شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: لە زیندانا چواردەی تەمووز سەبارەت: بەندیخانەی بەعقووبە - ١٩٥٨ دەنگێکی دوور، دوور... ئێجگار دوور... بە ئاستەمێک ئەگاتە ژوور! ئەی دەنگی دوور! بە ئاستەمێک ئەگەیتە ژوور! ئاخۆ سپییت یان ڕەش یان سوور؟ وەرە پێشتر... چۆن ئاو ئەڕژێتە ناو ئاگر، لەڕێی گوێوە، بڕژێرە گیان، زیندانم پڕ کە لە کۆڵ دان! زنجیری پێ، کپ بە تاوێ، وەک لۆکەی گوێ! هەوای شڵەقاوی زیندان، بنوو، وەک بەرمەمکان ئەنوێ! با دەستڕێژی ئەم دەنگەی دەر گوللەی مانای، گوێم بپێکێ بەڵکوو گڕەی تینوێتیی سەر وەک تۆپ ناڵەی بێ و بتەقێ! *** لە لێشاوی غەڵبەغەڵبا بانگێکی دا لە گوێچکەم «با»: «ڕژێمی جەمهووری بژی!» خەو ئەبینم! جەمهووریی چی؟ - نەء، خەو نییە... شایلۆغانی جەمهوورییە: ئەم دەنگ و مژدەی دوورییە! سا لەشی زیندانی مردوو: بێرە سەما! ئەی لە بستێ گۆڕا زیندوو: مردن نەما! ++++++++++++++++++++++