شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / دەنگی دەروون سەرناو: وەڵامی پرس سەبارەت: (١٩٦٢) پێشکەشە بۆ: ئی. ئی. ڤاسیلییڤا، لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی کرەملین، لە مۆسکۆ ڕاکشابووم لەسەر پشتم، دوکتۆرەکەم ماری شێرپەنجەی ئەکوشتم... ناڵێم: وەک دایکێکی دڵسۆز فرمێسکی بۆ هەڵئەڕشتم، بەڵام، تەواو وەک کچی خۆم، دەستی ئەخستە ناو مشتم، بە چاوی پڕ لە هەستی جوان ئەیکرد تەماشای سروشتم، ئەیپرسی لێم: «بۆچ وا ماتی؟ بۆچ هەمیشە خەمبار دیاری؟» بۆ من ئەم پرسە وەک هەنگوین ئەتکایە سەر لێو لە زاری بەڵام بۆ خوشکانی بەردەست سیس کردنی گوڵ بوو کاری... دوو سێ کچ بوون وەک دوکتۆر خۆی، خەمخوارییان لێ ئەباری، نەک هەر بۆ تیماری دەردم، بۆ چارەش، بۆ باغچەی زەردم! *** بەڵێ، دوکتۆر! خوشکان! ماتم، هەر من نیم ماتی وڵاتم، لەناو هەزارانا، تاک تاک لێومان هەیە پێ بکەنێ لای ئێمە بۆ دنیای شادی وا تازە خەڵک هەنگاو ئەنێ! ++++++++++++++++++++++