شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / سروشتی جوان سەرناو: پاییز پاییز! پاییز! بووکی پرچ زەرد! من مات، تۆ زیز: هەردوو هاودەرد! من فرمێسکم، تۆ بارانت؛ من هەناسەم، تۆ بای ساردت؛ من خەم، تۆ هەوری گریانت، دوایی نایە: دادم، دادت، هەرگیز، هەرگیز، پاییز! پاییز! پاییز! پاییز! شان و مل رووت، من مات، تۆ زیز، هەردووکمان جووت هەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگریین ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگریین، پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین، بگریین... بگریین... چاومان نەسڕین، هەرگیز، هەرگیز، پاییز! پاییز! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی گەلاوێژ بە شەو گەشت و گوزاری خاتیرات هەروەک شنەی شەوبا، لە ڕۆحی پڕ تەئەسسورما ئەکا سەهرەی خەفەت بەرپا؛ ئەڵێی بەحرێکی قووڵ و مەنگە دنیای پڕ لە بێدەنگی، بەسەریا هاژەهاژ ئەڕژێ ئەنینم سۆزی ئاهەنگی! هەتا سەر ڕووی زەوی چین چین نەویوە پەردەیی تاری، لە خۆیشم دیار نییە وێنەی دڵۆپی ئەشکی بێداری! دڵم وا گێژ ئەدا گەرداوی یەئس و نائومێدیی ڕەش، مەگەر تۆ بێیتە ئیمدادم، گەلاوێژ، ئەی ستارەی گەش! مەگەر تۆ، ئەی گەلاوێژ، ئەی بزەی لێوی سەحەرگاهان! مەگەر تۆ بسرەوێنی قوڵپی ئێشی قەلبی بێ سامان! لە چاوی تۆوە پرشنگێ ئەگاتە ڕۆحی بەدبەختم، ئەکا مەستی تەسەللی تا شەوی دوایی سەری سەختم! دەسا ئەی شا ستارە، ئەی گەلاوێژی گەش و تابان کە هەڵهاتی بە ئەگریجەت بشۆ چاوی شەوی گریان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێدارییەک سەبارەت: هەواری بەرڤیخە - ١٩٦٢ ژوورم تەنیا و دنیای بەر پەنجەرەی ژوور، بە چواردەوری باخچەی کۆشکا، هەتا دوور، دارستانی سەروە و سنەوبەری سەوز شەو ڕووناکە و چاوم یاخی لە وەنەوز ئەی بولبولی شەبەقی شەو! بخوێنە، هەستی «جوانی پەرستی»م بورووژێنە با بە زەبری مەستیم بە ئاوازەی نوێت! وێڵی دارستان بم کاتێک: خەڵک ئەنوێت! ئەگەر عەشقی هونەر، وەک تۆ، ئەی بولبول! لەناو ڕەگما لەگەڵ خوێنا بدا پل، منیش وەک تۆ، خەوم ئەخەمە ژێر پێم، دێم بە چڕی دارستانا ئەگەڕێم بە لای لەشی سپیی پەیکەرەکانا تێئەپەڕم، دەستی چەپ لە گیرفانا، ئەشێلم گیای بن داری نوقمی ئاونگ، بای دارستان لەرزێن ئەمژم پڕ بە سنگ بە شەپۆلی گەڵای سەوزا کە ڕوانیم، سۆزی لەرەی نوێ ئەچێتە گۆرانیم؛ وەک شووشەی عەتر وشەکانی هەڵبەستم ئەگرن بۆنی گوڵی لەیلاخی دەستم ئەوسا مەگەر، زاتێک بنێمە بەر خۆ، دەم لە جوانیی تۆ بەم هەواری مۆسکۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسەرهاتی ئەستێرەیەک بانگی شێوان: لە ئاسمانی خۆرنشین، ئەستێرەیەک ئەجریوێنێ: گەش، شیرین! دەور و پشتی دەریای شینە و بە تەنیا سرنج ئەدا لە ئێوارەی ڕووی دنیا! لە پرشنگیا هەیە شێوەی چاوی کاڵ، لە لەرزینیا زەردەخەنەی لێوی ئاڵ! وەک ئەو گوڵەی ئەیدا لە سەر نازدارێ، تێر نابێ لێی هەر چاوێ بۆی ئەنواڕێ! منیش یەکێ لەو تەماشاکەرانەم، دڵ گیرۆدەی ئەم جوانیی ئێوارانەم؛ لەسەر گردێ بەرامبەری ئەوەستم، کەیلی بزەی ئەبێ سرنجی مەستم! تاریک دایە... ئەستێرەی تر بەر و دوا فڕێ ئەدەن چارشێو لە عاستی دنیا بەڵام ئێستا ئەو ئەسپایی، بەرەوخوار هەڵ ئەخلیسکێ، کزکز، ئەگاتە لێوار؛ لێوی تینووی کەل وەک دڵۆپ ئەیمژێ، ئەی داخەکەم، مەرگی نیشتن ئەیکوژێ! ئەم ئەستێرە، بەسەرهاتی دڵگیری لە کام ڕۆحا نابزوێنێ سا زویری؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری پاش باران وشکەچەم وەک جەوری سەردەم هەڵساوە؛ بەرگی سەوز و نەرمی بەهار ژاکاوە هەر هێڵی گاسنی وەردی کێڵراوە هەتا چاو بڕ ئەکا جۆگەلەی ئاوە جووتیاری نەقیزەی درێژ سەرشان نەر بەرەو ماڵ لەقەلەق گای داوەتە بەر! تا ئەژنۆ لە قوڕدا و کەپەنەک بەسەر، بۆ ڕانی تەریوی هەڵپە و خەم لەبەر، مامەی شوان، وەکوو خۆی، بەرخی باوەشی تەڕتەڕە و هەڵدەستێ هەڵم لە لەشی! کچانی کۆڵەگیای کوڵاندن بە کۆڵ ڕووەو دێ ڕەویون وەک مامزی چۆڵ لە ئاو هەڵکشاوە پەل و پۆی باڵدار، ڕەنج ئەدا فڕەفڕ ناگاتە سەر دار تەڵانی ناو باخی پڕ فەرشی گیای سەوز لێڵاوی باراناو کردوویە بە حەوز؛ لە لێواری حەوزا گوڵاڵە و بەیبوون ساوان و ئەلەرزن لە تاو نوقوم بوون! درەختی هەڵووژەی بەفر داپۆشیو، دارسێوی ڕازاوە بە پۆیلانەی زیو، هەڵاڵەی وەراندوون تەوژمی باران، وەک بووکی ڕووت کراو کەوتوونە گریان! لە بەرپێی نەمامی چوالەدا سەوزاو لە ڕوومەت تکاوە ڕژاوەتە ئاو گوڵباخی گەشاوەی گەڵا تێک شکاو بە کوڵمیا دێتە خوار ئارەق لە گوڵاو، وەک یاری شەرمنی دەس لە مل ئاڵاو بە گوپچڕ، دەربازبووی شانە و قژ شێواو! *** ئەمەیە دیمەنی پاش وەشتی نیسان: پێ شێلی ستەمە گشت شتێکی جوان، تا هەوری ڕووی ئاسمان دڕ ئەدا و هەتاو ئارامیی شیرینتر ئەخاتەوە ناو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تازە کە شەو هات و پەردەی ڕەشی کەوتە سەر جوانیی تەبیعەت، کەژو دەشت و دەر هەموو نووست، هەموو مرد، کش و بێ ئەسەر: سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟ کە گوڵباخ، نێرگس، زەمەق، یاسەمەن هەموو نوقمی بەحری تەمی ئەم شەوەن؟ هیلاکی گروشمەن، وەنەوزێک ئەدەن: سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟ کە کپ بوو قەراغی چەمی پڕ لە قاز، لەسەر ڕووی نەما زینەتی ئیهتیزاز؛ لەسەر لێوی لاچوو بزەی نووری ناز: سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟ کە دڵ کەوتە ناو دۆزەخی دەردەوە، کە عیشق و شەبابی، خوا بردەوە، گڕی شاعیرییەت کە دامردەوە: سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دارچوالەی پشکووتوو سەبارەت: لە گەڕانەوەدا بە چەمی قلیاسانا لە پاش بڕینی ماوەیەکی دوور، گیانی وەڕسی ڕێگای سەرەوژوور دی: «پاس» کشایە ناو پێچێکی لێژ؛ لای چەپ: چناری باریک و درێژ ڕەپ ڕاوەستابوون لە کەناری ڕێ، سەربازی پاس بوون بۆ پشت سەری کێ؟ ڕیزێک نەمامی دارچوالەی نازدار کە ڕێک وەستابوون لەسەر گیای بەهار وەک بووک ئەندامیان لە سووراو نابوو، لەنجەی تاوتاویان بۆ چپەی با بوو پەڕەی هەڵاڵەی چوالەی سووراوڕەنگ جارجار ئەوەری بە خشەی پێی هەنگ، هەروەک پەپوولەی باڵ فڕەفڕکەر ئەنیشتە سەر یەک لەسەر گیای سێبەر! لەگەڵ لێشاوی پەڕەی گوڵ بارین: با بوو شەپۆلی «بۆنخۆشی»ی چین چین *** چەمی تانجەڕۆی سەردەمی نیسان پڕە لە وێنەی سروشتیی جوان جوان؛ بەڵام من چاوم گێڕا خوار و ژوور، لە ڕیزەداری چوالەی تارا سوور جوانترم نەدی وەک بووک وەستابێ، سەیرانگای چەمی وا پێ ئاوا بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیمەنێکی بەهار ئەم لا یەک پەڵە، ئەولا یەک پەڵە: هەوری ڕەنگاوڕەنگ؛ لە ناوەڕاستا: بەدەم ئاسۆوە ڕۆژی شۆخ و شەنگ! سەوزەگیا پاراو، گوڵ و گوڵاڵە مەستی ڕەنگ و بۆ، درەخت تازە شین، سەر لق ڕازاوەی گوڵ، گەڵا، چرۆ سەرتاپای چیمەن دەرئەدا چین چین مرواریی ئاونگ، چەشنی تارای سەوز ئەدرەوشێتەوە، لێی ئەتکێ پرشنگ نەسیمی بۆن خۆش، کزەبای فێنک، وەک نەوای ئیلهام سەمای جوانیی پەریی تەبیعەت دێنێتە ئەنجام! قاسپە قاسپی کەو، نەغمەی چۆلەکە و بولبولی دەنگ خۆش پیاڵەیی نەشئە، حەتتا بە ڕۆحی بەردیش ئەکا نۆش! وەک بگری بەکوڵ دنیای سەرمەستی قاقای پێکەنین، لە هەموو عاستێ فرمێسکی کانیی گەرمی هەڵقوڵین! *** مەلی سەربنچک، پەل و پۆ ڕەنگین! خۆ من هەڵۆ نیم، لێم مەفڕن جووت جووت، مەترسن ئاخر، پێتان بڵێم چیم: منیش وەک ئێوە لە دنیای گەورە گەردێکم بچووک، حەتتا ناشتوانم بفڕم، بخوێنم، بە باڵ، بە دەنووک! بەڵام وەک ئێوە لە دڵما ئەگڕێ مەیلی سەربەستی؛ ئەمەش ئایینم وەک ئایینتانە: هەردەپەرستی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەوزە گیای پاییز سەبارەت: بۆ گیانی بەرزی مەولەوی گیا وردەی پاییز، سەوزی نەرم و نۆڵ، قەیفەپۆشی ڕووی تەختی خاک و خۆڵ! دڵگیری، جوانی، بێ دڕک و داڵی، دوا یادگاری بەدیعی ساڵی! هەچ ئێوارەیەک دیدەنیت ئەکەم، سەمای پاییزم تیا نامێنێ تەم! مەستی بادەی حەز، پڕ نەشئە و خەیاڵ، ئەسووڕێمەوە لەم یاڵ بۆ ئەو یاڵ؛ ئەنجا دێم، لەسەر سینەی نەرم و شل ڕائەکشێم تاوێک، نوقمی تەئەممول... تاوێک نەغمەی مەل، تاوێک شنەی با تا ئەودیو شاخی ئەندێشەم ئەبا: خۆم بە خۆم ئەڵێم: یاران من چیم کرد؟ بۆچ عومری جوانیم وەک پیر بەسەر برد؟ منیش لە دایکی تەبیعەت زاوم، بۆچ کردەوەی ئەو نابینێ چاوم؟ ها، وا بەسەرچوو خەزانی پیریش، کەچی ئەو زیاتر ئەکا ئارایش! تازە سەوزەگیا سەرلەنوێ ئەڕوێ، مەل لە ماجەرای عەیش و نۆش ئەدوێ! تازە سروەی بای قودسیی «عیسا فوو» گیان ئەکاتەوە بەر دنیای مردوو! *** ئەی گیا سەوزەکەی دڵ فەرەحاوی، وەک تۆ سەرگەرمی سەودای هەتاوی، منیش لەمەوپاش وایە بڕیارم تیژگی خۆر بێ لام نازخەندەی یارم؛ تا گەرماییی ژین ماوە شادی کەم، ئیتر واز بێنم لە ئاشنایی خەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوێکی بەهار تاریکە شەوێ: نوقمی ڕەشی چیهرەیی دنیا، دیلی تەمی ئەسرار بوو دەر و دەشتی حەقایق، چووبوونە پەنا پەردەیی خەو، کەون و خەلایق موستەغریقی ئەندێشە ئەبوو ساهیری تەنیا! تاریکی، تەمی دەشتی دڵ و تانەیی سەر چاو، شاباڵی پەخش کردبوو تاکوو ئەبەدییەت بێدەنگی لە چوار لاوە موهاجیم وە خرۆشاو، وەک زوڵمەتی شەو نەیبوو ئەویش نووک و نیهایەت جارجار لە ئوفوق ڕائەوەشا شیری برووسکە، گرمەی غەزەبی گوێی کەڕ ئەکرد هەورەتریشقە؛ باران سەرەتای ڕیققەتی بوو: نم نم ئەگریا، وەستابوو زەوی تینوو، زەلیلانە لە بەریا! ئەمجا بە خوڕەم باری، لەپاش یەک دوو دەقیقە، ئافاتی ئەمەل ڕەش بوو، نەما پێوە ترووسکە! تاوتاو لێی ئەدا تەپڵی هومووم تەرزە بە ئاهەنگ؛ وەختێ کە ئەهات حەملەیی با تونگ و خرۆشان، ئەیڕشتە دڵی پیاوی سەبوور کەڵکەڵەیی جەنگ، هەروەک دڵی خەووافی ئەترسان و ئەلەرزان! لەم حاڵەتەدا ڕۆحم وەکوو چاوی گلاوی، ئانێکی بە قەد ساڵێ پڕی زەهری ئەلەم بوو؛ ناگا: هەمیسان نیشتەوە لافاوی تەبیعەت، ئاهیستە... نەما زەلزەلە و نەعرەیی حیددەت! کەوتە تەنکیی هەوری ڕەش و چڵکنی پێشوو، ئەلوانی قەزەح تێکەڵی بوو، کون بووە ناوی؛ ئەستێرەیەکی جوانی گەشی پڕ لە تەبەسسوم دەرکەوت و گەیشت لێوە بە دڵ زەوقی تەماشا بەحری هەوەس و شەوقم وەها هاتە تەلاتوم: بۆ سەیری جەمال کردنی دنیایی بەیانی، هێشتا شەوی زۆر مابوو کە من کەوتمە سەحرا، وەک شێت... بەڵام شێتی شیعر، شێتی جوانی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوری پاییز سەبارەت: ١٩٣٣ لە دەریاوە قەتاری هەوری باڕشت کەوتە دووی پێشەنگ، بەسەر سنگی چیادا چۆکی داداوە، کش و بێدەنگ بە سەر پاییزی زەردا با بە خوڕ بگری، بە کوڵ بگری، لەسەر ئاخر گەڵا، ئاخر چڵی تەنیایی گوڵ بگری! بە خوڕ بگری، بە کوڵ بگری: بەسەر دەشت و دەری وشکا، بەسەر داری گەڵازەردا، بەسەر پووشا، بەسەر دڕکا بەسەر سەرچاوەیی کزرا، بەسەر زیخی چەمی دێما، بەسەر هەر وشکییێکا وا لە هاوینی گەرم جێ ما... بەڵێ بگری، بە کوڵ بگری، هەتا ئاخر دڵۆپ بگری، بە گریەی هەوری پاییز با نوقوم بێ سینەیی کزری! بەفر ئاسۆی بڵند بگرێتە چوارچێوەی بلوورینی، لە چەم هەڵسێ خوڕە و هاژەی شەپۆلی ئاوی خوێنینی! دڵۆپی سارد و فێنک با لەسەر دار و دەوەن بڕژێ، پەپوولەی زەردی ئاڵتوونی لەسەر لق هەڵوەرێ، بپژێ بەڵێ! بگری هەور، بارانی پاییز، بێ وچان بگری، لەسەر باغچەی گوڵێ وا سیس ئەبێ ئاخر چڵی عومری! بگرمێنێ، تەپ و نم دابکا، بیکاتە شەست، هەرگیز، نەوەستێ قوڵپی گریانی، نەوەستێ هەورەکەی پاییز؛ تەبیعەت زەرد و ژاکاوە، لە حاڵی گیان کەنشتایە، نیشانەی ماتەمی پاییز لە فرمێسکی درشتایە! ++++++++++++++++++++++