆم گوڵت بۆ ئاو ئەدەم، سا بۆم بلاوێنە! لەگەڵ ئەو جوانە پاکانەی لە دەورم مەیتیان ڕیزە لە خوێنا وێنەشێواوین، بە دایکمان بناسێنە! *** بڵێ بەو بووکی تازەی یەک شەوەم گەر هاتە سەر نەعشم، نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتێکا سەرم بەخشم: کە تۆی پەروەردە کرد بۆ من لە داوێنی چیا و کەژیا! ئەگەر خوای گەورە بەخشیی پێت هەتیوێ، پێی بڵێ: ڕۆڵە لە من فرمێسکی ویست باوکت، لە توش داوا ئەکا تۆڵە! ++++++++++++++++++++++