شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: ئاغا مڵکی تۆ ئەکێڵم بەندە و مسکێنی تۆم سەبارەت: ئەم ھۆنراوە بۆ وەسفی زەویدارێکی زۆردار و زاڵم نووسراوە کە ھیچ درۆ و ھەڵبەستی تیا نییە. ئاغە مڵکی تۆ ئەکێڵم بەندە و مسکێنی تۆم ڕۆژی سەغڵەت نۆکەری خەنجەر وەشێنی شوێنی تۆم شیر و ماستی ڕۆژ بە ڕۆژ و گیسک و کاوڕ ھێنی تۆم ھەر ڕقی ھەڵسا بە دایک و باوکەوە پڕ جوێنی تۆم بێ زمان و کەس نەزان و فێری بارکێشی و کەرم بارەکەت زۆر قورسە ئاغا! چۆن لە ژێری دەربەرم؟ گەنم و جۆکەم پێگەییشت ھاتی بە دوو سێ جەردەوە کەوتییە ناو شارا و مڵۆکانم بە بگرە و بەردەوە دەورەیێکی ناوپەرێزت دا بە شێف و وەردەوە خەمڵی شارا و جێ پەرێزت کرد بە شیو و ھەردەوە ڕەحمی کرد، گوایا، بە حاڵم، گەنمی دانا شەش تەغار نەموێرا ھاوار بکەم ترسام لە زللە و داری پار گەنمەکەم سوور بوو، حەقم دانێ بە وەرزێر و سەپان یەک بە یەک پێوام لە خەرمان ڕەسمی کۆڵ کێش و شوان مام ڕەزاش ھات پێی وتم کوا ئوجرەتی گاگێرەکان ھەر وەکوو بڕیار درابوو، شەش ڕەبەیشم دا بەوان شەش تەغار بوو خەمڵەکەم، مەوجودەکەم ئێستا دووە ئەم ڕسوومی ناوبراوەش ھەر لە خەرمان دەرچووە یەک تەغارم مایەوە کردمە جەواڵ و نام لە کەر وردە وردە لێم خوڕی تا گەیمە دیواخان و دەر کاتی تەسلیم کردنم ئاغا وتی: ئەی بێ خەبەر! چل ڕبە مڵکانەتە. دە ڕبەی ترت ماوە لەسەر من پەژارەی نانی وشکم بوو ئەمیشی ھاتە بان زۆری لێ پاڕامەوە خێری نەبوو، گریە و فوغان گایێکم مابوو فرۆتم دام بە ئاغا پارەکەی ڕستگارم بوو لە زنجیر و فەلاقە و دارەکەی یا مریشک و ھێلکە بردن بۆ کوڕی سەرکارەکەی ڕەببی مەحوی کەیتەوە خۆی و زەوی و ئاوبارەکەی! پەتک و گونیەم نایە کۆڵ وێنەی فەلای تر ھاتمە شار چاوەڕوانم بابە ڕۆژێ غيرة الله بێتە کار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسیری دوێنی ئەمڕۆ ئەحرارە ئەسیری دوێنی ئەمڕۆ ئەحرارە ڕەنجبەری دوێنێ ئیمڕۆ سەرکارە بەندی و کەلەبچە، دیلی و سێدارە ھەر خاسەی قەومی کوردی ھەژارە ئەی کورد! ھۆشت بێ عەسری بیستەمە لە جوو و لە جاوە بڵێ چیت کەمە؟ شەرقی ناوەوە دەشت و شاخانی دیجلە و فورات و زاب و سیروانی ھەر لە لوڕستان، تاکوو بۆتانی لە شیمالەوە، تا ئەریوانی ھەمووی ھی تۆیە تێیدا نۆکەری ئاغای ماڵت بە، بەسیە ڕەنجبەری بە فێڵ و فڕی وەعزی دیانەت بویتە پێشمەرگەی سوپای خەلافەت یارییەی تورکدا بۆ جمھووریەت ئێستا پێت ئەڵێ تورک ی بەدتینەت: کورد میللەت نییە تورکی شاخییە بێ مێشک و ھۆشە لە من یاخییە چل حکوومەتی کورد ئازا و سەربەخۆ تورک ئەی دان بە کوشت ھەموو خۆ بە خۆ بۆ بەرزی تەختی خەلیفەی درۆ بابە بەسی بێ مەبن دەسخەڕۆ کرمانج و زازا دوازدە ملێونن دەس بدەنە چەک تۆڵە بسێنن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم خاکە کە مێژووی گەلی کوردی لە دڵایە سەبارەت: قارەمانی کورد و خاکی کوردستان ئەم خاکە کە مێژووی گەلی کوردی لە دڵایە تەقسیمە بە بەش ھەر بەشێکی کەوتۆتە لایە ھێند زاڵمە تورک ئەو بەشە لە کوردەی لە گەڵایە ئەیکا بە نیشانەی ھەموو ئەنواعی بەڵایە؟ ! بۆ خاتری ئەم تۆوە لەجیدا بڕزێنێ تۆوی لە نوێی خۆی لە زەوی و زاری بچێنێ کورد ھەڵمەتی ڕۆما و شەڕی قەیسەری دیوە ڕێگای لە سوپای زەینەفونی یۆنانی بڕیوە تاج و عەلەمی شاھی ئاشووری دڕیوە چل عەسرە بە خوێن ئەم وەتەنی خۆیە کڕیوە نامرێ ابد الدهرە ژیانی، دڵی شادە میراتگری شاھانی کەیی و میللەتی مادە جەنگیوە لەگەڵ جەیشی مەغول، لەشکری تاتار بۆ فاتیح و بێگانە ئەبەد نەچووەتە ژێر بار تورکی لە وەتەن دەربەدەری خوار و ستەمکار تەتریکی ئەکا ئێستە بە زۆری کوتەک و دار بڕیاری دووەل وا بوو کە ئەم تورکە نەمێنی کورد یارمەتی دا، تۆڵەی خۆی بۆ لە ئەو ئەسێنی؟ ! ئەو تورکە لە سەلجووقی و عوسمانی کە ماوە وەک قەترەیەکە تێکەڵی دەریاچەی ئاوە خوێن و ڕەگەزی ڕۆمە ئەتراکی ئەنادۆڵی ھەر ڕۆمییە لای میللەتی کورد ناوە کڵۆڵی کورد و عەرەب ئێستا کە یەکن ھەر لە عیراقا ڕووناکە حەقی ھەر دوو لە دەستوور و سیاقا بەشداری یەکن ھەر دوو لە خۆشی و لە مەشاقا با خەسم و عەدوو قوڕ بە سەرا کەن لە مەراقا کاکی عەرەب! ئەم ھەیکەلی زۆر بەرز و بە جێیە ئسیباتە بە تاریخی جیھان ھی من و تۆیە لافاوی سەلیب گەرچی فەلەستین مەبەستی بوو بۆ زەربەیێ لەم دینە خەیاڵ و ھەوەسی بوو ئەو ڕۆژە شەھەنشایەکی کورد زۆری دەسی بوو ئەم دین و فەلەستینە ھەر ئەو دادڕەسی بوو بەو زەبرە کە لێی دان بە سوپای تیژ و مەھیبی دەرسی ئەبەدی دا بە ھەموو جەیشی سەلیبی لەو ڕۆژەوە کورد دینی قەبووڵ کرد بە ئەساسی ھاوشانی عەرەب خزمەتی ئیسلامە خەواسی تاریخی ئەبا موسلیمی کورد ئەڵبەت ئەناسی تەختی فراوانی چلۆن دا بە عەباسی گۆڕاندنی تاریخی گەلێ نازک و وردە ھەڵگێڕەوەی ئەم سەفحەیە زۆری دەسی کوردە ئەم حوکمەتی ئێرانە بە پێی ڕۆژ و زەمانە بۆ چ لەم گەلی کوردە کە، کەوتۆتە بەھانە نازانێ نەوەی مادە، لە شاھانی کەیانە ئیسباتی ئەمە بابە تەواریخی جیھانە گەھ فورس و گەھێ کورد بوو شاھی کیشوەری ئێران شاھانی کەیان مادن و کوردن شەھی ساسان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم دلبەرە دێکانییە ڕاوی دڵی کردم ئەم دلبەرە دێکانییە، ڕاوی دڵی کردم ھەودایی لە مووی بەندی دڵی سەر چڵی کردم تیرێ لە موژەی تێکەڵی خوێن و گڵی کردم لەب خەندەیەکی، غەرقی گوڵاڵەی گوڵی کردم بەم پیرییە دڵ ھاتەوە سەر دەوری جەوانی ڕای کرد لە منی غەمزەدە خۆی خستە ئەمانی لەو ساوە بەمیوانی کە پێی ناوەتە ماڵم عیشقی وەکوو تیر، داویە لە ھەستیم و لە باڵم وەک مورغی زەخمدیدە ئەگەوزێم و ئەناڵم زۆر کافر و بێ دینە نییە ڕەحمی بە حاڵم خەسمی منی بێچارەیە، دۆستی کوڕی لاوە من پیرم، و ئەو پیری لە لا پیس و گڵاوە شێلراوە بە دەستاوی عیشق چی لە گڵم کەم دڵدادەی ئەو دولبەرەیە چی لە دڵم کەم؟ ئاڵاوەتە داوین و قەدی چی لە گوڵم کەم؟ فێڵاوی و سرکە، چ لە نیچیری سڵم کەم؟ من پیری گرێ حەوتم و ئەو حەڤدەیی ڕێکە چۆن ڕێ ئەکەوین بابە! ئەتۆ تیرت نەپێکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوی ئازادی خوای قەومە بەشی یا نارە یا دارە ئەوی ئازادی خوای قەومە بەشی یا نارە یا دارە لە مێژووی میللەتا نووسراوە ئەم کوشتاری چین چینە ھەموو خاکی بە خوێناوی شەھیدان تێر و پاراوە گوڵ و گوڵزاری بۆیە ئەرخەوانی ڕەنگ، ڕەنگینە حەسەد بەخشی جیھانە گوڵشەن و گوڵزاری کوردستان لە دونیادا بەھەشتت گەر نەدیوە فەرموو بیبینە لە ڕێی ئازادیا بابە پەتی ھاویشتە سەر گەردن بڵێ لاوی وەتەنپەروەر، ھەموو فەرموون: ئەمە دینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوە لاشەیە ئەگەوزێ بە خوێن بە کێمەوە سەبارەت: بە ھۆی دروستکردنی پێشبەستی دووکان و دەربەندیخان ئەم ھۆنراوەی دەستەبەستەیە بێژراوە. ئەو لاشەیە ئەگەوزێ بە خوێن و بە کێمەوە ھاوار ئەکا، کە جەردە و دز ھاتە ڕێمەوە زنجیر و تەوقی خستە مل و دەست و پێمەوە ڕاماڵی کردە ناو جگەری شار و دێمەوە وێنەی برووسکە کون لە دڵی بەردی ڕەق ئەکەن یا نەم بە زۆری بومبە لە گەشت لاوە شەق ئەکەن بۆ نیشتمان و شاخ و گیام لاڵ و پاڵ ئەخەن ڕۆڵەی گەڕۆکی ھەرد و شاخم لە پاڵ ئەخەن کۆچیان ئەکەن غریوە بە ماڵ و مناڵ ئەخەن خۆیان لە جێ ھەوارەکەیان کۆچ و ماڵ ئەخەن بۆ چ ئەندەروونی شاخ و چیام پڕ شەرەر ئەکەن ڕۆڵەم بە زۆر لە یانەی میراتی دەر ئەکەن سیروان و زێی ئەڕێژنە قەبرسان و جێمەوە بستێ زەوی نەماوە سەری لێ بنێمەوە ئاھم گەیشتە عەرش، کەسێ نایە پێمەوە ئەم فێڵە بۆ منە کە بڕۆم نەێبمەوە دووکان و خان بۆ ڕیشە دەرێنانی ڕۆڵەمە بۆ ھەڵوەشاندنی ڕەگ و ڕۆشتەی کڵوڵەمە ڕۆڵەم بە سەد ھەزار لە وەتەن دەربەدەر ئەکەن وەک نیشتمانەکەی جگەریپڕشەرەر ئەکەن ئەم خاکە پڕ لە سیم و زەڕڕە، بێ سەمەر ئەکەن دارایی کەشت و کاڵ، بە گەدای کۆچەر گەڕ ئەکەن جێیان ئەکەن بە گۆل و بە ئێسگەی فڕۆکەوان ڕۆژێ ئەبێ کە بۆمبا ببارێ لە نیشتمان زانا و لاوی کورد! ھەموو گوێتان لە دایە بوو پێوەند بە پێوە شیوەنی بۆ ئەم بەڵایە بوو ئەم دایکەمان کە عومرێکی چل عەسری مایە بوو ئاخر ھەناسەیەتی ئەوا مرد و زایە بوو خوێناوی جەرگی دوژمنە ئاوی ژیانەوەی مەغزی سەری عەدوویەتی دەرمانی مانەوەی زانا بە دایکی وت قەڵەم ئەگرم بە دەستەوە ھاواری عەدل ئەکەم بە خەریتەی دروستەوە شوورا لە مەجلیسی ئومەما دێنمە ھەستەوە ئازادی وڵات و گەلم گەر نییە بە دەستەوە ساڕوخ و ھیدرۆجێ لە لاوان دروست ئەکەم یانەی عەدوو بە ھەڵمەتی شێرانە پەست ئەکەم لاو ھاتە جۆش بە واتەی زانایی بەرزەوە فەرمووی ببارێ گوللە و بۆمبا بە تەرزەوە یاخۆ فەلەک بە جارێ بڕوخێتەوە ئەرزەوە ئەم نیشتمانە میحوەرە نایێتە لەرزەوە بێشەی پڵنگە بابە چیاکانی زاگرۆس تۆ بانگی سەربەخۆییی گەل دە بە تەپڵ و کووس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی باد ئەی نەسیمی سەحەرخێزی دڵنەواز سەبارەت: لە مانگی نیسانی ١٩٥٠دا ئەم ھۆنراوەیە بۆ جەنابی زانیاری بەناوبانگ، میرزا آیةالله کوردستانی، مەشھوور بە شێخ موحەممەدی مەردۆخ نووسراوە. ئەی باد! ئەی نەسیمی سەحەرخێزی دڵنەواز! وەی تورفەیێکی قەلبی ئەلەم ساز و پڕ نیاز! ھەڵسە بچۆرە گوڵشن و گوڵزار و ناو چەمن بگرە گوڵاوی نەرگس و ڕەیحان و یاسەمەن موشکین نەفەس بە ھەدیەی عەتر و عەبیرەوە ڕاکە بە گورجی خۆت بخەرە دەرکی پیرەوە بۆ بارەگاھی ڕەھبەری دارالعُلومی دین علامەیێکی شەرقی لەوێدا سەدر نشین دەرگاھی ئاو ڕژێن کە بە عەتر و عەبیرەکەت مل کەچ بوێستە عەرزی کە ما في الضميرەکەت ئەو بەندەیە کە عاشق و مەفتوونی ئێوەیە پیرە بەڵام حەماسەتی جوانێکی پێوەیە عەرزت ئەکا کە خوێندمەوە تاریخە بەرزەکەت شایانی فەخرە لەھجەی نووسین و تەرزەکەت جێی فەخر و فیز و نازشە بۆ قەومی کورد زمان داوای دەوامی عومرت ئەکەن ئەھلی نیشتمان زۆر نادرە بە مەئخەزە، جڵدەکەی یەکی ڕووناکترە لە مێژووی بەرزی ئەمین زەکی ھەر چەندە باشە، باسی کەیی و مادی زۆر کەمە تەفسیری پێ ئەوێ لە تەواریخ و تەرجەمە شاھانی کەی بە مێژووی ئەدواری مادەوە وەک جەوھەرێکە لازمە بخرێتەوە ماددەوە یەعنی لە چاڵ و قووڵی تاریخە کۆنەکان ھەر چی کە دەس کەوێ لە زمانی کەیانییان بکرێ بە مێژویێکی جیاواز و سەربەخۆ ھەر چی بوو لە جەنگ و لە سوڵح و لە ھاتوچۆ دەس پێ بکا لە ئەووەڵەوە دەوری کەیقوباد تا دێتە ئینقراز و سقووتی شاھانی ماد ناو بنرێ ئەو کتێبە بە مێژووی کەیان و ماد تا قەومی کورد بە مێژووی باپیری بێتە شاد مێژووی یۆنان و تاریخی ئێرانی باستان یەک ناگرن لە ناوی شەھانیی و کەیانیان ئیحیای مادی گەورە مەنووتە بە دەستی تۆ موعجیز فشانە خامە و فکری دروستی تۆ تاکوو لە دەوری ڕۆژ ئەگەڕێ کوورەی زەمین تاکوو بەشەر لە ھاتن و چوونایە چین بە چین دائیم بژیت بە سیححەتەوە، نادیرەی زەمان! کوردانی لاڵ بە مێژووی خۆی بێنەرە زمان بابە ھەمیشە ئەدعییەی ژینی تۆ ئەکات زۆر مەیلی خاک بۆسی و بینینی تۆ ئەکات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی جەمالەددینی ئەفغان ڕیزە چینی خوانی تۆ سەبارەت: بۆ شینی پاش چل ڕۆژەی ئەمین زەکی بەگ - ١٩٤٨/٨ ئەی جەمالەددین ئەفغان ڕیزە چینی خوانی تۆ وەی محەممەد عەبدە عەبدی بارەگای عیرفانی تۆ ئەی نەسیرەددین لە ڕەئیا کەمترین دەربانی تۆ وەی فەریدەددین لە عیلما تابیعی فەرمانی تۆ تۆ مەسیح نیت و بەڵام ئاسارەکەت موعجیز نوما کوردی زیندوو کردەوە تاریخی کوردستانی تۆ گیانی پاکت مەیلی خاکی نیشتمانی کرد بوو جێی لە دڵدا پێ نیشان دا مەقبەرەی سەیوانی تۆ عومر و ژینی خۆت فیدا کرد بۆ ژیانی قەومەکەت ئەی ئەوی مەرگی نەویێ بۆ ژین، فیدا و قوربانی تۆ کۆچی دوایی کرد بەڵام قەومێکی زیندوو کردەوە فەخر و نازی کوردە بابە شۆرەت و عینوانی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی قەومی کورد بزانە کە ڕۆحی ئەمین زەکی سەبارەت: بۆ ڕۆژی چلەی ئەمین زەکی ئەی قەومی کورد! بزانە کە ڕۆحی ئەمین زەکی دووربین بە دەستەوە لە حەدیقەی بەھەشتەوە ئەڕوانێ ئاخۆ کەوتوونە سەر ڕێگەی یەکی یاخۆ نیفاقە کۆنەکەتان قەومی ڕشتەوە *** دڵخۆشی کەن، بە یەک جیهەتی تا لە جەننەتا بتوانێ تێ بکۆشێ لە دەرگاھی ڕەحمەتا ھاوار ئەکاتە عالەمی قودسی کە ئەلئەمان قەومم نەزانە، جاھیلە، وێرانە نیشتمان ئیمداد ڕەس نەماوە، لە ئەرز و لە ئاسمان بۆ کوردی قوڕبەسەر کە پەرێشانن و بێنەوان من ئیلتیجام بە ئێوەیە ئێوەش دوعا بکەن ڕەحمێ بە قەومەکەم، لە خواوەند، تکا بکەن ئێستاکە خەریکە عالەمی باڵا زەھیری بێ کە ڕوبیانی عەڕشی موعەللا دەبیری بێ ڕوحولقودس بە ئەمری خوا دەستگیری بێ ئیلھامی ئاسمانی، بەشیر و خەبیری بێ کورد نامرێ بە بەرزی و ئیقباڵەوە ئەژی ڕۆژێ ئەبێ بە باغ و حەدائیق کەل و کەژی کێ بێ؟ ژیان و مردنی ھەر بۆ وڵاتی بێ بۆ خزمەتی وڵاتی ئەوەندە سەباتی بێ دەست و قەڵەم لە کارا ھەتاکوو حەیاتی بێ تا قەومەکەی لە جەھل و ئەسارەت نەجاتی بێ بابە ئەڵێ بە زاتی ئیلاھی، ئەمین زەکی! وێنەت نییە لە قەومەکەتا تۆی و ھەر یەکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی چەرخ بڕانەوەی نییە قەت قەھر و جەورەکەت سەبارەت: بۆ شینی فایەق بێکەس - ١٩٤٨/١٢/١٨ ئەی چەرخ بڕانەوەی نییە قەت قەھر و جەورەکەت دەرحەق بە کوردی قوڕبەسەر و نیشتمانەکەی جارێ بە کەیفی ئەو نەگەڕا پێچ و دەورەکەت ڕوحمت نییە بە خۆی و بە یانەی وێرانەکەی *** ھەر نیشتمانپەرەستێ کە ناڵە و فوغانی بێ گورج ئەیکوژێت و نایەڵێ ساتێ ئامانی بێ فایەق شکۆفەیێ بوو کوتوپڕ گەشایەوە ھەرچەند چرایێ بوو بە ھەوایێ کوژایەوە دونیای لە نوور و ڕائیحە پڕ کرد بە شیعری تەڕ پڕ نوور و عەترە، بە ئاساری، دەشت و دەر بێکەس! گەیشتە عەڕشی بەرین ناڵە ناڵەکەت داخم، فەلەک، بە تیری ئەجەل دای لە باڵەکەت ئەو شیعری پڕ جۆش و خرۆشە کە لاوەکان ئیلھامی مەرگ و مردنە بۆ ژین و ژیان ئەیخوێننەوە بە بەستە، بە نەشئە و حەماسەوە دوژمن دەخاتە لەرز و ترس و ھەراسەوە تۆ شینی نیشتمان و وەتەن شینی تۆ ئەکا تۆ دایکەڕۆتە بابە، وەتەن ڕۆڵەڕۆ ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با پێت بڵێم لە مێژووی ئەم میللەتە کەمێ سەبارەت: بۆ ئیمدادی کەیخوسرەوی دووەم لە شاھانی ھەخامەنشین ھاتنی لەشکرێکی یۆنان بۆ بابل و لەپاش جەنگەکە و گەڕانەوەیان بۆ یۆنانستان. با پێت بڵێم: لە مێژووی ئەم میللەتە، کەمێ ھەر وەک لە بەحر بێتە دەرێ قەترە و نمێ کەیخوسرەوی دووەم لە ھەخامەنشینانی فورس ئیمدادی ویست لە قەیسەری ڕۆم پڕ چەک و نەترس تا تەخت و تاجی شاھی بسێنی لە ئەردەشێر بەم لەشکرە، برایەکی گەورەی بخاتە ژێر چوار عەسری پێش مەسیح بوو کە ئیمدادی ڕۆمیان ھات و گەیشتە وادیی بابل بە شادمان خوسرەو بە ھێزی خۆی و بە ئیمدادی زۆرەوە ویستی کە شاھی کاکی بنێژێتە گۆڕەوە لەولاوە ئەردەشێر بۆ خەلاسی لە دەست عەدوو بەخشی بە جەیش و لەشکری یا نەقدی ھەرچی بوو ئەم مەعرەکە لە خانی سکەندەر کرایەوە لاکین بە قەتڵی خوسرەوی دووەم بڕایەوە ئەم لەشکری شکستەیی یۆنانە دەسبەجێ بۆ نیشتمان و یانەی خۆی کەوتە ڕێ زینفۆنی سەر سوپاھی بە عەقڵ و بە ھۆش و کێش ڕێی شاخەکانی کوردی بە باش زانی، کەوتە پێش کاتێ گەیشتە «مزری کیا» کەوتە کۆڕەوە دەسڕێژی لێ کرا لە نزیک و لە دوورەوە زینفۆنی ژیر و گەورە بەڕاستی خەباتی بوو گاھی بە جەنگ و گاھی بە ئاشتی نەجاتی بوو لەو یادداشتەدا کە بەجێی ھێشتووە ئەڵێ: «کەردۆخ» پڵنگی شاخییە، بێگانە نایەڵێ ئەم قەومە سەربەخۆیە ئیتاعەی بە کەس نییە بۆ شاھی فورس و قەیسەری ڕۆم دەسڕی کەس نییە ھەرچەند سوپاھ و لەشکری ئێمە گەڕایەوە زۆری بە تیر و نێزەی کەردۆخ بڕایەوە زینفۆن ستایشی کەردۆخی کردووە مێژووی بەڕاستی زیندووە، گەرچی خۆشی مردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بوونم نەزانی ئێستەکە بووم نەبوو ئەچم بوونم نەزانی ئێستەکە بووم نەبوو ئەچم بۆ بارەگاھی عەدلی خوا ڕووبەڕوو ئەچم ئەو فیز و پێز و ھێزە کە مەغرووری کردبووم بە سەراوی یەک ھەناسەی دوایییە بە فوو ئەچم بڕیار دراوە بوون و نەبوونم لە پێشەوە بۆ ئەم نەبوونییە بە پەلە و زوو بە زوو ئەچم کون کون کراوە بەرگی ژیانم بە جورمی زۆر ڕشتەی دروونەوەم بەرفو ئەچم حازر بە بابە! بوونی ترت وا لە پێشەوە بۆ ئەم جیھانی تازەیە بێ ھای و ھوو ئەچم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ فەلەک بەرگی ڕەشی پۆشی غەریقی ماتەمە سەبارەت: بۆ چل ڕۆژی پاش کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو سەید ئەحمەدی خانەقا دانیشتووی کەرکووک بێژراوە: بۆ فەلەک بەرگی ڕەشی پۆشی، غەریقی ماتەمە؟ دەشت و سەحرا تا نەزەر کەی لێڵ و تاریک و تەمە میللەتی کورد قوڕ بە سەر خۆیا بکا ھێشتا کەمە شیوەنی دوو شیوەنە بۆ عالەم و بۆ حاتەمە عالمی ڕەمزی فەنا و واقیفی عیلمی بەقا حاتەمی کوردی عێراق و شێخ و شاھی خانەقا موڕشیدی عەقڵ و خیرەد بووی بۆ ھەموو ئەھلی وڵات غیبتەبەخشی مەدرەسەی ئەزھەر بوو حوجرەی خانەقات یا لە عیلمی کۆن و تازە یا لە ئەشعار و نیکات نیکتە و ڕەمزێ نەما، تەحلیلی نەکرابێ لە لات عیلم و عیرفان و ئەدەب بەم ڕۆینەت ڕۆڕۆ یەتی خۆی بە بێکەس مایەوە ڕۆڕۆیەکەی بۆ خۆیەتی حاتەمی تەی! گەر بە موعجیز بێت و زیندوو بێتەوە نان و خوان و سفرەی ئیحسانی تۆ ببێتەوە ئاھی حەسرەت ھەڵئەکێشێ تا ئەبەد ئەتلێتەوە حاتەمی عیلم و سەخا، وێنەت ئەبەد نایێتەوە ئیمتحانی خامە ناکەم وەسفی تۆ کا لاڵ ئەبێ باوجوودی دوو زمان ھەر ڕاسیب و ئیکمال ئەبی خادمی نەوعی بەشەر بووی موددەتی عەسرێ بە ساڵ گەھ بە نەشری مەعریفەت گاھی بە بەزلی نەقد و ماڵ مەیلی بەرزیت کرد بە ئەمری أرجعي کەتیتە باڵ ھەڵفڕیت لبيك گۆ، بۆ بارەگاھی ذي الجلال وا لە قەسری جەننەتیشا بابە میوانی ھەیە ھەر وەکوو ناو خانەقا دیوانی عیرفانی ھەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ قەڵەم دڵ لەت لەتە فرمێسک ئەڕێژێ شین ئەکا سەبارەت: بۆ چل ڕۆژەی پاش کۆچی دوایی ئەدیبێکی ناوداری کورد (پیرە مێرد) بێژراوە. - ١٩٥٠/٦/٢٠ بۆ قەڵەم دڵ لەت لەتە، فرمێسک ئەڕێژێ، شین ئەکا؟ خامە بۆ خامۆشە ناڵەی بێسەدا ئەسرین ئەکا؟ ئیستعارە و قافیە بۆ مەیلی ڕووپۆشین ئەکا ئەھلی عیرفان و ئەدەب، بۆ گریەیی خوێنین ئەکا شینی تۆیە یادگاری دەوری ڕابردووی بەبان! دڵبریندارن لە کورد قەومی کورد، پیر و جوان تۆ بە عەسرێ عومرەوە لاوێکی عەسری بیستەمی مەجلیس ئارا، نیکتەگۆ، حازرجواب و ھەمدەمی نەشری خامەت شاھیدە، بۆ شیعر و ئینشا مولھەمی موعجیزەی عەسری حەدیس و خاریقەی دەوری جەمی یادی کۆنی قەومە جێی دایتێ لە گردی یارەدا ئاخری ناشتت لەناو جەرگ و دڵی سەد پارەدا پەندی پێشینانی تۆ سیحری حەڵاڵی کوردییە نەسر و نەزمت سەھلی مەمنووعە نەزیری ھەر نییە بیر و فیکری نازک و وردت خوایی و وەھبییە وێنەیەکی بەرز و ڕووناکی زمانی میللییە نامرێ بابە بە شیعری تازە و ڕەنگینەوە تەرجەمەی بەیتی مەم و زین، مێژوویی بە نگینەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ لێم ناپرسی برا گیانەکەم سەبارەت: ستایشی بەھار بۆ لێم ناپرسی برا گیانەکەم خۆ من ھاودەردی ناو وێرانەکەم وڵاتەکەمان ھەرچەند وێرانە بەڵام بەڕاستی جێگای شاھانە گوڵ و گوڵاڵە چنار و عەرعەر ئەم دەشت تا ئەو دەشت، ئەم سەر تا ئەو سەر وەنەوشە لە شاخ، نەرگس لە دەشتا ڕەقابەت ئەکەن لەگەڵ بەھەشتا ڕائیحە و بۆنی داری دارە بەن لەنجە و خەرامی سەرو و یاسەمەن ھێشووی زەرد و سوور، داری بەڵاڵووک ئاخ و داخ ئەدا بە سەد زاوا و بووک مێرگی ڕەنگاوڕەنگ قەراخی چەم ئاو قەوسوقەزەحە لەبەر خۆرەتاو جۆگە و جۆباری کانی و کانیاوی لە نیل و جەیحون زیاترە باوی خاسسەی وڵاتی کوردەوارییە بۆ قەومی ئێمە دیاریی بارییە بابە تەبیعەت داویە بەم خاکە ھەرچی لە دونیا نایاب و چاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چی ھاتوومە جیھان لەم ھاتوچۆیە چیم ئەوێ بۆ چی ھاتوومە جیھان لەم ھاتوچۆیە چیم ئەوێ؟ من نەبووم، مادام کە بووم، ژینێکی پڕ ھەستیم ئەوێ ڕۆژی ئەووەڵ خالیقم فیکری حوڕڕی بەخشیوە پێم دەرسی ئازادی ئەخوێنم ژینی سەربەستیم ئەوێ ھەر کەسێ مەستی شەرابێکە لە مەیخانەی ژیان من لە بادەی عیلم و عیرفان و ئەدەب مەستیم ئەوێ تێ ئەکۆشم ببمە زانای عیلمی تازە و عیلمی کۆن چونکە بۆ قەوم و وەتەن من خزمەتی ڕاستیم ئەوێ بابە ژینی خۆم لەڕێی بەرزی وەتەندا دائەنێم بۆ فیداکاری لە لاوان ھێز و ھاودەستیم ئەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە بۆنەی سەردانی مێجەر نوئیل بۆ سلێمانی سەبارەت: لە ڕۆژی ١٥ی ١٠ی ١٩٢٨دا مێجەر نوئیل بە چل سوار عەسکەری ھیندۆکەوە ھاتە سلێمانی، شێخ مەحموود بە نامەی خوسووسییەوە کە بە ھۆی عەبدوڵڵا ئاغای حاجی سەعید و فایەق توفیقەوە ناردبووی ھاتن. ئەم ھۆنراوەیە لەو ڕۆژەدا نووسراوە. - ١٩٢٨/١٠/١٥ سەد درێغ دەوری ئەسیریی قەومی کورد نەبڕایەوە تاکوو ئێستا ئەم گرێیە ھەر بە کەس نەکرایەوە میللەتی گەورە و بچووک گشتی بە سەربەستی ئەژی میللەتی کورد ھەر لەژێر بارا بە دیلی مایەوە تاکوو ئێستا ھەر دراوسێ بوون عەدوی خاکی وەتەن سەیری نەگبەت کەن کە ئینگلیز، ھاتە کۆڕ و کایەوە سەر زمانی وەعدەی شیرینی ئازادیی وەتەن ژێر زمانی بۆ ئەسیری دام و دانەی نایەوە سەر زمانی حامییە بۆ قەومی لێقەوماوی کورد ژێر زمانی زوڵمەکەی زەححاکی بۆ ھێنایەوە سەر زمانی ڕەھبەرە بۆ قەومی بێچارە و زەبوون ژێر زمانی زەھر ئەڕێژێ گەر یەکێ جووڵایەوە مادە چواردەی مەنھەجی ویلسۆنی پێش خۆی خست و ھات ماددەکە بۆ قەومی کورد دیلی ئەبەد خوێنرایەوە ھەرچی قەومێ کەوتە ڕێ بۆ سەربەخۆیی سەرکەوێ سیاسەتی ئینگلیز بە دوو پاشقول لە ڕێ گیرایەوە بابە! ئینگلیز ھاتە ناو، ئوممێدی سەربەستی نەما ڕەحمی یەزدانی نەبێ ئەمرین ھەموو بەم غایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە جارێ مەستی کردم بۆسەیێکی ئەو دەم و لێوە بە جارێ مەستی کردم بۆسەیێکی ئەو دەم و لێوە مەگەر لیکی دەمی ئەو دولبەرە، شیلەی ڕەگی مێوە؟ بە تۆفانێ لە ئەشکی ئاتەشینم قەد نەرم نابێ مەگەر گۆشتی دڵی ئەو کافرە، بەردی ڕەقی کێوە؟ لە سەر سەفحەی گوڵێکی ئەرخەوانی، نوختەیێکم دی مەگەر ئەو کوڵمی ساف و نازکە خاڵێکی واپێوە؟ کە چاوی ھەڵبڕی شوریێکی مەحشەر، دێتە بەر چاوم مەگەر موژگانی ئەو شۆخە ھەموو تیری دڵ ئەنگێوە؟ بە دوو غونچەی گەشم زانی دەسم بۆ چاکی سینەی برد مەگەر ئەو دوو شکۆفەی نازک و نەرمینە دوو سێوە؟ شەوێ ڕێم کەوتە بەزمێ بێ مەی و ساقی ھەموو سەرخۆش مەگەر چاوی ڕەشی ئەو دولبەرە جام و قەدەح پێوە؟ لە ئاسۆی ئاسمان بابە چەپەربەندانی حۆری بوو مەگەر ھاتوونە سەیری لەنجەی ئەو شۆخی پەری شێوە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ڕێی ژینا مەڕۆ قەد بێ دەبیرێ بە ڕێی ژینا مەڕۆ قەد بێ دەبیرێ لە ناکاو با نەکەویە چاڵ و بیرێ بە ھەڵپە و توندوتیژی کەوتیە ڕێگا ئەمین بە، پێت لە داوێنت ئەگیرێ لە ڕێ لادە لە ھاوڕێیانی دەسبڕ دەسی ژینت بدەرە دەستگیرێ لە کۆمەڵدا بە خۆتا ڕابپەڕموو مەبە پاشماوەخۆر، بۆ خۆ ژمێرێ بە موڵکی زۆر و قەسر و خان و دوکان بە گەورەی تێمەگە جەردە و شڕێڕێ ئەگەر بەرزیت ئەوێ نزم و نەرم بە بە بەخش و خزمەتت ئەبیە ئەمیرێ دوو پیتی دواییە بۆ ڕۆڵەکانم نمێ پەندە، لە دەریای بابە پیرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاریخی ھیجری پاش سەد و چل بوو لە یەک ھەزار سەبارەت: پەیدابوونی نادرشای ئەفشاری لە ئێران و پەلاماردانی بۆ ئەفغان و ھیندوستان و عێراق و کوردستان، هوجوومی بۆ عێراق ساڵی ١١٥٦-١١٤٦ی کۆچی تاریخی ھیجری پاش سەد و چل بوو لە یەک ھەزار شاھێکی گەورە ھاتەوە مەیدانی کارزار نادر شەھێ بوو، وێنەی تەیموور بە شۆر و شەڕ بۆ فاتیحی ھەوایەکی زۆر بەرزی کەوتە سەر ئەفغانی گرت بە کابولەوە و قەندەھار شاھی لە تەخت و بەختەوە ھێنایە خوار ئەمجار بەرەو جنووب چووە ھیندوستانەوە شاھی ئەوێشی خستە فوغان و ئەمانەوە پاش ئەم فتووحە، کەوتە خەیاڵی عێراقەوە سوڵتانی تورکی خستەوە فیکر و مەراقەوە ناردیە قەڵای زەھاوەوە، جەیشێکی پێشدار مەوجوودی ئەم سوپایە عیبارەت، لە بیست ھەزار میری «بەبە» کە ھاتنی پێشداری بیستەوە فەرمانی دا بە لەشکری خۆیا کە سەر ڕەوە ڕۆی بە خۆی و لەشکرەوە تا نزیک زەھاو خۆی دا بە جەیشی نادریا ھەر بە شەو لە ناو ئەم پێشدارە، دوو بەشی کوژرا و ئەوی تری ڕێگە فیراری گرتە بەر و ڕۆیی و دەرپەڕی تاڵانی زۆر لە خێوەت و حەیوان و خاروبار تەقسیم کرا بە لەشکریانا بەپێی سوار دەستی وەشاند سەلیم و بە مەردی گەڕایەوە دواڕۆژ و ترسی شاھی نەھێنایە کایەوە وەختێ کە نادر ئەم خەبەرەی بیست بە قەھرەوە کەوتە خەیاڵی مازیی و تاریخی دەھرەوە زانی: کە قەومی کورد ھەموو ئازان و دەسوەشێن بۆ فاتیحان لە کۆنەوە سەددی سەدیدی ڕێن گەرچی شەھێ بوو بەوێنەی تەیموور بە دار و گیر دەوری ھۆلاکۆ ڕۆڵەی تەیمووری کەوتە بیر ئەمجا بە نەرمی قاقەزی نووسی لە پێشەو لەو پێشدارە بورد، بە دڵی پڕ لە ئێشەوە ڕێکەوت لەگەڵ ئەمیری بەبە کوردی کردە خۆ ئەمجا ئەمین بوو، خۆی و سوپاھی لە ھاتوچۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تورک و ئێران و عێراق ھەر سێ ویفاقی کردووە سەبارەت: لە تاریخی ١٩٥٥دا موعاھەدەیەک کرا کە بە «میساقی بەغدا» مەشھوورە بەم ھۆیەوە ئەم دەستەبەستە بێژراوە. - ١٩٥٥ تورک و ئێران و عێراق ھەر سێ ویفاقی کردووە بۆو گرێ نەکراوەیە عەھد و میساقی کردووە خوێنمژی گەورە کە ھەر نەشری نیفاقی کردووە بەم بینای دەستکردی خۆیە ئیلتیحاتی کردووە ئەم گرێ نەکراوەیە بوڕکانی شەرقی ئەوسەتە کوورەیی ئاتەش فشانە گەرچی ئێستا لەت لەتە ئەم گرێیەی میللەتی کوردە لە دەوری بەردەوە سەد جیھانگیری نەھێشت کوشتی بە داخ و دەردەوە خوێنی سەردار و سەپانی وا بە دەشت و ھەردەوە ناکەوێتە داوی سێ حەلقەی عەدووی نامەردەوە وەک چیاکانی، بڵند و دڵڕەقە ئەم ھەیکەلە جووڵەیێکی پێ نەکرد سەد گێژەڵووکە و زەلزەلە دوا ھەناسەی ژینیە، تورکی لە پێ کەوتووی نەخۆش خۆی لە ئێران شاربەدەر ئەکرێ شەھی میللەت فرۆش ئیش لە دەست خۆیا نییە ئەسڵەن عیراقی کەللە بۆش سیاسەتی ئینگلیزە ئەم سێ نۆکەرەی ھێنایە جۆش قەومی کورد پێوەند و زنجیر کەن بە دەست و قۆڵەوە پاسەوانی نەوت و ڕێگا بن بە بار و کۆڵەوە تورکیا با خوێن بڕێژێتە فورات و دیجلەوە با قەنارەی شا، لە کارا بێ بە قەھر و جەھلەوە با عیراق زیندانەکان پڕ کا بە زانا و ئەھلەوە با سیاسەت ئەسپی تاو دا لە ڕێگای سەھلەوە میللەتی کورد ھەر بە ملیۆن جانفیدا و ڕۆڵەی ھەیە ڕۆژی خۆی ئەم زوڵم و زۆرە یەک بە سەد تۆڵەی ھەیە ئەی پڵنگی زاگروس و پاسەوانی نیشتمان! وارسی تەنھای موڵکی ماد و شاھانی کەیان ئیمڕۆ ڕۆژێکە، تەنازوع بۆ بەقا و مان و ژیان ھەڵمەتێکی وا بەرن دوژمن بخاتە اَلأمان قوڕگ و تەنگی ناو چیا پڕ کە لە لاشەی دوژمنت ھایدروجی و زەڕڕەیی بێ سنعەتە پیاو و ژنت ھەڵمەتی ڕوم و --- با پیری تۆ گیرایەوە میللەتی کورد داوی بۆ جەیشی مەغۆلی نایەوە سەد ھەلاکۆ و شاھی تەیموور ھاتە ناو ئەم کایەوە قەومی ئێمە ھەر بە ئازادی لە جێی خۆی مایەوە ئەم تەلیسمە بابە خەلیقەت خۆی دروستی کردووە سەد ھەزار قەیسەر بە مەئیووسی لە داخی مردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەورێزی خۆش و گەورە ھەتا عەسری پێنجەمین سەبارەت: تاریخ ئیسباتی کردووە ئازاربایگانی ئێران عیبارەت لە مادی سەغیرە کە نیشتمانی کوردی ماد بوووە. شاری تەبرێز لەلایەن ئەمیرێکی کوردەوە بینا کراوە کە ئێستا ئەو ناوچەیە بۆ تورک ساغ بۆتەوە، زۆر جار بە تۆفێق وەھبیم وتبوو کە تاریخی مادی سەغیرمان بنووسێ. نەینووسی. بۆ تەشویق کردنی ئەم مەنزوومەیشم بۆ ناردووە. تەورێزی خۆش و گەورە، ھەتا عەسری پێنجەمین واتە و وشەی بە کوردییە بوو، ڕێک و دڵ نشین ئەو شارە گەورە قەومی تری تیا نەبوو مەکین چۆن ھاتنە جێی ئەمانە ئەوانەی لەوێ ئەژین؟ حەوتەم عەسر کە حکوومەتی ئیلخانی ھاتە ناو گۆڕا و دەرکرا گەلی کوردی لەیەک بڕاو ئەم لاپەڕە لە مێژووی کوردا ڕەشە و غەشە زانیاریی کورد لە شۆڕەشی ئەو دەورە بێ بەشە بۆ عەلەمی پان و بەرز و بڵاوت کە زۆر گەشە نووسین و نەشری لازمە ئەم حادیسەی ڕەشە قەوم و گەلی لە کۆمەڵی تردا توانەوەی پێویست بە مێژوویێکە بۆ ھاوخوێن و بۆ نەوەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەیموور لە حەوسەد و نەوەدا بوو وەکوو شەھێن سەبارەت: پەیدابوونی دونیاگری بەناوبانگ ئەمیر تەیمووری گوورگان و ھجووم کردنی بۆ ھیند و ئێران و عیراق و کوردستان تەیموور لە حەوسەد و نەوەدا بوو، وەکوو شەھێن ڕووی کردە ھەر وڵاتێ ھەموو بوو بەحری خوێن ھەر جێیێ چوو، نە شا نە ئەمیری نەھێشتەوە ئەفغان و بەڵخ و ھیندی بە یەکجاری ماشتەوە تەنھا لە شاری دەلھی لە کەللە نەوەد ھەزار میل و مناریێکی دروست کرد بە یادگار شاھی ئێران و فارس، ئەتابوک موزەففەری جێگە و پەنای نەمایەوە ڕای کرد و دەرپەڕی ھەرچی ھەبوو لە تۆوی شەھانی ئەتابوکان باکۆ کران بە نێر و مێیەوە بەبێ ئەمان ئێرانی کرد بە مەزبەحە شیراز و ئیسفەھان زیڕووحی دەرنەچوو بە ئیتاعەت و بە ئەلئەمان کاتێ کە ئیستیلای ھەموو ئێران بڕایەوە بۆ نیشتمانی کورد و عێراق ئاوڕی دایەوە ئێرانی دایە دەستی عومەر شێخ موعیززەدین فرزەندی پڕ حەماسەت و شەھزادەی ئەمین ئەمجاکوو ھاتە خوارەوە گەییە سنووری کورد دانشتنێکی جەنگی دروست کرد بە دەستوبرد بڕیاری دا لە پێشەوە، کوردن ھەموو دلێر گورجن وەکوو پڵنگ و دڕوندەن میسالی شێر وریا بڕۆنە پێشەوە تا دیجلە و فوڕات ئیتر موتیعی ئێمەیە ئەقوامی گشت وەڵات کوردی دلێر بە گورجی و چالاکی کەوتە شاخ ئەم لەشکەرەی لە ڕاست و چەپ خستە ئاخ و داخ کوردی کرند و دینەوەر و قەسر و خانەقین وەک شێری بێشە کەوتنە جەنگی حەیات و ژین سەرکردەیەکی ھێشتەوە بۆ جەنگی قەومی کورد خۆی و سوپاھی کەوتنە ڕێگا بە دەستوبرد کاتێ گەییشتە باقووبە، ئەحمەد جەلائیری سوڵتەی نەما بە دەستەوە ڕای کرد و دەرپەڕی تەیموور بە خۆی و لەشکری خوێنڕێژ و سەختەوە ساتێ نەوێسا تا چووە ناو پایتەختەوە ھەرچی ھەبوو لە کوشتن و تاڵان و خوێن مژین نوێی کردەوە دووبارە ھۆلاکۆی دووەمین بەغدای نەھێشت لە دیجلەوە ڕووی کردە نەینەوا تکریتی کرد بە مەزبەحە، زیڕووحی لێ نەما بۆ نیشتمانی گەورەی کورد کەوتە سەر خەیاڵ ئەمجا لە شاری موسڵەوە ڕووی کرد بەرەو شیماڵ بۆ مەنعی خوێن ڕژاندن و کرداری ناڕەوای شاھانی کورد بە ھەدیەوە ھەڵسان و چوونە لای ئاشتی سەری نەگرت و نەتیجە گەیشتە شەڕ لافاوی خوێن لە ھەر دوو تەرەف، گەییە دەشت و دەر سوڵتانی تورکیا بە سوپاھێکی بی شومار ڕووی کردە ئێمە بە شەڕ و مەیدانی کارزار پەیغامی دا بە والیی ئێران موعیززەدین دوژمن عەنوود و پڕ چەکە، جێی قایمە و مەتین بۆ یاریدەم بە لەشکرەوە بێیرە خوارەوە دوژمن دڕندەیە بە چەکی پڕ لە نارەوە والیی موعیز بە ئەمری پدەر کەوتە ئیش و کار کۆی کردەوە سوپاھی عیباڕەت لە بیست ھەزار وەقفەی نەکرد سەعاتێ ھەتا دەشتی شارەزوور پاشبار و خاروباری ھەموو مایەوە لە دوور ئازووقە و زەخیرەی لەشکر بڕایەوە برسێتی کەوتە لەشکر و تیپی سوپایەوە دیھاتی ئەو بنارە، ھەموو ڕۆیە شاخەە لەم ھێرشی کوتوپڕە کەوتە قەراخەوە خورماڵ ھەتاکوو زەڵمی بەناوبانگ قەڵایێ بوو جێگەی ئەمیری ئەردەل و خاوەن سوپایێ بوو ئەم میرە کێ بوو؟ زاتی حەسەن بێگی ئەردەڵان دائیم عەدوی شەھانی جەلایر بە بێ ئەمان شەھزادە کەوتە ھەڵپەوە بۆ نانی لەشکری بۆ ئەم قەڵای حەسەن بەگە دوو چاوی تێ بڕی سەرلەشکرێکی ناردە قەڵا سەرکەش و بەشۆر تا گەنم و جۆ بسێنێ بە خوایش بێ یا بە زۆر سەردار، گەھێ بە زۆر و گەھێ پول بە دەستەوە ھەرچەندی کرد مەنێکی زەخیرە نەبەستەوە خان، جوابی ھەر یەکێ بوو کە نیمانە خاروبار ئایا مەنێ، لە گەنم و لە جۆ، یاخۆ سەد تەغار سەرداری لەشکر ئەم خەبەرەی ناردە لای ئەمیر دەس ناکەوێ زەخیرە بە پول و بە زەبری تیر بۆ زاد و بۆ زەخیرەی جەیشی بە دەستوبرد شەھزادە خۆی بە لەشکرەوە ڕووی لە قەلعە کرد گەییە قەڵاوە دەوری گرت دەستی کرد بە شەڕ ئەمما چ جەنگ و شۆڕشێ نەیدیوە قەت بەشەر خان سوپای لە دەوری حەساری قەڵایەوە تیر و کەمان بە دەستەوە جوابی ئەدایەوە ڕۆژێ کە شەڕ گەرم بوو ئەمیرزادە کەوتە گیر ژینی بەسەر چوو جەرگ و دڵی کون کرا بە تیر سەردارەکانی کەوتنە یەئس و تەلاشەوە بڕیار درا بە دزیەوە بکشێنە پاشەوە خەرگاھ و خێمە گشتی بە جێما گەڕانەوە تەنھا بە دەستی ڕۆڵەی ساحیبقڕانەوە ئەم لەشکرە نەوێستا ھەتا شاری ئیسفەھان ئەمجا خەبەر درا بە شەھەنشاھی گوورگان پاش ئەم فیرارە، خان لە قەڵا و حەسارەوە بۆ خێمەگاھی دوژمنەکەی ھاتە خوارەوە تاڵانی گرت لە خێوەت و چادر لە فەڕش و ماڵ تەقسیمی کرد بە لەشکری خۆیا بە قەدری حاڵ دونیاگرێکی ھەر وەکوو تەیمووری گوروگان گاڵەی ئەکرد بە تاج و بە تەختی شەھەنشاھان ھیچ شاھ و ھیچ ئەمیرێ وەکوو نێرە میری کورد فرزندێکی نەکوشت و دڵ و جەرگی کون نەکرد ھەر فاتیحێ کە ھاتۆتە ئەم خاکە پاکەوە تێپەڕ بووە بە لاشەی زۆر و بە لاکەوە پاش ئەم ھەرایە زەبری زلی دا لە قەومی کورد بەدناوی و خراپە نەبێ ھیچی کەی نەبرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داوا ئەکەم ھیوای وەتەنم بێ ھیوا نەبێ سەبارەت: بۆ ڕۆژنامەی ھیوا کە لە بەغدا دەرئەچێ داوا ئەکەم ھیوای وەتەنم بێ ھیوا نەبێ وەک وێنەکەی بە گێژ و خولی بەر ھەوا نەبێ ئەم شاگوڵی بەھارە کە ئامانجی کۆمەڵە پاییز بە دەردی وەیشوومەیە موبتەلا نەبێ ئەم دەنگە بەرز و ڕاستە مەقامی عیراقییە ئاوازی دڵفڕێنی لە عەکسی سەدا نەبێ ئەم لاپەڕە کە ئاوێنەی فیکری کۆمەڵە سۆزی دەروون و دڵ بێ، لە نەفس و ھەوا نەبێ ئەم جیسمە نازکە، بەری تاو و لەرزێ ناگرێ لەلایەن پزیشکی حازیقەوە بێ دەوا نەبێ ئەم تۆوە بابە! تۆو چێنی زانیاری پێ ئەوێ پەروەردە بێ بە ڕاستی تووشی بەڵا نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دونیاگری زەمانە و شاھانی ناوبراو سەبارەت: وتارێ بۆ لاوە دلێر و بەنرخەکان دونیاگری زەمانە و شاھانی ناوبراو ھیچیان بەجێ نەھێشتووە ئێمڕۆ بە غەیری ناو ئەم فاتیحانە گشتی کە ھاتوونە کایەوە ھێزیان ھەموو لە بەردەمی زاگرۆس بڕایەوە ھەر ھاتوێ چ شا، چ سوپای نەماوە و ڕۆی کورد ماوە ھەر ئەمێنی لە جێگە و مەکانی خۆی ئەی لاوی کورد! چ باوک و چ باپیر و جەددی تۆ ئازاد و حوڕ ژیاون و سەربەست و سەربەخۆ ھەر تۆ نەوەی حەڵاڵی لە قەومی دلێری ماد ھاوخوێنی تۆن شەھانی کەیی و شاھی کەیقوباد ئێستاکە بۆ چی دیل و ئەسیری ئەم و ئەوی پێوەند لە پێ، کەلەبچە لە دەس، شان و مل نەوی بۆ خوێنە گەرمەکەت لە بەدەندا بووە بە کێم بۆ چی ئەڵێی: شکاوە نییە ھێزی دەست و پێم تاریخت پڕ لە دەنگ و سەدای قارەمانییە مێژووت ھەموو حیکایەتی کاوە و کەیانییە جەیشی ھۆلاکۆ ڕۆڵەی تەیمووری خوێنڕژێن ھەر لاوی تۆ بوو کوشتی نەیوت: ئەمانە کێن بەسیە لە پشت و پێشەوە ژێر دەست و تێکەڵی ھەر قەدری خۆت بزانە، کە تۆش میللەت و گەلی ئەم تەوقی دیلە کە لە ملتایە، بەس نییە؟ ! بۆ دیلی، غەیری میللەتی کورد بۆ چی کەس نییە؟ ! باغت بڵاو و پانە، درێژە لق و بژی ئاوی بدەیتە بەر، بە بەری باغی خۆت بژی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاتی تۆ جێی فیز و نازە بۆ وەتەن بۆ نیشتمان سەبارەت: : مێژوونووسی گەورەی کوردستان (ئەمین زەکی بەگ) لە خسوسی دامەزراندنی قوتابی کوردەوە لە کوللیاتەکانی بەغدا ھەمیشە لە وەرزشا بوو. منیش ئەم مەنزوومەیەم پێشکەش کرد: زاتی تۆ جێی فیز و نازە، بۆ وەتەن، بۆ نیشتمان بۆ ھەموو کەس ئاستان و دەرگەھەت «دارُ الأمان» با خسووس بۆ تیپی تازەی طالبات و طالبان ھەر بە سەربەرزی بژی ئەی مەرجیعی پیر و جوان ڕیزی تازەی لاوی قەومت بەندەی دەرگاھتن سەرنگوون بن ئەو کەسانەی ناحەز و بەدخواھتن ئەو کەسەی نانی وەتەن ئەخوا لە خزمەت بێبەشە کردەوەی دەرحەق بە لاوانی وەتەن فێڵ و غەشە با لە ڕوویشا بێ وەکوو سپیاوی زەنگی ڕووکەشە عاقیبەت مانەندی شەیتان دەرکراو و ڕووڕەشە تۆ لە سەر تەختی دڵی قەومی، بە جەبھەی پاکەوە مازییی پڕ خزمەت و موستەقبەلی ڕووناکەوە ھەر بژیت ئەی فەیلەسووفی قەومی کوردی دڵحەزین تۆ تەبیبی بۆ تەداوی عیللەت و دەرد و برین تێ ئەکۆشی تا بە زانین میللەت و قەومت بژین بارَكَ الله! بارَكَ الله! ئافەرین! سەد ئافەرین! بابە! مێژوونووسی گەورە، ڕەھبەری زانیستییە عیلم و زانین، پێشڕەوی ئازادی و سەربەستییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زۆر دەمێکە ماڵ و موڵکت وا بە دەس بێگانەوە زۆر دەمێکە ماڵ و موڵکت وا بە دەس بێگانەوە گەردنی بەرزت شکاوە بووی بە دام و دانەوە ناڵە ناڵت دێ بە زام و دەردی بێ دەرمانەوە جەرگ و دڵ لەت لەت بە نووکی خەنجەر و پەیکانەوە چاوەڕێی ڕۆژێکی ڕێکەوت، ڕۆژی ئازادی وەڵات موژدە بێ ئەی میللەتی کورد! ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە ھەڵات پیاوەکانت ھەوڵ ئەدەن بۆ سەربەخۆیی بۆ ژیان لاوەکانت دەس بە خەنجەر ھەر وەکوو شێری ژیان پیر و جوان وەک پڵنگ کەوتوونە گیانی دوژمنان دەس بە پاش ماشەی تفەنگ و تۆپەوە وەک قارەمان پاسەوانیی سەربەخۆی کورد و کوردستان ئەکەن یەک بە یەک ھاتوونە مەیدان و فیدای جان ئەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقیا ئیمرۆ شەرابی کۆنی دوو ساڵم بەرێ سەبارەت: ساقینامە (با وجود خۆم مەی خۆر نیم) ساقیا! ئیمرۆ شەرابی کۆنی دوو ساڵم بەرێ پڕ لە عەتر و عارەقی سەر گۆنەیی ئاڵم بەرێ یا لە غەمزەی دولبەرێکی شۆخی چاو کاڵم بەرێ یا لە شیلەی شەھد و قەندی لێوی پڕ خاڵم بەرێ لەو شەرابی شەرمە بێ، ئەتکێ لە کوڵمی دولبەرم نەشئەیی سەد مەستیی کەوسەر ئەڕێژێتە سەرم ساقیا! کەیفم ھەیە ئیمڕۆ مەیی نابم بەرێ ھەر لە بادەی ئەرخەوانی و لەعلی خۆشابم بەرێ یا لە سوورایی شەفەق، یا خۆ لە مەھتابم بەرێ پیری مەیخانەم شەرابی پوخت و نایابم بەرێ لەو شەرابە کۆنە بێ ئیجاد و میراتی جەمە ھەر دڵۆپێکی شیفای سەد بێ زمان ئەبکەمە ساقیا! ژینی جیھان لای من ھەموو دەردیسەرە تێکە بۆم جامێکی تر پڕ لەو ئاگر و پشکۆی تەڕە فێنکی بەخشی دڵ و جانە زوڵاڵی کەوسەرە ھەر قومێکی تاج بەخشی سەد ئەمیر و قەیسەرە چەشنێ سەر خۆشم بکا بابە بە ناڵەی مەستەوە مەحشەرێ پەیدا بکەم ئازادی بێنمە دەستەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەر بە ڕووتی و مل کەچی ڕۆیی بە ئیستیقباڵەوە سەبارەت: بۆ شێخ محەممەدی خاڵ - ١٩٥٦ سەر بە ڕووتی و مل کەچی ڕۆیی بە ئیستیقباڵەوە چوو بە پیر نامەی جەنابی فەیلەسووفی خاڵەوە موژدەبەخشی سیححەتی خۆی و مناڵ و ماڵەوە ھەر بژین ڕەببی بە خۆشی و سیححەت و ئیقباڵەوە خانەوادەی بەرز و گەورەی دانیش و عیلم و ھونەر مایەیی ناز و نیازی میللەتی کورد سەر بە سەر دڵ تەنوورێ بوو لە دووریت، پڕ گڕ و گەرم و بە تاو ڕەشحەیی خامەت بە جارێ تاڤگەیێکی خستە ناو ئێستە باغ و گوڵشەنێکە پڕ لە نەشئە و پڕ لە ئاو وەک خەلیل ئاساری خامەت موعجیزەی ھێنایە ناو فیقھ و زانایی و تەریقەت عیلمی غەیبی پێوەیە گەورەیی و کەشف و کەرامەت ئیرسی خاسی ئێوەیە کەس نەڵێ ئەم قەومە ڕێی دوورە لە پێ کەوت و ھەژی دڵڕەق و سەنگین و سەلبە وێنەی کێو و کەژی ھەیکەلی تاریخییە سەد عەسر و سەد دەوری مژی ڕەھبەر و زانای وەکوو تۆی بێ بە بەرزی ھەر ئەژی میللەت و گەل پێشەوای دڵسۆز و ڕووناکی ھەیە بابە ئیتر کورد و کوردستان لە چی باکی ھەیە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شنەی ھەوای بەیانی بۆنی بەھاری ھێنا سەبارەت: ئارایشتی بەھار شنەی ھەوای بەیانی، بۆنی بەھاری ھێنا ئەم بۆنە عەتر یێزە، نەشئە و خوماری ھێنا کۆتر بە یاھوو یاھوو، قومری بە بانگی کوو کوو بازی تەوار بە قووقوو، کۆچ و ھەواری ھێنا پۆڕ ھاتە دەر لە پەردە، ڕەنگین و شین و زەردە پۆل پۆل لە دەشت و ھەردە، ڕاو و شکاری ھێنا ئاوازی زاری بولبول، لە سەر لق و لە سەر چڵ خەندە و تەبەسسومی گوڵ، خەیاڵی یاری ھێنا شەونم لە سەر گوڵاڵە، جامی شەڕابی ئاڵە دار ئەرخەوان و ژاڵە، نەقش و نیگاری ھێنا ھەر جۆی و جۆیبارە، ھەر سەروە، ھەر چنارە بەھەشتە یا بەھارە، خۆشی، دیاری ھێنا سەبزە وا لە دەماخا، چین چین لە دەشت و شاخا نەسرین و گوڵ لە باخا، نەفحەی عەتاری ھێنا ئەو دولبەرە قەشەنگە، ئەو یارە شۆخ و شەنگە بە پێکەنین و خەندە، بۆسە و کەناری ھێنا ئەو نازک و نازەنینە، مەلائیکەی زەمینە بەو تۆزە پێکەنینە، دووسەد بەھاری ھێنا بابە ئەو گوڵە گەشە، ئیمڕۆ بە کەیف و نەشە وەختی بۆسە و باوەشە، بەختی بە کاری ھێنا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو بوو شەوێکی تاریک و نووتەک وەکوو دڵم شەو بوو شەوێکی تاریک و نووتەک وەکوو دڵم جووڵایەوە لە مێشکی منا فکری سەر چڵم بۆ ئێستە دڕک و داڵە ھەموو باغی پڕ گوڵم؟ ! بۆ دایبڕیوە تەوقی ئیسارەت گوێی ملم؟ ! بۆ نیشتمانەکەم لە ھەموو لاوە کونکونە؟ ! بۆ پیاوی تیا نەماوە ھەموو لایێ ھەر ژنە؟ ! ئەم ماڵە ماڵی کوردە، لە باوک و برایەوە ئەم خاکە خاکی کوردە، بە ئەرز و سەمایەوە ھەر خوێن و ئێسکی کوردە، بە دەشت و چیایەوە سەد شاھ و سەد ئەمیری لە ناوا توایەوە ھەر قەومی کوردە، ئێستاکە ماوە بە بارەوە ھەر لاوی کوردە، گەردنی بەرزی بە دارەوە ھاوار ئەکاتە ئێوە، لە داری قەنارەوە مردن وەھا موقەددەسە، مەمرن بە عارەوە دیلی بەسە، ئەسیری بەسە، عەسری بیستەمە کوژران و حەپس و دەربەدەری، بۆ وەتەن کەمە ئەی قەومی کورد! خەبەر بەرەوە نوستنت بەسە دەوری فنون و عیلمە، خەڕەک ڕستنت بەسە بۆ یەکتری دڕندەیی و گەستنت بەسە بۆ دەفعی خەسم و دوژمن یەکخستنت بەسە ئیتر بەسی بێ بابە ڕیا و خوێنی یەک مژین گەر ببینە یەک، بەڕاستی ئازاد و حوڕ ئەژین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوی تاریکن وەعدەیی ئێوە سەبارەت: بۆ دۆستێ کە چەند جار وەعدەی دامێ بۆ پێکھێنانی ئیشێ و وەعدەی ئیفا نەکرد ئەم ھۆنراوەیەم بۆ نووسی و بە پۆستەدا بۆم نارد: شەوی تاریکن وەعدەیی ئێوە ڕۆژی مەحشەر ئەبێ سوبوحی بێ بۆ چ ئەبێ چاوەڕوانی وەعدەی تۆ، سەبری ئەیووب و عومری نووحی بێ؟ ! ھەر کەسێ شارەزای سورشتی بێ لە وەعد تۆبەیی نوسووحی بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عارەقی سەر کوڵمە یا ئاونگی سەر پەڕەی گوڵە عارەقی سەر کوڵمە یا ئاونگی سەر پەڕەی گوڵە؟ تک تکی ڕشتەی دوڕڕ و یاقووتە، گەردانەی ملە پەرچەمە کەوتۆتە سەر ڕوخساری ئاڵی پەنبەیی یا لە باخی ئەرخەوانیدا وەنەوشەی سەر چڵە؟ خەتی تازەی دەوری لێوە، یا لە گوڵزاری ڕووا حەلقە حەلقە دەوری غونچەی داوە دەستەی سونبولە؟ ناڵە ناڵم ھاتە گوێ، پرسیم لە شانە، پێی وتم پەرچەمی ئەم شۆخە، نازانی: کە زیندانی دڵە؟ ئەم بەر و ئەو بەر قەنارەی جەرگ دڵ بوو ڕێگەکەی دەرسی قەسابی ئەخوێنێ ئەم ھەتیوە سەر چڵە سەیری میحرابی برۆم کرد و کەوانی خستە کار تیری موژگانی لە جەرگم دا؟ دەرونم کاولە پێی ئەڵێم: بۆ چی بە ناحەق کوشتمت جورمم چ بوو؟ پێم ئەڵێ بابە ئەجەل ھێنایتیە ئەم خاک و گڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەسری شەشەم نەما و سەری عەسری حەوتەمین سەبارەت: ھجوومی چەنگیز خان بە لەشکری مەغوول و تاتارەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست و بۆ ئێران و کوردستان ساڵی ٦١٦ی کۆچی: عەسری شەشەم نەما و سەری عەسری حەوتەمین ئەقوامی ئاسیایی ھەموو کەوتە شۆڕ و شین جەنگیز بە جەیشی زۆر و مەغوول و تەتارەوە تۆفانی ئاگرێ بوو لەسەر، ھاتە خوارەوە شاری نەھێشت، دێھاتی نەھێشت، گەییە بەحری ڕەش دونیا بڵێسەی ئاگر و تۆفانی خوێنی گەش تەنھا لە شاری بەڵخ و بوخارا و لە قەندەھار کوشتاری ھەر یەکێکی پتر بوو لە سەد ھەزار خوارزمشا، کە شایێ بوو چالاک و دەسوەشێن ئێران و خاکی کوردی ھەموو کردبوو بە خوێن ئەم شایە خەسم و دوژمنی کورد بوو لە پێشەوە ئەقوامی کوردی خستبووە ژان و ئێشەوە خۆی و سوپای بەوێنەی حەیوان و جانەوەر کەوتبووە کوردەواری، بە کوشتار و شۆر و شەڕ پێشی مەغوولی گرت، بە سوپاھێکی مەردەوە کەوتە جیدالەوە، بە دڵێکی نەبەردەوە حەوت جەنگی کرد، بە مەردی لەگەڵ لەشکری تەتار گاھ سەرئەکەوت و زاڵ ئەبوو و گاھێ زەبوون و زار کۆڵی ئەدا و دیسان ھەڵمەتی ئەبردەوە بەم ھەڵمەتانە گۆی لە مەغوولان نەبردەوە ھێزی نەما لە ئاخریا کەوتە سەر فیرار تەعقیبکەری بوو جەیشی مەغۆلی لە گشت دیار ھەر چەند شایێ بوو وەکوو شێری شەڕ و نەبەرد خۆی خستە بەختی کوردەوە دڵ پڕ لە داخ و دەرد شاھ و ئەمیری کورد کە ھەموو خەسمی جانی بوو کاتێ کە جێی نەمایەوە جێگەی ئەمانی بوو ڕای کردە سێبەری شەھی بەتلیسی نامدار لێی بورد لە جورمی پێشەوە، شاھی کەرەمدار میوانی کرد لە بەتلیسی جەننەت نموونەدا ئەنعامی زۆری کرد، لەگەڵ ئەم خەسمی خوونەدا جەیشی مەغۆل لە شوێنیەوە ھاتن بە دەستوبرد تا ئەم نێچێرە بەرزە بستێنن لە دەستی کورد ئەم لەشکری مەغوولە وەکوو ساعیقەی بەڵا گەییە چ جێیێ، کردی بە سەحرای کەربەلا ھەر شار و دێیێ ھاتە بەری، کەوتە گیرەوە کوشتاری لێ کرا بە ماڵ و بە پیرەوە وان و حەکاری، ئەرجیش و ئەرزان و ماردین زی ڕووحی تیا نەما، ھەموو کوژرا بە قەھر و کین لەو ناوەدا بە مەردی سەرۆکی «کرێشە» بوو وێنەی پڵنگ بە ھەڵمەت و وەک شێری بێشە بوو سەرعەشرەتی کرێشە بە خۆی و بە خوێشەوە بۆ ئەم سوپای دڕندەیە ڕۆییشتە پێشەوە لێیدا لە پێشداری مەغۆل، بردیە پاشەوە سەردارەکانی دوژمنی خستە تەڵاشەوە شاھان و سەروەران و ئەمیرانی قەومی کورد چاویان لە زەبر و زەنگی ئەمیری کرێشە کرد ھەڵیانکوتایە لەشکری دوژمن وەکوو پڵنگ کوشتیان لە تۆڵەدا، لە عەدوو ھەرچی کەوتە چنگ شاهانی کورد و میری کرێشە وەکوو ئەسەد بۆ ئەم هجوومی لەشکری تاتارە بوونە سەد ئەم جەنگە پڕ خوێنە لە مەحشەر نموونە بوو بۆ پاشی ئەو پەناهی نەڕەشای زەیوونە بوو ئەم لەشکری مەغۆل و تەتارە لە جەنگی کورد غالب نەبوو گەڕایەوە پاشی، بە دەستوبرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەرقی گێژاوی مەوج و شەپۆلی خەسارە خۆم سەبارەت: پرسیار و وەڕامە لەبەینی ئازادی و نیشتمانا غەرقی گێژاوی مەوج و شەپۆلی خەسارە خۆم ھێلک بڕاوی نووکە ڕەمی پڕ شەرارە خۆم مێشک پژاوی گوللە و و تۆپی دووبارە خۆم خنکاوی حەلقەی پەتی داری قەنارە خۆم ئێستا ئەسیری شاھی عەجەم، تورکی کۆچەرە زنجیر و پاڵەھەنگی لە پێدایە دوو سەرە ئازادی! دۆستی کۆنی گەلم، بۆ لە من ونی!! ئێران و تورکیام، لە ھەموو لاوە پشکنی بۆ تۆ گەڕام بە زۆری سیلاح و بە دوژمنی دەسم نەکەوتی، بۆ چی ئەتۆش دوژمنی منی؟ والله وام بە شوێنتەوە ئەتھێنمە دەستی خۆم پیشانی شەرق و غەربی ئەدەم ھێز و ھەستی خۆم بەم بیرەوە وەنەوزم ئەدا نووستبووم شەوێ ئازادی سرک و سەرکەشە ئایا دەستم کەوێ ھاتە خەوم فریشتەیەکی نوور و پڕ تەوێ فەرمووی بە پێکەنینەوە ئەی کوردە! چیت ئەوێ پێم وت ئومێدی میللەت و ئارامی جانەکەم ئازادی بەخشی قەوم و گەل و نیشتمانەکەم ھەر تۆی مەسیحی قەوم و میللەل بۆ ژیانەوە ھەر تۆی کە مردوو دێنیە نوتق و زمانەوە ھەر تۆی کە دوژمنم ئەخەیە اَلأمانوە وەک دەوری ماد و کیسرا وەرە نیشتمانەوە حەشرێ دروست کە قامی قیامەت نەزیری بێ ئم نیشتمانە کورد و عەرەب خۆی ئەمیری بێ فەرمووی قیامەت تەھلوکەی قەومە ڕۆڵەکەم خۆم بۆ حوقووقی میللەتی تۆ تونگ و تۆڵ ئەکەم لەم مەلعەبەی سیاسەتەدا ڕۆژێ گۆڵ ئەکەم ئەو ڕۆژە نیشتمانت لە بێگانە چۆڵ ئەکەم بابە بوێستە وێنەی قەندیل و بێستوون نزێکە دەرکەوێ لە چیای تۆ ڕۆژی ڕوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەومی کورد کەوتۆتە ژێر سێ باری ئیستسمارەوە سەبارەت: لە ساڵی ١٩٣٠ میلادی پیاوە بەنرخەکان و قەومیەت پەرەستەکانی عیراق بۆ موعاھەدەی عیراق و بەریتانیا و موعاھەدەی نەوتی عیراقی بە چەشنێ کە ئیستعمار ئەیەوێ، موعاریز بوون سیاسەتی بەریتانیا لە نەزانی قەومی کورد شارەزا بوو، کوردی عیراقی تەفرە دا و کردنی بە ئالەتی دروست بوونی ئەم موعاھەدەیە موافیقی پێویستی خۆی لەم خسووسەوە ئەم دەستە بەستە نووسراوە. قەومی کورد کەوتۆتە ژێر سێ باری ئیستسمارەوە سیاسەتی ئینگلیز و حوکمی --- غەددارەوە زوڵم و زۆری شێخ و ئاغای نۆکەری ئەغیارەوە چۆن ئەژی ئەم کۆمەڵە مەزڵوومە بەم سێ بارەوە لەم شەوی تاریکەدا ڕووناکی ئاساری نییە غيرة اللەێ نەبێ ئەم قەومە ڕزگاری نییە سیاسەتی ئینگلیز گرێی پەیمانی نەوتی ھاتە بەر قەومی کوردی تەفرە دا کردی بە پێشدار و سوپەر ھانی دان ئەی قەومی پاشکەوتووی لە عالەم بێخەبەر ئینتخاب و وێنە ناردن بۆ عیراق جورمە زەرەر ئیمڕۆ پێویستە کە داوای خۆ بە خۆیی گەل بکەن تا لە جەلەسەی دوڵەتانا ئەم گرێیە حەل بکەن ئەو کەسانەی باوەڕی بوو بەم درۆ و ھەڵبەستەیە کەوتنە ھاواری دەرمان بۆ دەوای ئەم خەستەیە میللەتی کوردی نەبەز بۆ دیل و زنجیر بەستەیە ژینی سەربەستی ئەوێ وەک قەومی تر ئەم ھەستەیە داد و ھاوار زۆر کرا بۆ ئەمن و بۆ عوسبەی ئومەم پرسیارێ دەرنەچوو لەم کۆمەڵانە زۆر و کەم نۆسەد و سی ڕۆژی شەش ڕەش بوو لە ئەیلوولی بەناو ڕەمزی و تۆفیق قەزاز دایانە گرمەی غار و تاو خەڵقیان ھێنا نەزان و بێ وەج و تەفرە دراو بەردە بارانی سەرایان کرد بەپێی تەرتیب کراو ئینتیخابی وێنە ناکەین بۆ عیراقی ڕەنجەڕۆ بەسیە ئیتر تێ ئەکۆشین بۆ ژیانی خۆ بە خۆ حوکمەت ئەمری دا بە لەشکر فەوجی ڕەشاش کەوتە ڕێ خۆی کوتایە ناو سەراوە وەزعی وەرگرت دەس بەجێ کەوتە دەسڕێژ بۆ نەزان و بێ وەجی بێ دەست و پێ مەلحەمەی کوبڕای لە بەر دەرگای سەرا ھێنایە جێ ھێرشی خوێنی شەھیدان ھەر وەکوو لافاوی شەڕ لاشە و جەرگ و دڵی کوژراوەکانی دایە بەر گاڵی شێخ مەحموودی دا ھەڵسە لە دێی پیرانەوە تۆڵەی ئەم کوشتاری کوردە بێنەرە مەیدانەوە شێخ بە گورجی خۆی و ھێزی کەوتەوە جەوڵانەوە چەند نەواحی و دێیەکی ھێنایە ژێر فەرمانەوە گەییە ئاو باریکی کەرکووک خۆی و ھێزی کەوتە داو ھەڵمەتی دانی بە مەردی خەتی لەت کرد شەو لە ناو جەھلی کوردی کرد بە ئالەت شۆڕشی پێ نایەوە بەر سەرا خوێنی لە ئاوباریک شەپۆلی دایەوە ئەمجا پەیمانی عیراق و نەوتی خستە کایەوە ئەم دوو پەیمانە بە خوێنی قەومی کورد نووسرایەوە خوێنی کوردی پێ ڕژاند و عارەبی پێ بەستەوە مونتەھای ئامانجی بەم پەیمانە خستە دەستەوە شێخ و ئاغا ھەریەکە گۆڤاری نەوباوەی ھەیە بۆ ھەموو کاتێ لە خزمەت ساحیبا مادەی ھەیە تەسوییەی دێھات و لەزمەی نەھر و سەرچاوەی ھەیە لای فەلا و مسکین و ڕەنجبەر سەد خوڕ و خادەی ھەیە سێ چیا بابە بە جارێ وا بە شانی کوردەوە تێک ئەچێ ڕۆژێ بە دەستی قارەمانی کوردەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەڵەمم کۆڵ و کولە مەدحی زەھاوی ناکەم قەڵەمم کۆڵ و کولە، مەدحی زەھاوی ناکەم باسی عیلم و ئەدەبی بەرز و بڵاوی ناکەم ڕۆژ کە مەعلوومە ئەمن مەدحی ھەتاوی ناکەم چونکە تا ڕۆژی حەشر، خەتم و تەواوی ناکەم ھەرچی فەرمووتە کەمە، لازمە لام شوکرانی چونکە بۆ ژینەوەی ئەم فازیلە ھەر تۆی بانی فیکری تیژی بە مەسەل ھەر وەکوو ڕادارێ بوو یەک نەزەر کاشیفی ھەر موشکیل و ئەسرارێ بوو سینەی پاکی کوتابخانەی سەییاری بوو لە خەزێنەی ئەدەبا گەوھەری شەھوارێ بوو شۆرەتی ھەر وەکوو ڕۆژە بە کسووف گیرابوو وات ڕەھا کرد، کە لە پڕ نوور و زیا پەیدا بوو عالمێکی وەکوو موفتی کە لە پاش عەسرێ ساڵ کەس نەبوو فەضڵ و دەھای بەرزی بھێنێتە خەیاڵ بەمە ھێناتەوە سەر تەختی زەمانی ئیقباڵ بارَكَ الله لَك ئەی زوبدەی ئەحفادی خاڵ! غیرەتی قەومییەتت لایقی ئیستحانە خۆشەویستی وەتەنت حُبُّ مِنَ الايمانە شێخ ئەبووبەکری مصنف کە بە تۆ باپیرە لە ھەموو کردەوەتا، پشت و پەنا و دەستگیرە خزمەتت لای ھەموو کوردێ جێی نەزەر و تەقدیرە بابە! ئەم عائیلە مەزھەری لوتفی پیرە غیرەتی قەومییەتت بەم ئەسرە گەییە فەلەک قەومی کورد شوکرت ئەکەن، تیرە بە تیرە، لەک بە لەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاوەکانم نەنگە مەگرین بۆ برای خنکاوتان لاوەکانم! نەنگە مەگرین بۆ برای خنکاوتان بەرزیی داری قەنارە بێننە بەر چاوتان سەرکەون بەم دارەدا تاکوو بمێنێ ناوتان مردنێ وا بێ ژیانە بۆ گەلی فەوتاوتان گەرچی مەلعوونە قەنارە، موژدە بەخشە بۆ حەیات پەیژەی سەرکەوتنە بۆ تەختی ئازادی وڵات تافەتافی خوێنی کوردە ھەر وەکوو لافاوی شەڕ ھەر لە موکری تاکوو بەغدا دەشت و سەحرای گرتە بەر دیجلە خوێناوی شیمالیشی بە جارێ کردە سەر باغی ئازادی بە بەحری وا نەبێ چۆن دێتە بەر گەر سیاسەت مەنعی ئازادی بە بومبا و دار ئەکا میللەتی کورد نابەزێ یاری بە دار و نار ئەکا لاوەکانم قەومی کورد حەققی ژیانی بۆ نەبێ شیو و شاخی مەخزەنی ئاڵتونە نانی بۆ نەبێ سەربەخۆییی قەومی مادە، بۆ گەلی کورد عیبرەتە لاوەکانم بەس نییە ئەم دیلییە، ئەم زیللەتە؟ لاوەکان! دەستی من و داوێنی پاکی ئێوە بێ نەک حەرامزادەی وەتەن ھی لاوی چاکی ئێوە بێ گەر جیھان بێتە عەدوو چاوی لە لاکی ئێوە بێ نیشتمانی کورد ئەبێ سەرپاکی خاکی ئێوە بێ بابە لاوان یا بەچەک یا خۆ بە عیرفان یا بە فەن ھەر ئەبێ ئازادی کەن لەم دیلییە دایکی وەتەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سوورەی فەتحدا بەم ئایەتە دڵ شاد و مەسروورە سەبارەت: شانازی لە سوورەی فەتحدا بەم ئایەتە دڵ شاد و مەسروورە ستدعون الىٰ قوم ئیشارەی کوردی غەییورە «اولىٰ باس شديد» وەسفی قەومێ بێ لە قورئانا بە ئازادی ئەژی دائیم لە دیلی و ئیستیلا دوورە لە گێژ و مەوجی دەریای عالەما غەرقن گەلێ ئەقوام بەقای ئەم میللەتە کوردە بە نەسسی ئایە مسطورە نەوەی مادی مەزن لاوی دلێری خاکی کوردستان بە ئەمری ئێزەدی بۆ حیفزی ئەم میراتە مەئموورە نەبۆتە دیلی ھیچ دنیاگرێ ئەم میللەتی کوردە چ ئەسکەندەر، چ جەنگیز و ھۆلاکۆ بێ، چ تەیموورە تلووعی ڕۆژی ئازادی لە شوێنە ئەم شەوی تارە نزیکە ڕۆژ ھەڵێ ئاسۆی وەتەن ڕووناک و پڕ نوورە قەراری داوە لاو چاکی وەتەن ڕۆژێ کە فرسەت بوو پەتی کا ھەر وەکوو سەگ، دوژمنی ھەر چەند مل ئەستوورە ئەوانەی خوێنی میللەت ئەمژن و جاسووس و بێگانەن قەڵاچۆیان لە لای لاو چاکی کورد، قانوون و دەستوورە دمێکە شێت و شەیدای ڕێگەیی ئازادییە بابە ھەتا ماوە بە سەرفی ماڵ و سەر لەم ڕێیە مەجبوورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کاتی جوانییا ھەڵپەم ئەکرد و ھێزی لاوم بوو سەبارەت: حەسبی حاڵ بۆ ڕابواردنی ئێستای خۆم لە کاتی جوانییا ھەڵپەم ئەکرد و ھێزی لاوم بوو لە کۆمەڵدا بە بەرز و تێگەیشتوو ناو و باوم بوو مناڵە وردەکانم ھەر یەکێکی نووری چاوم بوو لە گشت چەشنێ لە ماڵا سەروەت ڕزقی تەواوم بوو ژنم وەک بووکی تازە غەرقی سورمە و ئاڵ و واڵا بوو ھەموو ئەندامی ئاڵتون، بوغچەکانی پڕ لە کاڵا بوو وەکوو مێلوورە دەرگای حەوشەکەم پڕ بوو لە ھاتوچۆ ھەموو ڕزقێ لە ماڵا بوو برنج و نۆک و گەنم و جۆ بۆ چێشت و نانی ناو ناوماڵ چێشتکەری خاس و چەتیوم بوو لە لادێ ڕەنجبەر و جووتیار و وەزرێر و ھەتیوم بوو گەیشتمە عومری پیری ئێستە دیلی ماڵ و منداڵم ژنی کافر شەڕەنگێزە ئەزانێ پیر و کەم حاڵم شریخەی دەنگی وەک ئاگر ئەسوتێنێ پەڕ و باڵم لە چەخماخە و برووسکە و نەعرەتەی بێ ھۆش و بەد حاڵم وەک دووپشک لە سەر کلکە بە گشت لادا زەھر ڕێژە وەکوو ماری ڕەشی دێمی بە زەھری ناو دەمی گێژە ئەبێ دایک مناڵ پەروەردە کا گەورە و ئەمیرێ بێ نەوەک وەک ئەم مناڵی وردە مامۆستا و دەبیرێ بێ مناڵ وا تەربییە ناکرێ، ھەزار لەعنەت لە شیری بێ ئەگەر مام، ئەم حەقانەی لێ ئەسێنم، ھەر لە بیری بێ بە تیری بوڵە بۆڵی کون کونە بابە دڵ و جەرگم نەجاتم دەی لە دەس ئەم ئافەتە ڕەببی! بدەی مەرگم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانگی چواردە و یەک شەوە گردن لە ڕووی ئەو دولبەرە مانگی چواردە و یەک شەوە، گردن لە ڕووی ئەو دولبەرە موعجیزەی شۆخی نەبێ، چۆن مانگەشەو نەرم و تەڕە پیاڵەگیڕی مەیکەدەی ئەو نەرگسی شەھلایەیە یاخۆ موژگانە لە بەر بەدمەستی، دەستەوخەنجەرە ڕائیحە و بۆنی بەھەشتە نەشئەبەخشی ڕۆحمە یاخۆ خەندە و پێکەنینی لێوی لەعلی دولبەرە تاقە خاڵی شینی سەر گۆنای مەتافی عالەمە بەردی نێو کەعبەی دزیوە ئەم چەتیوە کافەرە خاریقەی ئیعجازی شۆخی سەروی ھێناوەتە بەر قەدی بەرزی دوو شەمامەی گرتووە بۆ نۆبەرە ماچی لێو و ناودەمم کرد دەستی کردە بۆڵەبۆڵ پیری وەک تۆ لێی حەرامە ئەم شەرابی کەوسەرە بابە ئەو لاوێکی وەک خۆی، شۆخ و لاو چاکی ئەوێ تۆ بە واتە ڕاوی ناکەی، ئەم فریشتە پەیکەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مایەیی ژینی گەلە لافاوی ئەم خوێنە گەشە مایەیی ژینی گەلە لافاوی ئەم خوێنە گەشە خوێنی زۆر ئەیکا بە یەک ئەم نیشتمانە بەش بەشە ھیمەتی گەل لا ئەبا ئەم سیاسەت و فێڵ و غەشە نووری سوبحی وا لە شوێن ھەر چەندە شەو تار و ڕەشە وان لە باغچەی ناو دڵی قەومن موئەببەد نامرن لاوەکانم لازمە سوجدەی شوکریان بۆ بەرن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من بە حەفتا ساڵەوە کەوتوومە داوی ئاسکێ من بە حەفتا ساڵەوە کەوتوومە داوی ئاسکێ چاو غەزاڵێ، وردە خاڵێ بەژن و باڵا ناسکێ ئەو بە حەڤدە ساڵەوە وەک دار گوڵی تازە و تەڕە دڵ فڕێنە، دڵ ستێنە، دڵ شکێنە، دولبەرە من وەکوو بەرگی خەزان لەرزۆک و پەژموردە و ھەژار ئەو وەکوو تۆپی گوڵی تازە و تەڕی فەسڵی بەھار زولفی چین چینی ڕەشی پەخشە لە سەر سەفحەی بلوور موعجیزەی شۆخی نەبێ چۆن جووت ئەبێ زوڵمات و نوور دوو شەمامەی نازکی خستۆتە سەر سینگ و یەخەی پێم ئەڵێ ھێشتاکوو تاڵە و کاڵە، دەستی لێ نەخەی وەک دوو غونچەی پڕ نەزاکەت، تازە پشکوتوو گەشە تۆ بە دەستە چرچەکەت ڕاوەستە جارێ مەیگوشە ئەو کچەی تەرسا نەژادەی کافرەی عیسا دەمە کوشتنی زۆرە بەڵام ئیحیای شەھیدانی کەمە غەمزەکەی ڕۆحی درێنام لێوی: پێی بەخشیمەوە ئاسمان جێگەی مەسیحە من لە ئەرزا دیمەوە گەردنی بەرزی شەھێنی، غەبغەبی نارنجی ئاڵ لێوی یاقووتی، ڕوخی گوڵ ڕەنگ و غەمزەی چاوی کاڵ نەک بە تەنیا ھەر منی شەیدا و ڕیسوا کردووە شۆڕشی سەد مەحشەری عوششاقی بەرپا کردووە ڕامی کەس نابێ غەزالم سڵ لە دانە و داو ئەکا ڕاوی چۆن ئەکرێ کە خۆی ڕۆژی دووسەد دڵ ڕاو ئەکا بۆ ئەوەی داوێنی بگرم بابە ئەچمە ڕێگەباز ھەر کە دیمی دەس دەکاتە لاتریسکە و وردە ناز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من نەکوژرێم تۆ نەکوژرێی نیشتمان وێران نەبێ سەبارەت: بابە عەلی کوڕی شێخ مەحموود لە ١٩٤٩دا چووبوو بۆ ھەڵەبجە و بناری ھەورامان بۆ لای ئەو دۆست و ھەوا خواھانەی کە لە ناو بەگزادەی ھەورامانا ھەیەتی وە لە ئاخریدا چوو بۆ بەغدا و لە بەغداوە کوتوپڕ بە فڕۆکە چوو بۆ ئەمریکا ھەتا نیھایەتی ١٩٥٠ لە ئەمریکا مایەوە. لە ئەمریکاوە چوو بۆ لەندەن ھەتا ٢٠ی شوباتی ١٩٥٠ لە لەندەن مایەوەوە لە ٢١ی شوباتی ١٩٥٠دا گەڕایەوە بەغدا. ئەم سەفەری کوتوپڕەی بابە عەلی لە لایەن مونەوەرانی وەھا لێکدرایەوە کە بابە عەلی مەزابیتێکی زۆری بردووە شوێن کڵاوی بابردوو کەوتووە. ئەم ھۆنراوە لە سەر ئەو سەفەرەی کوتوپڕی بابە عەلی بێژراوە. - ١٩٥٠ من نەکوژرێم، تۆ نەکوژرێی، نیشتمان وێران نەبێ سەد ھەزار ئینسان بە جارێ مەحو و سەر گەردان نەبێ شاخ و کێو و دەشت و دەر وەک بەحری خوێن ئەفشان نەبێ قەومی کورد گشتی بە جارێ بێ سەر و سامان نەبێ سەربەخۆیی میللەتی کورد وا نەبێ سەر ناگرێ ئەم نەمامە گەر بە خوێن ئاوی نەدەی بەر ناگرێ قونبولەی زەڕڕە نەیە شاری بە جارێ ون نەکا گوللە تۆپ ناڵەی نەیە شاخ و کەنەک کون کون نەکا بومبە وەک باران نەبارێ فەرقی پیاو و ژن نەکا لاوی لاوچاک ھەر وەکوو شێر حەملە سەر دوژمن نەکا سەربەخۆیی وا دروست ئەکرێ. دەڵاڵی بۆ چییە؟ یارمەتی دان و پیلانی مارشاڵی بۆ چییە؟ لاوی کورد گەورە و بچووک بۆ سەربەخۆیی شین ئەکا ڕۆژی فرسەت جان فیدایی بۆ ژیان و ژین ئەکا خوێنی دوژمن ھێند ئەڕێژێ عالەمێ ڕەنگین ئەکا نیشتمانی خۆی بە لاشەی دوژمنی پەرژین ئەکا سەرپەرشتی قەوم و گەل ئەدرێتەوە دەس زانایەوە ھێزی دوژمن دەفزەنێ ناخاتەوە ناو کایەوە ئەم مناڵە بۆ چی چوو بۆ لەندەن و واشنگتۆن ئیشەکەی چی بوو بە بێڤن؟ چی ئەڵێ لای ئاچیسۆن؟ خۆی و باوکی زۆر دەمێکە بەم ھیوایە دەسخەڕۆن بێنەوە سەر قەومەکە دووبارە خوێناوی بخۆن بابە ئیتر ناکەوێتە شوێن دەفە و دەروێشەوە خائینی میللەت ئەبێ بمرێ بە ئیش و نیشەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میرزای زانا و دانا شەرحی حاڵت فەرمووە سەبارەت: لە وەرامی جەنابی میرزا مارفدا میرزای زانا و دانا شەرحی حاڵت فەرمووە وەسفی عەیشی ژینی دونیای پڕ مەلالت فەرمووە باسی بەرزیی فیترەتی ئەھلی کەماڵت فەرمووە عەینی سیدق و ڕاستییە ھەرچی خەیاڵت فەرمووە پیاوی دانا تێ ئەگات دونیای فانی و ڕەوڕەوە ھاتن و ڕۆیشتنی ئەم ڕەوڕەوە عەینی خەوە مەسلەکی مەغرووری ماڵ و جاھە نەشئە و پێکەنین پیشەی موحتاج و مەزڵوومانە ئەفغان و گرین پیاوی دانا و تێگەیشتوو لای یەکێکە سوور و شین چونکە حەیرانە لە ڕەمز و حیکمەتی ئەسراری ژین دەرکی ئەسراری حەقیقەت بۆ من و تۆ زەحمەتە ھاتن و ژین و نەمان، ھەر سێ ئیرادەی وەحدەتە مێشکی بۆشی پڕ غوروور و داعییەی ئەبلە و نەزان وا ئەزانی بەردەوامە سەروەت ماڵ و ژیان پیاوی دانا، لای یەکە، ئیقباڵ و ئیدباری زەمان عەکسی إقبال، لابَقایە، بۆ ھەموو ئەھلی جیھان میرزا! تۆ بی و خوا قەت چاو لە نا ئەھلان مەکە وێنەی بابە بژی مەیلی بڵیندی و شان مەکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەلای چاومار لە زانستا یەکەم بوو سەبارەت: مەلا مەحموودی موفتی لە ٢٥ی ئەغستۆسی ١٩٥٥ز دا کۆچی دوایی کرد بۆ تەئبینی پاش چل ڕۆژی ئەمە بێژراوە. - ١٩٥٥/١٠/٤ مەلای چاومار لە زانستا یەکەم بوو لەناو زانیارەکان خاوەن عەلەم بوو لە سەر تەختی مەعاریف شاھی جەم بوو سەرەفرازی مەلای ڕۆم و عەجەم بوو بە زانست و بە تەشریحاتی شازی وەلیعەھدی مەقامی فەخری ڕازی امین المفتی عەللامەی زەمانە لە فەزڵ و دانشا فەرد و یەکانە مەزایای، خاریجی وەسف و بەیانە لە چاوماری مەزن ڕەمز و نیشانە بە فەزڵ و دانش و عیلمی تەواوی گەلێ بەرزە لە عەللامەی زەھاوی عەزیز فتوادەری شەرعی موبین بوو عەمیدی عالمان و ئەھلی دین بوو لە عیلمی فیقھدا ورد و مەتین بوو نەوەی چاومار و فەرزەندی ئەمین بوو ئەمانە یەک بە یەک موفتی ئەنامن لە ڕەوزەی جەننەتا خاوەن مەقامن مەلای بێخود بە تەبعی نازک و تەڕ ئەدیب و نوکتەپەرواز و ھونەروەر بە نەعتی موستەفا سالار و سەروەرە لە نەزما تاجی شاھی نایە سەر سەر لە ھەوری تەبعی شۆخ و ئەشکباری وەکوو باران دوڕڕی مەعنا ئەباری مەلای بێخود سەرۆکی شاعیری کورد لە عورفی و ئەنوەری گۆی سەبقەتی برد بە شیعری بەرز و مەعنای نازک و ورد ھەمیشە زیندووە نابێ بڵێی مرد لە (افتا) بابە ھەر ئەم زانە مابوو بە ڕەحمەت عازمی دار البقا بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نایکەم بە خامە یا بە زمانم سوپاسی تۆ سەبارەت: زانای مەزن شێخ محەممەدی خاڵ فەرھەنگی زمانی کوردییەکەی بڵاو کردەوە ئەمەم بۆ وتووە. - ١٩٦٠/٢/٢٦ نایکەم بە خامە یا بە زمانم سوپاسی تۆ جیایە لەگەڵ ئەدیبی جیھانا قیاسی تۆ مێژوو گەڕام بە بیر و بە فکرێکی وردەوە ئایا ھەیە ئەدیبێ بە فیکر و حەواسی تۆ بۆ لەھجەکانی کوردی کە بیکاتە یەک زمان فەرھەنگی نووسی بۆ گەل و قەومی کەساسی تۆ قەومێکی زۆر و گەورە زمانی بکا بە یەک وەک دەستکرد و ھیممەتی فەرھەنگ شوناسیی تۆ دۆزیمەوە محەممەدی یەعقووبی کوڕی کورد تەنھا ئەوە لە عیلمی زمانا قیاسی تۆ یەعقووبزادە خزمەتی ئەغیاری کردووە چڵ ساڵ گەڕاوە بۆ وتەی لۆغەتی عەرەب بۆ قەومی کوردی خۆتە بناغە و ئەساسی تۆ دای ڕشتووە بناغەیی کاشانەی زمان بۆ لەھجەکان بە گردەوە فەرھەنگی خاسی تۆ ئەم قەومی کوردە بابە بە ورد و درشتەوە دواناکەون سەعاتێ لە شوکر و سپاسی تۆ بەرگێکی غەیری پێوە بۆ لەھجە و زمانی کورد کاڵای زمانی میدییە بەرگ و لیباسی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو لاوی سلێمانی حوڕ و ئازادەیە ژینم وەکوو لاوی سلێمانی حوڕ و ئازادەیە ژینم لە پێناوی وەتەندا، دائەنێم سەد ڕۆحی شیرینم بەلای ڕاست و چەپا ناڕۆم، بە ھێزی پشتم ئەستوورە وەکوو شاخی وەتەن سەربەرز و دڵ ڕەق، پڕ لە تەمکینم لە نەزعا، نامەوێ یاسین، لە قەبرا نامەوێ تەڵقین وەتەن یاسین و تەڵقینم، وەتەن ئیمانمە و دینم لە خەودا نەقشی ئازادیم لە ئیقباڵی وەتەندا دی موبەددەل بوو بە خۆشی و پێکەنین، گریانم و شینم لە دەوری بەردەوە میراتی کوردە خاکی کوردستان بۆ ئەم باخی بەھەشتە بابە! من دیوار و پەرژینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەی تورفەیێکی قەڵبی ئەلەمساز و پڕ نیاز سەبارەت: عونی بەگ وەتەنپەرەستی بەناوبانگی میللەتی کورد لە ساڵی ١٩٤٨دا لە میسرەوە ھاتە ناو سلێمانی و لەلایەن سەماحەتی شێخ محەممەدی خاڵ: قازی سلێمانی میوان بوو چەند ڕۆژی بە یەکەوە ڕامان بوارد لە پاش گەڕانەوەی موخابەرەمان ھەبوو لە وەرامی ئەووەڵ نامەدا ئەم ھۆنراوەیەم بۆ نارد: ئەی باد! ئەی نەسیمی سەحەرخێزی دڵنەواز وەی تورفەیێکی قەڵبی ئەلەمساز و پڕ نیاز دڵ مردبوو بە ڕەشحەی خامەت ژیایەوە وەک باخی گوڵ شکۆفە و غونچەی گەشایەوە حیسسی بڕا، نەوازی نەمابوو لە عالەما ھێنایە بیری خەلقەوە زاتێکی باوەفا ئەو زاتە گەورە بەرزە بە فەزل و وەفا و ھونەر دەشتێکی پڕ حەدائیقە باغێکی پڕ سەمەر عەلیم و ئەدەب سەمایەکە ئەو ئافتابییە فەزل و ھونەر حەدیقەیەکە ئەو گوڵابییە شرح شکر گزاری او ناید از قلم کاغذ سیاه رو شود از حسرت الم این خامهٔ شکسته زبان و بریده سر نتوان دهد ز شکر ثناخوانیم خبر ناچار از حجاب سرافگنده می شوم عهد و وفا و لطف تو را بند می شوم ای خامه چون ندانی سخن، ختم کن کلام تقدیم ده سلام مرا باقی والسلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایانی نیوەی ئەووەڵی بوو عەسری حەوتەمین سەبارەت: ھجوومی ھۆلاکۆ خان بۆ ڕۆژھەڵاتی نزیک و بۆ ئێران و بۆ کوردستان، ٧٥٠-٦٥٠ی کۆچی. پایانی نیوەی ئەووەڵی بوو، عەسری حەوتەمین ئەهریمینێ بە شۆڕش و شەڕ هاتە سەر زەمین ڕووی کردە ڕۆژهەڵاتی نزیک، هەر لە شەڕقەوە وەک هەوری ڕەش بە گرمە و ناڵە و بە بەڕقەوە ئەهریمەنی بەشەر بوو، هۆلاکۆی خوێن ڕژێن خاکی ڕەوی و ئێرانی هەموو کرد بە بەحری خوێن کەوتە خەیاڵ و فیکرەوە، بۆ ئیستلای عیراق جووڵایەوە بە خۆی و سوپاوە، بە ئیشتیاق جێی تەخت و تاجی شاهی کەیان و شاری هامەدان زی ڕووحی دەرنەچوو بە گورێز و بە ئەلئەمان کرمانشا کە یانەی مەشهوورە کوردنشین سوور هەڵگڕا بە خوێنی بەشەر، ئەهلی کەوتە شین هەرچەند کورد بە هەڵمەتی ڕۆژ و شەو، لە ناو لەم لەشکری مەغۆلە هەزارانی خستە داو ئەم دەستوبردی کوردە، لە ناکاو و کەم کەمە قۆرتی نەدا لە ڕێگەی ئەم ئوردوی عەرەمرەمە ئەم لەشکری مەغۆلە بە قەهر و بە سامەوە ڕۆیی بە گورجی تا چووە دارالسَلامەوە بەغدای نەهێشت بە میر و وەزیر و خەلیفەوە ڕزگار نەبوو یەکی بە وەزیع و شەریفەوە لافاوی خوێن، لە دیجلەوە گەییە خەلیجی فورس میسر و حیجاز و مەسقەت و عوسمانی خستە ترس ئەمجاکوو لەشکرێکی دروست کرد لە چل هەزار ناردی بۆ کوردەواری کە بیخاتە ژێری بار ئەم میللەتە شەڕانی، لەگەڵ یەکتری دوهۆن کوشتاری سەهلە لیدەن و پاکۆکەن و بڕۆن ئەم جەیشە پڕ سیلاح و چەکە هاتە نیشتمان چرکە و سەدای نێزە و ڕم، گەییە ئاسمان کاتێ گەییشتە بەردەمی هەولێر، سوپای مەغوول دەوری حەساری دایەوە وەک گێژی گەردەلوول حاکم سەلابە گەردنی تەسلیمی دانەوان سەرلەشکری قەڵا وتی: نەنگە ئەلئەمان من کوردم و لە میللەتی ناودار و بەرزی ماد ئەم لەشکری مەغۆلە بە جارێ ئەدەم بە باد فەرمانی دا بە لەشکریان ڕۆژی غیرەتە بۆ قەومی کورد ژیانی ئەسارەت فەلاکەتە لاوان لە قەڵعە هاتنە دەرێ دەس بە شیرەوە وەک ڕەزمی ڕۆستەمی، بە کەوان و بە تیرەوە کوژرا بە شیر و نیزەی کورد لەشکری تەتار لەم جەیشە چل هەزارە یەکێکی نەهاتە کار کاتێ کە بیستی هیچی نەما جەیشی سەر چڵی ئەم دەنگە وەک برووسکەی شەڕ دای لە سەر دڵی خۆی و سوپای مەغۆل و تەتاری و بە گوردەوە ڕووی کردە نیشتمان و چیاکانی کوردەوە هەرچەند هۆلاکۆ تۆڵەیەکی سەند بە هێزی زۆر داخ و درێغی لەشکری کوژراوی بردە گۆڕ ئەمجا هجوومی کردە حەکاری بە قینەقە ناوچەی شیمالی کوردی هەموو خستە شینەوە کوردانی دەوری موسڵ و دیاربەکر و ماردین بۆ تۆڵە گشت لە قوڕگی چیا چوونە ناو کەمین لێیان ئەدا لە جەیشی مەغۆلی لە پاش و پێش ئەم لەشکری مەغۆلە لە زۆر لاوە کەوتە ئێش تەفسیلی ئەم جیدال و شەڕە لێرە نادرێ هەر قەومی کوردە لەم شەڕ و ئاشووبە دەر بەرێ ئەم شوڕشە بە قەهر و فەلاکەت بڕایەوە جەیشی مەغۆل بە یەئسەوە لەو لاش گەڕایەوە وەختێ کە دەوری حوکمەتی ئێلخانی هاتە پێش لاچوو لە قەلبی هەر دوو تەڕەف زام و ئێش و ڕێش شاهانی ئێلخانی بە فکرێکی بەرزی ورد ڕێکەوتنەوە بە چاکە لەگەڵ سەردارانی کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسی کەسێکی ئەھلی فەزیلەت لە دێوە زەن پرسی کەسێکی ئەھلی فەزیلەت لە دێوە زەن بۆ مونزەویت و کووپە ئەپۆشی وەکوو کەفەن؟ بنواڕە ڕیازی ئەکادیمای وەتەن لایێ علوومی حیکمەتە، لایێ دڕووسی فەن حیکمەت فرۆشی دەھرە فەلاتوون بە ڕۆژ و شەو ڕۆم و فەڕەنگ موننەوەرە، ئێستا بە نووری ئەو فەرمووی کە ھەر دوو دەرسی ئەدەبمان لە مەدرەسە وەرگرتووە لە فەلسەفە و حیکمەت و علووم ئەو چونکە بەختی یارە، بە شۆرەت یەکەم کەسە گەورەی فەلاسیفەی ھەموو دنیایە لای عومووم من بەخت و تالعم بەدە، مەنفووری عالەمم تەنھا ئەژیم بە دەردەوە بابە ڕەفیق کەمم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چۆن بەخێرھاتنت بکەم میرم زمانم ئەبکەمە سەبارەت: ١٩٤٨ لە ھاوینی ساڵی ١٩٤٨ زایینیدا محەممەد عەلی عەونی بەگ ھاتە سلێمانی قادر قەزازیشی بەناوێ ڕەھبەرییەوە لە بەغداوە لەگەڵ خۆی ھێنابوو لای قازی شێخ محەممەدی خاڵ میوان بوو بۆ زیارەت ھاتە لام بۆ ماڵەوە کوتوپڕ بۆ بەخێرھاتنی ئەم پێنج ھۆنراوەم وت. چۆن بەخێرھاتنت بکەم، میرم! زمانم ئەبکەمە لایقی تەشریفی تۆ، ھەرچی بڵێم ھێشتا کەمە ڕۆح و سەر ھەر دوو بە جارێ پێشکەشی ڕێگاکەتن ھەدیەکەم ناچیزە، دەستم ناکەوێ، باشتر، لەمە تۆ نەبیت و یووسفی کوردی و عەزیزی قاھیرە ئێمە گشت یەعقووبی تۆین و ئەرزی کەنعانە ئەمە بیری خاکی نیشتمان، ئەم ڕێگە دوورەی دایتە بەر نیشتمان ڕۆڵەی وەکوو تۆی بێ ئەمین و بێ غەمە ھەر بەخێر ھاتی، بەخێر بۆ ناو گەلی قەوم و برا بەم قدوومی تۆیە کورد کەوتۆتە شایی و زەمزەمە وڵامدانەوەی مەلاکان و موتە شەیخەکان من قەناعەت چۆن بکەم گەر لوقمەیێ نانم نەبێ؟ ! بۆ پەنای ماڵ و مناڵ دوو ژوور و ھەیوانم نەبێ؟ ! ڕووتوقوت بم ھەر وەکوو ربي كما خلقتني چۆن ئەژیم؟ گەر پێخەفێک و بەرگ و سامانم نەبێ بۆ سبەینانێ مناڵم ماست و چایی لازمە با کەرە و شیر و پەنیری گاگەل و ڕانم نەبێ چێشت و گۆشتێکم ئەوێ، بۆ ھێزی ماکینەی بەدەن با پڵاوی سەرزریشک و بەرخی بوریانم نەبێ میوەیێکم پێ ئەوێ بۆ خواردنی ھەردوو ژەمم با لە میوەی زۆر و نازک زینەتی خوانم نەبێ بۆ ئیشی ناو ماڵ و بازار، نۆکەرێکم پێ ئەوێ با لە جەردە و ڕێگەگر، پیاوی دیواخانم نەبێ خانوویێک و خواردن و پۆشینی وام بۆ ڕێکەوێ با دێھات و نەھر و جۆگە و قەیسەری و خانم نەبێ من بە تێکۆشینی خۆم گەر، ژینی وام بۆ ڕێکەوێ با بە سەر لات و لەوارا، ئەمر و فەرمانم نەبێ بابە ئەیزانی کە ئەفسوونی مەلا و شێخ بۆ چییە دەسبڕینی دوو فەقیر و لاتە، ویجدانم نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چیای زاغروس بەرز و بڵنگە چیای زاغروس بەرز و بڵنگە گشت پێچ و دەری بێشەی پڵنگە جێگە و ھەواری قەومی بە چنگە ئەم نیشتمانە بە کورد دراوە ھیچ دونیاگرێ پێی نەگیراوە ڕۆم ا بە سوپای بێشمارەوە چەنگیز بە تورک و بە تاتارەوە وەک سەیلی ئاگر ھاتە خوارەوە پڵنگی زاغروس ڕێگای لێ گرتن یەک لە دوای یەکتر لە ناوی بردن چیای زاغروس گویی دیجلە و فورات بەھشتی دونیا بۆ ژین و حەیات یەزدانی گەورە داویە بە خەڵات بە کوردی ئازا و نەبەزی شاخی بابە بە حیلە ناشکێ دەماخی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژھەڵاتی ناوەوە گیانی لەسەر لێو و دەمە سەبارەت: دوکتور محەممەد موسەدیق لە نیسانی ١٩٥١دا لە لایەن مەجلیسی نوابی ئێرانەوە بوویە سەرۆک وەزیر و علىٰ الأحوال و لە لایەن شاھەوە تەسدیق کرا موسەدیق نەوتی ئێرانی تەئمیم کرد و لەسەر موراجعەتی بەریتانیا چووە واشنتۆن و حوقووقی حوکوومەتی ئێرانی بە مەجلیسی ئەمن و جەمعیەتی ئومەم تەسدیق کرد. دیسان لەسەر شکایەتی بریتانیا چووە لاھای و حوقووقی ئێران لە لایەن مەحکەمەی عەدەلی دووەلییەوە تەسدیق کرا ئەمجا سەفارەت و ھەموو کونسوولەکانی ئینگلیزی لە ئێران دەرکرد. لە ١٩ی ئەغستۆسی ١٩٥٣ دا بە سەرۆکی زاھیدی خەوەنەی ئیران دایان بە سەردا و گرتیان خستیانە زیندانەوە. بۆ ئەمە ئەم قەسیدەیە بێژراوە. - ١٩٥٣ ڕۆژھەڵاتی ناوەوە گیانی لەسەر لێو و دەمە میللەت و قەومی لە نەزعایە خەریکی ماتەمە ڕێی ھەرا و ھاواری بەسەراوە زمانی ئەبکەمە دەوری نەیرون و زەحاکە، ناوی عەسری بیستەمە کۆڕی یەکبووی میللەتانی کۆمەڵی داگیرکەرە مەجڵیسی ئەمنی بەناو، ئاگرکەری شۆڕ و شەڕە خۆرھەڵاتی ناوەوە پیاوێکی ھەڵخست عالەمی میللەتی ئێرانی بردە دەوری کەیروس و جەمی داڵس و چەرچڵ وەکوو نۆکەر لەبەردەمیا چەمی زاھیدی لێی کەوتە خۆ مانەندی إبنَ العَلقَمی چەرخی ورەگێڕا بە دەستەی خائین و خوێنخوارەوە میللەتی ئازادکراوی خستەوە ژێر بارەوە شاھی خائین خۆی کوتایە باوەشی ئەمریکەوە زاھیدی مەلعون بە سێڕڕی کەوتە فاک و فیکەوە دەستی ھەندرسن بە دۆلار و زەڕی تەحریکەوە ھێرشی خائین بە شەستتیر و بە پاچ و پیکەوە بورجی ئازادی وەتەنیان دایە بەر بومباردمان گرمەگرمی تۆپ و تەییارە گەیشتە ئاسمان ئەو مەسیحا ھیممەتەی ئێرانی زیندوو کردەوە گۆیی ئازادی لە مەیدانی ئومەمدا بردەوە بۆ ھەموو شەرقی وەست ڕێی سەربەخۆیی کردەوە ھەر وەکوو جانی بە دیل گیرا بەدەس نامەردەوە ئەو سیاسەت گێڕی بەرزە، خاکی ئاری سەندەوە وا لە زیندانا بە دەستی بەستەو و پێوەندەوە تۆپ و دەببابە لە تاران ڕۆژ و شەو ئەخولێتەوە ھەر سەعاتی خوێنی سەد لاوی وەتەن ئەڕژێتەوە تیپی دانشجوو بە زامی گوللەوە ئەتلێتەوە بۆ ئەمە یەغما گەری دەوری مەغوولی بێتەوە خائینان کاتێ کە ئەم جەردانە ئیستقبال ئەکەن الوِداعي میللەتی ئێران لە ئیستقلال ئەکەن ئەی موسەدیق تۆ کە خوێنی پاکی ئەجدادت ھەیە ئیرسی تاریخی کەیی و ساسان و پێشدادت ھەیە ھەر بە ملیۆن، دەرس ئەخوێنی عیلم و ئیرشادت ھەیە دەستە دەستە قارەمانی حوڕڕ و ئازادت ھەیە موژدە بێ بابە! ئەمانە تەردی ئیستعمار ئەکەن خائینی قەوم و وەتەن مەحکوومی دار و نار ئەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵەکەم بنوو خەوی خۆشت بێ سەبارەت: ھۆنراوە لە سەر زمانی ژنێ لە عەشیرەتی جاف کە کوڕەکەی لە بێشکەدا ئەنوێنێ ڕۆڵەکەم بنوو، خەوی خۆشت بێ شیری حەڵاڵم، شیفا و نۆشت بێ پەڕی جوبرەئیل، بە ڕووپۆشت بێ بۆ بەرزی وەتەن بیر و ھۆشت بێ ڕۆڵەکەم بنوو ھیوام بە تۆیە سەرۆکی ھۆزم دوو لاو دووھۆیە دوژمن دوو نەوعە بێگانە و خۆیە لە نیشتمانا، ھەر باوکەڕۆیە ھۆزم نەزانە و ھەژارە و نەفام ڕۆڵەی شیرینم! بگەرە فریام ڕۆڵەکەم بنوو بە لای لایەوە بە لاوانەوەی دەنگی دایەوە کاتێ گەورە بووی ھاتیە کایەوە بنوارە وەتەن، لە گشت لایەوە خوێنمژ و عەدوو کەوتوونە وڵات بگرە و بەردەیە بۆ فەقیر وڵات ڕۆلەکەم! بنوو وەتەن وێرانە میللەت بێکەسە مات و حەیرانە دوژمنی وەتەن ھەر لە خۆمانە ئەمەت لە بیر بێ ڕۆژ و زەمانە وەختێ گەورە بووی دەستت دایە چەک جیای نەکەیتەوە شێخ و ئاغا و بەگ ڕۆڵەکەم بنوو کاتێ بووی بە لاو ئەحواڵی وەتەن بێنەرە بەر چاو قەومت ڕزگار کە لە زنجیر و داو تۆڵە بسێنە یەک و سەد تەواو ئەمجا وەک بابە ڕوو دەرە دوژمن فەرقی قەد نەکەی بچووک و مەزن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژن مەھێنە ئاگری نەمروود لە عومرت بەرمەدە سەبارەت: ئەم ھۆنراوە لە خسووسی ئەخلاقی ژنەوە بێژراوە. ژن مەھێنە! ئاگری نەمروود لە عومرت بەرمەدە خوێن و زووخاوی دڵ و جەرگت بە کەوچک دەرمەدە بەو ھەوایە تاکوو ماوی خۆت بە دەردیسەر مەدە ژینی حوڕڕ تەنھایییە، داوێنی بگرە و بەرمەدە ژن مەھێنە! کامی شۆخە حوسنی سەرپشکی ھەیە تینەتی مەلعوون و پیسە، نێشی دووپشکی ھەیە ژن سروشتی ماری دێمە، مەیخەرە ناو جێتەوە با دەماوی غیرەتت نەمژێ و نەداتن پێتەوە بۆ زەڕ و زینەت بە وێنەی سەگی ھار نەڕشێتەوە گەر فەقیر بوویت، ڕابکات و دانەنیشێ پێتەوە عوقمی خۆی، ڕانەگرت شیرین، لە بەر نەفەس و ھەوا کوھکەندی دا بە کوشت خۆی دا بە - - - خەسرەوا ژن بە قەد مووی پرچ و ئەگریجەی زمانی پێوەیە ھەر زمانێکی ھەزار سیحر و بەیانی پێوەیە ناو دڵی پڕ کینەیە ڕازی نیھانی پێوەیە کینە و ڕازی دڵی ئاشووبی جانی پێوەیە ھەر زولەیخایێ ھەبوو، تەنھا لە حوسن و شێوەدا شەو چووە لای یووسف و دەرگای لە سەر خۆی پێوەدا ژنی بە جوانی و حوسنی ڕوو، جینسی لەتیفی ئادەمە چون بە ھۆی حەيز و مناڵ و شیرەوە خوێنی کەمە فکری دوور بینی نییە، ئیشی ھەموو واتەی دەمە نەفسی ئەممارەی بجووڵێ ھەر لە عالەم بێ غەمە ژن ئەگەر لەیلایە بابە ئارەزووی وەسڵی نەکەی! حاڵی مەجنوون بوو بە عیبرەت بۆ قەبیلە و شێخی تەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکی عارەب تۆ لەگەڵ من عەھد و پەیمانت ھەیە سەبارەت: ١٩٥٩/٨ - بەغدا کاکی عارەب تۆ لەگەڵ من عەھد و پەیمانت ھەیە تۆ بە ھەستی و ھێزی من بڕوا و ئیمانت ھەیە وا بە دەستوور قەومی وەک من، دۆستی ھاوشانت ھەیە بۆ لە کوردستانی من پارێز و پەنھانت ھەیە تۆ لە واتەی دوژمن و خەسمی وەتەن گوێت کەڕ بکە ھەر بە سیدقی کورد و کوردستانی من باوەڕ بکە کاکی عارەب من وەکوو تۆ بنج و تار و پۆم ھەیە قەومی مێژوودارم و پیت و زمانی خۆم ھەیە چل عەسوورە بەم زمانە شیعر و گفت و گۆم ھەیە مافی تۆ چی بێ، منیش لەم خاکە مافی تۆم ھەیە تۆ جنووب و ناوەوە، من شاخ و ئەنھاری شیمال بووە بە یەک ئەمجا عیراقی پێ گەیشتۆتە کەمال من بە دوربینی فیکر زوو کەشفی ئاسۆم کردووە بۆ عیراقی خۆشەویستم خزمەتی خۆم کرووە ھەر چی خوێناوم ھەیە لەم ڕێیەدا ڕۆم کردووە پێشەوا خۆی عالمە بەو خزمەتی بۆم کردووە کاکی عارەب تۆ بزانە کورد برای ھاوشیرتە سەیری مێژووی خۆت بکە ڕووناکی بەخشی بیرتە دوو براین لەم خاکەدا من نیشتمانی خۆم ھەیە نووسەر و نووسراوی خۆم، بیر و بەیانی خۆم ھەیە بۆ دەبوستان و دەبیرستان، زمانی خۆم ھەیە من عیراقیم و بەڵام تەرزی ژیانی خۆم ھەیە ئەم قەڵای گەورەی عیراقە وا لە سەر دوو پایەیە کورد و عارەب ھەر یەکە، یەک پایەیی پڕ مایەیە کوردم و ڕاست و دروست قەت فێڵ و فیشاڵم نییە وا گەییومە سیننی ڕوشد، ئیتر گڕ و گاڵم نییە ئیستە ئازاد و حوڕم ھەڵپەی پەڕ و باڵم نییە غەیری مێژوو گۆڕی گەورە پرسەری حاڵم نییە بۆ کەریمی کورد و عارەب بابە سەربازی ئەکەم جانفیدای جمھوورم و قەوم و وەتەن ڕازی ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەس نەما نەیدەی بە ئەرزا ئەی فەلەک نۆرەی منە کەس نەما نەیدەی بە ئەرزا ئەی فەلەک نۆرەی منە وا ئەزانی من دڵم بەردە و وجودم ئاسنە؟ خوێن و گۆشتێکی ڕزیوە تۆش دەسا دای ئەنجنە زۆر پەشیمانە لە ھاتن، چاوەڕوانی ڕۆیینە مشتێ خاکوخۆڵە دیسان بیخەرە ناو خاکەوە باشی داپۆشە، بە کرداری خراپە و چاکەوە ژینی دونیایی چییە تەنیا خەیاڵێکە و خەوە چوار عەدەد فەسڵی موخالیف دوو عەدەد ڕۆژ و شەوە لەم نەبوونی و ھاتنە، بۆ ئەو نەبوونی سەر ڕەوە من لە ھاتن بێخەبەر بووم چیمە لەم ھات و ڕەوە من لە چاکە یا خراپە بۆ چ فیعلێ مەسدەرم خۆم کە نازانم خوا! ھەر ڕوحمی تۆیە ڕەھبەرم من بە واتەی واعیز و شێخ و مەلا نابم خەڕۆ ئەم ئەڵێ: واوە وەرە ئەویان ئەڵێ واوە بڕۆ ھەر یەکە نەوعێ ئەڵێن شەڕیانە دایم خۆ بە خۆ چۆن بزانم کامە ڕاستە؟ کامەیان کیزبە و درۆ ھێندە زۆرە ئیختیلافی بەینی ئاخوون و مەلا چۆنی باوەڕ پێ بکەم غەیری بە لا حول و لا بوونی عالەم بۆ چییە و مەقسەد چ بوو لەم خیلقەتە؟ ئینتزامی ئەم نیزامی کائیناتە حیکمەتە بوونی دونیا و ماسيوا ڕەمز و ئیشارەی قودرەتە غایەیی ئەسڵی ھەموو ئیسباتی زاتی وەحدەتە بابە جوزئێکم لە کول، تەقدیر کراوە کردەوەم ڕۆژی ئەووەڵ خالیقم چۆن خەلقی کردووم ھەر ئەوەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیرۆدە بووم بە زەحمەتی ماڵ و مناڵەوە گیرۆدە بووم بە زەحمەتی ماڵ و مناڵەوە پێوەندە پێم، بە خۆیش و بە مام و بە خاڵەوە گەورەترین موعجیزە: تەنھایی مەسیح ورد بینەوە ئەگەر بە نەزەر وەزع و حاڵەوە ئیمڕۆم شەوە، سبەینێ ئەڵێم ڕۆژ ئەبێتەوە تاریکتری ئەبینم ھەتا ئەچمە ساڵەوە بەینێ بوو ئاشنا، نەبوو دەستم لەگەڵ قەڵەم دیسان لەبەر چی کەوتمە فیکر و خەیاڵەوە ڕووی قاقەزم ڕەشە، قەڵەمم نووکی لەتلەتە وا چاکە قەت نەکەومە خەیاڵی مەحاڵەوە وێرانە مڵک و ماڵ و ھەموو نیشتمانەکەم ئەفرۆشری، بە ھیچە، بە دەستی دەڵاڵەوە مردن! دەخیلتم وەرە زوو بمگەرێ بەسە دنیام لە لا جەھەننەمە بەم ژینە تاڵەوە سێ عەسرە ئاو و خاکێ کە میراتی کۆمەڵە ئێستاکە زەوتە، وا بە دەس ئەغیاری زاڵەوە بەش بەش کراوە بابە ھەموو خاکی قەومەکەم چی بکەم بە بێکەسی و بە زمانێکی لاڵەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەلێ دوژمن لە گشت لا خەریکی کوشتنی تۆیە سەبارەت: حکوومەتی ئێران بە بەھانەی چەک سەندنەوە لە ١ی کانوونی ساڵی ١٩٥٠دا بە ھێزی ھوایی و زەمینییەوە پەلاماری عەشیرەتی جوانڕۆی دا. بەو ھۆیەوە ئەم دەستە بەستە بێژراوە. گەلێ دوژمن لە گشت لاوە، خەریکی کوشتنی تۆیە لە ھەر گۆشەی، وەتەن، گوێ بگرە دەنگی شین و ڕۆڕۆیە ئەسیری و کوشتنی کوردان دەمێکە تەوقی ئەستۆیە لە پاش کوشتاری موکری ئێستە کە نۆرەی جوانڕۆیە لە بەر چی؟ خوێنی ئەم قەومە موباحە لای ھەموو قەومێ لەسەر ئەم قەومە مەزڵوومە قیامەت بۆ چی ناقەومێ لە قانوونی ژیان، ھەر قەومی کورد مەئیوس و مەحروومە جەزای دارە، ئەوی ژینی بوێ، لەم قەومە مەزڵوومە بەری ئەم دارە ئەستۆ و گەردنی لاوانی مەحکوومە لە دونیادا ژیان بۆ قەومی کورد نایاب و مەعدوومە لە کوێی ئەی ڕۆحی کاوە، ھەڵگری بەیداخی حوڕڕییەت نەجاتی میللەتی کورد دەی، لە دیلی و مەینەت و زیللەت مەپرسە سیروان بۆ سوورە؟ دیجلە بۆ چی لێڵاوە بەڕاستی ئاوی ئەم نەھرانە سێسەد ساڵە خوێناوە چ خوێنێ؟ ، خوێنی کورد و لاوی کوردستانە ڕێژراوە لە لای تورک و عەجەم کوشتاری ئێمە مۆدەیە و باوە لە مێژووی کۆمەڵا بابە یەک و سەد تۆڵە نووسراوە ئەمە دەورێکی زەححاکە نزیکە ھەڵکەوێ کاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەر سەعاتێکی بە سەد ساڵە ھەموو عومری شەوم ھەر سەعاتێکی بە سەد ساڵە ھەموو عومری شەوم ڕۆژی ئازادی، ئەتۆ بیت و خودا! بێرە خەوم گرەوم کردووە تۆ ژینەری قەومی مردوویت پەردەی پێشت فڕێ دە، کە نەدۆڕێ گرەوم ڕێگەکەت پڕ چقل و خار و خەسوخاشاکە شەو و ڕۆژ ھەڵپە ئەکەم، کول بووە داسی درەوم پێم سوا ھێزی نەما، ڕێگەیی مەقسەد دوورە ڕەھبەری زۆرە شوکور لاوی دلێر و ئازان ڕەھبەرم زۆرە شوکور لاوی دلێر و ئازان بابە! من پیرم و ئوفتادە، نەماوە برەوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەر لە بەحری فورسەوە خاکی ھەتا بەحری ڕەشە ھەر لە بەحری فورسەوە خاکی ھەتا بەحری ڕەشە نیشتمانی میللەتی کوردە، لە دونیا ئەم بەشە ڕەوزەیێکی جەننەتە لالە و گوڵی دایم گەشە پڕ لە ئاڵتونی سیاھ و زیوی ساف و بێ غەشە نیعمەت و خێری بە تاڵان وا بە دەست ئەغیارەوە من بە دڵ ھاوار ئەکەم، کەس نایە بەم ھاوارەوە شاخی کوردستان ھەموو ئێسقانی ئەجدادی منە خاک و خۆڵی، گۆشت و لاشەی قەومی ئازادی منە *** لاوی کورد! بۆ دایکی گەورەت شیوەن و ڕۆڕۆ مەکە بۆ خۆراوا و خۆرھەڵات قەت مەیلی ھاتوچۆ مەکە ئیعتمادت ھەر بە خۆت بێ قەت لە دوژمن کۆ مەکە فەرقی خەسمی خارجی، یا خائینی ناوخۆ مەکە ھەڵمەتێکی وا بەرە، ناو جەرگی دوژمن کون بکا شۆڕشێ پەیدا بکە، ناوی قیامەت ون بکا من کە حەقبێژی نەکا، خامەی خەمۆشم بۆ چییە؟ فیکری ئازادی نەڕێژی، مێشکی بۆشم بۆ چییە؟ ھەوڵی سەربەستی نەدا، من فام و ھۆشم بۆ چییە؟ بۆ فیدای کۆمەڵ نەبێ، کەللەی بەجۆشم بۆ چییە؟ بابە عاجز بووم لە دیلی پاڵەھەنگم لەت ئەکەم ئەیخەمە ئەستۆ و ملی دوژمن وەکوو سەگ پەت ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەر لە خەلیجی فورسەوە تاکوو ئارارات سەبارەت: نمێ لە دەریایەکی قارەمانی کورد ھەر لە خەلیجی فورسەوە تاکوو ئارارات جێگە پڵنگە، بیشەی شێرە، ھەموو وڵات لادە بۆ ڕێزە شاخی تۆڕۆس تا سکەندەرۆن دێھات و شاری دەوروبەری گشت لە جنسی تۆن بەینی فوڕات و دیجلە کە ناوی جزیرەیە ئاوی ڕەوانی سیم و زەڕڕە خاکی لیرەیە جێگە و ھەواری تۆیە لە ئەعساری بەردەوە دوژمن کە چاوی لێ بووە مردوون بە دەردەوە جێی شێری شێر کرۆژە، ھەموو کوردەوارییە کرمانج و کورد و لوڕ ھەموو جنسێکە، ئارییە ئەم نیشتمانە گشتی بە دەشت و چیایەوە میراتی قەومی کوردە لە باوک برایەوە زانیار بە عیلمی شۆین و ئەسەر کەشفی کردووە دانیشتوانی ئەم وەتەنە قەومی کورد بووە گاھی بە ناوی لۆلۆی بەرزی دلێرەوە گاھی بە ناوی گۆتی و کاردۆخی شێرەوە گاھی بە ناوی میللەتی ناوداری مادەوە شاھی کەیانیان لە نەوەی کەیقوبادەوە ئاخر قەڕاڵی حوکمەتی ئاشووری پڕ لە زۆر شاھێکی ماد، حوکمەتەوە کوشتی و نایە گۆڕ خاکی وەڵاتی ئێمەیە بێشکەی ھەموو بەشەر جێیە نەبوو کە کەشتی نووحی بچێتە سەر کاتێ کە نووح کەشتییەکەی کەوتە بەر شەپۆل شاخێکی کوردی «گۆتی»، بە مەردانە گرتیە کۆڵ گەر جێی نەدایە جوودی بە ئەم کۆنە کەشتییە ئێستاکە کەس نەبوو بزانێ بەشەر چییە ھەشتا کەسی تیا بوو لەوێ ئاشیانی کرد جێگەی مرۆڤی عالەمی نیشتمانی کورد چل عەسرە کورد ژیاوە لە شاخانی زاگرۆس سەربەست و حوڕ، خاوەنی بەیداخ و تەپڵ و کۆس مەوجوودی ڕاستی، گەرچی نەھاتۆتە ژێر حیساب ملیۆن، لە دوانزەدایە، بە تەخمین و ئیحتیساب مەردیی سروشت و خیلقەتی ئەم قەومە نێرەیە مەیدانی جەنگی، لا وەکوو خەرمان و گێرەیە شەرح و بەیانی میللەتی کورد لێرە نادرێ زانایی مێژووناسە کە ئەم ئیشە دەربەرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەموو دڵێ بە نەزەر خۆیەوە غەمێکی ھەیە ھەموو دڵێ بە نەزەر خۆیەوە غەمێکی ھەیە دڵی منە کە غەم و دەردی عالەمێکی ھەیە سوئال ئەکا لە پزیشکێ، شعوور و عەقڵی سەلیم برینی جەھل و نەزانی، چ مەرھەمێکی ھەیە؟ عیتاب ئەکا، لە قەدەر، بۆ چی فازیل و زانا لە کاتی قیسمەتی ڕیزقا، بەشی کەمێکی ھەیە لە داھییانی سیاسەت ئەپرسێ بۆ چی ھەوا لە خاوەری وەسەتا دووکەڵ و تەمێکی ھەیە لە حیرەتایە کە ئەربابی سەروەت و سامان ھەمیشە برسییە، تێرە، ئەوی ژەمێکی ھەیە ئەپرسی: بۆ چی ئەوەی خائینە بە خاکی وەتەن لە ئیفتیرا و درۆدا چەنە و دەمێکی ھەیە غەریقی دەرد و پەژارە و غەمی جیھانێکە لەبەر ئەمە دڵەکەی بابە ماتەمێکی ھەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی کۆنم کردەوە ئیمڕۆ کزە و سۆزم ھەیە سەبارەت: نەورۆزنامە یادی کۆنم کردەوە ئیمڕۆ کزە و سۆزم ھەیە بیری مێژووی سی عەسر پێشووی گەل و ھۆزم ھەیە ھەمدەمێکی وەک قەڵەم حەق بێژ و دڵسۆزم ھەیە مەیلی باسی ڕۆژی تازە و جەژنی پیرۆزم ھەیە جەژنی نەورۆز یەکێتی قەوم و گەلی ھێنامە یاد ڕستگاری قەومی ماد و پادشاھی کەیقوباد جەژنی نەورۆزە چەمەن ڕازاوەی غونچە و گوڵە نەرگسی شەھلا قەدەح ئەفشانی بەزمی سونبولە پەرچەمی نەسرین و سەوسەن حەڵقەی داوی دڵە نەغمەخوانی بەزمی ئەم گوڵزارە قومری و بولبولە ئەم بەھشتی سەر زەمینە کردەوەی سەنعەت نییە بێت و کوردستان ببینێ کێ ئەڵێ جەننەت نییە تاجی زەمروتی لە سەر داناوە شاخی پڕ غروور بەرگی پۆشیوە لە ئەتلەس سەوز و شین و زەرد و سوور نوقمی دەریای شەونمە، یا خۆ شەپۆلێکە لە نوور پڕ زوھوور و نوورە ھەردە و شاخ و دەشتی شارەزوور جیلوەبێکی جەننەتە کەوتۆتە سەر خاکی وەتەن گوڵشەنی نوورانییە ئەنواری بۆن خۆشە چەمەن بای نەسیمی ڕوحفزا ئەشنێ سەحەر خێزی ئەکا ھاژەی بەفراو لە شاخان شۆڕش ئەنگێزی ئەکا گوڵ لە باخ و دەشتی گوڵشەندا عەتر بێزی ئەکا لالە سەرمەستی مەیی نابە قەدەح ڕێزی ئەکا ڕۆژی تازە، ساڵی تازە، بابە ڕۆژی شادییە موژدە بەخشی سەربەخۆیی پێشڕەوی ئازادییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەرچی نووسەری مێژووی شەش ھەزار ساڵم سەبارەت: بە زمان قەڵەمەوە بۆ پیاوێکی پلە گەورەی بەغدام نووسی ئەگەرچی نووسەری مێژووی شەش ھەزار ساڵم پڕە لە خزمەتی مەعموورە تەرجەمەی حاڵم لە وەسفی عیلم و لە شوکر و سەنای مەعالیتان بە دوو زمانی تەڕ و تیژ و گورجەوە لاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی حەفیدی میری سوور ئەی شاگوڵی باخی نەقیب سەبارەت: زۆر نەخۆش بووم «شێخ ڕەئووفی نەقیب» کوڕی خوالێبوردوو سەیید نووری نەقیب دایم ئەھات بۆ لام بۆ ئەحواڵ پرسین منیش ئەم ڕوباعیەم بۆ نارد: ئەی حەفیدی میری سوور! ئەی شاگوڵی باخی نەقیب غونچەکانت گوڵفشان بن بێ خەس و خاری ڕەقیب عەھد و پەیمان و وەفا کەوتوونە حاڵی ئیحتیزار بۆ تەداوی ئەم نەخۆشی موزمینە ئێوەن تەبیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ بە تەگبیر ئاسەفی ئەمما بە حیکمەت فەیلەسووف سەبارەت: بۆ جەنابی خوالێخۆشبوو ئەمین زەکی بەگ نووسراوە تۆ بە تەگبیر ئاسەفی، ئەمما بە حیکمەت فەیلەسووف میھری نوورئەفشانی کوردی ھەر بمێنی بێ کسووف دەستگیر و مەرجەعی بۆ لاوی لێقەوماوی کورد دەستگیر و یاوەرت بێ، حەزرتی ڕەببی ڕەئووف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە لای ئەم میللەتی کوردە ئەمە قانوون و ئایینە سەبارەت: «حەسەن کوڕی تۆفیق ئەفەندی» لە کوللیەی «دار المعلمين»ی عالی بە پلەی مومتاز تەخەڕڕوجی کردووە، و لە مەداریسی سانەویی عێراقدا مامۆستایەکی بەرز بوو، لە مانگی تشرینی ١٩٥٦دا لەسەر نیشتمانپەرستی فەسڵ کرا و چوو بۆ «سووریە» و لەوێ کرابوو بە ئوستاز بۆ مەدرەسەی سانەوی لە ١٧ی ٤ی ١٩٥٨دا وەفاتی کرد و جەنازەکەی ھێزایەوە، بۆ سەنگی مەزاری ئەم ڕوباعیەم نووسی: - ١٩٥٨/٤ لە لای ئەم میللەتی کوردە ئەمە قانوون و ئایینە لە پێناوی وەتەندا ھەر کەسێ بمرێ ئەوە ژینە لە گۆڕا بێتە گوێم قەوم و وەتەن ڕزگار و سەربەستە کفن ئەدڕم بە خۆشی دێمەوە ئەم یانە شیرینە ++++++++++++++++++++++