شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: شەوێک لە عەبدوڵڵا هۆڵ زۆر گەورە ئێجگار ڕووناک هەموو شت جوان، هەموو شت پاک «جەو» لێی ئەتکێ شادمانی بۆن خۆشی، مۆسیقا، جوانی هەر مێزە و کورسی دەورەی داو تێکڕژاون ئافرەت و پیاو ئافرەت: چرای کۆڕی ئاهەنگ لەنجەی جووڵان، مۆسیقای دەنگ! لەسەر هەر مێزە، یەک دوانێ بۆ چەشنی جوانی نیشانێ! یەکێ قژزەرد، یەکێ چاوڕەش یەکێک لێو وەک گوڵ غونچەی گەش یەکێک مانگی شۆخ و شەنگە سیحری جوانییەکەی بێدەنگە یەکێک شێوەی دوان خۆشە جوان نییە بەڵام جوان پۆشە! ... هەر ئافرەتە هێندە ژیرە پەرداختر کات کوێی دڵگیرە: پێست پەمەیی لەش نەرم و شل: نیوەڕووتیی، تەنکیی جل کەم گۆشتی نەختێک کەڵەگەت: نەخشێکە بۆی شان و چاکەت قژ ئاوریشمن بە توالێت عەتر و سیحری لێ ئەتکێت چاوڕەش بە کل ئەوەندەی تر بۆ تەماشاکەر گورچک بڕ شۆخی مەڕمەڕگەردن و سنگ لەسەر سنگی ڕووت بۆ پرشنگ ڕستێک مرواریی داناوە مایەی ڕێشکە و پێشکەی چاوە! *** تاک تاک مێزی وەکوو هیی من دەوری داوە کۆڕی بێ ژن ئەمانەش یا بادەنۆشن یان بە تەماشا سەرخۆشن! تاوێک چاو ئەبڕنە جوانێ دانسێکی نایاب ئەزانێ پێ و پل و چەرخەی هاتوچۆ جوان جووت ئەکا لەگەڵ تانگۆ تاوێک نەغمەی «ڤاڵس» و خەیاڵ لەگەڵ نەشئەی ستاوتی تاڵ دەستیان پێ ئەداتە بەر سەر بیریان ئەڕوا بۆ دنیای دەر! تا کەی؟ بەڵکوو تا دوای دانس «چەپ... چەپ...»چەپڵەی پاش نەغمەی ڤاڵس! سەعات فڕی، شەو درەنگ بوو هێشتا نیوەڕۆی ئاهەنگ بوو! تازە باندی پشت سێ پای نۆت: گەرمی هەوای فۆکسترۆت! تازە شۆخی هەڵبژاردەم کەوتۆتە سەرنجی دەم دەم بە دوو چاوی وەک دەریای شین پڕ لە زەردەخەنەی شیرین بەڵام منی بێگانەی کۆڕ شەونشینیم لێ نایە زۆر ناچار لەگەڵ هاوڕێم هەڵساین خەو ئەم بەهەشتەی لەکیس داین! ++++++++++++++++++++++