شاعیر: گۆران کتێب: فرمێسک و هونەر سەرناو: هەڵبەستی دەروون هەرچەن ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم، بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم! لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم: بۆچی وەها دوورن لە یەک؟ نازانم! ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار، دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین... پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین! دەرکەوتایە: مانای مەنگی دەریایی، کە نەرمەبا لە ڕووی ئەدا ئەسپایی دەرکەوتایە ئەو دنیایە کە شیعری بێ فرمێسکە و زۆرتر لە فرمێسک ئەگری زەردەخەنەی بێ ئاوێنەی دەم و چاو تیژگێک ئەدا ڕووناکترە لە هەتاو! ... بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە، لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن! ++++++++++++++++++++++