شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / سروشتی جوان سەرناو: شەوێکی بەهار تاریکە شەوێ: نوقمی ڕەشی چیهرەیی دنیا، دیلی تەمی ئەسرار بوو دەر و دەشتی حەقایق، چووبوونە پەنا پەردەیی خەو، کەون و خەلایق موستەغریقی ئەندێشە ئەبوو ساهیری تەنیا! تاریکی، تەمی دەشتی دڵ و تانەیی سەر چاو، شاباڵی پەخش کردبوو تاکوو ئەبەدییەت بێدەنگی لە چوار لاوە موهاجیم وە خرۆشاو، وەک زوڵمەتی شەو نەیبوو ئەویش نووک و نیهایەت جارجار لە ئوفوق ڕائەوەشا شیری برووسکە، گرمەی غەزەبی گوێی کەڕ ئەکرد هەورەتریشقە؛ باران سەرەتای ڕیققەتی بوو: نم نم ئەگریا، وەستابوو زەوی تینوو، زەلیلانە لە بەریا! ئەمجا بە خوڕەم باری، لەپاش یەک دوو دەقیقە، ئافاتی ئەمەل ڕەش بوو، نەما پێوە ترووسکە! تاوتاو لێی ئەدا تەپڵی هومووم تەرزە بە ئاهەنگ؛ وەختێ کە ئەهات حەملەیی با تونگ و خرۆشان، ئەیڕشتە دڵی پیاوی سەبوور کەڵکەڵەیی جەنگ، هەروەک دڵی خەووافی ئەترسان و ئەلەرزان! لەم حاڵەتەدا ڕۆحم وەکوو چاوی گلاوی، ئانێکی بە قەد ساڵێ پڕی زەهری ئەلەم بوو؛ ناگا: هەمیسان نیشتەوە لافاوی تەبیعەت، ئاهیستە... نەما زەلزەلە و نەعرەیی حیددەت! کەوتە تەنکیی هەوری ڕەش و چڵکنی پێشوو، ئەلوانی قەزەح تێکەڵی بوو، کون بووە ناوی؛ ئەستێرەیەکی جوانی گەشی پڕ لە تەبەسسوم دەرکەوت و گەیشت لێوە بە دڵ زەوقی تەماشا بەحری هەوەس و شەوقم وەها هاتە تەلاتوم: بۆ سەیری جەمال کردنی دنیایی بەیانی، هێشتا شەوی زۆر مابوو کە من کەوتمە سەحرا، وەک شێت... بەڵام شێتی شیعر، شێتی جوانی! ++++++++++++++++++++++