شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / دەنگی دەروون سەرناو: گیان نازانم تۆ چیت ئەی گیان؟ یاری نازداری ژیان، هێزی لەش جووڵاندنم، هۆی گەرم و سارد چەشتنم، تینی دڵەی پڕ جۆشم، بزوێنی بیر و هۆشم، هاوڕێی هەمیشەی عومرم: لەوساوە بووم تا ئەمرم! نازانم تۆ چیت؟ من چیم؟ تۆ من نییت؟ یا من تۆ نیم؟ تۆ دنیامی؟ یا دنیام: تۆی تیا هاتوویتە ئەنجام؟ تۆ و ژیان کامتان کامن؟ کامتان نەوتی چرامن؟ یاخۆ پرشنگ کامتانن؟ یا هەردوو: هەردووکتانن؟ نازانم و حەیرانم، ئەی تەلیسمی ژیانم! هەر ئەوەندم لێ ڕوونە: ئەنجام لە یەک جوێ بوونە! ڕۆژێک، سبەی، دووسبەی؟ عایەن نییە چۆن، یا کەی؟ تۆ ون ئەبی، لەش ئەمرێ؛ لەش بە یادگار قەبرێ جێ دێڵێ تا زەمانێ؛ بەڵام، ئەی گیان! تۆ کوانێ بەڵگەی مان و نەمانت: قەبرت یا ناونیشانت؟ ++++++++++++++++++++++