شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: لە کاتی جوانییا ھەڵپەم ئەکرد و ھێزی لاوم بوو سەبارەت: حەسبی حاڵ بۆ ڕابواردنی ئێستای خۆم لە کاتی جوانییا ھەڵپەم ئەکرد و ھێزی لاوم بوو لە کۆمەڵدا بە بەرز و تێگەیشتوو ناو و باوم بوو مناڵە وردەکانم ھەر یەکێکی نووری چاوم بوو لە گشت چەشنێ لە ماڵا سەروەت ڕزقی تەواوم بوو ژنم وەک بووکی تازە غەرقی سورمە و ئاڵ و واڵا بوو ھەموو ئەندامی ئاڵتون، بوغچەکانی پڕ لە کاڵا بوو وەکوو مێلوورە دەرگای حەوشەکەم پڕ بوو لە ھاتوچۆ ھەموو ڕزقێ لە ماڵا بوو برنج و نۆک و گەنم و جۆ بۆ چێشت و نانی ناو ناوماڵ چێشتکەری خاس و چەتیوم بوو لە لادێ ڕەنجبەر و جووتیار و وەزرێر و ھەتیوم بوو گەیشتمە عومری پیری ئێستە دیلی ماڵ و منداڵم ژنی کافر شەڕەنگێزە ئەزانێ پیر و کەم حاڵم شریخەی دەنگی وەک ئاگر ئەسوتێنێ پەڕ و باڵم لە چەخماخە و برووسکە و نەعرەتەی بێ ھۆش و بەد حاڵم وەک دووپشک لە سەر کلکە بە گشت لادا زەھر ڕێژە وەکوو ماری ڕەشی دێمی بە زەھری ناو دەمی گێژە ئەبێ دایک مناڵ پەروەردە کا گەورە و ئەمیرێ بێ نەوەک وەک ئەم مناڵی وردە مامۆستا و دەبیرێ بێ مناڵ وا تەربییە ناکرێ، ھەزار لەعنەت لە شیری بێ ئەگەر مام، ئەم حەقانەی لێ ئەسێنم، ھەر لە بیری بێ بە تیری بوڵە بۆڵی کون کونە بابە دڵ و جەرگم نەجاتم دەی لە دەس ئەم ئافەتە ڕەببی! بدەی مەرگم ++++++++++++++++++++++