شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: بووکێکی ناکاو هەی سوار سوار بێ! هەی تفەنگچی دەست باتە تفەنگ! هەی ژنی جوان ئارایشی خۆی کا بۆ ئاهەنگ! لە ژێر تارای سورمەچنا هەرە جوانی دێ «کچی جووتیار» بەرەو کۆشکی ئاغا کەوتە ڕێ کۆشکی ئاغا گەچکارییە، ئاوێنەبەندە کەس نازانێ بە ژمارە، پەنجەرەی چەندە! حەوز و فوارەی حەوشی مەڕمەڕ، باغچە و چیمەنی بەسەرناچێ هەرگیز سەوزی و گوڵی دەگمەنی! جوانی لادێی ڕووتی وەکوو تڵی وەنەوشە بە ئاوریشم و بە ئاڵتوونی ئەم کۆشک و حەوشە لە تەوقی سەر تا بەری پێ پەرداخت و پۆشتە سوار کراوە، شۆخ و نازدار وەکوو فریشتە خراوەتە ڕێ بۆ پەردەی ئەتڵەس و گوروون بۆ باخەڵی ئاغای پێش چاو بە چلچرا ڕوون! ئاغای خاوەن هێز و شکۆ، خاوەن سامداریی لەکاتێکا درێژ ئەکا دەستی دڵداریی بۆ گەردنی گوڵی کێویی لەجێ هەڵکەنراو نمی فرمێسک بە دی ئەکا لەسەر کلی چاو! مووچڕکەیەک بە سەرتاپای لەشیا ئەگەڕێ ئاگادارە فرمێسکی سۆز، دێتە خوار بۆ کێ؟ کچی جووتیار بۆ بەهەشتی ژین و دڵداری لەگەڵ کوڕی شوان بەستبووی پەیمانی یاری! کوڕی شوانی برژاوی ئیش، لەبەر هەتاو قاڵ مەچەک ئەستوور، لەش کەڵەگەت، دەفەی ناوشان چاڵ تیری خوای عەشق هەتا شاپەڕ دڵی سمیبوو کچی جووتیار لەبەر چاوی بت بوو، پەری بوو! ئەم نازدارەش بە شەو و ڕۆژ نەخشی خەیاڵی کوڕی شوان بوو: باڵای بەرزی، ناوشانی چاڵی! ئیتر ڕێگای دارستان و ناو ڕان و دێبەر بوو بە شانۆی سەرگروشتەی دڵدار و دڵبەر: هەر بن دارە، بن دەوەنە، هەر بستە خاکە ئاگاداری چەن بەندێک بوو لەم عەشقە پاکە! هەتا ڕۆژێ بۆ کڵۆڵی، ئاغای شکۆدار لەسەر ڕێی ڕاو، کاسەیەک دۆی وەرگرت لە نازدار گڕی لەشی دامردەوە بە دۆی سەرتەزێن بەڵام کوورەی دڵی کەوتە بەر بای باوەشێن! دەست و کاسە و پەنجەی دۆگیر، نیگای چاوی ڕەش هەستیی ئاغای فڕێدایە ناو ئاگری گەش! پیاوماقووڵی ڕاسپێری کرد تارەک سازبکرێ زوو ئەم شۆخە نەرم و نۆڵەی بە بووک بۆ ببرێ کوڕی شوانە کە ئەمەی بیست شێت بوو، دایە کێو زەویی داگرت بە تف کردن، ئاسمان بە جنێو! چەن جارێ شەو ماڵی ئاغای دایە بەر تفەنگ دەغڵی سووتان، باغی بڕی، بۆ ئەتک و بۆ پەنگ کلک و یاڵی چەن چارەوێی قەل کرد بە خەنجەر بەسەر ڕانی ئاغایا دا و مەڕی دایە بەر تاکوو دوایی ڕۆژێ بەختی نۆکەری ئاغا خەوی لێ خست لە سێبەری درەختی باغا پەنجەی کینە لەسەر پیلکەی تفەنگ کەوتە کار کۆستی دڵی بۆ ئیجگاری کەوت کچی جووتیار! ئێستا ئەوا هەرچی بڵێی نیعمەت و نازە هەمووی ئەدا بە یەک دڵۆپ فرمێسکی تازە لەبەر دەرگای چاوی ڕەشا بلەرزێ و بڵێ: دەستی زۆردار سەد سەر ئەکا، ناگاتە دڵێ! ++++++++++++++++++++++