شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: بەستەی نەبەز سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٣ من ئەو دیلەم لە زیندانی تاریکا هەتاوی بیر ڕووناک ئەکا بەرچاوم؛ بە ناو هەزار حەڵقەی داوی باریکا قەفی زنجیر ئەپچڕێنێ هەنگاوم! *** من ئەو دیلەم لە پشت شوورای پۆڵاوە ئاسۆی هیوای گەشم هەرگیز ون ناکەم؛ لە ڕووی ئاسمان بە گڕی سوور نووسراوە بەندە بەندەی ئایین نامەی بڕواکەم! *** من ئەو دیلەم ئامانجم قیبلەی گشتە؛ با سامدار بێ و پڕ دڕک بێ ڕێی ڕاستم، مادام هێزی زۆربەی گەلم لە پشتە: دڕک گوڵە و ترس ئارامە بۆ خواستم! *** من ئەو دیلەم کە سرنجی بێ باکم، سڵ لە چاوی پڕ لە قینی زەق ناکا؛ دانەچیڕەی گورگی هاری سەر لاکم زاتی گیانی نەلەرزیوم لەق ناکا! *** من ئەو دیلەم کە دیل کەری زۆردارم دڵی لەبەر گوڕی ناڵەم ئەلەرزێ؛ تا شڕتر کا کەڵبەی لەشی زامارم، خۆی خراپتر لەناو خوێنا ئەگەوزێ! *** من سەربازی ئامانجێکم: پیرۆزە، فیداکاری ڕێگایەکم: بێ گەردە، ڕەنجێک ئەدەم ڕەنجی پیاوی دڵسۆزە، لە ڕێیەکا بێ باک ئەمرم: ڕێی مەردە! ++++++++++++++++++++++