شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / دەنگی دەروون سەرناو: قالە مرد عاسمانی شینی ئەیلوولی قژزەرد! نازانی تینووی فرمێسکە ڕووی هەرد؟ نازانی کزەی هەناسەی بێ تین، چەند گەڵایەکی زەردی بۆ هانین: بە ڕەنگی فرمێسک لێیان نووسرابوو، قالە مرد، هەی داخ، باخ بەرەڵڵا بوو؟ شاغونچەی خەڵفی تافی جوانی، بوو بە داخی دڵ گەڵاڕێزانی! ... عاسمان سا بگری بە بێ هیوایی، فرمێسک بڕێژە: تک تک، ئەسپایی! فرمێسکی تک تک، لێکدانەوەی مەنگ، نیشانەی جۆشە بۆ دڵی زۆر تەنگ!! قالە مرد، قالەی ئایشەخان و کورد، قالە نا، دایکی قالە مرد، کورد مرد؟ قالەی خوشکان و قالەی خزمانی ڕووناکیی چاوی گشت سلێمانی! کزەی بای مەرگی پێش وادە دای لێی، ئیتر ئێجگاری تاریک داهات جێی، تاقە ترووسکەی وەجاغی بوو، ئاخ! تاقە نەمامی ناوباغی بوو، ئاخ! لە ناوەڕاستی شەقامی عومرا، ئایشەخان، سا مەرگ! قالە ون کرا... قالە تیری مەرگ پێش وادە پێکای، ڕۆڵەی گەورەت مرد، ئای ئایشەخان ئای! نا، نەمرد قالە، تەنیا قالەی لەش، کەوتە ئەودیوی پەردەی ئەودیوڕەش؛ بەڵام قالەی گیان، قالەی دروستی، هەرگیز ون نابێ لە باغچەی هەستی! یادی گەورەیی و شیرینی و چاکی: بەڵگەی مانە بۆ ژیانی پاکی! ++++++++++++++++++++++