شاعیر: گۆران کتێب: فرمێسک و هونەر سەرناو: هاوڕێم بێکەس ئەی فریشتەی شیعری جوان! کۆستی کەوتووی هەردووکمان، بۆ ئەم جارە بێکەسە کە وتمان بێکەس، بەسە! شاعیرێک بوو، فەننان بوو، ئەدای خوڕ، خرۆشان بوو، بۆ باغچەی کزی کوردی بولبول بوو نەغمەی وردی، سەرەڕای بەهرەی فەننی دڵسۆز بوو بۆ وەتەنی، نرکەی شیعری ڕزگاری بێکەس، شتێکە دیاری: لە هەموو کوردستانا، لە ناو بیر ئازادانا! *** پەریی شیعری شۆخ و شەنگ! تۆ دڵتەنگ و من دڵتەنگ با سکاڵا بۆ یەکتر لەگەڵ ئاخی سارد و سڕ دوور و درێژ هەڵڕێژین: مەیتی بێکەس ئەنێژین! ئاشنای تۆ بوو، هاوڕێی من، لێی داگیر کردین مردن! ئەی پەری! ناڕەوایە فرمێسک لە چاومان نایە چونکە بێکەس بچووک بوو، پایەی کۆمەڵیی سووک بوو! کام پیاوماقووڵ، کام گەورە کە بەرزیی جێی ژوور هەورە، وێنەی ئەو جوامێر بوو؟ بەرامبەر دوژمن شێر بوو؟ لە کاتێکا ئەوانە نۆکەر بوون بۆ بێگانە، دەست لە سەر سنگ ئەوەستان، یان بۆ پایە، یان بۆ نان! بێکەس بوو وەک پاڵەوان پەنجەی لە چاوی چەقان، پەنجەی تیژی سەرزەنشت، داخی دڵی خۆی پێ ڕشت! بەڵێ بێکەس نابووت بوو، جار جار برسی بوو، ڕووت بوو! بەڵام کام تێر، کام پۆشتە وێنەی ئەو، ئەی فریشتە، بێ باک وەستا بەرامبەر نووکی سونگیی ستەمگەر؟ کێ وا: لە ژێر زنجیرا ئازادیی هات بە بیرا؟ بە شیعری جوان نەڕانی: بە یادی کوردستانی! ئەی شۆخ و شەنگ، ئەی پەری! زۆرتر بۆ ئەوەی بگری: کە ‌بێ بەرگیی و ‌بێ نانیی خۆی لە ڕووی تۆ ئەزانی، لەگەڵ ئەوەش تا مردن نەکەوت لە تۆ پەرستن! مل کەچی قیبلەی ڕووت بوو، دێوانەی عیشوە و خووت بوو... وەک هەندێ شاعیری تر - تا ڕادەیەک گورچک بڕ - تەماع هەڵی نەفریوان شیعر بفرۆشێ بۆ نان؛ ئابڕووت بەرێ وەک بردیان، بەو کردەوانەی کردیان! *** لە پاشانا ئەی پەری! نابێ لە بێکەس بگری، کە گیرۆدەی مەستی بوو، مەستیی ئەو مەبەستی بوو! ناوچە و سەردەمی ژینی پڕ بوو لە ناشیرینی، وڵاتی پەرێشان بوو، بۆ هاووڵات زیندان بوو؛ نەتەوەی: هەموو هەژار، مایەی ڕەنجیان بۆ زۆردار! هەموو: برسی، دەغەزار، نەزان و نەخوێندەوار... دیل بوون هەم بۆ بێگانە هەم بۆ ئەو زۆردارانە، کە خۆیشیان ئەیانمژین، بۆ خەڵقیشیان سەرئەبڕین! ئەمجا کە ئەیدی ئاوا: کەشتی بۆ گەرداو ئەڕوا، هەزاران هاوار بکرێ کەس نییە ڕێی ڕاست بگرێ، ناچار خۆی سەرخۆش ئەکرد، هەستیی فەرامۆش ئەکرد! جار جار، کە زۆر پەست ئەبوو، کەمێکیش بەدمەست ئەبوو: داخی دڵی خۆی ئەڕشت، بە جوێن، توانج، سەرزەنشت! *** ئەی فریشتەی چاوخومار! بەڵام بێکەسی هوشیار، بێکەسی دنیای نووسین، دانەری بەستەی شیرین، مەبەستی من و تۆیە، بۆ ئەوە ئەم «ڕۆ ڕۆ»یە! تۆ: پەریی شیعر و جوانی، من: هاوڕێی گیانی گیانی، دانیشین بە جووت، دڵتەنگ، بڕێژین فرمێسکی مەنگ، بۆ شاعیرێک بێ کەس بوو، بەڵام «کەس» ئێمەی بەس بوو! سا باڵای بۆ ڕەش پۆش کە، گڕی شیوەنی خۆش کە، بە پەردەی نزمی ماتەم، بەستەی کوردیی پڕ لە خەم لە سەر مەیتی بخوێنە، وەفای جوانی بنوێنە، بۆ شاعیرێک کە گیانی، لێی هەڵئەقوڵا جوانی، ئەگەرچی هۆی بەخی خۆی جوانیی فەساڵ نەبوو بۆی! ناقۆڵا و تێک سمڕاو بوو، ڕوومەت کونج، کزی چاو بوو هونەر بۆ ڕووخۆشیی بوو کە خەوشی داپۆشیبوو! بەڵام پەری! تۆ ژیری، خاوەندی هۆش و بیری؛ جوانیی باڵا و دەموچاو، بەهرەی تا سەر نین بۆ پیاو؛ هەزار چاوجوان، قەدباریک کەوتوونە چاڵی تاریک، چی بەجێ ما لە دوایان بۆ دۆست و ئاشنایان؟ یا جوانێک تا «پیری» ما کام گیرۆدەی بیری ما: خوێنی کوڵمی چەن گەش بوو؟ چاو و برۆی چەن ڕەش بوو؟ یەک جوانییە: بای پاییز گەڵای زەرد ناکا هەرگیز، کە لە گیان، سەرچاوەی دڵ سەر هەڵئەدا قوڵەقوڵ: وەک ڕۆح سووکی، ڕووخۆشی، خوێن گەرمی، خزمەت کۆشی، دڵی باش، دەروونی پاک، بیری ڕوون، کردەوەی چاک، پێشتری گشت ئەمانە: بەهرەی هونەری جوانە! بە ڕاستی ئەو فەننان بوو، سەلیقەی شیعری جوان بوو! *** ئەی شێوەشۆخ، ئەی پەری! دانیشە لای ژوور سەری، وەک یاری وەفادار بە، بە ڕاستی خەفەت بار بە! قژی زەرد با پەشێو بێ، بەستەی خەم لە سەر لێو بێ: تۆ بڵێ و منی هاوڕێ، تا دەستم قەڵەم بگرێ ئەنووسم: دێڕ دێڕ، بەن بەن، بۆ بێکەس شیعری شیوەن! ++++++++++++++++++++++