شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: میرزای زانا و دانا شەرحی حاڵت فەرمووە سەبارەت: لە وەرامی جەنابی میرزا مارفدا میرزای زانا و دانا شەرحی حاڵت فەرمووە وەسفی عەیشی ژینی دونیای پڕ مەلالت فەرمووە باسی بەرزیی فیترەتی ئەھلی کەماڵت فەرمووە عەینی سیدق و ڕاستییە ھەرچی خەیاڵت فەرمووە پیاوی دانا تێ ئەگات دونیای فانی و ڕەوڕەوە ھاتن و ڕۆیشتنی ئەم ڕەوڕەوە عەینی خەوە مەسلەکی مەغرووری ماڵ و جاھە نەشئە و پێکەنین پیشەی موحتاج و مەزڵوومانە ئەفغان و گرین پیاوی دانا و تێگەیشتوو لای یەکێکە سوور و شین چونکە حەیرانە لە ڕەمز و حیکمەتی ئەسراری ژین دەرکی ئەسراری حەقیقەت بۆ من و تۆ زەحمەتە ھاتن و ژین و نەمان، ھەر سێ ئیرادەی وەحدەتە مێشکی بۆشی پڕ غوروور و داعییەی ئەبلە و نەزان وا ئەزانی بەردەوامە سەروەت ماڵ و ژیان پیاوی دانا، لای یەکە، ئیقباڵ و ئیدباری زەمان عەکسی إقبال، لابَقایە، بۆ ھەموو ئەھلی جیھان میرزا! تۆ بی و خوا قەت چاو لە نا ئەھلان مەکە وێنەی بابە بژی مەیلی بڵیندی و شان مەکە ++++++++++++++++++++++