شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: چیرۆکێکی برایەتی سەبارەت: بەغدا - ١٩٦١ برای عەرەب! چەخماخەی شمشێری زۆردار ئا لەو خوێنەدا ئاوا بوو کە لە ملی باوکت، باوکم ڕژایە سەر لمی مێژوو! بە جووت هەردوو باوک کوژراو، تک تک خەممان تکا لە چاو، دەست لە مل، بەسەر یەکترا گریان کردینی بە برا. بەڵام زۆردار کەللەی پڕ بوو بۆمان لە مار: پەلی گرتین، کێشی کردین بۆ بن داری ئێش و ئازار، زنجیری خستینە گەردن، دایە دەستمان سەر و زەنگن، قەمچیی هەڕەشەی خستە کار: بیری پێ لێ داین بە بێگار! لەژێر درەختی ئازارا ئەوەندەی تر بووین بە برا؛ بۆیە لە ناو هەردووکمانا بە چپەی ورد، ئەم داری دڕکەمان ناو نا: برایەتیی عەرەب و کورد! ئیتر زرمە، زرمەی زەنگن، ناڵەی ڕەنجی تۆ بوو، هیی من، بە ڕۆژ، بە شەو، ساڵەهای ساڵ، تا گەنجی زۆر دەرچوو لە چاڵ، بۆ گیرفانی باوک کوژمان، شیلەی ڕەنجی شیرین مژمان. *** برای عەرەب! ئای... لە بێگاری زۆردارا، عەبا و فەرەنجیمان دڕی! ئای... لە ژێر قورساییی بارا ئارەقی ناو چاومان سڕی! بهاتایە پشتی ماندووی کووڕ هەڵبڕین، زۆردار لێمان ڕائەپەڕی و تێی ئەخوڕین... ئێمەیش ناچار، بەم شان، بەو شان، بێ پشوو پاچمان ئەوەشان لە نووکی پاچ ئەهاتەدەر: کۆمەڵ کۆمەڵ زێڕ و گەوهەر زۆردار ئەیبرد و من و تۆ، بۆ بەرگی جاو، بۆ نان و دۆ، دەستی دەرۆزەمان پان بوو، چاومان زەق زەق چاوەڕوان بوو! *** برای عەرەبی چاوڕەشم تاڵ بوو بەشت، تاڵ بوو بەشم! لە یەک کاسە «تاڵی» نۆشین براییی کردین بە هەنگوین هەردوو برا، عەرەب و کورد، سەرمان بۆ بناگوێی یەک برد، تا تێرمان خوارد چپەمان کرد «پەی»مان برد بە ڕاوێژی ورد... دیسان بەم شان، دیسان بەو شان، بێ پشوودان پاچمان وەشان بەڵام پاچێک لە بنی بیر، پاچەی تر لە قەفی زنجیر... لە پڕ زنجیر قەف قەف پسا، دیلی نەما لە قەفەسا... ئێستا هەردوو برای ئازاد، ڕاستە بە سەربەستین دڵشاد، بەڵام ئاسۆی ڕێمان لێڵە، ڕێگای ئاسۆی لێڵیش وێڵە وێڵ بین «بەد» لە کەمینایە «بەد» ڕێگری بێ ڕێگایە... *** برای عەرەب! بمانەوێ براییمان میوەی شیرین بچنێ لە دار، بمانەوێ ئازادیمان گوڵ بگرێ وەک باخچەی بەهار، بمانەوێ هەموو کاتێ ئەمساڵمان چاتر بێ لە پار، ئیتر هەرگیز نەمانگاتێ دەستی تاوانباری زۆردار ئەبێ بەرەو ئاسۆی ڕووناک، ڕێی ڕاست بگرێ نیازی پاک! ئەبێ وەکوو گەلانی تر گڕی سپیی باڵی کۆتر بۆ کام لا ئەبڕێ ئاسۆی شین، سواری یەکیەتیی وشە بین، شوێنی کەوین، بە دەو بچین، تا ئەگەینە دوا ئامانجی هەرە شیرین! ++++++++++++++++++++++