شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: بێشکەی مناڵ سەبارەت: بەرڤیخە - ١٩٦٢ دایک دای ڕەنج، بۆ مناڵ دای؛ بۆ بزەی ناو بێشکەی ئارام، بۆ شیرینیی گڕوگاڵ دای... باوک هەچ ئارەقێکی ڕشت بۆ ئەوەی ڕشت - من دڵنیام - نەمری کات: بڕبڕەی پشت... ئای ئەو ماڵە چەن ئاوایە: کە دایک و باوک لای بێشکەدا، گوێیان لە مشەی ساوایە! ئای ئەو ماڵە چەن بێ باکە: کە لە بارووت و لە بۆمبا ژێر بێشکەی مناڵیان پاکە! ئای چەن خۆشە: ماڵێک بێ وا ڕووی دنیا، ئەم پەڕ تا ئەوپەڕ، دڵنیا بین بێشکەی ساوا نابێ بە خۆڵەمێشی شەڕ! ++++++++++++++++++++++