شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: لە درزی پەچەوە جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کات بەیانی، ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی: بۆ سەوزایی دەوروپشتم، بۆ ئاسمان بۆ شاخی بەرز، خانووی تازە، دنیای جوان ئەڕۆییشتم بە ئەسپایی، کش و مات، لاشە سست و دڵ کەیلی تاسە و ئاوات! لەپڕ، نازانم چۆن سەرم هەڵبڕی بەرامبەرم بەژنێ دەرکەوت وەک پەری! لەگەڵ ئەوەی لە عاباوە ئاڵا بوو، لە دیمەنی شیرینی ئاشکرا بوو، باڵابەرز و بچکۆلەپێ و ئیسکارپین گۆرەوی و پووز: سفت و سپی و ئاوریشمین! ئەڕۆییم و دزەی نیگام جارجارێک، لە ژێر عابای ڕەشا ئەیدی نازدارێک: بە ڕەوتی کەو، لەنجەی تاوس و قومری گورج گورج، جوان جوان ئەهات و جادەی ئەبڕی مابووی بگاتە عاستم چەن هەنگاوێ، درزێ کەوتە پەچە و دیم نیگای چاوێ، دەست و پەنجە و مەچەکێک و نیگایەک چی بنووسم؟ خوایە هێزی ئینشایەک! قۆڵ و مەچەک ساف و سپی وەک شووشە، سەرپەنجەکان یاقووتێک بوون بە ورشە، بێینە سەر چاو: چاوێک، بڵێم چ چاوێک؟ کانیی سیحر، دەریای عیشوە، گێژداوێک، کەوا کەوتە بەر شەپۆلی هەستی من، لەو ڕۆژەوە هەر نوقم ئەبێ بەرەو بن! ++++++++++++++++++++++