شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / سروشتی جوان سەرناو: هەوری پاییز سەبارەت: ١٩٣٣ لە دەریاوە قەتاری هەوری باڕشت کەوتە دووی پێشەنگ، بەسەر سنگی چیادا چۆکی داداوە، کش و بێدەنگ بە سەر پاییزی زەردا با بە خوڕ بگری، بە کوڵ بگری، لەسەر ئاخر گەڵا، ئاخر چڵی تەنیایی گوڵ بگری! بە خوڕ بگری، بە کوڵ بگری: بەسەر دەشت و دەری وشکا، بەسەر داری گەڵازەردا، بەسەر پووشا، بەسەر دڕکا بەسەر سەرچاوەیی کزرا، بەسەر زیخی چەمی دێما، بەسەر هەر وشکییێکا وا لە هاوینی گەرم جێ ما... بەڵێ بگری، بە کوڵ بگری، هەتا ئاخر دڵۆپ بگری، بە گریەی هەوری پاییز با نوقوم بێ سینەیی کزری! بەفر ئاسۆی بڵند بگرێتە چوارچێوەی بلوورینی، لە چەم هەڵسێ خوڕە و هاژەی شەپۆلی ئاوی خوێنینی! دڵۆپی سارد و فێنک با لەسەر دار و دەوەن بڕژێ، پەپوولەی زەردی ئاڵتوونی لەسەر لق هەڵوەرێ، بپژێ بەڵێ! بگری هەور، بارانی پاییز، بێ وچان بگری، لەسەر باغچەی گوڵێ وا سیس ئەبێ ئاخر چڵی عومری! بگرمێنێ، تەپ و نم دابکا، بیکاتە شەست، هەرگیز، نەوەستێ قوڵپی گریانی، نەوەستێ هەورەکەی پاییز؛ تەبیعەت زەرد و ژاکاوە، لە حاڵی گیان کەنشتایە، نیشانەی ماتەمی پاییز لە فرمێسکی درشتایە! ++++++++++++++++++++++