شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / دەنگی دەروون سەرناو: کوردستان کوردستان! جێگامی، جێی هەزار ساڵەم؛ پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەرلووتکە و یاڵەم! هەناسەم تێربۆنی بای کوێستانتە، دوو لێوەم پاراوی بەفراوانتە، سرنجم ڕاهاتووی زیوی زەڕکەفتە، بە زەردەی سەر بەفری ئێوارەوەختە؛ گوێم فێرە بیستنی خوڕەی قەڵبەزە، لەو عاستەی ژوور بەفرە، داوێن گیای سەوزە؛ زمانم پشکووتووی قسەی جوانتە، قسەی ناو گۆرانیی شاخەکانتە، هیی ناو چیرۆکی گوێ ئاگردانتە، هیی ناو لایە لایەی مناڵانتە! قوڵپێ با خوێنی ناو دەمارەکانم، بە زەبری عەشقی تۆ ئەیدا، ئەزانم! عەشقی تۆ، ئەی دایکی خۆم و هاوخوێنم هەر لە پشتی باوکا چووە هەوێنم، ئەشچێتە هەوێنی کوڕ و کوڕەزا، تا تاقێ کورد مابێ لە چیای بەرزا! *** کوردستان! ئەگەرچی دوورە دنیای تۆ، دۆڵ و دارستانی چۆڵ و تەنیای تۆ؛ دووری لە شارستان، لە ژینی تازە، لە شەوی ڕووناک و پڕ لە ئاوازە، پڕ لە پێکەنین و پڕ لە نەنووستن، پڕ لە سووڕانەوە و پڕ لە کۆڕبەستن... ئەگەرچی تۆ دووری لە ڕۆژی شاران، ڕۆژی پڕ لە گەردش، هاتوچۆ و جووڵان، ڕۆژی پڕ لە زانست، پڕ لە فەننی جوان کتێب و ڕۆژنامە، هەیکەل و مەیدان! ڕۆژی پڕ لە خۆراک بۆ گیان و بۆ لەش، ڕۆژی پڕ لە ئافرەت، پڕ لە باغچەی گەش... ئەگەرچی تۆ دووری لەم گشت جوانییە، جوانییەکی تر هەیە کوردستانییە: جوانییەک کە دەستی هونەری یەزدان نەخشی کێشاوە، نەک سەلیقەی فەننان! جوانییەک: کۆن نابێ هەرگیزاوهەرگیز، زستان و بەهار و هاوین و پاییز: جوانیی شاخی سەخت و دۆڵی قووڵ و مەنگ، ملەی بەرز، پلەی خز، دەربەندانی تەنگ، مێرگی سەوز، چەمی خوڕ، دارستانی چڕ، دێی بناری دەشتی پەناگردی خڕ، دەعبای ناو ئەشکەوت و ماسیی گۆمی شین، باڵداری ڕەنگاوڕەنگ، پەپوولەی نەخشین! *** بەڵێ! ئەگەر بێت و ڕۆژێ لە ڕۆژان، لە کۆشتا لێک بدەن جوانیی هەردووکیان، ئەو حەلە سەرانسەر ئەبێتە بەهەشت، لە لووتکەی شاختەوە تا پانتاییی دەشت! کوردستان، کوردستان، کوردستانی جوان! درەنگیش بێتە دی ئاواتی گۆران دەربەست نیم، سێبەری پیرە داربەڕووم، ئەو تاوەی ئەشکێنێ تاسە و ئارەزووم: کە ماویە ڕۆژی زەرد بگاتە دەم کەل، لای ژوورووی سەرتەوە ئەجریوێنێ مەل؛ پۆلی ژن، زەرد و سوور، ئەکشێ بۆ ناو ڕان، شوان ئەڵێ بە شمشاڵ: «هەوری لار، ئامان!» بەڵام ئەگەر بێت و بە دوو چاوی خۆم بتوانم ببینم بەری هیوای تۆم، ئەو حەلە: کوردستان، کوردستانی جوان، هەڵپەڕین لە من و بەستە لە ژیان! ++++++++++++++++++++++