شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: ئاوا بوونێک سەبارەت: بە بۆنەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو مامۆستا ڕەفیق حیلمییەوە - سلێمانی(١٩٦٠) ئەی سەیوانگای ئارامگای ڕابوردوومان، پێت سپێررا کۆستی تازەی کەوتوومان! لەو کۆشەتا کە خاکی نیشتمانە، گۆشەی سنگی نازداری کوردستانە با تێر بنوێ ئەو ئەستێرەی کە بە شەو، بە شەوی کورد، نەچووە چاوی یەک تک خەو! هەر ئەینووسی لەسەر تەختەی ئاسۆی ڕەش، وشەی «هیوا»ی کوردی بە پیتی گەش گەش ئەو ڕەنجەی دای بە دەرس و نامە و هەڵبەست شوێنی دیارە: لەو گڕەدا کڵپەی بەست لە بن هەموو بەردێکی چیای کوردا، لە قووڵاییی دڵی درشت و وردا ئێستا کە ڕووناکیی ئاسۆی ڕۆژهەڵات مژدەی پێیە کورد نزیکە لە ئاوات دڵنیا بوو لە ئەنجام و بە بێ دەنگ، کێشایەوە بۆ سێبەری خەوی مەنگ لە پاش ماندووبوونی مەردانەی مەیدان، با لە کۆشی دایکا بنوێ پاڵەوان! بەڵام ئێمەی گیرۆدەی ئەستێرەی گەش، تا ئەو ڕۆژەی گڵ ئەمانخاتە باوەش، چاوی تاسەی بە شوێنا هەر ئەگێڕین، لە ئاسمانا؛ چونکە جێی چۆڵ ئەبینین. ++++++++++++++++++++++