شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: شۆڕشگێڕ سەبارەت: بە بۆنەی ١٤ی تەمووزەوە بۆ ئێجگاری سارد بووەوە و دای دا چۆک، کەڵبە کەوتووی بێ نینۆک لە کاتێکا لەناو خوێنا ئەگەوزا، خزمەکانی لە تاریکیی ژێر ئەرزا دەستیان کرد بە چپەچپ: «ئاغا» ئەیوت: گاجووت قووت دان کردی خپ! بە دەم بینی لەرزینەوە سەر؛ جاسووس، دای لە ڕان دەستی ئەفسووس، وتی: ئەوەی کوشتی - یاران! - نووستن بوو، بێ ئاگایی لە خشەی پێی دوژمن بوو! کەللەیەکی ژێر مێزەر، بزنە ڕیشەی سابرێنانە مرقێنەر، وتی: ئەوەی کوشتی حەرام خواردن بوو، بۆ خوا خێر نەکردن بوو! ورگنێکی کۆنە حاکم هاتە ڕوو، وتی: «گەورە»دز بوو، بۆیە زوو تیاچوو! سەرەک پۆلیس، بە سرکە، پێشانی دا کە چاو بۆ کوێر بەکەڵکە... کوێر نەبوایە نەئەمرد! بازرگان دەستی پێ کرد، وتی: گەورەم، هەر تەماعی زۆر کوشتی، تەماع دای لە ئەرز پشتی! سەرپزیشکی تایەبەتیش هاتە دەنگ، وتی: بەڕاست، هۆی مردنی پەنگ بوو پەنگ: کێمی سفلیس گەییشتبووە ناو جەرگی دەرمان نەما ڕۆژێک دواتر خا مەرگی! - شەل نەبوایە ڕای ئەکرد، بە قەڵا پەنای ئەبرد! - پۆکەر کوشتی! - ڕایسس کوشتی! - نەء، وێسکی: بوو بە گڕی ئاگر و چووە ئێسکی! لە پشتەوە شەپقەزلێک وەستابوو، «ئەو چاوزەقە دزی نەوت و خورما بوو!» ڕووی هاوخەمیی گێڕا بە خزمانا گشت، وتی: هەی داخ! نازانن کێ گەورەی کوشت؟ یاساوڵە کەتەکەی ژێر ئاڵای سوور کە چەقیوە وەک میل لەسەر ئاسۆی دوور ئەو تەقەی کرد و کوشتی، ئەم خوێنە هەر ئەو ڕشتی! کەڵبەکەوتوو کە درابوو بە ئەرزا، لە ناو خوێنا تلێکی تریش گەوزا بە هەناسەی ساردەوە ئەیوت: مردم... زۆر بایی بووم، بایی بوون وای لێ کردم! *** لە لێشاوی کۆبوونەوەی گەل، یەک دەنگ وتی: سەرباز - بژی! - کوشتی بە تفەنگ سەربازی لاو، ڕۆڵەی دڵسۆز و ئازا بەرەو ڕووی گەل بە گوڕ پەنجەی ڕاکێشا: - من نیم، ئەوە، هەر خۆیەتی کۆڵ نەدەر، کۆنەڕووخێن، بنیاتی تازە دانەر! ++++++++++++++++++++++