شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: تاسەی دیدار سەبارەت: بە زمان دایکی کوردستانەوە بۆ برا فەیلییەکان ڕۆڵەی دووری ئاوارەبووم کەللەی پڕ بوو لە ئارەزووم سەودای سەری، تاسەی دڵی خۆزگە و ئاواتی بەکوڵی هەر ئەوە بوو: کە باڵ بگرێ وەک مەل، تا باوەشم بفڕێ! دەم بنێتە دەمی کانیم، دەست بکاتە ملی لووتکەم، گوێچکە شل کا بۆ گۆرانیم، بۆم پێکەنێ وەک خوڕەی چەم! بەڵام ساڵان، ساڵانی زوو، کوندەبەبوو کوندەبەبووی شووم ئەیقڕان: قەدەغە بوو لە مناڵان بۆ گۆی مەمک بەرن دەمیان، قەدەغە بوو دەستی دایک بنێتە دەم ساوا مەمک! سەردەمێک بوو، کوندەبەبوو، قەل ئەیقڕان، گورگ ئەیلووران، پڵنگی دوو پێی دارستان شارستانیەتیی ئەلەرزان! ڕۆژ تاریک بوو، ڕێگا ترس بوو، «جووڵە» پەڵپی هەزار پرس بوو... ڕۆڵەی دووری دەشت نشینم ئەبوو، هەرگیز، تێر نەبینم! ڕۆلەم لەگەڵ ڕۆڵەی دیجلە، لەگەڵ ڕۆڵەی دیجلە و فورات: لە خوێناوا ئەیکرد مەلە، بە خوێنی جەرگ ئەیکرد قنیات! ڕۆڵەم دیل بوو، دیل زەلیل بوو، ڕۆژی شەو بوو، شەو بێ خەو بوو، پۆلیس وا بە سەریا زاڵ بوو وەک کۆتر نێچیری داڵ بوو! سەرەڕای هاودەردیی دیجلە، ترس هەبوو، شەق و زللە، وشەی کوردیی سەر زمانی باتە قەڵەم بە تاوانی! بەڵام ڕۆڵەی من و فورات ڕۆژی پیرۆزیان لێ هەڵهات، چواردەی تەمووز پچڕی زنجیر: لەسەر مل لاچوو دەمی شیر، پرشنگی ڕۆژی ئازادی وێرانەی پڕ کرد لە شادی، بای فێنکی زەردەخەنە بەسەر کوڵما کەوتە شنە، چاو وەکوو گوڵ مەستی ڕەنگ بوو زمان بەستەی خەستی دەنگ بوو، کوڕ کۆشی دایکی کەوتە بیر، دایک مەمکی پڕ بوو لە شیر... ئەوا، ئێستا: خوشک و برا، برا و برا، لە یەکتری بوون ئاشکرا هەر دەستە، هەر دەستە گوشرا، تینوو، تینوو! لە مل کرا... هەر ڕۆڵەی دوور کوردستانە لە کۆشی دایکا میوانە! ++++++++++++++++++++++