شاعیر: گۆران کتێب: فرمێسک و هونەر سەرناو: بۆ سالم بە یادی تۆ ئەگرێ دەستی عاجزم خامە دەهایی ڕۆشن و بەرزت ئەگاتە ئیمدادم، هونەر نییە کە ئەناڵێ ڕوبابی ئینشادم، تەزەککورت سەبەبی سانیحات و ئیلهامە! لە دائیرەی سەلەفا ئەی قەریحە ڕوون و ڕەوان، کەسم نەدی کە وەکوو تۆ خوڕەی بێ ئاهەنگی، بە حوزنی پڕ لە بەدیعە وەکوو کەلیم گریان، ئەگەرچی وێنەیی حافز بە غەلغەلە و شەنگی... لە ئاسمانی فەخردا شیعر بوو باڵێکت، ئەوی ترت بە تەبیعەت شعووری میللی بوو، لە شەوقی حوسنی بتێ بوو ئەگەر خەیاڵێکت، ئەوی ترت خەم و عەشقی وەتەن مەئالی بوو. نەبوو فەڕی لە نیگاهی غەریبتا تاران، سەریر و ئەفسەری شاهیت ئەکرد فیدایی وڵات، کە کەوتە پەنجەیی غەدر و جەور زەویی بابان، بەقەد غەدر غەزەلت وت، بەقەد جەور ئەبیات! وتت بە حەزرەتی نالی ڕەفیقی دەربەدەرت: «خەیاڵی عەودەتی موڵکی ئەسیر نەخەیتە سەرت زەلیلی نەجم و هیلالە، شەوە سلێمانی غورووبی کردەوە ڕۆژی شکۆهی بابانی...» بنوو لە قەبرە کەتا موستەریح بە ئەی سالم، لە تۆ کوردترە ئێستا نەزان هەتا عالم! ++++++++++++++++++++++