شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: ئافرەت و جوانی بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە لە باغچەی بەهار گوڵم چنیوە شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە لە زەردەی زۆر کەل سەرنجم داوە پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر هەتاوی نەورۆز، مانگی جۆدرەو زۆر هاتوون و چوون بە ڕۆژ و بە شەو خوڕەی قەڵبەزی کەفزیوینی چەم لە هەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم میوەی گەیشتووی زەرد و سووری باخ جریوە و جووکەی دارستانی شاخ لە گەرووی شمشاڵ، لە تەلی کەمان گەلێ هەڵساوە ئاوازەی جوان جوان ئەمانە هەموو جوانن، شیرینن رۆشنکەرەوەی شەقامی ژینن! بەڵام تەبیعەت هەرگیزاوهەرگیز بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز! بێ ئاوازەیە دەنگە نەرمەکەی با نەیدا لە گوێم، تێر نەڵێم ئۆخەی کام ئەستێرەی گەش، کام گوڵی کێوی ئاڵە وەک کوڵمی؟ گۆی مەمکی؟ لێوی؟ کام ڕەشی ئەگا بە ڕەشیی چاوی؟ برژانگی؟ برۆی؟ ئەگریجەی خاوی؟ کام بەرزی جوانە وەک بەرزیی باڵای؟ کام تیشک ئەگاتە تیشکی نیونیگای؟ کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی تەلیسماوییە وەک هیی دڵداری؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بووکێکی ناکاو هەی سوار سوار بێ! هەی تفەنگچی دەست باتە تفەنگ! هەی ژنی جوان ئارایشی خۆی کا بۆ ئاهەنگ! لە ژێر تارای سورمەچنا هەرە جوانی دێ «کچی جووتیار» بەرەو کۆشکی ئاغا کەوتە ڕێ کۆشکی ئاغا گەچکارییە، ئاوێنەبەندە کەس نازانێ بە ژمارە، پەنجەرەی چەندە! حەوز و فوارەی حەوشی مەڕمەڕ، باغچە و چیمەنی بەسەرناچێ هەرگیز سەوزی و گوڵی دەگمەنی! جوانی لادێی ڕووتی وەکوو تڵی وەنەوشە بە ئاوریشم و بە ئاڵتوونی ئەم کۆشک و حەوشە لە تەوقی سەر تا بەری پێ پەرداخت و پۆشتە سوار کراوە، شۆخ و نازدار وەکوو فریشتە خراوەتە ڕێ بۆ پەردەی ئەتڵەس و گوروون بۆ باخەڵی ئاغای پێش چاو بە چلچرا ڕوون! ئاغای خاوەن هێز و شکۆ، خاوەن سامداریی لەکاتێکا درێژ ئەکا دەستی دڵداریی بۆ گەردنی گوڵی کێویی لەجێ هەڵکەنراو نمی فرمێسک بە دی ئەکا لەسەر کلی چاو! مووچڕکەیەک بە سەرتاپای لەشیا ئەگەڕێ ئاگادارە فرمێسکی سۆز، دێتە خوار بۆ کێ؟ کچی جووتیار بۆ بەهەشتی ژین و دڵداری لەگەڵ کوڕی شوان بەستبووی پەیمانی یاری! کوڕی شوانی برژاوی ئیش، لەبەر هەتاو قاڵ مەچەک ئەستوور، لەش کەڵەگەت، دەفەی ناوشان چاڵ تیری خوای عەشق هەتا شاپەڕ دڵی سمیبوو کچی جووتیار لەبەر چاوی بت بوو، پەری بوو! ئەم نازدارەش بە شەو و ڕۆژ نەخشی خەیاڵی کوڕی شوان بوو: باڵای بەرزی، ناوشانی چاڵی! ئیتر ڕێگای دارستان و ناو ڕان و دێبەر بوو بە شانۆی سەرگروشتەی دڵدار و دڵبەر: هەر بن دارە، بن دەوەنە، هەر بستە خاکە ئاگاداری چەن بەندێک بوو لەم عەشقە پاکە! هەتا ڕۆژێ بۆ کڵۆڵی، ئاغای شکۆدار لەسەر ڕێی ڕاو، کاسەیەک دۆی وەرگرت لە نازدار گڕی لەشی دامردەوە بە دۆی سەرتەزێن بەڵام کوورەی دڵی کەوتە بەر بای باوەشێن! دەست و کاسە و پەنجەی دۆگیر، نیگای چاوی ڕەش هەستیی ئاغای فڕێدایە ناو ئاگری گەش! پیاوماقووڵی ڕاسپێری کرد تارەک سازبکرێ زوو ئەم شۆخە نەرم و نۆڵەی بە بووک بۆ ببرێ کوڕی شوانە کە ئەمەی بیست شێت بوو، دایە کێو زەویی داگرت بە تف کردن، ئاسمان بە جنێو! چەن جارێ شەو ماڵی ئاغای دایە بەر تفەنگ دەغڵی سووتان، باغی بڕی، بۆ ئەتک و بۆ پەنگ کلک و یاڵی چەن چارەوێی قەل کرد بە خەنجەر بەسەر ڕانی ئاغایا دا و مەڕی دایە بەر تاکوو دوایی ڕۆژێ بەختی نۆکەری ئاغا خەوی لێ خست لە سێبەری درەختی باغا پەنجەی کینە لەسەر پیلکەی تفەنگ کەوتە کار کۆستی دڵی بۆ ئیجگاری کەوت کچی جووتیار! ئێستا ئەوا هەرچی بڵێی نیعمەت و نازە هەمووی ئەدا بە یەک دڵۆپ فرمێسکی تازە لەبەر دەرگای چاوی ڕەشا بلەرزێ و بڵێ: دەستی زۆردار سەد سەر ئەکا، ناگاتە دڵێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ جوانی سەرەڕێ بۆ یەک شەو لای دایە ئەم دێیە ڕێی وێڵم بەیانی، ڕۆژ هەڵهات، سوار ئەبم جێی دێڵم وەک ساوای یەکشەوە کە دێ پاش نەمانی چۆڵ ئەبێ بە یەکجار لە ناو و نیشانی، ئەم دێیە جێ دێڵم: بێ نیشان، بێ شوێنپێ، ئەی پەری! سڵ مەکە، لا مەدە بۆ لاڕێ! ئەو نیگا نیوکەچەی ئەو چاوە مەستانە! شۆڕ مەکە بۆ بەرپێ، بەرز و گەش بڕوانە! پەنجەی ناز بەر بدە لە چمکی مشکیی شەرم، دەرکەوێ لێوی ئاڵ، زوڵفی خاو، کوڵمی نەرم، سڵ مەکە لە مەیلی بە گەرمی ڕوانینم، پیاوێکم جوانییە قیبلەگای ئایینم، سەرنجێک من ئەیدەم لەو بەژن و باڵایە لە سینەی پاکەوە بۆ جوانی تەنیایە، ئەمەوێ کە دەرچووم لەم دێیە بەیانی، خاتیرەم هەڵگرێ جوانترین نیشانی! چونکی ئاخ! ئەگەرچی ئێوە من ئەمرێنن، بەڵام تۆ، خۆت و دێت لای من هەر ئەمێنن، تۆیش لەگەڵ هەر جوانێک ئەبینم تا ئەمرم، ئەبیتە مرواری بۆ ملوێنکەی شیعرم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ کچێکی بێگانە زۆر قژی زەرد سەرنجی ڕاکێشاوم زۆر چاوی شین داویە پرشنگ لە چاوم شان و مل و گەردنی ڕووتی بێگەرد سنگی نەرم و مەمکی قوتی توند وەک بەرد بەژن و باڵای کەڵەگەت و شۆخ و شەنگ لەشولاری کەمێک گۆشتن، کەمەر تەنگ پێستی سپی بە خوێنی گەش مەیلە و ئاڵ کوڵمی قەڵەو، چەناگەی ناوەڕاست چاڵ دەم و لێوی وەک گوڵی بەربەیانی ئەمانە گشت، گەلێکی تریش جوانی وەک لەنجەولار، زەردەخەنە، نەغمەی دەنگ شەرمی تاوتاو، نازکردنی ڕەنگاوڕەنگ هەمووم دیون کاریان کردۆتە هەستیم سەردەمێکی عومرم بوونە هۆی مەستیم هەموو: یەکیەک یاخۆ دەستە بە دەستە ناخی گیانیان بۆ پڕ کردووم لە بەستە ئەمانەم گشت لا جوان بووە و لا جوانە بەڵام هەرگیز تەنیا جوانی ئەمانە بۆی نەشکانووم توینیەتی و ئارەزووی دڵ، هەر گەڕاوە مەلی برسیم چڵاوچڵ لە هەچ باخێک گوڵێکی سوورم دیبێ بۆی چووم هەزار دڕک لە پێم چەقیبێ! هەر ئەوەندەش گیرۆدەی گوڵی سوور بووم ناشارەزا و پەپوولەی دوور بە دوور بووم ئەمجا ئیتر کەوتوومەتە بەیایی بۆ جوانێکی تری پێش ئاشنایی جوانەی تریش هەر وەکوو ئەم جوانانە نەیتوانیوە دامرکێنێ ئەم گیانە هەر سەرگەردان، هەر ئاوارە، هەر برسی «بۆچی؟» باشە پێت بڵێم با، ئەپرسی: چونکە کاتێ دێنێتە دی خۆزگەی دڵ جوانیی گیانیش هاوکاری بێ، جوانیی گڵ لەش با هەردەی بەهار بێ ئارایشتی ئاسمانێکی ئەوێ فەڕ با بە گشتی! بۆ کڵۆڵیم، ڕەنجەڕۆییم، بەدبەختیم تا ئێستاکە هەر نازدارێ من ناسیم بە ڕواڵەت چەن پرشنگدار و شیک بوو پێچەوانەی ئەوە، دڵی تاریک بوو؟ کۆشی گەرم و دەروونی سارد و سڕ بوو زمانی نەرم، نیهادی ئێجگار دڕ بوو! لەبەر ئەوە، ئەی قژزەردی بێگانە! جیلوەی جوانیت لە بیرم چێ ئاسانە! بەڵام ئەوەی لێی ورووژاندم هەستم ئەو کتێبی شیعرەیە داتە دەستم! گران هەتا دوا هەناسەی ژیانم، لە بیرم چێ ئەو جوانەی دای نیشانم: دیوانەکەی «برۆنس» کە نەغمەی شیعری ئەڵێی کچە پێ ئەکەنێ، یان ئەگری! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی بێ ناو قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ! ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ! ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو! گەندەمووی دەموچاو، مەچەک هەڵنەگرتوو! ئەی ئەندام وردیلەی نەرمۆڵەی ئێسک سووک! ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هی بووک! ڕاستە من ڕێبوارم، سەرپێیی ئەڕوانم بەڵام وا جوانیی تۆ کاری کرد لە گیانم ئەڵێی نەک هەر ئێستا عومرێکی درێژە بەو دەست و پەنجانەت برینم ساڕێژە! ئەی کچە کاڵەکە! جوانی تر با زۆر بن، لە باغچەی بەهارا گوڵباخی بەر خۆر بن، با ڕەنگیان پەرداخت بێ و جێگەیان سەرچڵ بێ بە واتەی خەڵکی تر با ناویان شاگوڵ بێ، گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە، کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە! لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان! ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان! لە تەختێک هەڵدەستێ هەزار و یەک نەغمە: ئەوەیان شیرینتر دێتە گوێم زۆر نزمە! کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو: لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو، جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ! قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ! ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ! دەربەست نیم ڕێبوارم، دەربەست نیم ڕەوتەنیم ئەزانی شپرزە و دەربەستی ئێجگار چیم؟ هی ئەوەی نیگارێک لە یادم کێشراوە، شۆخێکی نایابە، بەڵام ئاخ، بێ ناوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سکاڵا لە سەمای بەرزی ناوبانگی حوسنا تاقە ستارە! نەبووی لە وزەی دەست کورتیی منا، ئاشکرا و دیارە! هەر لەبەر ئەوە ڕووم لێ وەرگێڕای یەکەم تەسادوف دڵەی حەسساس نا، بەردم پیشان دای بەڵام تەئەسسوف: وات زانی کە من موستەغنی و غەڕڕام حەریستربووی لێم تێ هەڵچووی بە دەم، ئیشارەت، پەیغام پەیمانت دا پێم... ! هەیهات! مەلی دڵ، خوێنگەرمی شەباب تەفرەی ئاسان بوو، کەوتە شوێن قسەت، فڕی بە شیتاب، وێڵی ئاسمان بوو کەچی نەیشتهێشت بێ لەسەر سینەت بنیشێتەوە، لات برد لە ڕێگای هەوای مەحەببەت دوورت خستەوە! *** مەلی ناو فەزای ناموتەناهیم! دڵی لاوم ڕۆ! مانووی ئینتیزار ڕێی وەعدەی واهیم: نووری چاوم ڕۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوێک لە عەبدوڵڵا هۆڵ زۆر گەورە ئێجگار ڕووناک هەموو شت جوان، هەموو شت پاک «جەو» لێی ئەتکێ شادمانی بۆن خۆشی، مۆسیقا، جوانی هەر مێزە و کورسی دەورەی داو تێکڕژاون ئافرەت و پیاو ئافرەت: چرای کۆڕی ئاهەنگ لەنجەی جووڵان، مۆسیقای دەنگ! لەسەر هەر مێزە، یەک دوانێ بۆ چەشنی جوانی نیشانێ! یەکێ قژزەرد، یەکێ چاوڕەش یەکێک لێو وەک گوڵ غونچەی گەش یەکێک مانگی شۆخ و شەنگە سیحری جوانییەکەی بێدەنگە یەکێک شێوەی دوان خۆشە جوان نییە بەڵام جوان پۆشە! ... هەر ئافرەتە هێندە ژیرە پەرداختر کات کوێی دڵگیرە: پێست پەمەیی لەش نەرم و شل: نیوەڕووتیی، تەنکیی جل کەم گۆشتی نەختێک کەڵەگەت: نەخشێکە بۆی شان و چاکەت قژ ئاوریشمن بە توالێت عەتر و سیحری لێ ئەتکێت چاوڕەش بە کل ئەوەندەی تر بۆ تەماشاکەر گورچک بڕ شۆخی مەڕمەڕگەردن و سنگ لەسەر سنگی ڕووت بۆ پرشنگ ڕستێک مرواریی داناوە مایەی ڕێشکە و پێشکەی چاوە! *** تاک تاک مێزی وەکوو هیی من دەوری داوە کۆڕی بێ ژن ئەمانەش یا بادەنۆشن یان بە تەماشا سەرخۆشن! تاوێک چاو ئەبڕنە جوانێ دانسێکی نایاب ئەزانێ پێ و پل و چەرخەی هاتوچۆ جوان جووت ئەکا لەگەڵ تانگۆ تاوێک نەغمەی «ڤاڵس» و خەیاڵ لەگەڵ نەشئەی ستاوتی تاڵ دەستیان پێ ئەداتە بەر سەر بیریان ئەڕوا بۆ دنیای دەر! تا کەی؟ بەڵکوو تا دوای دانس «چەپ... چەپ...»چەپڵەی پاش نەغمەی ڤاڵس! سەعات فڕی، شەو درەنگ بوو هێشتا نیوەڕۆی ئاهەنگ بوو! تازە باندی پشت سێ پای نۆت: گەرمی هەوای فۆکسترۆت! تازە شۆخی هەڵبژاردەم کەوتۆتە سەرنجی دەم دەم بە دوو چاوی وەک دەریای شین پڕ لە زەردەخەنەی شیرین بەڵام منی بێگانەی کۆڕ شەونشینیم لێ نایە زۆر ناچار لەگەڵ هاوڕێم هەڵساین خەو ئەم بەهەشتەی لەکیس داین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە درزی پەچەوە جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کات بەیانی، ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی: بۆ سەوزایی دەوروپشتم، بۆ ئاسمان بۆ شاخی بەرز، خانووی تازە، دنیای جوان ئەڕۆییشتم بە ئەسپایی، کش و مات، لاشە سست و دڵ کەیلی تاسە و ئاوات! لەپڕ، نازانم چۆن سەرم هەڵبڕی بەرامبەرم بەژنێ دەرکەوت وەک پەری! لەگەڵ ئەوەی لە عاباوە ئاڵا بوو، لە دیمەنی شیرینی ئاشکرا بوو، باڵابەرز و بچکۆلەپێ و ئیسکارپین گۆرەوی و پووز: سفت و سپی و ئاوریشمین! ئەڕۆییم و دزەی نیگام جارجارێک، لە ژێر عابای ڕەشا ئەیدی نازدارێک: بە ڕەوتی کەو، لەنجەی تاوس و قومری گورج گورج، جوان جوان ئەهات و جادەی ئەبڕی مابووی بگاتە عاستم چەن هەنگاوێ، درزێ کەوتە پەچە و دیم نیگای چاوێ، دەست و پەنجە و مەچەکێک و نیگایەک چی بنووسم؟ خوایە هێزی ئینشایەک! قۆڵ و مەچەک ساف و سپی وەک شووشە، سەرپەنجەکان یاقووتێک بوون بە ورشە، بێینە سەر چاو: چاوێک، بڵێم چ چاوێک؟ کانیی سیحر، دەریای عیشوە، گێژداوێک، کەوا کەوتە بەر شەپۆلی هەستی من، لەو ڕۆژەوە هەر نوقم ئەبێ بەرەو بن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیاز سەردەمێک بوو دنیای گیانم تاریک و چۆڵ بوو، کام «بەڕۆچکە»ی گەرمە دڵم، چەشنی سەهۆڵ بوو قەریحەم وشک، تەبیعەتم زەرد و ژاکاو بوو زەردەخەنەم ئاخی سەرلێو، فرمێسکی چاو بوو! بە ئاسمانی هیوامەوە ئەستێرەکانم بە هەزاران شائەستێرەی گەش گەشی جوانم هەموو نوقمی دەریای تەمی ڕەش و تاریک بوون وەک وەنەوشەی چنراو لەگەڵ سیس بوون خەریک بوون سەردەمێک بوو بێ نەغمە بوو باغچەی ژیانم بێ ورتە بوو ناو هێلانەی بولبولەکانم لەرەی دەنگی شادمانی و نەشئەم خنکابوو شەپۆلی بای بەهرە و جۆشم مەنگ ڕاوەستابوو تەلی عوود و کەمانم پس، کونی شمشاڵم بەسرابوو وەک: گرێی دڵ و زمانی لاڵم! سەردەمێک بوو نە تریفەی مانگی هاوینم، نە گزنگی هەتاوی سەر لووتکەی بەفرینم نە لەرزینی چینی سەر ڕووی گۆماوی شینم نە بریقەی دووری چەمی پاش زۆر بارینم نە ورشەی گیای مێرگی سەوزی دەمەو بەهارم نە شنەی بای دارستانی چڕی نزارم چەشنی جاران دای ئەخورپان ناخی دەروونم ئەیهێنایە سەر هەڵقوڵین سەرچاوەی ڕوونم! سەردەمێک بوو، سەردەمێکی دوورودرێژ بوو نوێنی ئارام بۆ من لەسەر چەرپایەی لێژ بوو نە خەوم خەو، نە خەیاڵم وەک خەیاڵ وا بوو هەستیم وێنەی ئوقیانووسی ژێر ڕەشەبا بوو لەشم بێ هێز، گیانم بێزار، دڵم غەمگین بوو هیوام تاریک، مەیتی عەشقم تابووتی ژین بوو! ناهومێد بووم، وام ئەزانی دەردێکە کاری بەرەو پیری چوون هێناویە دیاریی ئێجگاری! ئیتر ئەبێ کونجێ بگرم، دۆش دابمێنم لەسەر مەرگی عومری جوانیم یاسین بخوێنم! چاوەنواڕ بم ساکەی گەردوون، گەردوونی بێ باک جانەوەری گۆڕ هان ئەدا بمکاتە خۆراک؟ بەڵام ئەی یار، یاری نازدار، شۆڕەژنی شۆخ! بە لێوی ئاڵ، بە چاوی ڕەش، چاوی ڕەشی تۆخ بە باڵای بەرز، بە ئەندامی نەرم و شل و جوان ڕەوتی شیرین، عیشوە و نازی گفتوگۆ و جووڵان بەم جوانیانە کە زینەتی بەهەشتی دنیان بەم جوانیانە کە لە تۆدا هەموویان پەیدان لەو ڕۆژەوە دیومە سیحری زەردەخەنەی تۆ دنیای دەروون مەلەکانی هاتوونەوە گۆ سەرچاوەکەی عومری جوانیم هاتۆتەوە قوڵ باغچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ! ... ئێستا ئەگەر بێت هیچ نەبێ لوتفی تۆ جارجار، بملاوێنێ ئەی ژنی شۆخ، ئافرەتی نازدار قەسەم بە تۆ! قەسەم بە ناز! قەسەم بە جوانی! هەموو هەستیم ئەچێتەوە دۆخی جارانی قوڵپی گەشی خوێنی جوانی دێتەوە لەشم دیسان شەبەق ئەدا ئاسۆی ئاسمانی ڕەشم ئیتر ڕابوورد من پیر ببم، یان دڵم بمرێ یا بلووری شادمانیم هەرگیز گەرد بگرێ ئەمجا ئەی یار، ئەی خواژنی عەشقم، ئەی ڤێنووس! ئەی هەیکەلی بەدەن لە عاج، توالێت ئابنووس! هیچ نەبێ تۆ، بۆ خاتری جاهی ئەپۆلۆ مەلی شیعرم مەیدان مەدە بکەوێ لە گۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەوتێکی جوان لە ژێر زەردەی خۆرەتاوا، بە ناو چیمەنی گوێ ئاوا، چەن بە ئاهەنگ، چەن سیحراوی ئەگەڕێ قاز، یان مراوی! یا کەو لەسەر بەفری نزار بۆ لووتکەی هەزار بە هەزار، چەن ئێسکسووک چەن گورج و گۆڵ ئەکشێ: پشت لە تۆی تەختی دۆڵ! یا کەروێشکی تێر و قەڵەو لەبەر تریفەی مانگەشەو چەن جوان ئەڕوا بە قونەقون سرک و گورج و سپی و خرپن! یا پۆڕ لە گوێڕێگای دەشتا لەگەڵ سایەقەی پاش وەشتا چەن ورد و جوان، بە لەنجە و لار ئەشێلێ سەوزە گیای بەهار! یا کۆتری حەوشی مزگەوت چەن خنجیلانەی لێ دێ ڕەوت! ئەوەندە جوان، لەوە جوانتر لە شنەی بای شەو ڕەوانتر لە لەرەی پرشنگ، ئاوازە لە خوڕەی ئاو، شیعری تازە بە ئاهەنگتر، بە خورۆشتر بە گوێچکەی دڵ دەنگی خۆشتر پێی ناز ئەنێ بەسەر ئەرزا جوانێ لە بەژنێکی بەرزا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵبەستی پەشیمان کفرە لای من لە یار ڕەنجان پێی لێ ئەنێم ئەی زوهرەی جوان! هەرزەگۆییم کرد هەرچیم وت، وا ئەو چڵکەم بە فرمێسک شت، بە فرمێسکی پەشیمانی، ئەی زوهرەی ناز، زوهرەی جوانی! من ژیانم، گیانم، هەستیم، هیوام، تاسەم، شادیم، مەستیم، بیرم، هۆشم، هەرچیم هەیە بەهرەی جیلوەی ئەو زوهرەیە کەڕووی لێ نیشت گەردی شیعرم، هەی جوانەمەرگ خۆم! هەی بمرم! ئەی ڕووناکیی ڕێی باوەڕم! خوای بەهەشتی دڵی تەڕم! قیبلەی عەشقم! هۆی ئاوازەم! هێلانەی هەڵبەستی تازەم! چۆن ئەتوانم بڕەنجم لێت؟ هەی خاک بەسەر! ئینسانی شێت! تۆ بی زەردەخەنەی چاوت لێوی بە عاستەم تۆراوت، تۆ بی سپیەتیی شان و مل لە عاستی ڕووتی و یەخەی جل تۆ بی بەستەی ڕۆیشتنت، لەوحەی ڕەسمی دانیشتنت تۆ بی بەبینترین نەغمە: شڵپەی ماچی ئەو ناو دەمە! تۆ بی هەموو جیلوە ی جوانیت: لێم خۆش بە، دڵم ڕەنجانیت! ئەی زوهرەی ناز! زوهرەی جوانی! گەردنکەچی چاوەڕوانی وەستاوم سا دڵم خۆش کە، شیعری پیشووم فەرامۆش کە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵبەستی ڕەنجاو کەی تۆم دیوە؟ کەی ئەتناسم؟ کەی؟ کەی؟ کەی؟ دڵداری چی؟ پەیمانی چی؟ حەی؟ حەی؟ حەی؟ وەک سیحرباز هاتووی بەندی دەلەسە ئەخەیتە پێم، دیلم ئەکەی، نا بەسە! بەس تەفرەم بە، بەس بە ئەفسوون گێلم کە بەس کوێرم کە، ئەمجا دوشمن شێلم کە! گوێم پڕ بووە لە ئەفسانە ی دڵداری بە لەعنەت بێ زوهرەی جوانی و عەیاری! عومری جوانیم لە هێلانەی بێڕەنجا، چەن بێ تاسە، چەن ئاسوودە ئەگونجا؟ تا ناسیمت، تا خۆت هاویشتە سەر ڕێم تا دێوجامە ت ڕاگرت نیشانت دا پێم هاوار! تومەز لەودیو پەردەی گوڵ گوڵین لەکارا بوو! بیری بەد، دەستی خوێنین! بە لەعنەت بێ زوهرەی جوانی سروشتی، دائەفلیقێ هەر دڵێ کەوتە مشتی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەڕۆی ئۆغر کڵاولار! گورجی کەوڕەفتار! نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ لە تیری ئاهی ناکامیم حەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ بە دووتا ئەشکی حەسرەت خوێن ئەبارێنێ بەسەر دەشتا تەماشای لالەزاری ڕاگوزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ لە لای خەڵقی گەدایە گەردی ژێر پێی موڵکی دڵداری بە سایەت وەک هوما تاجم لەسەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ بە لەرزە و زەلزەلەی ئەو پڵپڵانەی دەوری پووشینت بینای هەستیم هەموو زێر و زەبەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ ئەوا واعیز ئەڵێ لادە لە قیبلەی عەشق و جوانیی ڕوو سەماعی وەعزی سەرتاپا زەرەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ فریشتەی یا پەری یا حۆری ئەی شۆخی مەلەک شێوە؟ بە عیشوە و خوو لە هاوجینسی بەشەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ بە تای دوڕڕی غەزەل ئەچنم لە حەسرەت ڕشتەیی گێسووت، مەتای عومری درێژکردووم لەبەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ ئەڕۆی ئۆغر؟ ئەڕۆی ئۆغر؟ نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ حەیام، عەقڵم، دڵ و دینم هەدەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی شەوقی گەلاوێژ ئەی شەوقی گەلاوێژی بەیان نووری نیگاهت! ئەی عەتری سەبا بۆی نەفەسی زوڵفی سیاهت! ئەی حوسنی تولووع وێنەیەکی فەیزی حوزوورت! ئەی حوزنی غورووب ڕۆژی ڕەشی دووریی تەباهت! ئەی کۆشک و سەرای باغی بەهەشت مەیلی سەوابت! ئەی ئاگری دۆزەخ شەرەری خەشمی گوناهت! ئەی عیففەتەکەت داغی حەسەد بۆ دڵی جیبریل هەر بۆ هەوەس و عیشوەیە خۆ لارە کولاهت! چۆن مەحکەمەیی عەشق نەدا حەق بە جەمالت؟ خەندەی لەبی مەعسوومە ئیفاداتی گەواهت! وەک بلبلەکەی فەجری ئەزەل ویردمە ئەی یار: بۆ ئەو گوڵە وا خەڵقی ئەکا حەمدی ئیلاهت! بێ عەشقی هەوای پاییزە بۆ قەلبی فسردەم ئەی ڕۆژی بەهار مەرحەمەتی تینی پەناهت! بێدارییەکەم زوڵمەتی شەو بردی قەراری تۆ و زوڵفی پەشێو، دەربخە سا چیهرەیی ماهت! ئەستێرە هەموو داغی سەمای سینەتە «گۆران» ئەی عەرشی عەزیم ناڕەحەتی دووکەڵی ئاهت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ خانمێک قاسید وتی پێم: بگرە سەبر، خانم ئەوا دێت سا فەرموو، سەبر بێ بە فیدای خاکی بەری پێت! حەسرەتکەشی ئەو شان و مل و گەردنە ڕووتەم وەختە بمرم بۆ نەفەسی بۆنی توالێت! ئاهم بووەتە هەوری بەری تینی هەتاو بۆت فرمێسکم ئەدا نم لە هەموو ساحەیی سەر ڕێت! هەر دیاری کە دا حاشیەیی حوسنی ملووکیت: بۆ ڕەسمی سەلام نەبزی دڵە زەربی ترامپێت! گەر بێت و بفەرمووی، مەلیکەم! مەیلی نشیمەن بەو خوایە لەسەر دیدە ئەکەم تەسویەیی جێت! ئەمجا بە پەڕوباڵی تەڕ و فێنکی بۆسە تێر تێر ئەسڕم، خانمەکەم! گەردی سەفەر لێت! نازانم ئەبێ چۆن بگەمە باسی ویسالت تۆ خواژنی جوانییت و ئەکەم فەرتی حەیا لێت؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گەورە کچێک ئەی گەورەکچی دڵبەر و شۆخ! وەختی مناڵیت دابووم دڵێکی پوختە بە ئەو ڕۆحە عەفیفەت تۆزێ ون ئەبووی کرپەی ئەبەست عامیلی ئولفەت گەردی لە دڵم ئەسڕی پەل و پەنجەیی بازیت! گا ئەموشی ئەو ڕوومەتە نەرمە بە بەری دەست گا شانە و گوڵباخم ئەدا لەو قژە زەردەت! گا ماچم ئەکرد لێوی قوت و چاو و برۆی مەست چەن ساتێ وەها ئولفەتی تۆم بووبوو بە عادەت تاکوو لە پڕا کەوتمە ناو دۆزەخی غوربەت کەم کەم سپی بوو یادت لەسەر لەوحی خەیاڵم ئێستاکە لە پاش بووردنی شەش ساڵە بە عەودەت دڵشادم و تۆ دەم دەم ئەکەی پرسشی حاڵم! بۆ ڕاستی نەڵێم گەورەکچی عیشوە سەراپا ئەوسا نییە تا ناخی نیگای دیدە بەری بێ ئەوسا نییە تا ناوی قسەش دیوی دەری بێ ئەوسا نییە، ئەوسا نییە، ئەوسا نییە بە خوا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاوێ نەگەڕا تاوێ نەگەڕا چەرخی موخالیف بە حیسابم بێ ناڵە نییە سانییەیەک تاری ڕوبابم! هەر لەحزەیەکی مەهدی هەزار گریە بوو، ئەفسووس ساڵانی مناڵیم و هەموو عومری شەبابم! گەر ڕاستە مەلەک نامەیی ئەعمالم ئەنووسێ با سوور بێ وەکوو خوێنی جگەر خەتتی کیتابم! شەمعێکە لەسەر لێوەلەرەی مەینەتی من ڕۆژ ئەستێرەیی شەو شاهیدمن سەختە عەزابم! ئێستە خەلەلی عافیەتیش باری بەدەنمە هەر دەردە ئەدا پاچی لە بونیانی خەرابم! توخوا دڵەکەم کوانێ خوتووراتی جوانیت؟ بۆ ڕەش بوو هەموو ئوفقی خەیاڵات و سەرابم؟ هەیهات چ بێ میهر و وەفا دەرچوو نیگارم حاڵی بە گەرم پرسش ئەکەم، ساردە جەوابم! زیاتر سەبەبی عەقڵ و شوعوورە خەفەتی من بۆ غەفڵەت و نیسیانە هەموو نۆشی شەرابم! ساقی! بە فیدای دیدەیی مەخموورت ئەکەم دین: لێوڕێژم ئەوێ پیاڵەیی مەی ئەجری سەوابم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی لە لادێ ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە ڕێی کانی قوبان! مونتەزیری جیلوەیی نازە، بەردەرگەکەتان قیبلەیی ڕووی ئەهلی نیازە، ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە! سەر جادە موعەتتەر کە بە بۆی خونچە وو مێخەک، بەو لەنجەیەوە بەستە بڵێت ورشەیی خامەک، هاڕەی کەمەرە و پڵپڵە وو گوارە و کرمەک... ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە! چەن جوانی بەرەو مەغریب ئەچی زەردە ئەدا لێت، پرشنگی خشڵ ئەبڵەق ئەکا دەوروبەری ڕێت، ڕۆژی دەمی کەل حازرە بۆ پێشکەشی بەرپێت، ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە! ئێوارەیە وا، دەرکەوە سا جوانە کچی دێ، ئەی ویردی قسە و بەستەیی گشت کوڕگەلی سەر ڕێ! سووتاوی جوانیتن هەموو کێیی کوڕی کێ! ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە! وەک سوێسکە بڕۆ، ئاسکەنیگای چاوی ڕەش و مەست پڕ عیشوە بچەرخێنە، ئیتر هیچ مەبە دەربەست: چەن ماڵ ئەڕمێ! چەن شل ئەبێ هێزی دڵ و دەست! ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە! وەختێ کە ئەکەی چەشنی نەسیم لەنجە بەرەو ماڵ، ئەگریجەیی تەڕ پەخشە لەسەر کوڵم و خەت و خاڵ، شەڕیانە شەماڵ، پەنجە لەسەر ڕەنگی ڕەش و ئاڵ! ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە! ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە ڕێی کانی قوبان! مونتەزیری جیلوەیی نازە، بەردەرگەکەتان قیبلەیی ڕووی ئەهلی نیازە، ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حوزنی پەچە ژنێکی شۆخ لە چاوی بەڵەک بە مەئیووسی خلی ئەکردەوە هۆن هۆن دڵۆپی مرواری، بە ئاو ئەبوو دڵی بەردین لە ئاه و ئەفسووسی، بە ئاوی ساردی پەتی نا، بە ماییعی ناری! وتم: فیدایی جەمالت بم ئەی پەری شێوە! ئەوا توایەوە هەستیم بە سۆزشی گریەت: چییە کە هەیکەلی مەڕمەڕ، غوباری وا پێوە، قەمەر شکات و سکاڵا ئەکا لە هەوری خەفەت؟ سەری بە عیشوە لەقان و بە لەهجەیێکی حەزین وتی: بچۆوە بپرسە لە جینسی پیاوی برات، کە کەوتە گۆشەیی گیرفان گوڵێکی ئاوریشمین چییە تەفاوتی بوون و نەبوونی، قیمەتی لات؟ وەیا هەتا لە دەروونی ڕەشی گڵا ئەنوێ، بە چی لە زیخی دراوسێ فەرق ئەکا گەوهەر؟ ئەوە حسێبە بە گەوهەر، ئەگەر دروستت ئەوێ کە بۆتە جازیبی ئەنزاری عام بۆ ئەفسەر! منیش ئەگەرچی بە جیلوە، بە جازیبەی جوانی گەلێ لە فەوقی گوڵام و گرانترم لە گوهەر، وەلێ لەبەر ئەوە، هەیهات! ئەسیرم و زیندانی مەداری فەخر و سروورم بووە بە قوتبی کەدەر! بەڵێ! هەتاکوو جەمالی پتر بێ دیلی پەری یارە مەیلی زوهووری زیاترە، ئەگری: ئەکا لە سیقلەتی بەندی ژیانی خۆی نەفرەت! ئەکا لە پیاو و لە جەهل و تەعەسسوبی لەعنەت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێبەری هیوا تەسادوفەن کە جوانیت، جەمالی بێ وێنەت بەرامبەری نەزەرم ناگەهان تەجەسسومی کرد لەبەر ئەوەی بەشەرێکم زەبوونی دڵ، هەڵبەت حەقم بوو پەردەیی شەرم و حەیام دڕی، لام برد! بڕیمە نەخشی جەمالت، بەبێ حەزەر لە قسەت لە هەردوو چاوەوە نووکی بڵێسەیی سەودا لە وردترینی دەمارم وەکوو پزیسک پژا تەحەسسوساتی دڵێکی پەرۆش بۆ ئافرەت! بەجۆش و کوڵ، هەیەجان وا موازەنەی تێک دام هەموو مەراکیزی حیسسم مەزەننە کەوتە غەڵەت: کە دیم لە چاوی بەڵەکتا تەلەمموعاتی غەرام وەکوو بریسکە بریسکی نجوومی شەو دەرکەوت کە نیوە زەردەخەنەی ناز و عیشوەیی گەرمت بە درزی لەعلەوە گرتی خەتێکی مرواری کە هاتە گوێمەوە دەنگت بە نەغمەیی نەرمت وتت: چ مفتە تەماشا بە نرخی بێعاری! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بەختی تار لە بەختی تاری شەو ناکەم شکایەت، شەبیهە چونکە بەو زوڵفی سیایەت! نییە قابیل بڕینی ڕاهی دووری وەکوو پرچت کشاوە بێ نیهایەت! بە هیچ خاکستەرێ ناگەم نەکا بۆم لە ئەنجامی لەهیبی حوب حیکایەت! کە تیری نیونیگات چەرخانە ئینسان، قەفەس خاڵی ئەکا مورغی دیرایەت! لە چاوی بەد، خوا عومری جوانی قوبووڵ کا لێم بە پاداشتی ویقایەت! خەوی منداڵ و سەهری عاشقی زار، ئەبەخشێ حوزنی نەغمەی لایەلایەت! هووەیدایە لە ڕەنگی ئاڵی دەستت کە دائیم پیشەتە قەتڵ و جینایەت! هەتا کەی، بادەنۆشی عەشقی تۆ بم؟ هەتاکەی، بێ مەزەی ماچی کیفایەت؟ دەخیلت بم هومای زولفەینی دڵبەر، بەسەر سەرما بکێشە فەیزی سایەت! بە گۆران ناکرێ قەت تەرکی سەودا، کلا نابم لەسەر جادەی هیدایەت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە لادێ کراس کەتانی کەوا سەوزی بەژن و باڵا بەرز! بە شان و گۆزەوە چەن جوانی ئەی پەریی سەرئەرز! لە دوورەوە چ نمایانە پێچ و سەرپۆشت! چ زوو ئەگاتە دەماخم شەپۆلی بۆی خۆشت! شەماڵی ڕێگەیی کانی ئەخاتە باڵاکەت، لەرانەوەی لەشی زیوینی شۆڕەبیی کەڵەگەت! ئەڕۆی بە عیشوە، بە لەنجە، بە وەزنی گۆرانی ئەڕۆی... زڕەی کەمەرەت دێ هەتاکوو بەرکانی! ئەگەیتە کۆمەڵی پیاوانی بەردەمی مزگەوت سڵێک ئەکەی وەکوو ئاسک لە سێبەری ئەشکەوت! لە ڕێگەتا هەیە پۆل پۆل لە لاوی دێ کۆمەڵ کە هەر یەکە گوڵی هێناوە چەشنێ، پڕ باخەڵ! هەموو بە عەزرەتەوەن گوڵ فڕێ دەنە بەر پێت خوایە، ئاخۆ گوڵی کێ بە دڵتەوە ئەلکێت؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەدەنییەت مەدەنییەت: گوڵی بەهاری حەیات مەدەنییەت: هەوایی نەشئونوما مەدەنییەت: وەسیلەیی ئیحیا بۆ هەموو میللەت و عوموومی وڵات! مەدەنییەت، ئەلەکتریک، قەمەر ئەی زیابەخشی حاڵی نەوعی بەشەر! قەومی کوردی هەژاری بێچارە وێڵی تەیهی جەهالەتە، هاوار! ماندوو، مردووە، غەرقی تۆز و غوبار تەی ئەکا ئەم موحیتی ئەسرارە! سەرسەری، بێ نەسیبی ڕوئیەت و گوێ، ژێری پێی دومەڵ و بەدەن توێ توێ! مەوقیعی پڕ دڕندەیە، خەتەرە ناوپەلی فیلە، کۆشی عیفریتە چاوی مەرگی هەمیشە لێ زیتە ئاخ کە ئەم قەومە چەندە قوڕبەسەرە! مەدەنییەت، ئەلەکتریک، قەمەر، ئەی زیابەخشی حاڵی نەوعی بەشەر! ئەی شوعاعی هەتاوی حەقق و نەجات مەدەنییەت! دەخیلە سا پەلەپەل پڕ زیا کە سەمایی تاری ئەمەل با ببینین بەهەشتی ڕاستی حەیات! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژن ژنە کە جیلوەیی حوسنی بە عیشق ئەکا پەرواز ژنە کە قووەت ئەخاتە خەیاڵی ڕەقس ئەنگیز ژنە مووەللیدی عیشق و ژنیشە عیشق نەواز ژنە کە تاری ڕوبابی حەیات ئەکا تەهزیز! سەمایی واسیعی دڵ گەر لە ژن بکەی خاڵی تەجەللیاتی بەدایع غرووب ئەکا، دەیجوور بەسەر سەمایی تەهیدا گوشاد ئەکا باڵی لە کەوکەبی ئەمەلت ون ئەبێ تەبەسسومی نوور! ژنە کە گەوهەری سەر تاجی ئیحتیرامە، ژنە: بە نووکی نەشتەری ئەڵماسی تیژی عیشق و غەرام، خوتووتی قودسیەتی حەککراوی قەلبی منە! بە سیحری خاریقی ژن پڕ قەریحەمە ئیلهام؛ لە کونجی خاتیرەما تا ژنێکی شۆخ نەکا پەری سیفەت بە پەلوپۆی جەمالەوە جیلوە لە کوێ لە سەتحی زەمینا، لە سینەیی فەلەکا، ئەبێتە مەنبەعی شیعرم بەدایعی ئەشیا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەنیشکە جوانەکە کەنیشکە جوانەکە بۆچی فریبی حوسن و جەمال هەڵت ئەداتە سەمایی تەکەببور و عەزەمەت؟ «الی الابد» نییە بۆ کەس مەلاحەت و شەوکەت هەموو بەهارێ مرووری سەریعە بەرق میسال! کەنیشکە جوانەکە: گوڵباغی شۆخ و ڕەونەقدار، کە ئێستە مەوقیعی باڵایی، سەرتە مەستی غروور ئەبینی ئاخری ڕۆژێ سوقووت ئەکا مەقهوور لە ژێری پێی عەجووزا ئەبێتە تۆز و غوبار! کەنیشکە جوانەکە: ئێستا ئەگەر بە سیحر و فسوون هەزاری وەک من ئەکێشیتە داوی شۆر و جنوون بە ئیبتیسامی نەوازش لەبت بکەی تەهزیز دڵی هەزاری وەکوو من لە عەشق ئەکەی لەبریز بەڵام سبەینێ کە پیری وەکوو حولوولی خەزان بە ڕەنگی زەردەوە دەستی لە گەردنت ئاڵان ئەکێشی ئاهی تەحەسسوور لەبەر خەساری دڵان دڵانی پڕ لە شەباب و غەرامی جانبازان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەرچەن هەرچەن بەبەر مەلالی فرەم تەنگە قافییە یەک عومری خەم هەناسەیەکی ساردی کافییە! خۆزگەی خەمم بە قەڵبەزی سەرچاوەکەی «زەڵم» چاو وشکی کرد و ئەو وەکوو خۆی تافەتافییە! لای من چ جامی نەشئە چ میحرابی دینی عەشق: ئەم چاو و ئەو برۆی کچە کوردێکی جافییە! زنجیری زوڵف و چاهی زەنەخ وا لە ڕێگەیا کێ لەو حیجازی حوسنە ئومێدی تەوافییە تا دێ سروور و سیححەت و سەبرم زەعیف ئەبێ هەر تەبعی تا سەما لە فیراقا مونافییە! تف لەو ژیانە کە بێ دەردی عەشقە ئاسووە بەخ لەو ملەی کە زوڵفی نیگارێ تەنافییە! گۆران، تەماعی ماچ و ویسالی بڕیوە لێت یەک ئیلتیفات و نیوەنیگایەک کەفافییە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتی دووری ئەی چاو! چەشنی بازی قەفەس هەڵوەری پەڕت، کوا باڵە تیژەکانی نیگای حوسنی دڵبەرت؟ کوانێ دوو چاوی مەست؟ کوانێ؟ کوانێ برۆی پەیوەست؟ کوانێ؟ کوانێ زوڵفی ڕەش؟ کوڵمی ئاڵ و گەش؟ کوا هەیکەلی جەمال؟ کوا حوسنی بێ میسال؟ ئەی گوێ! زەلیلی چاوم و بەر تۆ پەنا ئەبەم! دەنگێ لە یاری دوورەوە، چی بکەم لە زیل و بەم؟ با بێ، خەندەی پڕ ئاهەنگ بێ! نەغمەی نازی شۆخ و شەنگ بێ! زڕەی بازن بێ! بەرەو لای من بێ! هاڕەی هەیاسەکەی، ورشەی کراسەکەی! ... ئەی حیسسی شاممە! لە چاو و لە گوێچکە مەئیووسم، بۆنێ لە یارەوە دێنێ خیتامی ئەفسووسم، با بێ، بۆنی هەناسەی بێ پڕ بە سینەم وەک تاسەی بێ! با بێ بۆی مەمەی لە درزی سوخمەی بۆنی وەنەوشە، گوڵ مێخەک، عەتر، سمڵ... ئەی لامیسە! ئەگەرچی نەبوو دەنگ و ڕەنگ و بۆ، وەک شێت بە عەقڵی خامەوە خۆم خستە بەختی تۆ! کوا تەماسی لەشی نەرمی؟ کوا لەزەتی کۆشی گەرمی! کوا مەمکی پڕ چنگ؟ لیمۆی باخی سنگ؟ کوا ماچی لێوی ئاڵ؟ جورعەی ئەبەد، خەیاڵ؟ ئەی خاتیراتی عومری گوزەشتەم، دەخیلی تۆم! خنکاوی بەحری دووری نەکەی عەشقی ڕەنجەڕۆم، جیلوەت لە چاوم ون نەبێ هەرگیز لای تۆ نووستن نەبێ! چەشنی ئاوێنە دائیم بنوێنە: عەشقی قەدیمی یار تا وەختی ئیحتیزار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاهەنگێک لە ناو ڕان ڕێبوار (بە لای ڕانا تێ ئەپەڕێ نزیک بە مێرگی بەهار): هەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور تا نەگەڕێ مێرگی بەهار دەم نانێتە ناو دەمی یار! شوان: بەڵام منی شای گشت هەنگی هەردەی بەهاران، بۆ بینینم خۆیان ئەگرن ڕێی دەشت، نازداران! سۆزی شمشماڵ ئەخەمە کار دەمی ئێواران: پۆل پۆل ئافرەت، شیردۆشی جوان، ئەکشێ بۆ ناو ڕان! ڕێبوار: هەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور چۆن بە پێی خۆی دێ گوڵی گەش بۆ لای شوانی کەپەنکڕەش؟ نەک گوڵێک و نەک سیان و چوار، چەن لە دێدا هەبێ نازدار؟ ! شوان: کە مۆڵم دا مێگەلی تێر لەسەر سەوزە گیا: زەردەی هەتاو ئەگرێتە زێڕ ڕووی دەشت و چیا، هەر نازدارە، بۆ هەڵپەڕکێ جۆشێ لە سەریا، لە شمشاڵم ئەنێ بە ناز ڕووی نیازی جیا! ڕێبوار: هەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور لە ناو دێوە پۆل پۆل نازدار ئەشێلن سەوزەگیای بەهار بۆ لای شوانی شمشاڵ پڕ جۆش... هەی بەختی باش! ژیانی خۆش! شوان: حەڵقەی چۆپی لەسەر فەرشی گیای قەراغی ئاو لە بەردەمما هەڵئەپەڕێ گا گورج و گا خاو، منیش چەشنی پەپوولەیەک گوڵ دایبێتە ناو کێ زۆر شۆخ بێ لەبەر پێیا ئەوەستم تاو تاو! ڕێبوار: هەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور هەر لە دێوە هەتا ناو ڕان بە لەنجە دێن شیردۆشی جوان هەڵئەپەڕن بۆ شمشاڵژەن هەی بەختی باش! ژیانی شەن! کۆمەڵێ ئافرەت (نەختێک لە دوورەوە): هۆ شوانی بەهرەدار! تێخوڕە چاوەڕێین، ئارایشت تەواوە، ئامادەی هەڵپەڕکێین! پەرۆشی ئاوازەی بەسۆزی شمشاڵین، بێ سیحری فووی دەمت، بەزم و نۆش بەتاڵین، تێخوڕە، ئامادەین پاداشتی ئاوازە تێرت کەین لە قووتی دڵ کە جوانی و نازە! هۆ شوانی بەختیار! تێخوڕە، درەنگە، بێ شمشاڵ لە دەشتیش وەکوو ماڵ دڵتەنگە! تێخوڕە، تێخوڕە، مێ تێر و گوان پڕە، کاتی ڕان مۆڵ دانە، تا بڵێی دەشت جوانە! لێو بەرە بۆ شمشاڵ، بە سۆز و ناڵەناڵ بلەرزێ لەشی کێو! بجۆشێ دڵی دێو! نەوەستێ هەڵپەڕکێ تا باڕەی بەرگەل دێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەی دڵدار لە ژێر ئاسمانی شینا، لە پاڵ لووتکەی بەفرینا، کوردستان گەڕام، دۆڵاودۆڵ پێوام، *** نە لە شار و نە لە دێ: نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ! تۆیت و بەس کچەکوردێک دڵ پێی شاد بێ، وەک فریشتە و پەریزاد بێ! *** نە باریکی، نە گۆشتن، نە کچۆڵەی، نە شاژن، نە زۆر چاوڕەشی نە ئێجگار گەشی بەڵام بە نیگای شیرین: نەمدی کەس وەک تۆ بەتین تۆیت و بەس! لێت بێ بزەی مانگەشەوی! بەژن ڕێک و ڕەوتی کەوی! *** لەو ڕۆژەوە تۆم دیوە عەشقێک لە دڵ چەسپیوە! ساتێ دوور بی لێم، گڕ بەر ئەبێ تێم! کە دەست لە یەخەت گیر نابێ! لەلای کەس دڵ ژیر نابێ، تۆیت و بەس پەنای هیوا و خەوبینینم، ئاواتی گیانی شیرینم! *** ئەوسا کە تۆم نەدیبوو، ژینم تاڵی و ترشی بوو، بێ شادی و ئارام، بێ هیوا و ناکام، ئەژیام: ژینی سەرسەری، نەمبوو کەس بۆ ڕابەری، تۆیت و بەس ڕێگای هیوا نیشاندەرم، سەختیی ژیان ئاسانکەرم! *** ئەی گەورە کچی زەووس! خوشکە جوانەکەی ڤێنووس! تۆ ئەپەرستم، بۆیە وا مەستم! بۆ ئایینم ئەگەڕێ هەندێ کەس، با جاڕ بدرێ: تۆیت و بەس قیبلەی ئایین و باوەڕم، خوای بەهەشتی دڵی تەڕم! *** وەک سەرەڕۆی شوێن ئامانج، نە زازا ما نە کرمانج گەڕام کوردستان، گەرمیان و کوێستان: نە لە شار و نە لە دێ، نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ، تۆیت و بەس کچە کوردێک وەک گوڵ وا بێ، کوردستانی پێ ئاوا بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگەم بە پار بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! خۆزگەم بە ساڵی ڕابوردوو، عومری کورتی دڵداریم بوو، لە پڕ هات و لە ناکاو چوو... یەک: پڕ لە دنیا ئارەزوو، دەریایەک تاسە... ئەمە دوو، جێ مابووم لە پاری مردوو! بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! ڕۆژ نەبوو چاوم بە دیدار شاد نەبێ، نەسرەوێ ئازار، ڕۆژ نەبوو یار بە لەنجە و لار، چەشنی ئاسکی هەردەی بەهار، بە بەردەمما نەکا گوزار، نەمپێکێ نیونیگای خومار! بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! هەر ڕۆژە عیشوەیەک، نازێ، هەر خەڵوەتە چەشنە ڕازێ، لەو توانج، لە من نیازێ! بۆ ماچێ، نوقورچێ، گازێ، هەر بەزمە دەنگێ، ئاوازێ، بە چاو بینینی دڵخوازێ بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! بڵێن بە یار بێ ناوچاوێ دیمان لە تاو دووری، تاوێ ئەیڕشت لە فرمێسک لافاوێ ئاخی هەڵئەکێشا تاوێ بە یادی باڵا لاولاوێ، چاوڕەشێ، ئەگریجە خاوێ! بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! پرسیی کێ؟ بڵێن داماوێ، هێلانەی دڵ لێ شێواوێ، دوانزە مانگ لە یار بڕاوێ، دوانزە مانگ بۆ یار گریاوێ، بە ئاستەم نووزە تیا ماوێ، ئەیوت: ناونیشانی ناوێ، ئەزانێ یار، خۆی، کام هەژار، ڕۆژی سەدجار، ئەکا هاوار: خۆزگەم بە پار! خۆزگەم بە پار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی خوێناوی کوڕ: بڕوانە! شایییە، چۆپییە، لەو ماڵە گوێ بگرە! زوڕنایە، دەهۆڵە، شمشاڵە! زەرد و سوور تێکەڵ بوون، ژن و پیاو، هەرایە لەو ناوە هەر هاڕەی هەیاسەی تۆ نایە! سا توخوا خێراکە با بڕۆین دەست بگرین بە کامی دڵداری پێکەوە هەڵپەڕین! کچ: گوڵ نەبێ بۆ سەرم ئاڵ چەپکێ، زەرد چەپکێ نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ! کوڕ: کچ لە ڕێی جوانیتا، کچ لە ڕێی جوانیتا کچ لە ڕێی نیونیگای هاتوچۆی کانیتا پاییزە، گەڵای دار ڕژاوە، باغ ڕووتە گوڵ کوانێ؟ گوڵ لێوی بە بزە پشکووتە! کچ: گوڵ نەبێ بۆ سەرم زەرد چەپکێ، ئاڵ چەپکێ نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ! بتدایە دڵ بە من، بە هەموو مەعناوە دوو چەپکت ئەهانی لە باغچەی پاشاوە! ... کوڕ (ئەڕوا و لەبەر خۆیەوە بە گۆرانی ئەڵێ): باغچەی پاشا لەوبەر ئاوە خێڵی دوشمن دەورەی داوە ئەڕۆم: ڕێگام لێ گیراوە ناڕۆم: چاوکاڵ لێم تۆراوە! (بەرەبەرە لە دێ دوور کەوتەوە) *** کوڕ: بە باغچەی پاشادا ورد گەڕام، خوار و ژوور زەرد هەبوو، بۆم چنیت، چنگ نەکەوت گوڵی سوور نازانم ئەمجا دێیت بۆ شایی و هەڵپەڕکێ؟ کچ: نایەم، گوڵ ماویەتی بۆ سەرم سوور چەپکێ! کوڕ (یەخەی مراخانیی ترازان): ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لەباتی؟ کچ: هەی هاوار! تفەنگی دوشمنیش پێکاتی؟ ڕاکشێ تاوێ سەر بنێرە سەر ڕانم؛ با بگریم بۆ دڵێ، بۆ گوڵێ دۆڕانم! ++++++++++++++++++++++