شاعیر: گۆران کتێب: لە کۆڕی خەباتا سەرناو: بانگێک بۆ پۆڵ ڕۆپسن سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٤ ئەی بولبولی ئاشتیخوازیی، پۆڵ ڕۆپسن! ئەو شێتانەی لە خوێندنت ئەترسن دەمیان گرتی، نیازیان هەبوو ئاوازە قەدەغەکەن لە گوێچکەی دنیای تازە بەر نەگیرا بۆیان لە ڕۆژ، ناچار بوون ڕێی فڕینت لێ ببەستن بۆ دەرچوون! ئەو شێتانەی ساز و کەمان ئەشکێنن، بولبول ئەگرن، پەڕی باڵی دەردێنن، نایەڵن بێی، بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات بەستە بڵێی، تیژ کەی ئاگری خەبات! ڕۆژهەڵاتمان: لای ڕووناکی ئاشناتە، لای شەویشی بێدارە، دڵی لاتە، چاوەنواڕین قەفەسی کۆن بشکێنی، پەساپۆرتی دەنگ لە سنوور بنوێنی، (جۆلیۆ نەیوت: ڕاستی و گۆرانیی ڕۆپسن بێ پەساپۆرت سنوور ببڕن، نەترسن؟ ) بمانگەیتێ و بە ئاوازەی وەک هەنگوین لە ناومانا بخوێنی بۆ: ئاشتی و ژین! وا بخوێنی کە سپی و زەرد لەگەڵ ڕەش گوێت بۆ شل کەن وەک یەک دڵ و وەک یەک لەش! تینووی گیانی گۆرانیتن، پۆڵ ڕۆپسن! پۆڵ ڕۆپسن! ئەی پۆڵ ڕۆپسن! ئەی پۆڵ ڕۆپسن! سپی و زەرد و ڕەشی ڕێگای یەک گرتن پاڵەوانی ئاشتی! بولبولی وتن! تا ناو دۆڵی دوور و کلای کوردستان، ناو و دەنگت ئاشنان بە گوێچکەی ئینسان کوڕی ساوای حەوت ساڵانم ئەتناسێ، ناوت ئەبا، وەک هی مامی دراوسێ! ++++++++++++++++++++++