شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: نەورۆز سەبارەت: سلێمانی - ١٩٦٠ ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ! ڕۆژی نەورۆز دای بە هەوری زستان، دڕ! گەرمی و ژین و شادیی هێنا بە دیاری، کوردی خستە جەژنی تازەی بەهاری پووش بو بە گیا، چیلکەی باخ بوو بە دارگوڵ، لە وشکەسی کانی کەوتە قوڵە قوڵ گوڵاڵەی دەشت، نێرگزی مەست، وەنەوشە، وەک پێشەنگی بەهار کەوتوونە گەشە، ئەڵێی پەلەی پەرداختی نەورۆزیانە، بۆ جەژنی کورد ئەو گوڵانەش سۆزیانە هەروەک سروشت ئاگادار بێ: کە کاوە چ ڕەنجێکی بۆ ئازادیی گەل داوە! هەروەک مەلان بە حەواوە بزانن: کە بە ساردی چەن دای چەکوش لە ئاسن! تا زنجیری ئەژدەهاکی لە گەردن نەتەوەیەک داماڵی پیکی ئاسن! شەوی دیلی بوو بە ڕۆژ، خەم بە شادی، زستان گەڕا بە بەهاری ئازادی... ئەی هاوچین و هاونەتەوەی کاوەی مەرد! تۆیش بە بازووی خەباتی سەختی وەک بەرد، شەڕفرۆش و ئیمپریالیست و ناپاک، وا داپڵۆسە کە یەکسان بن لەگەڵ خاک؛ ئیتر هەرگیز سەر هەڵنەبڕن وێنەی مار هەنگوینی ژین لە مرۆڤ پڕ کەن لە ژار! ++++++++++++++++++++++