شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: خۆزگەم بە پار بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! خۆزگەم بە ساڵی ڕابوردوو، عومری کورتی دڵداریم بوو، لە پڕ هات و لە ناکاو چوو... یەک: پڕ لە دنیا ئارەزوو، دەریایەک تاسە... ئەمە دوو، جێ مابووم لە پاری مردوو! بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! ڕۆژ نەبوو چاوم بە دیدار شاد نەبێ، نەسرەوێ ئازار، ڕۆژ نەبوو یار بە لەنجە و لار، چەشنی ئاسکی هەردەی بەهار، بە بەردەمما نەکا گوزار، نەمپێکێ نیونیگای خومار! بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! هەر ڕۆژە عیشوەیەک، نازێ، هەر خەڵوەتە چەشنە ڕازێ، لەو توانج، لە من نیازێ! بۆ ماچێ، نوقورچێ، گازێ، هەر بەزمە دەنگێ، ئاوازێ، بە چاو بینینی دڵخوازێ بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! بڵێن بە یار بێ ناوچاوێ دیمان لە تاو دووری، تاوێ ئەیڕشت لە فرمێسک لافاوێ ئاخی هەڵئەکێشا تاوێ بە یادی باڵا لاولاوێ، چاوڕەشێ، ئەگریجە خاوێ! بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار، سەد هەزار جار خۆزگەم بە پار، منی هەژار! خۆزگەم بە پار! پرسیی کێ؟ بڵێن داماوێ، هێلانەی دڵ لێ شێواوێ، دوانزە مانگ لە یار بڕاوێ، دوانزە مانگ بۆ یار گریاوێ، بە ئاستەم نووزە تیا ماوێ، ئەیوت: ناونیشانی ناوێ، ئەزانێ یار، خۆی، کام هەژار، ڕۆژی سەدجار، ئەکا هاوار: خۆزگەم بە پار! خۆزگەم بە پار! ++++++++++++++++++++++