شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: گیرۆدە بووم بە زەحمەتی ماڵ و مناڵەوە گیرۆدە بووم بە زەحمەتی ماڵ و مناڵەوە پێوەندە پێم، بە خۆیش و بە مام و بە خاڵەوە گەورەترین موعجیزە: تەنھایی مەسیح ورد بینەوە ئەگەر بە نەزەر وەزع و حاڵەوە ئیمڕۆم شەوە، سبەینێ ئەڵێم ڕۆژ ئەبێتەوە تاریکتری ئەبینم ھەتا ئەچمە ساڵەوە بەینێ بوو ئاشنا، نەبوو دەستم لەگەڵ قەڵەم دیسان لەبەر چی کەوتمە فیکر و خەیاڵەوە ڕووی قاقەزم ڕەشە، قەڵەمم نووکی لەتلەتە وا چاکە قەت نەکەومە خەیاڵی مەحاڵەوە وێرانە مڵک و ماڵ و ھەموو نیشتمانەکەم ئەفرۆشری، بە ھیچە، بە دەستی دەڵاڵەوە مردن! دەخیلتم وەرە زوو بمگەرێ بەسە دنیام لە لا جەھەننەمە بەم ژینە تاڵەوە سێ عەسرە ئاو و خاکێ کە میراتی کۆمەڵە ئێستاکە زەوتە، وا بە دەس ئەغیاری زاڵەوە بەش بەش کراوە بابە ھەموو خاکی قەومەکەم چی بکەم بە بێکەسی و بە زمانێکی لاڵەوە ++++++++++++++++++++++