شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: ئافرەت و جوانی بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە لە باغچەی بەهار گوڵم چنیوە شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە لە زەردەی زۆر کەل سەرنجم داوە پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر هەتاوی نەورۆز، مانگی جۆدرەو زۆر هاتوون و چوون بە ڕۆژ و بە شەو خوڕەی قەڵبەزی کەفزیوینی چەم لە هەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم میوەی گەیشتووی زەرد و سووری باخ جریوە و جووکەی دارستانی شاخ لە گەرووی شمشاڵ، لە تەلی کەمان گەلێ هەڵساوە ئاوازەی جوان جوان ئەمانە هەموو جوانن، شیرینن رۆشنکەرەوەی شەقامی ژینن! بەڵام تەبیعەت هەرگیزاوهەرگیز بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز! بێ ئاوازەیە دەنگە نەرمەکەی با نەیدا لە گوێم، تێر نەڵێم ئۆخەی کام ئەستێرەی گەش، کام گوڵی کێوی ئاڵە وەک کوڵمی؟ گۆی مەمکی؟ لێوی؟ کام ڕەشی ئەگا بە ڕەشیی چاوی؟ برژانگی؟ برۆی؟ ئەگریجەی خاوی؟ کام بەرزی جوانە وەک بەرزیی باڵای؟ کام تیشک ئەگاتە تیشکی نیونیگای؟ کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی تەلیسماوییە وەک هیی دڵداری؟ ++++++++++++++++++++++