شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: ھەموو دڵێ بە نەزەر خۆیەوە غەمێکی ھەیە ھەموو دڵێ بە نەزەر خۆیەوە غەمێکی ھەیە دڵی منە کە غەم و دەردی عالەمێکی ھەیە سوئال ئەکا لە پزیشکێ، شعوور و عەقڵی سەلیم برینی جەھل و نەزانی، چ مەرھەمێکی ھەیە؟ عیتاب ئەکا، لە قەدەر، بۆ چی فازیل و زانا لە کاتی قیسمەتی ڕیزقا، بەشی کەمێکی ھەیە لە داھییانی سیاسەت ئەپرسێ بۆ چی ھەوا لە خاوەری وەسەتا دووکەڵ و تەمێکی ھەیە لە حیرەتایە کە ئەربابی سەروەت و سامان ھەمیشە برسییە، تێرە، ئەوی ژەمێکی ھەیە ئەپرسی: بۆ چی ئەوەی خائینە بە خاکی وەتەن لە ئیفتیرا و درۆدا چەنە و دەمێکی ھەیە غەریقی دەرد و پەژارە و غەمی جیھانێکە لەبەر ئەمە دڵەکەی بابە ماتەمێکی ھەیە ++++++++++++++++++++++