شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: ئەی شەوقی گەلاوێژ ئەی شەوقی گەلاوێژی بەیان نووری نیگاهت! ئەی عەتری سەبا بۆی نەفەسی زوڵفی سیاهت! ئەی حوسنی تولووع وێنەیەکی فەیزی حوزوورت! ئەی حوزنی غورووب ڕۆژی ڕەشی دووریی تەباهت! ئەی کۆشک و سەرای باغی بەهەشت مەیلی سەوابت! ئەی ئاگری دۆزەخ شەرەری خەشمی گوناهت! ئەی عیففەتەکەت داغی حەسەد بۆ دڵی جیبریل هەر بۆ هەوەس و عیشوەیە خۆ لارە کولاهت! چۆن مەحکەمەیی عەشق نەدا حەق بە جەمالت؟ خەندەی لەبی مەعسوومە ئیفاداتی گەواهت! وەک بلبلەکەی فەجری ئەزەل ویردمە ئەی یار: بۆ ئەو گوڵە وا خەڵقی ئەکا حەمدی ئیلاهت! بێ عەشقی هەوای پاییزە بۆ قەلبی فسردەم ئەی ڕۆژی بەهار مەرحەمەتی تینی پەناهت! بێدارییەکەم زوڵمەتی شەو بردی قەراری تۆ و زوڵفی پەشێو، دەربخە سا چیهرەیی ماهت! ئەستێرە هەموو داغی سەمای سینەتە «گۆران» ئەی عەرشی عەزیم ناڕەحەتی دووکەڵی ئاهت! ++++++++++++++++++++++