شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: بەستەی دڵدار لە ژێر ئاسمانی شینا، لە پاڵ لووتکەی بەفرینا، کوردستان گەڕام، دۆڵاودۆڵ پێوام، *** نە لە شار و نە لە دێ: نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ! تۆیت و بەس کچەکوردێک دڵ پێی شاد بێ، وەک فریشتە و پەریزاد بێ! *** نە باریکی، نە گۆشتن، نە کچۆڵەی، نە شاژن، نە زۆر چاوڕەشی نە ئێجگار گەشی بەڵام بە نیگای شیرین: نەمدی کەس وەک تۆ بەتین تۆیت و بەس! لێت بێ بزەی مانگەشەوی! بەژن ڕێک و ڕەوتی کەوی! *** لەو ڕۆژەوە تۆم دیوە عەشقێک لە دڵ چەسپیوە! ساتێ دوور بی لێم، گڕ بەر ئەبێ تێم! کە دەست لە یەخەت گیر نابێ! لەلای کەس دڵ ژیر نابێ، تۆیت و بەس پەنای هیوا و خەوبینینم، ئاواتی گیانی شیرینم! *** ئەوسا کە تۆم نەدیبوو، ژینم تاڵی و ترشی بوو، بێ شادی و ئارام، بێ هیوا و ناکام، ئەژیام: ژینی سەرسەری، نەمبوو کەس بۆ ڕابەری، تۆیت و بەس ڕێگای هیوا نیشاندەرم، سەختیی ژیان ئاسانکەرم! *** ئەی گەورە کچی زەووس! خوشکە جوانەکەی ڤێنووس! تۆ ئەپەرستم، بۆیە وا مەستم! بۆ ئایینم ئەگەڕێ هەندێ کەس، با جاڕ بدرێ: تۆیت و بەس قیبلەی ئایین و باوەڕم، خوای بەهەشتی دڵی تەڕم! *** وەک سەرەڕۆی شوێن ئامانج، نە زازا ما نە کرمانج گەڕام کوردستان، گەرمیان و کوێستان: نە لە شار و نە لە دێ، نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ، تۆیت و بەس کچە کوردێک وەک گوڵ وا بێ، کوردستانی پێ ئاوا بێ! ++++++++++++++++++++++